بڕیاری دەوڵەتی ئامریكا و گوزەرێك بە رابردووی سوپای پاسداران دا؟  

عەلی بەهرامی
بە پێچەوانەی چل ساڵی رابردوو، كەسێك لە كۆشكی سپی دەسەڵات بەرێوەدەبات كە دژ بە دەسەڵاتدارانی رژیمی ئێران هەڵوێستی زۆر توند و بەجێی هەیە، بۆ وێنە وێڕای نارەزایەتیەكی زۆر، لە رێكەوتن نامەی ناوكەیی كشایەوەو گەمارۆ ئابووریەكانی بە سەر رژیمدا سەپاند كە لە ئێستادا زۆر بە روونی كاریگەری ئەو هەنگاوانە لەسەر ئابووری ئێران دەبیندرێ . سەرۆكی ئامریكا و ستافەكەی بەوەوە نەوەستان و لە هەنگاوێكی دیكەداو لە رۆژی 8ی ئاوریلی 2019دا سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندییان خستە لیستی تیرۆریستی وەڵاتەكەیانەوە. لێڕەدا وەك پێویستیەك تیشك دەخەینە سەر پێكهاتە و چالاكیەكانی ئەو سوپایە و كاریگەریەكانی ئەو بریارەی دەوڵەتی ئەمریكا بۆ سەر سوپای پاسداران و كۆی پێكهاتەی رژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران.
سوپای پاسدارانی رژیمی ئێران بە رێكخراوێكی سەربازی پێناسە دەكرێ كە لە دوای بەدەسەڵات گەیشتنی ئاخوندان لە ساڵی 1357ی هەتاوی بە فەرمانی ئاخوند خومەینی دامەزرا. لە قانوونی بنەرەتی رژیمدا لەبارەی سوپای پاسدارانەوە هاتووە: سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە پاش سەركەوتنی شۆرش پێكهات و بۆ درێژەدان بە ئەركی پارێزگاری لە شۆرشی ئیسلامی و دەستكەوتەكانی وەك خۆی دەمێنێتەوە.
وەك ئەوەی كە لە قانوونی بنەڕەتی رژیمدا پێناسەكراوەو بەو جۆرەی مێژووی چل ساڵی رابردووی سپای پاسداران پێمان دەڵێ لە كوردستاندا ئەو هێزەی رژیم دەست كراوە بووە بۆ هەر جۆرە زەبر و زەنگێگ دژ بە خەڵكی كوردستان و بزوتنەوە مافخوازانەكەی. سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی هەموو رێكارە سەربازی، ئەمنیەتی، ئابووری، كەلتووری، كۆمەڵایەتی و تیرۆریستی بۆ لێدانی كۆمەڵگەی كوردستان بەكارهێناوەو بە كورتی سوپای پاسداران چواردەیە لەلایەن خەڵكی كوردستان بە چاوی هێزێكی تیرۆریست دەبندرێ.
پێكهاتەی سوپای تیرۆریستی پاسداران بریتیە لە: هێزی وشكانی، هێزی هەوایی، هێزی دەریایی، هێزی مقاومەت "بەسیج" و هێزی قودس. هەروەها ناوەندی هاوبەشی سوپا كە ئەركی رێكخستن و هاوئاهەنگی و فەرماندەیی بەشەكانی لە ئەستۆیە. لە سوپای پاسدارانی رژیم دا دوو ناوەندی دیكە هەن كە بریتین لە حەوزەی نوێنەرایەتی وەلی فەقیە و رێكخراوی پاراستنی زانیاری (سازمان حفاڤت اگلاعات). حەوزەی نوێنەرایەتی وەلی فەقیە بەتەواوی سەربەخۆیە و لەلایەن وەلی فەقیهی رژیمەوە فەرمان وەردەگرێ، رێكخراوی پاراستنی زانیاریش بە رێژەیەكی زۆر سەربەخۆیە و فەرماندەكەی لەلایەن وەلی فەقیه و بە پێشنیاری فەرماندەی گشتی سوپا دیاری دەكرێ و راستەوخۆ پێوەندی بە نووسینگەی گشتی پاراستنی زانیاری لە دەفتەری تایبەتی خامنەییەوە هەیە و راپۆرتی خۆی بەوێ دەداتەوە.
لە دوای ئەوەی پاسدار محەمەد عەلی جەعفەری كرایە فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران چەندین دەستە و ناوەندی نوێی تایبەت بە هەڕەشە نەرمەكان، راپەرینە جەماوەریەكان، هەرەشە ئابوریی و سیاسیە ناوخۆیی و دەرەكیەكان، شۆرشی چەكدرانە و شەری ناوخۆیی و دەرەكی، لەو سوپایەدا پێكهێنا. ناوبراو ئەركی هەرەشەی نەرمی بە بەسیجی سڤیل و مەدەنی، نیوەسەخت بە بەسیجی چەكدار و سەختی بە هێزی وشكانی سوپا و بەسیجی چەكدار سپارد.
بەپێی مادەی 10ی ئەساسنامەی سوپای پاسداران، سوپا دەبێ بەشدار بێ لە هاوكاری گەیاندن لە كاتی بەڵا و كارەساتی سروشتی، پەروەردەو بارهێنان، وەبەرهێنان و جیهادی سازندگی.
بەپێی لێكۆڵینەوەی دامەزراوەی رەند، لە دوای كۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، سوپای پاسداران 7650 رێكەوتنی لە رێگەی دامەزراوەكانیەوە لە باری ئابووری ئیمزا كردووە. هەروەها بەپێی ماڵپەری "روزێ‌‌‌‌نلاین" سوپای پاسداران لەو چالاكیە ئابووریانەی لە كەرتە جیاجیاكاندا ئەنجامی دەدا ساڵانە نزیك بە 12 ملیارد دولار دەهاتی هەیە.
سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی لە كەرتەكانی نەوت و گاز، رێگەوبان، دروستكردنی بەنداو، تونێل، جوتیاری، پێوەندی، بیناسازی، تەندروستی و كەرتی ترومبێل چالاكی هەیە و خاوەن بەشە.
بەپێی قانوونی بنەڕەتی رژیم و بەپێی فەرمانی خومەینی و ئاخوند خامنەیی سوپاییەكان هەتا لە نێو سوپادا ئەركدار بن، مافی چالاكی لە كاری سیاسیاندا نیە. بەڵام پاسدار محمەد زولقەدر جێگری فەرماندەی سوپا بوو كەچی لە دەوڵەتی نۆیەمدا كرایە جێگری وەزارەتی ناوخۆ و ئەمنیەتی ئینتزامی ئەو وەزارەتخانەیە، وە هەر ئەو كات بەشی راگەیاندنی وەزارەتخانەی ناوبراو رایگەیاند كە ناوبراو بە فەرمانی عەلی خامنەیی بۆ ئەو پۆستە دیاری كراوە.
هەروەها بەشی زۆری ئەو كەسانەشی لە هەر سێ دەزگای قەزایی، بەرێوەبەری و قانوون دانانی رژیم ئەركیان پێ دەسپێردرێ دەبێ پێشتر لەلایەن بەشەكانی سوپاوە تەئید كرابن دەنا لەلایەن دەزگا پێوەندیدارەكانەوە وەرناگیرێن.
لە رەشەمەی 1393ی هەتاوی ئاخوند رۆحانی سەرۆككۆماری رژیم بەبێ ناوهێنان لە سوپای پاسداران ئەو ئورگانەی دەسەڵاتی بە سەرچاوەی گەندەڵی ناوبرد و وتی: ئەگەر ئیتلاعات (زانیاری)، چەك، دراو، سەرمایە، ماڵپەر، رۆژنامە و هەواڵدەری هەموو لە شوێنێكدا كۆبكەینەوە ئەبوزەر و سەلمانیش گەندەڵ دەبن. لە ئێستادا سوپای پاسداران دەستی گرتووە بەسەر زۆرێك لە ناوەندە ئابووریەكان، ناوەندە هەواڵگری و هەواڵدەریەكان لە ئێران دا. ناسر موسەوی لارگانی ئەندامی سەرۆكایەتی كومسیۆنی ئابووری مەجلیسی رژیم لەو بارەوە دەڵێ: لە كەرتی ئابووری و هەر شوێنێك وەڵات پێویستی بێ سوپا هەنگاو هەڵدەگرێ بۆ ئەوەی ئابڕوی نیزام بكڕێتەوە و راگرێ.
لە دەرەوەی سنوورەكان و لە وەڵاتانی ناوچەكەش بەردەوام گوێمان لە دەستێوەردانەكانی سوپا لە كاروباری ئەو وەلاتانەدا بووەو گەلێك جار مۆرەكانی سەر بە سوپای پاسدارانی رژیم لەلایەن وەڵاتانی ناوچەوە دەگیرێن و لە راگەیەنەكان دا باسی لێوە دەكرێ.
ساڵی 2010 گروپێكی حەوت كەسی سەر بە سوپای پاسداران لە وەڵاتی كوەیتەوە گیران كە لە ماڵی یەكیاندا كۆمەڵێك بەڵگە، دەزگای پێشكەوتووی پێوەندی گرتن و 250 هەزار دولار دەستی بەسەردا گیرا.
لە 25ی ژوێنی 1996 بە هۆی تەقینەوەی بارهەڵگرێك لە بەردەم بنكەی سەربازانی ئەمریكایی لە شاری خۆبەری عەرەبستان 19 سەربازی ئەمریكایی كوژران و 400 كەسیش بریندار بوون. لە ساڵی 1999دا بیل كلینتۆن لە پەیامێكی نهێنی دا بۆ محمەدی خاتەمی سوپای پاسدارانی بە ئەنجامدەری ئەو تاوانە ناوبردووە و خوزاریاری بەدەستەوەدانی بكەرانی ئەو كردەوە تیرۆریستیە بووە.
مانگی حەوتی 2012 رۆژنامەكانی هیند بڵاویان كردەوە كە پۆلیس رایگەیاندووە كردەوە تیرۆریستیەكەی شاری دێهلی نەو بەمەبەستی تیرۆری دیپلۆماتێكی ئیسراییل بووە كە پێنج كەس لە مۆرەكانی سوپای پاسداران پیلانەكەیان دارشتووە.
22ی گەلاوێژی 1392ی هەتاوی پۆلیسی بەحرەین بە تاوانی كردەوەی تیرۆریستی لە مەنامەی پێتەختی ئەو وەڵاتە پێنج كەسی دەستبەسەر كرد بوو كە پێوەندیان بە سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندیەوە هەبووە و لەلایەن ئەو هێزەی رژیمەوە پەروەردە كرابوون. پێش ئەم كردەوە تیرۆریستیە دەوڵەتی بەحرەین مافی شارۆمەندی لە ئاخوندێكی شیعە بەناوی شێخ عیسا قاسم سەندەوە كە ئەوە بووە هۆی توورەبوون و كاردانەوەی هەندێ لە بەرپرسانی رژیم، بەتایبەت پاسدار قاسمی سلێمانی فەرماندەی هێزی تیرۆریستی قودس هەڕشەی كاری چەكداری لە بەحرەین و روخانی حكومەتەكەی كرد.
16ی فوریەی 2014 بی بی سی بڵاوی كردەوە كە محەمەد مورسی سەرۆككۆماری پێشووی میسر بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ سوپای پاسداران دادگایی كراوە.
دادستانی میسر محەمەد مورسی و 35 كەسی دیكەی تۆمەتبار كرد بە هاوكاری لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس، حیزبوڵای لوبنان و سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی.
بەشداری لە شەری سوریە:
لە دوای نارەزایەتیە جەماوەریەكان لە وەڵاتی سوریە، رژیمی ئێران هێزەكانی سوپای ناردە ئەو وەلاتە بۆ سەركوتی جەماوەری نارازی. ئەوە لە كاتێكدا بوو سەرهەڵدانە جەماوەریەكان لە وەڵاتی دیكەی عەرەبی لەلایەن بەرپرسان و بە دیاری كراویش خامنەیی وەلی فەقیهی رژیم بە بیداری ئیسلامی لە قەڵەم دەدرا و پشتیوانی لێ دەكرد.
كاتی سەرهەڵدانەكانی شاری دەرعای سوریە سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی پێكهاتوو لە سەدان كۆماندۆ و بە هێلی كۆپتێر چوونە ئەو شارە و لە پێكدادانەكانی 18ی مارسی 2011دا پێنج هاووڵاتی سوریەیی كوژران. ئوپزسیۆنی بەشار ئەسەد رایانگەیاند كە جوێ لە سوپای پاسداران، حیزبوڵای لوبنان لە سەركوتی خەڵكدا بەشدار بوون.
چەندین جار بەرپرسانی ئەمریكایی رایانگەیاندووە كە تاران بۆ كۆمەك بە سەركوتی نارەزایەتیەكان لە سوریە چەكی بۆ بەشار ئەسەد ناردووە. لەو ماوەدا قاسی سلێمانی فەرماندەی هێزی تیرۆریستی قودس چەندین جار لە نزیكەوە فەرماندەیی شەرەكانی لە سوریە كردووە و بە مەبەستی هەستانەوەی حكومەتی بەشار ئەسەد و چەندین گروپ و دەستەی چەكداری لە ئەفغانی و پاكستانیەكان پێكهێناوەو دوای بارهێنان بۆ سوریە بەرێ دەكردن.
سوپای پاسداران لە ماوەی شەری سوریەدا بە دەیان كەس لە فەرماندەكانی لە شەری و ئوپزسیۆن یان بە هۆی هێرشی هەوایی ئیسراییل بۆ سەر بنكەكانی لەو وەڵاتە كوژراون.
لە دوای روخانی حیزبی بەعس لە عێراق و گەراندنەوەی بەشێكی زۆر لەو هێزانەی ساڵانێك بوو لەلایەن رژیمەوە بۆ دژایەتی عێراق راهێنانیان پێ دەكرا، رژیم لە عێراق بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو دەستی كرایەوە و هەر ئەو كات كەوتە پەڵاماردانی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و بە دانانی بۆمب و هێرشی خۆكوژی بووە هۆی كوژرانی سەدان سەربازی ئەمریكایی و هەزاران كەس لە خەڵكی سڤیلی ئەو وەلاتە. سوپای پاسداران لە عێراقدا ئەوندە هێژموونی بەهێز بوو كە دەستكاری پرۆسەی دەنگدانەكانی دەكرد و دەوری سەرەكی دەبینی لە دیاری كردنی حكومەت و بەرێوەبەری و دروست كردنی هێزی تایبەت بە خۆی و بە قانوونی كردنی ئەو هێزانە. بۆ وێنە حەشدی شەعبی كە كۆپی كراوی سوپایە لە عێراق.
بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری خەڵكی یەمەن شیعە مەزهەبن، رژیمی ئێران پشتیوانی راستەوخۆی دەكردن بۆ بە دەسەڵات گەیشتنیان و دروست كردنی دەسەڵاتێكی شیعە مەزهەب لەو وەڵاتە و بۆ ئەو مەبەستە پشتیوانیەكی بەرفراوانی مادی و سەربازی حوسیەكانی دەكرد. لە دوای روخانی دەسەڵاتی عەلی عەبدوڵا ساڵح، حوسیەكان بە هاوكاری عەلی عەبدوڵا ساڵح كودەتایان لە حكومەتی شەرعی ئەو وەڵاتە كرد و دەستیان بەسەر بەشێكی زۆر لە خاكی یەمەندا گرت و مەجبور چەندین وەڵاتی عەرەبی و ئیسلامی پشتیوانیان لە دەسەڵاتی عەبد رەبە مەنسور هادی كرد و هێزیان بۆ پشتیوانی ناوبراو رەوانە كرد بۆ پاشەكشێ بە حوسیەكان و هێزەكانی وەفادار بە ساڵح.
رژیمی ئێران لە یەمەن پشتیوانی موشەكی حوسیەكانیشی دەكرد و لە ماوەی شەری نێوخۆیی ئەو وەلاتە حوسیەكان توانیان دەیان مووشەكی دروست كراوی رژیم بگرنە عەرەبستان.
هەر لە دوای بەدەسەڵات گەیشتنیان لە ئێران ئاخوندان پشتیوانی لە فەلستینان كردە شیعاری خۆیان و گرتنەوەی قودس و لە ناوبردنی ئیسراییلیان بە ئەركی دینی خۆیان دەزانی، هەر بۆ ئەو مەبەستە سوپای قودسیان دروست كرد كە ئەویش بەشێكە لە سوپای پاسداران و لەو رێگەوە پشتیوانیەكانی خۆیان دەگەیاندە تاقم و گروپە تیرۆریستەكانی سەر بە خۆیان لە فەلستین. ئەو سیاسەتانەی رژیمی ئێران نەك هەر نەیتوانی قودس رزگار بكات و ئیسراییل لەناو بەرێ بەڵكوو بووە مایەی ماڵوێرانی زیاتر بۆ فەلستینیەكان و دابەش بوون و زیاتر كردنی كێشەی نێوخۆییان لەو لاشەوە بە فیرۆدانی سامانێكی زۆر و زەوەندی خەڵكی هەژاری ئێران.
سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی هەر زوو لە لوبنان توانی بۆ شیعەكانی ئەو وەڵاتە گروپی تیرۆریستی حیزبوڵا دروست بكات و لە رێگەی ئەوانیشەوە پەڵاماری بنكەی ئەمریكاییەكان لە بەیروت بدەن و لە كردەوەیەكی تیرۆریستی دا ژمارەیەك سەربازی ئەمریكایی بكوژن. رژیم لە رێگەی حیزبوڵاوە دەستی گرتووە بەسەر بەشێكی زۆر لە هێز و دەسەڵات و خاكی لوبنان داو وێرای ئەنجام دانی كردەوەی تیرۆریستی بە ئەندامانی حیزبوڵا لە وەلاتە جیاجیاكان، پەڵاماری خاكی ئیسراییلیشی پێ دەدەن كە تا ئێستا چەندین جار ئیسراییل بە توندی بەپەرچی ئەو كردەوانەی حیزبوڵای داوەتەوە و زیانی زۆر بە ژێرخانی ئابووری لوبنان گەیشتووە.
سوپای تیرۆریستی پاسداران بۆ زیاتر بەهێز بوونی خۆیان گرینگی زۆریان بە بەرنامەی ناوكەیی و مووشەكی داوە و لە دوای رێكەوتنی ناوكەیی و پەكخستنی، سوپا فوكوسی تەواوی كردووەتە سەر بەرنامەی مووشەكی بالستیكی، لە نوێترین هەنگاودا نووسینگەی شۆرای ملی مقاومەت لە واشینتۆن لە كونفرانسێكدا پەردەی لەسەر چالاكیە مووشەكیەكانی سوپای پاسداران لادا و رایگەیاند كە سوپا 42 ناوەندی مووشەكی هەیە كە تیایاندا وەبەرهێنان، تاقی كردنەوە، راگرتن، هاویشتن و فەرماندەیی ئەنجام دەدرێ.
دانانی سوپای پاسدارانی رژیم لە لیستی تیرۆریستی و كاریگەریەكانی
هەر چەند پێشتر و ساڵی 2010 وەزیرانی دەرەوەی یەكیەتی ئوروپا رێكەوتن كە بە شێوەی هاوبەش فشارەكان بۆ سەر رژیمی ئاخوندی پەرە پێ بدەن و بۆ ئەو مەبەستە سەفەر و هاتووچۆی ژمارەیەك لە ئەندامانی سوپا و هاوكارانیان بۆ دەرەوە سنووردار بكرێ و حیسابی بانكیان بلۆك بكرێ. هەروەها ئوستورالیاش یەك لایەنە ناوی رۆستەم قاسمی فەرماندەی قرارگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی خستە لیستی گەمارۆكانی خۆیەوە، وە وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریكاش لە چوارچێوەی جێبەجێ كردنی بریارنامەی 1929ی ئەنجومەنی ئاسایش دژ بە ئێران، فەرماندەی سوپا و وەزیری بەرگری لەگەڵ هێزی هەوایی و فەرماندەیی موشەكی سوپا و شیركەتی نەوت و گازی سوپانیر و شیركەتی راه ساحیل سەر بە قەرارگای خاتەمولئەنبیای خستە لیستی گەمارۆكانی خۆیەوەو هێزی قودسی خستبووە لیستی ئیجرایی 13224. بەڵام بە دانانی ناوی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریكا، بە هۆی ئەو دەور و كاریگەریەی سوپای پاسدارانی رژیم لە پێكهاتەی دەسەڵات و كەرتە جیاجیاكانی ئەو وەڵاتە ئیشارەی پێدرا، بە تیرۆریست ناساندنی زەربەیەكی كاریگەر لە پەیكەری دەسەڵاتداری ئاخوندان دەدرێ و ئەو بریارە هێزەكانی ئەمریكا زیاتر دەسكراوە دەكات بۆ لێدانی جموجوڵەكانی سوپا لە دەریای عەمان و كەنداوی فارس، هەروەها كاریگەری زۆری دەبێ لەسەر زووتر وەدەرنانی لە وەلاتانی ناوچەكە بەتایبەت لە سوریە و عێراق و یەمەن. هەروەها بریاری بە تیرۆریست ناساندنی سوپا كاریگەری زۆری دەبێ لەسەر سنووردار كردنی رێژەی ئاڵوگۆری تجاری و چالاكی ئابووری لەگەڵ رژیم و پەرە بە كێشەكانی نێوان ئەمریكا و رژیم دەدا.
ڕێکه‌وت: 2019-04-13 20:29:54
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی