كونفرانسی وەرشۆ و داهاتووی رژیمی ئاخوندی

لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ جڵەوی دەسەڵاتی ئەمریكای گرتە دەست، فشارەكان بۆ سەر رژیمی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر و كەیسی ئەو دەسەڵاتە نەحەواوە و شەرئەنگێزە تا دێ زیاتر بە نێودەوڵەتی دەكرێ. دۆناڵد ترامپ لە دوای چەند جار وریایی دان بۆ چارەسەری كەموكورتیەكانی رێكەوتنی ناوكەیی وەڵاتانی زلهێز لەگەڵ رژیمی ئێران و پێمل نەبوونی دەسەڵاتدارانی ئێران بە داواكانی ئەمریكا كە دۆناڵد ترامپ وێڕای نارەزایەتی بەو هەموو ئیمتیاز و باجەی وەڵاتەكەی بە رژیمی ئێرانی داوە، جیاكردنەوەی چالاكیە ناوكەییەكانی رژیم لە (پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكی و كردەوە پاوانخوازیەكانی لە خۆرهەڵاتی ناوەراست و دەستێوەردان لە كاروباری وەلاتان)ی بە هەڵەی گەورە ناودەبرد و چەندین جار رایگەیاند كە شەرتی مانەوەی ئەمریكا لە رێكەوتنی ناوكەیی لەگەڵ رژیمی ئاخوندی، و پێوەند دانی پرسەكانی دیكە بە بەرنامەی ناوكەیی رژیمە، وە پێی وابوو كە دەبێ وتووێژ لەگەڵ رژیم بكرێ و سەر لە نوێ تێكڕای باتەكان بە پاكێجێ بەرێتە سەر مێزی وتووێژ لەگەڵ ئەو رژیمە و رێكەوتنی گەشتیان لەسەر بكرێ. لە دوای ئەوەی رژیم پێداگری لەسەر رێكەوتنی ناوكەیی كردەوە و ئامادە نەبوو لەسەر بابەتەكانی دیكە وتووێژ بكات، دۆناڵد ترامپ وەڵاتەكەی لە رێكەوتنی ناوكەیی كشاندەوە و بە دوو قۆناغ فشارە ئابووریەكانی پێشووی بە سەر رژیمدا سەپاندەوە و رایگەیاند كە قورسترین ئابڵوقەی ئابووری و سیاسی بە سەر رژیمی ئاخوندیدا دەسەپێنن. وێڕای ئەوەی ئەمریكا هەتا ئێستا بەردەوام ناوەند و بەرپرس و ئورگانە حەساسەكانی رژیم دەخاتە نێو لیستی گەمارۆكان، هاوكات كار لەسەر پرسە سیاسیەكانی دیكەش بۆ زیاتر گۆشەگیركردنی رژیمی ئێران و لە پەلوپۆ خستنی ئەو دەسەڵاتە لە ناوچەكە و جیهاندا دەكات. یەكێك لەو هەنگاوە كاریگەرانەی ئەمریكا لەدوای گەمارۆ ئابووریەكان، كونفراسی وۆرشۆی پێتەختی لەهێستان بوو (چوارشەممە و پێنج شەممە 24- 25ی رێبەندان). كونفرانسێكی دوو رۆژە بە سەرۆكایەتی ئەمریكا و لەهێستا، كە نوێنەری زیاتر لە 60 وەڵاتی تێدا بەشدار بوو. كونفرانسێك كە فوكوسی لەسەر مەترسیەكانی سەر رۆژهەلاتی ناوەراست بوو، بەڵام سەر و بنی قسەی بەشداربووەكانی بۆ چارەسەری دۆخی ئەو ناوچە ئاژاوە لێدراوەو بەرەوڕووبوونەوەی دەسەلاتی ئاخوندان لە ئێران و ئەو رژیمەیان بە سەرچاوەی سەرەكی مەترسیەكان بۆ رۆژهەلاتی ناوەراست پێناسە دەكرد.

بەپێی قسەی هەیئەتی ئەمریكایی لە كونفرانسی وۆرشۆ نوێنەری وەڵاتانی بەشدار وێڕای جیاوازی سیاسی لەگەڵ ئەمریكا لەسەر زۆر بابەت، بەڵام هاوڕا بوون لەسەر تێكڕای ئەو قسانەی دژ بە رژیمی ئێران دەهاتە گۆڕێ. كونفراسی وۆرشۆ لە چەند لایەنەوە كاریگەری بۆ سەر رژیمی ئێران هەبوو وە هەر لە دوای راگەیاندنی گرتنی ئەو كونفرانسە رژیم بە شێوەیەكی هێستریك كەوتە دژایەتی و هەرەشە كردن و هەوڵی تەواوی دا كە وەلاتان پێشوازی ئەوتۆ لەو كونفرانسە نەكەن و میتینگ و گردبوونەوەی ئوپزسیۆنی ئێرانیش بە شێوەی جیاجیا تێكبدا.

یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی كونفرانسی وۆرشۆ ئەوە بوو كە هاوكات لەگەڵ یادی 40 ساڵەی شۆرشی گەلانی ئێران و دزینی بەری ئەو شۆرشە لایەن ئاخوندە دواكەوتووەكانەوەبەرێوەچوو، یەكەم هەنگاوی گشتگیر و نێونەتەوەیی دژ بە رژیم لە ماوەی چوار دەیەی تەمەنی ئەو دەسەڵاتە بوو كە بەشداربووانی كۆك بوون لەسەر پاراستنی رۆژهەلاتی ناوەراست لە هەڕەشەكانی رژیم و هەوڵەكانی ئەو دەسەڵاتەیان بە سەرچاوەی سەرەكی ئەو هەرەشانە بۆ ئەو ناوچەیە دەزانی. خاڵكێكی دیكەی گرینگی كونفرانسەكە یەك خستن و نزیك كردنەوەی وەڵاتانی عەرەبی و ئیسراییل بوو لەسەر دژایەتی كردنی سیاسەتەكانی رژیمی ئاخوندی. كاریگەری ئەو كونفراسە بە شێوەیەكە كە وەزیری دەرەوەی بەحریەن دەڵێ: بەرەوڕووبوونەوەی رژیمی ئێران لە ناوچەكە لە پرسی فەلستین گرینگترە لە ئێستادا. لەلایەكی دیكە كونفرانسی وۆرشۆ هەلێكی باش بوو بۆ ئوپزسیۆنی رژیم بە تایبەت شۆرای میللی مقاومەتی ئێران و سازمانی موجاهیدینی خەڵكی ئێران كە هاوكات لەگەڵ كۆنفرانسەكە لە دوو هەنگاوی گرینگ و كاریگەر دا لە پاریس و وۆرشۆ، توانیان بە گردبوونەوە و رێپێوانی گەورە و جەماوەری سەرنجی رایگشتی وەڵاتان و ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتیە دیارە ئوروپایی و ئەمریكاییەكان بۆ بەرنامەكانیان.

هاوكات ئەوەی رژیمی ئێرانی تووشی پشووسواری و سەرلێشێوان كرد، راگەیەندراوی كۆتایی كونفرانسەكە بوو كە لەلایەن ئەمریكا و لەهێستانەوە دارێژرابوو وە كونفرانسەكەیان بە مێژوویی و پردەستكەوت پێناسە كردبوو، بەڵام رژیم خۆی پێنەگیراو هەر زوو لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی خۆی كاردانەوەی نیشاندا و راگەیەندراوەكەی بە "بەڵگەی شكست" ناوبرد. هەروەها لەگەڵ یادی چل ساڵەی سەركەوتنی راپەرینی گەلانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی حەمە رەزا شای پەهلەوی، و لە بەرەبەریی بەرێوەچوونی كونفرانسی وۆرشۆ دا، خامنەیی وەلی فەقیهی رژیم لە پەیامێكدا چەند خاڵی خستەروو كە جێی تێڕامانن. خامنەیی لەو پەیامەدا باس لە "دەستپێكی وەرزێكی نوێ لە ژیانی كۆماری ئیسلامی" بەناوی "هەنگاوی دووهەم" بۆ بەرەوپێشبردنی "كۆماری ئیسلامی"، دەكات. هەر لەو پەیامەدا خامنەیی ئیشارە بە پێداگری توند لەسەر بنەماكان و سنووربەندیەكان لەگەڵ نەیار و دژمنان دەكاتەوە. ئەگەر سەرنجێكی سەرەپێیی پەیامەكانی پێشووی ئاخوند خامنەیی بدەین و چاوێك لەم پەیامەی بكەین، دەبینین بە پێچەوانەی ئەو پەیامەی كە پێی وایە قۆناغی دووهەمی ژیانی سیاسی رژیمەكەی دەست پێ دەكات و چەندین خاڵ و بەندی بۆ حكومەت و بەتایبەت لاوان خستووەتە روو كە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەكەیان كاری لەسەر بكەن.

پێشتر و لە چەندین وتاردا بەروونی ئیشارە بە مەترسیەكان بۆ سەر رژیمەكەی دەكات و دەڵێ كە ساڵی 96 و 97 دژمنان هیچیان بۆ نەكرا بەڵام ساڵی 98 ساڵێكی سەخت لەبەر دەم دەسەڵاتەكەی دەبێ و بە پێی قسەی خامنەیی دژمنانیان لەو ساڵەدا بە هەموو توانا هەوڵ بۆ روخانی رژیمەكەی دەدەن. بەپێی قسەكەی خامنەیی و خوێندنەوە بۆ دۆخی ناوخۆیی دەسەڵاتی ئاخوندی و وەزعی خراپی ئابووری خەڵك و نارەزایەتی و سەرهەڵدانە جەماوەریەكان بێ، رژیمەكەی خامنەیی هەنگاوی دووهەمی نیە و ئەوەی دەبێ چاوەرێی بكەین قۆناغی روخان و كۆتایی دەسەڵاتی ئاخوندی و هاتنەئارای دەسەڵاتێكی خەڵكی لە ئێران و ئاسایش و هێمنی بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست و جیهانە.

ئاخوند خامنەیی لە هەموو كەس باشتر دۆخی خراپی رژیمەكەی و نارەزایەتیە جەماوەریەكان و ئامادەكاری بۆ شۆرشێكی یەكلاكەرەوە لە ئێران دەبینێ، بەڵام جوێ لە دەركردنی پەیام و دانی وتار هیچێكی ئەوتۆی بۆ نەماوەتەوە، چوونكە رژیمەكەی نە بۆ پێشەوە و بۆ پاشەكشە رێگەی ماوە، و لە ئێستا و داهاتوویەكی نزیكدا خەڵكی ئێران و ئوپزسیۆن و كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە هەموو لایەكەوە هەوڵەكانیان بۆ رووخان و كۆتایی هێنان بە دێوەزمەی ئاخوندی چڕ كردووەتەوەو بە زوویی قۆناغێكی نوێ كە قۆناغی ئێرانێكی دیموكراتیك و خەڵكی و دەستەبەركردنی مافی نەتەوەیی نەتەوە بندەستەكان بە تایبەت نەتەوەی كوردە، دەست پێ دەكات.
ڕێکه‌وت: 2019-02-16 11:32:36
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی