بەرز و بەرێز بێ یەكی مانگی مەی رۆژی جیهانی كرێكار

كرێكارانی رەنج دیتووی كوردستان و ئێران !
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان!
پیرۆزبێ‌ رۆژی جیهانی كرێكاران لە چینی زەحمەتكێش و كرێكاری كوردستان و ئێران.
ئومێد دەكەین رۆژێك بێ زەحمەت و ماندوویی كرێكاران و مافە رەواكانیان بێتە دی‌ و كۆتایی بە ستەم و چەوسانەوەی كرێكاران بێ‌.
لە یەكی مانگی مەی هەموو سالێك رۆژی جیهانی كرێكاراندا ،ژیان و دۆخی كرێكاران لەسەرانسەری جیهان زیاتر دێتە بەرباس و ئەو رۆژە دەكرێتە دەرفەتێك بۆ دەربڕینی شادی و تین دان بە خەبات و تێكۆشان بۆ دەستەبەركردنی مافە رەواكانی ئەو چینە و غەدرەكان و بێمافیەكانیان دەست نیشان دەكرێن‌ و رێگەكانی نەهێشتنی ستەم وبێدادیەكان لە سەریان دەخرێتە بەرچاو.
جێگەی خۆشیە لە ئێستادا بە گشتی خەباتی كرێكاران بۆ وەدیهێنانی سەرجەم مافەكانیان پێش كەوتنێكی گەورەی لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناوخۆیدا بە خۆیەوە بێنیوەو لە وەڵاتانی دیكتاتۆر لێدراو شاهێدی راپەڕین و چالاكی ئەو چینە زەحمەتكێشەین.
بەداخەوە رەوشی كرێكاران و زەحمەتكێشان لە ووڵاتی بەڵالێدراوی ئێران و ژێر دەسەڵاتی ئاخوندانی دیكتاتۆرلەوپەڕی قەیران و نالەباری دایە، ئەویش لەكاتێكدا كە ئێران وەڵاتێكی دەوڵەمەندی پڕ لەسەرچاوەی ژێر زەویی و لە پلەكانی سەرووی جیهاندایە ، بەڵام رەوشی كرێكاران و زەحمەتكێشان لەوپەری كارەسات دایە و خەسارەكانی بێكاری و گرانی و نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی و نەبوونی دابین كردنی كۆمەڵایەتی و منداڵانی سەرشەقام و دامەزراندنە قەراردادییەكان، بە بێ رەچاو كردنی كەمترین ئیستانداردەكان و دەیان بەڵای تر لە لوتكەی خۆیاندان و تەنگی بە سەرجەم خەڵك و لەسەروشیاندا چینی زەحمەتكێشی كۆمەڵگا هەڵچنیوە.
قانون و یاسا دژی كرێكارییەكان لە ناو سیستەمی دواكەوتوانەی حاكمیەتی ئاخوندی، رێگە بە هیچ جۆرە مافویستیەك لە لایەن ئەو چینە نادات و بچووكترین جوڵەیان بە ئەمنیەتی ئەژمار دەكرێ‌ و توندترین هەڵس و كەوتی لەگەڵ دەكرێ‌، هەر بۆیە كرێكاران و زەحمەتكێشان ناتوانن بە ئازادی بیر لە رێكخستنی رێكخراوە ناحكوومیە پیشەییەكانیان بكەنەوە، و
روداوەكانی ئەمدواییەو هێرش بۆ سەر كرێكارانی نەیشەكەری هەفت تەپە و هەڵس و كەوتی دەسەڵاتداران لەگەڵ بەرێوەبەران و ئەندامانی چالاكی ئەو نارەزایەتیانە دوایین بەڵگەن بو ئەو راستیە.
لە لایێكی دیكەوە دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و دز و تاڵانچی بە هۆی دزین و وەلاخستنی داهاتی گشتی و ئیختلاس و حەقدەستە نجوومیەكان و هەروەها و خەرج كردنی پووڵی خەڵك لە رێگەی ناپێویست و شەرئەنگێزەكانی، وەك پەرەدان بە سیستەمی مووشەكی و ئەتۆمی و داڵدەدانی ترۆریستانی ناوچەكە و پشتیوانی دارایی لێیان و تێچووی شەری سووریا و حوسیەكانی یەمەن و دەیان ئاژاوە و شەری تر، هەمووی لەسەر حیسابی خەڵكی هەژاری ئێران و كوردستان، وای كردووە دۆخی كرێكاران و رەنجكێشان بەرەو خەراپی زیاتر بچێ. لە ئێستاشدا بە دەست پێكردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمریكا بۆسەر رژیم، بارودۆخ چەند بەرانبەر ئاڵۆزو خراپتر بووە.
كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستان!
بەداخەوە ئەو دۆخە پڕ لە قەیرانە بە هۆی ئاوێتە بوونی ستەمی نەتەوەیی ئاخوندان لە كوردستان خەماویی تر و ژیانی ئەو چینە چەوساوەیە بە دەیان جار ناخۆشتر و تاڵترەو، نەبوونی دەرفەتی كار و كۆچ كردنی خەڵك بۆ شارە گەورەكان و كاری تاقەتپرۆكێن و لە لاێكی دیكەوە كاری كۆڵبەری لە سنوورەكانی كوردستان و ئەو رەنج و مەینەتیانەی رۆژانە لە هەواڵ و میدیاكان گوێبیستی دەبین، دیمەنێكی ناخ هەژێنمان لە ژیانی چینی كرێكار لە كوردستان بۆ وێنا دەكات. مردن لە پێناو نانی ژەمێكدا ئەو واقعەیەتەیە كە كوردستان رۆژانە شاهێدی روداوی تاڵ و كارەساتبار دەبین.
لەناو هەموو ئەو دۆخە نامرۆڤانەیە ئەوەی جێگەی خۆشیە خەبات و تێكۆشانی خەڵكی بەش مەینەتە بۆ وەدەست هێنانی مافەكانیان و ئەمرۆ ئیتر نەك چینی زەحمەتكێش و كرێكار بەڵكو سەرجەم كۆمەڵگای ئێران، خەباتێكی هەمەلایەنەیان بۆ باش كردنی دۆخی مەعیشەتیان دەست پێكردووە.
راپەرینەكانی ئەم دواییەی خەڵكی شارە جیاجیاكانی ئێران كە بەشۆڕشی برسیەكان ناوزەد كرا، لەشكل و فۆرم و ناوەرۆكەكەی لە ماوەی ئەو 40 ساڵەی دەسەڵاتداریەتی ئاخوندان بێ وێنە بووە و پێشتر نەبیندراوە، بە شێوەیەك كە بەردەوام بوونی ئەو ناڕەزایەتیانە كاخی ستەمی ئاخوندان بەرەو داڕمان و لە ناوچوون دەبات.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران یادی یەكی مانگی مەی رۆژی جیهانی كرێكاران لەسەرجەم زەحمەتكێشانی كوردستان و ئێران پیرۆز دەكات و باوەڕی وایە بە خەباتێكی هەمەلایەنە و بە پێشەنگایەتی كرێكاران و چینی چەوساوە و هەژاری كۆمەڵگا رووخانی دیكتاتۆریەتی ئاخوندی و دامەزرانی دەسەڵاتێكی خەڵكی و دیموكراتیك لە جێگەیدا حەتمیە.
لە گەڵ پیرۆزبایی دووبارەمان بە بۆنەی یەكی مەی رۆژی كریكارانی جیهان.
سەركەوێ‌ خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی.
بروخێ‌ رژیمی دیكتاتۆر و جینایەتكاری ئاخوندی .
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
كومیتەی ناوەندی
1/5/2019

 

 
ڕێکه‌وت: 2019-04-30 21:26:28
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی