8ی مارس و دۆخی ژنان لە كوردستان و ئێران!

شیلان محەممەدی
ژن وەك توێژێكی گرنگی كۆمەڵگا، هەمیشە و بەشێوەیەكی بەرفراوان بۆتە بابەتی قسەو شیكردنەوەكان و بابەتی رۆژ.
ئەم چینە زیاتر لە هەر پێكهاتەیەكی تری كۆمەڵگاكان هەم تەوەری باسەكانەو هەمیش زۆرترین و گەورەترین بەشی بەركەوتووە لە بێ مافیەكان و سەركووت و جیاوازیی و بێعەداڵەتیەکان.
ژن كە هاوشانی رەگەزی پیاو لەناو هەر كۆمەڵگاو خێزانێكدا دەورو نەخشی هەبووە، هاوتای پیاو توانیویەتی هەڵگری باری قورسی ژیان و گوزەران و نەهامەتیەكان بێ‌ و بگرە زۆركات زیاتریش لە پیاو، بەڵام بەداخەوە هەمیشە وەك پلە دوو و بگرە وەك كۆیلەو ئامراز و کاڵا سەیری كراوە. بەڵگە مێژووییەكان سەلماندویانە كە ژن وەك پیاو تەنانەت زیاتریش لە پیاو داهێنەرو دەست رەنگین و لێهات و بوون و بەرهەمی دەست رەنگینی ئەوان ئێستا بۆتە جێگەی بارەقەڵڵای پیاوان.
باسكردن لەسەر توانا و كەسایەتی ژن بە چەند دێرێك خۆلاسە ناكرێتەوە و باسێكی زۆر هەڵدەگرێ، مەبەست لێرەدا ئاماژەكردنە بەوەی كە ژن كەمتر نیە لە پیاو بەڵام تا ئێستاش رۆژانە شاهێدی كارەسات و دیاردەی دڵتەزێن دەبین كە لە بەرانبەر ژناندا پێرەو دەكرێ‌، دەرد و كێشەو گرفتەكانی ژنان نەبڕاوەیەو بەپێی كۆمەڵگاو یاساكانی وڵاتان و بەشێوازی جیاواز ژنان لەگەڵ ئەو نەهامەتیانە دەست و پەنجە نەرم دەكەن.
لە كوردستانی ئێران كە دەسەڵاتی ئاخوندانی تینوو بە خوێنی تاكەكانی ئەو وڵاتە ماوەی چوار دەیەیە حوکمی نا مەشروع و نایاسایی خۆیان بەرێوەدەبەن، هەرچی نەهامەتی و كارەساتە رۆژانە بەرۆكی ژنان دەگرێ‌ و ژیانی ئەو چینە بۆتە دۆزەح و مەرگەسات.
ژن لەو وڵاتەدا بەحوكمی ئەوەی كە نە لە یاساكانی وڵاتدا و نە لە ناو کۆمەڵگا و خێزانەكانی خۆیاندا هیچ دەرەتان و مافێكیان بۆ لەنەزەر نەگیراوە و تەنانەت بۆ گەیشتن بە كەمترین ماف و ئەنجامدانی كارو چالاكیەك، لەبەر ئەوەی حەقیان پێ‌ نادرێ‌ و هیچ شتێكیان بۆ لەنەزەر ناگیرێ‌، لە ئاکامدا یان دەبێ‌ توانا و ویستەكانیان لەناو خۆیاندا و لەناو چوارچێوەی ئەو زیندانەی تێیدا دەژین كپ كەنەوە و یان پەنا بەرنە بەر خۆكوشتن.
لەئێستادا خۆ كوشتن و كوشتنی ژنان لە كوردستان و ئێران بەگشتی بوونەتە دوو دیاردەی ترسناك و بەرۆكی ژنانی گرتووە و بۆتە مۆتەكە بۆیان، رۆژ نیە كە شاهێد و گوێبیستی هەواڵی خۆكوشتن یان كوشتنی ژنێك یان كچێك لەملاو لەولای ئەو وڵاتە نەبین. 

كوشتنی ژنان بەبیانوی ناموس پارێزی لەم دواییانەدا بەشێوەیەكی بەرفراوان تەشەنەی كردووە و رۆژ نیە ژنێك بەو تاوانە لەلایەن خێزانەكەی و باوك یان براو مێردەكەیەوە رووبەرووی مەرگ نەكرێتەوە. 

نێوی هێندێك لەو ژنانەی كە لەم ماوەیەدا لەلایەن مێرد یان خانەوادەكانیانەوە كوژراون بریتیە لە: 

لەیلا حوسێن پەناهی، كە لەلایەن مێردەكەیەوە بەهۆكارێكی نادیار كوژراوە. 

لیدا ئەحمەد زادە، لەلایەن باوكیەوە كوژراوە بەتاوانی هەبوونی پێوەندی خۆشەویستی. 

هۆزان خاهشی، لەلایەن باوكیەوە كوژراوە بەتاوانی بوونی پێوەندی خۆشەویستی.

خۆكوژی ژنان: هەروەك باسم كرد ژن لە كوردستان و ئێراندا بە چەندین هۆكار و لە هەموو لایەكەوە دەچەوسێندرێنەوە و لەگەڵ بێ مافی رووبەروون، هاوكات باری دارایی و دۆخی خراپی خێزانەكانیش یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی پەنابردنی ژنانە بۆ خۆكوژی، لەماوەی ئەم چەند مانگەی دوایەدا بەهەمان شێوە شاهێد و گوێبیستی خۆكوژی دەیان ژن بووین كە هەریەكەیان بە هۆكارێك پەنایان بردۆتە بەر خۆكوشتن بە شێوازێك لە شێوازەكان.

ئەمانەو چەندەها نەهامەتی دیكە لەلایەن دەسەڵات و كۆمەڵگەی پیاوسالاری كراونەتە دیاری بۆ ژنان لەو وڵاتەدا و نەبوونی یاسایەك یان چارەسەرێكیش بۆ ئەو دۆخە تەماویەی ژنان هێندەی تر دۆخەكەی دووچاری وێرانی كردۆتەوە. 
بۆیە ئەمەش پێویستی بە هەوڵ و خەبات و ماندووبوونێكی زۆر زیاترە و پێویستە بەشێوەیەكی گشتگیرانەتر و بەرفراوانتر، لەلایەن كەسانی چالاك و دامەزراوە مەدەنیەكانی بواری ژنان كار بكرێ بۆ بنەبركردن و كەمكردنەوەی نەهامەتیەكانی ژن.
رۆژی 8ی مارس كە ئەویش دەسكەوتی قوربانیدانی ژنە و بە هەوڵ و تێكۆشانی ژنان خۆیان تۆماریان كردووە، بەتەنیا وەڵامدەری ماف و ویستەكان و كەمكردنەوەی نەهامەتیەكانی ژنان نیە، دۆخی تەماوی ژنان بەتایبەتی لە ئێران و كوردستان پێویستی بە دەیان و سەدانی وەك كلارا زتكین و خوشكانی میراباڵ و فەریناز و ..... هەیە.

سەركەوێ‌ خەباتی ماف خوازانەی ژنان لە كوردستان و ئێران و باقی وڵاتانی دیكە.



 



 



 



 



 



 
ڕێکه‌وت: 2019-03-02 19:41:16
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی