بە ترۆریست ناساندنی سپای پاسداران و بەرپرسیارەتی ئۆپۆزسیون  

كامیل نورانی فەرد

لەدرێژەی فشارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ سەر رژیمی ئێران و سیاسەتی فشاری لەرادەبەدەر رۆژی دووشەممە 19ی خاكەلێوەی 1398 دۆنالد ترامپ سەرۆك كۆماری ئامریكا سپای پاسدارانی رژیمی ئێرانی خستە ناو لیستی ترۆرەوە و هەر جۆرە پێوەندیی و هاوكاریی و موعامەلەیێك لەگەل ئەو دامەزراوەیە یاساغ دەكرێ‌.
سپای پاسداران بە باڵی دەرەوە و ناوخوی كە ماوەی 40 ساڵە بۆتە كۆڵەكەی راگرتن و بەردەوام بوونی دەسەلاتداریەتی ئاخوندانی ملهوور لەم ساتە بەدواوە وەك گرووپ و تاقمە ترۆریستیەكانی ئەلقاعیدە و داعش موعامەلەیان لەگەڵ دەكرێ‌ و هەر جۆرە ئالوگۆرێك لەگەل ئەو دامەزراوە سزای قورسی لە لایەن ئەمریكاوە بەدواوە دەبێ و بچووكترین جووڵە و هاتوچۆیێكی سپا دەخرێتە ژێر چاودێری و كۆنترۆلەوە.
سپای پاسداران دەمیك ساڵە كە ئیتر لە قالبی دامەزراوەێكی نیزامی قەتیس نەماوە و ئەمرۆكە بە رادەیێك سنووری دەسەڵاتەكانی فراوان كراوەتەوە كە لەئاستی ناوخۆ بەشێكی بەرچاو لەكەرتی ئابووری ئێران لەژێر دەست و بەرێوەبەری سپای پاسدارانە و بەشێك لە كایەی سیاسی لەناو نیزامی ئاخوندان سپای پاسداران سەرپەرشتی دەكات و وەك ئەهرومێكی بەهێز بەدەست رێبەری نیزام ، عەلی خامنەیی بەكار دەهێندرێ‌ و لەئاستی دەرەوەش دەكرێ‌ بوترێ‌ هاوكات لەگەڵ بردنە پێشەوەی ئەركی هەناردەكردنی شۆڕش و تێکدانی سەقامگیریی وەلاتان بەشێك لە دیپلۆماسیەت و سیاسەتی دەرەوەش لە ئەستۆی ئەو رێكخراوەیەیە.
بۆیە بێگومان خستنە لیستی ترۆری سپای پاسداران هەواڵێکی خۆش نابێ بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران و لە سەروویانەوە وەلی فەقیە ئەهرومە پڕ كارەكەی لێ دەسێندریتەوە و بێگومان بە تێكچوونی هاوسەنگی هێز كێشەی نێوان گورگەكان و باڵەكانی نێو خۆی پەرە دەستێنێ‌ و هاوكات بە بڕینی سەرچاوەی داهاتی ئەو دامەزراوەیە كێشەكانی نێوخۆی سپای پاسداران تەشەنە دەكات و دەستی سپا لە دەستێوەردانەكانیان لە ئاستی ناوچەكە و ئاژاوەگیرییەكانیان كە بە پشت بەستن بە سەرچاوەی بەهێزی ئابووری دەكرا كورت كرێتەوە.
شەر و بەربەرەكانێی نیوان ئەمریكا و رژیمی ئێران هەتا دێ‌ بەرەو كرانەوەی رەهەندی زیاتر و پەلكێشی سەرتاسەری دەكرێ‌ . بێگومان یەكێك لە ئەگەرەكانی ئەو هەنگاوە بەرچەكرداری رژیمی ئێران دەبێ و هەروەک تا هەنووکەش شاهیدی لێدوانی وەک دژکردەوەی سپا لەهەمبەر ئەو بڕیارەین، بۆیە بچووكترین هەڵەی سپای پاسداران هەر وەك شێمانەی بۆ دەكرێ‌ ئەگەری هاتنە ئارای بژاردەی نیزامی لە لایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لێ دەكرێ‌ و تەنانەت ئەگەر ئێران پێملی مەرجەكانی ئەمریكا بۆ لابردنی گەمارۆكانیش بێ ، هاتنە دەرەوەی سپای پاسداران لە لیستی ترۆر پێویستی بە گۆرانكاریی یەكجار گەورە لە پێكهاتە و بەرێوەبەری و سیاسەتی ئەو ریكخراوەیە هەیە و پرۆسەیێكی درێژخایەن و هەرەس پێهینەر دەبێ.
لە هەل و مەرجێكی لەم چەشنە ئەوەی جێگەی سەرەنج و لێوردبوونەوەی زیاترە ئەركی هێز و لایەنە سیاسیەكانی دژبەری ئێران چ لە كوردستان و چ لە ئاستی ئێرانە و خەباتی جوڵانەوەی رزگاریخوازانە لەدژی ئێران ئیتر پیناسەی بەرەنگاربوەونەوەی ترۆر و ترۆریسم بەخۆیەوە دەگرێ‌ و ئەگەر پێشتر ئەو پێناسەیە تەنیا لە لایەن ئازادیخوازانەوە بە كاردەهێندرا لەمەوبەدوا لە لایەن بەهێز ترین وەڵاتی جیهان بەرەسمی ناسرا و ترۆریسمی سپای پاسداران و زەرورەتی بەرەنگاربوونەوەی بوو بە بەشێك لە یاسای ئەو وەلاتە.
هاوپەیمانەتی بۆ روبەرووبوونەوەی ترۆریسم لە 11ی سیپتامبری 2001 وە وەك سیاسەتی فەرمی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ئاستی جیهاندا راگەێندرا و کاری پێدەکرێ و ئەگەرچی ئەو بریارە لە لایەن وەلاتی ئەمریکا راگەێندراوە بەلام بوونی ئەو هاوپەیمانەتیە ڵەمێژینەیە پانتایی کارپێکردنەکەی تەنیا لەچوارچێوەی ئەمریکا ناهێلێتەوە و ئەوە دەرفەتێكی زێرینە تا ئۆپۆزسیونی رژیمی ئێران بە ئامانجی بردنە پێشەوەی خەبات و بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتی و یارمەتی نێونەتەوەیی بۆ روبەرووبوونەوەی رژیمی دژی مرۆڤی ئاخوندی و بە پشت بەستن بە سیاسەتی روبەروبوونەوەی ترۆریسم كە هاوكات بایەخێكی نیونەتەوەیشە كەڵكی لێوەربگرن.
جێگەی خۆشیە كە ئەمرۆ پاش ئەو ساڵیانە لە ئاكامی خەباتی هێزە تێكۆشەرانی دژبەری رژیمی ئاخوندی لە ئاستی جیهانیشدا بەفەرمی روانگە و بۆچوونەكانی ئۆپۆزسیون پشت راست دەكریتەوە و رەوایەتی بە خەبات و تێكۆشانی دژی سیستەمی ئاخوندی دەدرێ‌.
بێگومان دۆخی رژیمی ئێران بەو هەنگاوەگرینگەی ئەمریكا بەرەو شڵەژاوی و تێكچوونی زیاتر دەچێ‌ و لە ئاكامی ئەو سەرلێشێوایە دا دەبێ چاوەروانی هەلە ئیستراتژییەكانی ئاخوندان و ئاڵوگۆری قووڵ و بنەڕتی بین.
لەوەها دۆخێکدا ئەوەی دەتوانێ گرەنتی قۆستنەوەی هەلەکە بدا بە بەرەی ئازادیخوازان یەکگرتوویی و یەکگووتاریان لەدەوری درووشمی رووخان و نەهێشتنی سیستەمی ئاخوندی ئێران دەبێ.
ڕێکه‌وت: 2019-04-09 16:11:19
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی