یادی سەروەری گەل شەهید محەممەد ئەمین غەزاڵی، یەكەم شەهیدی سازمانی خەباتی كوردستان

هەر كاتێك كوردێك، دەست بۆ مێژووی خەباتی گەلەكەی دەبات و لاپەڕەكانی هەڵدەداتەوە، دوای ئەوە كە چەند پیتێك، لەو مێژوویە دەخوێنێتەوە مچۆركی شەڕەف و پیاوەتی بە لەش دادێ و مووی بەدەنی وەك شمشیرەكەی سەلاحەدین رەق و تیژ دەبێ، بۆ چی؟ لە بەر ئەوەی لە مێژوودا باسی پیاو چاكی و لە خۆ بردوویی و فیداكاری، نەترسی و تێكۆشان و خۆ بەخت كردنی رۆڵە بە شەرەف و جوانمێرەكانی گەلەكەی بەرچاو دەكەوێ، كە چۆن لە دژی داگیركاران و زۆرداران، راوەستاون وە چۆن خاكی كوردستانیان كردوە بە گۆڕستانی دوژمنان و چۆن چیا سەربەرزەكان و پێ دەشتەكانی ئەم كوردستانە پیرۆزەیان بە خوێنی پاكی خۆیان رەنگاندووە و بەڵگەی سەركەوتنیان پێ مۆر كردووە و بۆ فریشتەی ئازادیان بردووە، ئێمەش لێرەدا وەكو كوردێك لاپەڕەیەك لە لاپەڕە خەت زێڕینەكانی مێژووی خەباتی ئەم قۆناغەمان كە وەكوو دەوڵەمەندێكی سەقیل، ئازایەتی و فیداكاری شەهیدەكانمان وەك كوپەڵەیەكی پڕ لە زێڕ بە بێ دەست لێدان و زایە بوون هەڵگرتووە هەڵدەدەینەوە و یادی شاسواری گۆڕەپانی خەبات و تێكۆشان و هەڵۆیەك لە هەڵۆ بەرزەفڕەكانی چیا حەستەمەكانی كوردستان دەكەین كە چۆن لە مەیدانی ئازایەتیدا ئەسپی شەڕٍەفی لینگداو چۆن كەمەندی مەرگی بۆ دوژمن دەهاویشت، ئەویش شەهید محەممەد ئەمین غەزاڵی یە. ئەم شەهیدە سەربەرزەمان لە بنەماڵەیەكی هەژاری كوردەواری لە گەندی ساوانی ناوچەی بانە، هاواری منداڵێكی ساوا، بێ دەنگی شەوەزەنگی ئەم كوردستانە خوێناویەی شكاندوو چاوی بە دنیای پڕ لە كەسەری كوردستان هەڵێنا و دایك و باوكی بە هەزاران هیوا و هومێد ناوی محەممەد ئەمین یان بە گوێ دادا. شەهید محەممەدئەمین لە ناو باوەشی دایكی و بێشكە دارینەكەی كوردەواریدا گەورە بوو وە پێی نایە ناو پلەكانی ژیانەوە. ژیانی نەداری و بێ بەشی ماوەی پێنەدا بەرەو قوتابخانە بچێت و بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی لە كار و فەلاحەتدا یارمەتی باوكیدەدا. پلەپلە گەورە بوو تا پێی نایە تەمەنی 15 ساڵییەوە، لە بەر ئەوەی كە بنەماڵەكەی بنەماڵەیەكی هەژار بوو وە لە كوردستان شوێنی كار كەم بوو، بەرەو زۆربەی شارە فارسەكانی ئێران وەكو قۆم و تاران و مەشهەد دەچوو. شەهید محەممەد ئەمین لەگەڵ ئەوەدا كە خوێندەواری نەبوو، بە رەگ و پێست هەستی بە نەداری و بەشخوراوی گەلەكەی كردبوو وە لە شۆڕشی گەلانی ئێران دژی رژێمی پاشایەتی وەك رۆڵەیەیكی ئازا و تێگەیشتو خەباتی كرد و لە هەموو خۆپێشاندانەكاندا بەشداری هەبوو، لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران كە دەستكەوتنەكانی ئەو شۆڕشە خوێناوییە بوو بە نەغدینەی ناو چنگی خومەینی و دار و دەستە نەزانەكانی كە وەكو هەموو خوێنمژە مێژووییەكانی كوردكوژان دیسان دەمیان نایە ناو جەرگی كوردەوە و خوێنی جگەر گۆشەكانی گەلی كوردیان مژی و هێرش كرایە سەر كوردستان.
شەهید محەممەد ئەمین وەك رۆڵەیەكی بە شەرەفی گەلەكەی چەكی دیفاعی لە شان كرد و لە بەرانبەر هێرشی نارەوای دوژمندا وەك قەڵایەكی لە رووخان نەهاتوو راوەستا و لە كاتێكدا كە دەشتە رەنگاوڕەنگەكەی شاری سەقزی خوێناوی لە خوێنی پاسدارە بە كرێگیراوەكان شەپۆڵی دەدا، لە ناو سەنگەری پیاوەتیدا لە رۆژی 6/خەرمانانی /1358 دا بە گوللەی خوێنمژانی مێژوو گیانی پیرۆزی فیدا گەل و نیشتمان كرد.
(( هەزاران سڵاو لە خوێنی پاكی شەهیدان ))
ڕێکه‌وت: 2019-09-06 21:37:58
به‌شی ( شه‌هیدان )







سیاسی