پێنتاگۆن هێرشەکانی ئێرانی لەناوچەکە بە مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی زانی

 پاتریک شاناهان ،سەرپەرەستی وەزارەتی بەرگری ئامریکا،پێنتاگۆن،رۆژی پێنج شەممە ۲۳ی جۆزەردان،لە هەڵوێستێكدا هێرشی سەر دو نەوتهەڵگرەكەی دەریای عەمانی بەتاوانی ئێران زانی و وتی كە ئەو هێرشانە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی جیهانی و کردەوەیەکە لە دژی کەشتیوانی ئازادی ئاوە نێونەتەوەییەکان.
ناوبراو لە تویتێكدا نووسی: ئێمە بە دوای شەڕو پێکدادان نین، بەڵام پارێزگاری لە قازانجەکانی خۆمان و هاوپەیمانەکانمان دەکەین.
رۆژی پێنج شەممە، دونەوتهەڵگری گەورەی سەنگاپوور و نۆروێژی کە هەڵگری نەوتی خاو بوون، لە دەریای عەمان کەوتنە بەر هێرش و ئاگریان تێبەر بوو. پاش چەند کاتژمێر ئامریکا ،ئێرانی بەتاوانبار لەقەڵەم دا، و نوێنەری هەمیشەی رژیمی ئاخوندی لە وەڵامدا ووتی: ئەم وتانەی ئامریکا بێ پایەیە و ئەمە درێژەی شەڕی دەروونی و رەوانیە لەگەڵ ئێمە دەیكەن، هەروەها وتی شەڕ لەگەڵ ئێران بە قازانجی ئامریکا نیە.
فەرماندەی ناوەندی ئامریکا ،سونەتکام، لە راگەێندراوێکدا لەپێوەند بەم بابەتەوە وتویەتی: وڵاتە یەکگرتووەكانی ئامریکا شەڕێکی نوێی لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا پێخۆش نیە، بەڵام لە قازانجەکانی ئامریکا و کەشتیوانی ئازاد پارێزگاری دەکات
لەلایەكی دیكەوە عادل ئەلجوبێر، وەزیری راوێژكار لەكاروباری دەرەوەی عەرەبستانی سعودی وتی؛ ئێمە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئامریكا هاوڕاین كە رژیمی ئێران دەستی هەبووە لە هێرشی سەر دوو نەوت هەڵگرەكە.
ناوبراو تەئكیدی كردەوە كە عەرەبستانی سعودی لەگەڵ ئامریكا هاوڕان كە رژیمی ئێران دەستی هەبووە لە هێرش كردن بۆ سەر دوو كەشتیە نەوت هەڵگرەكەی دەریای عەمان. ناوبراو هەروەها ووتی: هۆكارێك نیە لەگەڵ مایك پەمپێئۆ هاوڕا نەبین، ئێمە لەگەڵ ئەو هاوڕاین، هەڵسووكەوتەكانی رژیمی ئێران دروست نیە.
وەزیری وزەی عەرەبستانی سعودی، وێرای ئیدانەی هێرش بردن بۆ سەر دوو نەوت هەڵگرەكە لە دەریای عەمان، لەسەر گرتنە بەری رێوشوێنی پێویست لەڕاستای پارێزگاری لە ناوچە ئاویەكانی وڵاتەكەی پێداگری كردەوە. ناوبراو ووتی ئەم هێرشە بە ئامانجی دروست بوونی نائەمنی لە ناردنی نەوت بۆ كڕیارەكان لە سەرتاسەری جیهان دروست بووە. وەزیری وزەی سعودیە داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كردوە تا پێش بە هەڕەشەكان بۆ پێشگرتن لە كەشتیوانی نێودەوڵەتی بگیردرێ
ڕێکه‌وت: 2019-06-15 21:44:25
به‌شی ( هه‌واڵی ئێران )







سیاسی