سیاسەتی دەرەکی ڕژیمی ئێران !

یەکێک لە بنچینەو پێگە گرینەگەکانی هەر حکومەتێک ،سیاسەتی دەرەکی وچۆنیەتی ئیدارەدانی ڕەوتی دیپلۆماسی و پێوەندیە نێودەوڵەتیەکانە. ڕامیاری نێوده‌وڵه‌تی  پانتاییه‌کی به‌رفراوان لە کاروباری حاکمیەت هەڵدەسوڕێنێت. یه‌کێک له‌ ئاڵۆزترین ڕێگە و دەزگای حاکمیەتی ڕژیمی ئیران لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتداری خۆی دا ئه‌م ده‌زگایه‌ بوه‌.

سیاسەتی دەرەکی ڕژیم کە لە چوارچیوەی پلان وستراتیژی هەناردەی شۆڕشی ئیسلامی بە جۆر وشێوەی بیری خومەینی دەسوڕێتەوە وئەرک وجێبەجێکاری ئەم نەخشە ڕێگەیە ،سەرەتا بە گوتار وپەیامی ئاگرین لەدژی وەڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا دەستی پێکردو ئیسڕائیلیشی وەک نمادی داگیرکاری خستە لیستی دژبەرانی. ئه‌م ده‌زگایه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ڕژیم و ئاخونده‌کان لە گوشەگیرکردن وناوزڕاندنی ئێران درێغی نەکردووه‌، بۆ دژبەری وەڵاتانی دیموکراسیخواز و هاووکات وەڵاتانی عەرەبی و نانەنەوەی ئاڵۆزی بە مەبەستی گەیشتن بە خواست وئامانجەکانی، سوپای قودسی پێک هێنا و ئەم دوو یەکەیە واتە هێزی قودس و وەزاەتی دەرەوە کە دوانەی یەکن لە بردنە پێشی ئارمانەکان هاووتەریب بوون.

سیاسەتی دەرەکی ڕژیم و ئەم وەزارەتە کە سیمایه‌ک وبەرگێکی هەڵخەڵەتێنەرانەی کراوە بەبەردا ، بە ڕواڵەت پێوەندیان داوەبە سیستم ودەزگای بەڕێوەبەری ولەگەڵ بەناو کابینەکان ،گۆڕان لە بەڕێوەبەرەکەی دەکەن. لە ڕاستیدا ئەم وەزارەتە وەک هێزەکانی سوپای پاسداران و قودس لە ژێر دەستور وفەرمانی بەیتی ڕێبەری وخودی خامەنەیین و کۆی پلان وگەڵاڵەی ئەم یەکەیە لە لایەن وەلی فەقێوە دادە ڕێژرێت.

 وەزیرانی دەرەوە ی ڕژیم هەر لە عەباس خالع تەبەری هەتا محمد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێستا ، بە گوفتار وڕەفتار ،لەدوایین ڕۆژ وکاتەکانی کۆتایی ئەرکیان لەم ئورگانە ، ئەم ڕاستیەیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ پشت ڕاست کردۆتەوە کە ئەوان وەک پاسدارێک بوون ولە پێوەند بە سیاسەتی دەرەوە ،تەنیا جێبەجێکاری پلان وگەڵاڵەکانی خامەنەیی بوون، وەک چۆن ئاخوند خاتەمی لەکۆتایی ڕۆژەکانی سەرۆک کۆماریەکەیدا گووتی من تەداروکچێیک بووم وبەس... بەم دۆخەش لە کاتی کارکردن و ڕایی کردنی ئەرکی سیاسەتی دەرەوە ، مۆرە دانراوەکانی بەیتی ڕێبەری لەم وەزارەتە ، تووشی گرفت وکێشە و دەست لەکارکێشانەوە ودوور خرانەوە وتەنانەت سزا وئێعدامیش بوونەتەوە.
 سادقی قوتبزادە لەسەر گومان وهاووکاری دەرەکی لەدار درا ومەنووچێری موتەکیش بەبیانووی سەرپێچی لە پاسدار ئه‌حمەدی نژاد، لە کاتی ئەنجام دانی ئەرکەکەی کە لە ئەفریقا سەرقاڵ بوو ، بەبێ پرسی خۆی دوور خرایەو دواتر بە تاوانی سەرکێشی و دەرچوون لە بڕیارەکان لەگوشەیان توند کردو بە مەعرەکە لە چنگ سزادانێکی قورس ڕزگاری بوو. محمد جەواد زەریف وەزیری بەناو دەرەوەی ئێستا کە بەکەسێکی فێڵ باز ودوو ڕوو ناسراوە ومەزهەری پێوەندی شاراوه وپینەو پەڕۆی ڕژیمە ،بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر بێ دەسەڵاتی خۆی و هاووکات بەهێزی قاسم سلێمانی لە پرسی سیاسەتەکانی دەرەوە ، بەشێوەێیکی درۆینە دەستی لەکار کێشایەوە و ویستی بەم خۆ لەقاندنە بە دنیای دەرەوە بڵێت کە خۆی وکابینەی ڕۆحانی دژی ڕەوتی قاسم سلێمانی وپێشوازی لەبەشار ئەسەدن.

 ئەم پلان وخۆبادانەی زەریف کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە ودەنگۆی جۆراوجۆری بەدووی خۆیدا هێنا ، بۆ چارەسەر وپینەی کێشە ناوخۆییەکان بێ ئاکامە و زەریف بە دەست لەکار کێشانەوە وهاووکات گەڕانەوەکەشی هیچ لە پرسە ئاڵۆزەکان ناگۆڕێت. بەڵکوو بەم جۆرە کایە سیاسیە ، پەردەی زیاتر لەسەر شکست وهەرەس هێنانی ڕۆحانی وبەگشتی ئەم ڕەوتە هەڵدایەوە وئەم ڕاستیە زیاتر دەرکەووت کە لەنێوان یەکەی سیاسەتی دەرەکی وهێزی قودس ،ناکۆکێیکی زۆر هەیە وئەم لایەنەی شێخی بەناو دیپلۆماتکار بۆ درێژەدان بەمانەوە و هەروا پەرەدان بە چاوشارێکە ،لەسەر پەیام و کلیلەکە بەردەوامن..ئەگەر زەریف و ڕۆحانی بۆ دژبەری قاسم وئەسەد، وهاووکات هێشتنەوەی چرا سەوزی سازان ڕوو بە ڕۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا ئەم یاریەیان کردبێت، وەڵامی مایک پەمپیئۆیان وەرگرتەوە کە وەک کاردانەوە سەبارەت بە دەست لەکار کێشانەوەکەی زەریف گووتی : حەسەن ڕۆحانی و محمد جەواد زەریف مەتەرسەکی باندێکی مافیایی مەزهەبین. ئێمە باش دەزانین کە کۆی بڕیارەکان بەدەست خامەنەییە وهاتن وڕۆشتنی ئەمانەش کار لەسەر سیاسەتەکانمان ناکات وبەردەوام دەبین لە دروست کردنی فشاری زیاتر..
ڕێکه‌وت: 2019-03-03 09:39:55
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی