سەفەری زەریف بۆ ئەمریكا شكستی دیپلۆماسی رژیم

لە چەند رۆژی ڕابردوو جەواد زەریف وەزیری دەرەوی ڕژیمی ئێران سەفەرێكی شەش ڕۆژەی بۆ ئەمریكا دەست پێكرد. سەفەری ناوبراو لەم هەلومەرجەدا بە مەبەستی خۆ نزیك خستنەوە لە ئەمریكا و پێكهێنانی هەلومەرج بۆ دەست پێكردنی ووت وێژ لە گەڵ حكومەتی ئەو ووڵاتەو هەروەها هەوڵ بۆ ناكۆكی دروست كردن لە نێوان بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا بوو.یەكێك لە هەوڵەكانی زەریف بۆ خۆ نزیك خستنەوە لە ئەمریكا، ووت وێژكردنی لە گەڵ هەواڵدەری فاكس نیوز، كە هەواڵدەری نزیك لە حكومەت و نزیك لە باڵَی توندڕەو لە ئەمریكایە.زەریف لە ووتو وێژلە گەڵ فاكس نیوز لە لایەك هەوڵیدا ناكۆكی بخاتە نێوان بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا،ئەویش بە تاوانبار كردنی جان بۆڵتێن ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاو مایك پەمپێئۆ وەزیری دەرەوە،كە گۆیا ئەوان لە هەوڵدان، بە هاوكاری ووڵاتانی دۆستی ئەمریكا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ لە گەڵ ئێران دروست بكەن.

هەر لەو ووت وێژەدا ووتی، بەڵام سەرۆكی ئەمریكا خوازیاری شەر لە گەڵ ئێران نیە. زەریف بەو ووتانەی لە لاێك هەوڵیدا بۆچوونی دوناڵد ترامپ لە تیمی ئیدارەكەی جیابكاتەوەو هەروەها هەلومەرجێكی باشتر بڕەخسێنێ‌ بۆ ڕەخنەگرانی ناوخۆیی ئەمریكا كە زیاترو بە بەڵگە، دژایەتی حكومەتی ترامپ بكەن كە شەڕخوازەو ئامادەی ووت وێژ لە گەڵ رژیمی ئێران نابێ‌.لە لاێكی دیكەوە بە ئاشكرا پەیامی ووت وێژی بە حكومەتی ئەمریكاو بە تایبەت خودی دوناڵد ترامپ دا، ئەویش بە ووتنی ئەو قسەیەی كە سەرۆكی ئەمریكا خوازیاری شەڕ لە گەڵ ئێران نیەو بە باس كردنی ئەوەی كە دەسەڵاتی تەواوی هەیە لە كارەكەی خۆی و لە پێوەند بە سیاسەتی دەرەوە، بە مەبەستی لە باركردنی هەلومەرج بۆ ووتو وێژ. زەریف باسی خاوەن دەسەڵاتی خۆی كرد لە پڕۆسەی گۆڕینەوەی زیندانیە بێ‌ تاوانەكانی ووڵاتانی رۆژئاوایی لە ئێران، و تاوانبارانی ئێرانی زیندانی كراو لە ووڵاتانی ڕۆژئاوایی كرد، كە هەر زوو ئەو قسەیەی كاردانەوەی توندی لێ‌ كەوتەوەو، نەك نەبوە هۆی خاوكردنەوەی هەلومەرجی حەستەمی سیاسی بۆ ڕژیم، بەڵكو زەریف بە توندی ڕەخنەی لێگیرا، بە تایبەت وەزیری دەرەوەی ئینگلستان، قسەكانی زەریفی لە پێوەند بە گۆڕینەوەی زیندانیان بە دیپلۆماسیەكی پیس و گڵاو ناوهێنا.

لایەنێكی دیكەی جێگەی باس لە سەفەری زەریف بۆ ئەمریكاو هەوڵەكانی بۆ نزیك بوونەوە لەو ووڵاتە، كە بێگومان بە بێ‌ ئاگاداری خامنەیی ڕێبەری رژیم نەبوە. ڕێبەری ڕژیم ئەو ڕاسپاردانەی بە زەریف داوە چونكە هەڕەشەكان و ئابڵوقە ئابوریەكان زۆر بە جیدی ومەترسیدار دەبینێ‌ لە سەر داهاتوی دەسەڵاتەكەیان. ئێستا دەردەكەوێ‌ هەوڵەكانی زەریف و تێكڕای پێكهاتەی دەسەلات لە ئێران بۆ كەم كردنەوەی فشارو زۆرهێنانەكانی ئەمریكا و لەباركردنی دەرفەت بۆ وەڕێ‌ خستن و دەست پێكردنی ووت وێژ لە نێوان ئەمریكاو ڕژیم و هەوڵەكانی بۆ كەلێن دروست كردن لە نێوان بەرپرسانی حكومەتی ئەمریكا نەك نەگەیشتۆتە ئاكامێكی ئەوتۆ كە دەسەلاتدارانی ئێران چاوەڕیان دەكرد، بەڵكو ئەو هەوڵانەی وەزیری دەۆەوەی ڕژیم بووە هۆی توندتر بوون و پەرپێدانی فشارەكانی ئەمریكا.

دوای سەفەری زەریف بۆ ئەمریكا، شاهیدی بڕیاری نۆێ‌ سەرۆكی ئەو وولاتە بۆ ئابڵوقەی زیاتر بۆسەر ڕژیم لە لاێك و هەروەها جوڵاندنی ناوی فڕۆكە هەلگری ئابراهم لینكۆڵن بەرەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وڕەوانە كردنی پێنج فڕۆكەی گەورەی شەركەرو بۆمب هاوێژی ب 52 بۆ ناوچەكە بووین. لە گەڵ ئەو ئامادەكاریە سەربازیەی ئەمریكا، هەوڵە دیپلۆماسیەكانی ئەو ووڵاتە بۆ زیاتر فشارخستنە سەر ڕژیمی ئێران لە پەرەسەندنایە،كە نۆێ‌ ترینی ئەو هەوڵە دیپلۆماسیانە، سەردانی مایك پۆمپیئۆ بۆ عێراق و ووتەكانی لە پێوەند بەمەترسیەكانی ڕژیمی ئێران بۆ سەر دۆستانی ئەمریكالە ناوچەكەو هەروەها ئاگاداركردنەوەی حكومەتی عێراق بۆ بەربەست دروست كردنی چالاكی چەكدارانی ترۆریستی سەر بەرژیمی ئێران لەو وولاتەیە. بەو شیكردنەوەی باسمان كرد دەردەكەوێ‌، زەریف نەك نەیتوانی نیشانی بدات دیپلۆماتێكی كارامەیە، وەك هێندێك لە خۆش خزمەتان بە ڕژیم پڕوپاگەندەی بۆ دەكەن،بەڵكوجارێكی دیكە نیشانیدا كە نە دیپلۆماتەو نە زەریفیشەو هەروەها هیچ جیاوازی نیە لە گەڵ تێكرای پێكهاتەی حاكمیەت. زەریف نەیتوانی رژیم لەو قەیرانەی تێ‌ كەوتوە ڕزگار بكاو جارێكی دیكە هەل بۆڕێبەری ڕژیم بڕەخسێنێ‌ كە جامێكی دیكەی ژەهر بخواتەوەو بە خواردنی جامی ژەهر خۆی و ڕژیم لە قەیرانە یەك لەدوایەكەكانی ڕزگار بكات. بەڵی زەریفی نازەریف بە هەوڵەكانی لە ئەمریكا شكستێكی گەورەی دیكەی دیپلۆماسی بۆ رژیم بە دەستهیناو زیاتر دەسەڵاتی ئاخوندی خستە زەلكاوی سیاسی، زەلكاوێك كە رزگار بوون لێ‌ زۆر قورس دەبێ‌.
ڕێکه‌وت: 2019-05-09 22:40:33
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی