رێكەوتنێكی بێ‌ ئاكامسیامەند



رۆژی پێنج شەممە 11ی رێبەندان ووڵاتانی ئوروپایی بە میوانداری ووڵاتی رۆمانی رێكەوتنی( ئێنستێكس ) بۆ پارێزگاری لە بازرگانی كردن و پارێزگاری كردن لە رێكەوتنی ئەتۆمی و بەرجام یان لەگەڵ رژیمی ئاخوندی راگەیاند. ئێنستێكس كورت كراوەی،رێگەكارەكانی پشتیوانی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە گەڵ رژیمی ئێرانە.
ووڵاتانی ئوروپایی لە هەوڵدان بەو ڕێكەوتنە، بەرەنگاریی ئابڵوقەكانی ئەمریكا بۆ سەر رژیمی ئێران بكەن ولە رێگەی رێكەوتنی ئێنستێكس بازرگانی لەگەڵ رژیم درێژە پێ‌ بدەن و هەروەها كار بە پوڵێك بێجگە لە دولار بكەن بۆ ئاڵوگۆڕە بازرگانیەكانی نێوانیان.
ژمارەیەكی بەرچاو لە شارەزایانی سیاسی و ئابووری ئەو رێكەوتنە بە بێ‌ ئاكام دەزانن و پێ یان وایە ئەو رێكەوتنە ناتوانێ بە شێوەی كاریگەرو جیددی رێگە لە ئابڵوقەكانی ئەمریكا بگرێ‌ و لەلاێكی دیكەوە شەرتەكانی ئوروپا بۆ جێ‌ بە جێ‌ كردنی، بە جۆرێك بێ‌ ئاكام بوونی دەردەخا. جیاواز لە كێشەكان لە پێوەندیەكانی نێوان ئوروپاو رژیم و ئەگەرەكان لە بەر دەم جێ‌ بەجێ‌ نەكردنی رێكەوتنەكان، هەلومەرجی ناوخۆیی ئێرانیش، وەك گرانی،بێكاری، هەڵاوسانی ئابووری، دزی و گەندەڵكاریی لە ڕادەبەدەر، دەبنە هۆی بێ‌ كەڵك بوونی هەر جۆرە ڕێكەوتنێك چ لە ئێستاو چ لە داهاتوودا وهیچ یەك لە كێشەكان لە ئێراندا چارەسەر ناكا.
لەلاێكی دیكەوە سێ‌ ووڵاتی گرینگی ئوروپایی ئاڵمان،فەرانسە وئینگلستان دەست پێ‌ كردنی رێكەوتنەكەیان بەستۆتەوە بە ئیستانداردە نێودەوڵەتیەكان و دژایەتی لەگەڵ گەندەڵی ماڵی و هەروەها كۆتایی هێنان بە دابین كردنی پووڵ بۆ رێكخراوە ترۆریستیەكان. لە بەرانبەر ویستی ئوروپاییەكانیشدا، بەشێك لە دەسەڵاتدارانی رژیم دژایەتی پەیوەست بوون بە رێكەوتنی كونوانسیۆنی دژایەتی لەگەڵ دابین كردنی پووڵ بۆ رێكخراوە ترۆریستیەكان دەكەن.هەر چەند كۆڕی مەجمەعی مەسڵەحەتی رژیم گەڵاڵەی پەیوەست بوو بە،( ئێس تی ئێف) واتە كونوانسیونی بەربەرەكانی لەگەڵ تاوانە رێكخراو و سازماندراوەكان لە دەرەوەی ووڵات (فراملی) و هەروەها پەیوەست بوون بە كونوانسیونی دژایەتی لە گەڵ دابین كردنی پووڵ و داهات بۆ ڕێكخراوە ترۆریستیەكانی پەسەند كردوە، بەڵام ئەو هەلومەرجە نویێەو زۆرهێنانە جیهانیەكان بۆسەر ڕژیمی ئێران بە ڕادەێك بەربڵاون كە ئەگەری زۆرە تێكرای ئورگانەكانی رژیم و تەنانەت خودی خامنەیی و دەوروبەریی رێكەوتنە جیاجیاكان بسەلمێنن كە ئەوەش ژەهر خواردنێكی دیكەیە بۆخامنەیی رێبەری رژیم و تێكرای بەرپرسانی دەسەڵات.
لە گەڵ ئەو گشتە ئەگەرانەو ئاماژەكانیش بە دەركەوتنی ڕاستیەكان لە بێ‌ ئاكام بوونی رێكەوتنی ووڵاتانی ئوروپای( ئێنستێكس)كە هەر لەسەرەتاوە بێ‌ ئاكام بوونی دەركەوتوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەبێ‌ چاوەڕی بین و ببینین كە سازوكاری ووڵاتانی ئوروپایی چۆن دەبێتە شكستێكی گەورەو داماویەكی دیكە بۆ رژیمی ئاخوندی و بزمارێكی دیكە دەبێ‌ كە لە تابووتی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و دژی ئینسانیە دەدرێ‌.

 
ڕێکه‌وت: 2019-02-03 20:30:09
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی