شیلان محەممەدی: یەكگووتاری و هاو ئاهەنگی بوونی نیە لە نێو هێزە كوردییەكان

وتووێژی رۆژنامەی زاری كرمانجی لەگەڵ شیلان محەممەدی، ئەندامی سەركردایەتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لەپێوەند بە نارەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییانەی خەڵكی كوردستان و ئێران.
راپۆرت محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: بەهۆی گران بوونی نرخی سوتەمەنی لە ئێران و كوردستانی رۆژهەڵات چەند رۆژێكە خۆپیشاندان دەستی پێكردوە، كۆماری ئیسلامی لە رێگەی هێزە ئەمنیەكانیەوە بە دەیان خەڵكی بێ تاوانی شەهیدو بریندار كردوە، رۆژ بە رۆژیش بلێسەی ئەو ناڕەزایەتیانەی هاووڵاتیان گەرمتر دەبێت، زاری كرمانجی بۆچوونی چین و توێژەكانی رۆژهەڵات و باشوری لەهەمبەر ئەو دۆخەی ئێستا هەیە لە ئێران بەگشتی وەرگرتوە.
شیلان محەممەدی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، بۆ زاری كرمانجی ئەوەی خستەڕوو" خەڵكی ئێران ماوەی چوار دەیەیە بەهۆی هاتنە سەركاری رژێمێكی دیكتاتۆر و سەركووتگەر، لەگەڵ ژیانێكی پڕچەر مەسەری و نەهامەتی روبەروون و لە ئێستادا دەیان قەیرانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵكی ئێران بەگشتی و كوردستانی تووشی دۆخێكی نالەبار و ژیانێكی یەكجار سەخت كردۆتەوە، ساڵانێكی زۆرە خەڵك بەكردەوە دەریانبڕیوە كە ئەو رژێمەیان ناوێ‌ و خوازیاری گۆڕینی دەستەڵاتن، و رژێمی ئاخوندی هیچ جۆرە مەشروعیەتێكی نەماوە و بە زەبری چەك و سەركووت دەستی بەسەر دەستەڵات دا گرتووە."
دەشڵێت" رژێمی ئاخوندی ساڵانێكی زۆرە خەریكی بەتاڵانبردنی سەروەت و داهاتی ئەو ووڵاتەو خەڵكە كەین، بۆیە خەڵك تەنیا هەفتەیەك نییە كە راپەڕیون و هەستیان بە بێ مافی و چەوسانەوە كردووە، ئەوان ماوەی چڵ ساڵە دەچەو سێندرێنەوە، ئەوان لە تەواویەتی پێكهاتە و ناوەڕۆكی ئەو دەستەڵاتە بێزارن و ئامانجیی سەرەكیشیان رووخانی ئەو دەستەڵاتە و هێنانە سەركاری حكومەتێكی خەڵكی و دیموكراتیكە، دەتوانم بلێم گران بوونی بەنزین تەنیا هۆكارێكە بۆ ئەوەی خەڵك جارێكی تر هاواری ئازادیخوازانەیان بە گوێی جیهان و دستەڵاتدارانی ملهوری ئاخوندی بگەێنن."
دەربارەی یەك دەنگی حزبەكانی رۆژهەڵات و كورد بەگشتی گووتیشی" بەداخەوە نەتەوەی كورد بە بەردەوامی تاوانی یەكنەبوون و پەرش و بڵاوی خۆی ئەدات، حاشا لێنەكراوە ئەوەی كە ئەمڕۆ لەسەر شەقامەكانی كوردستان و ئێران دژی ئەو رژێمەو سیاسەتە هەڵەكانیان دروشمی مردن بۆ دەستەڵات دەدەن ، كەسانێكن خۆشەویستیان بۆ حیزبەكان هەیەو لەو سۆنگەوە بێگومان یەكڕیزی و یەكگووتاری هێزە دژبەرەكانی رژێم بە گشتی و بەتایبەتیش هێزە كوردستانیەكان لە ئێستادا یەكێك لە فاكتەرە سەرەكیەكانی گەشەسەندنی جوڵەی نارەزایەتی جەماوەر و رێكخستن و پەرەدان بە پانتایی مەیدانی رووبەڕوو بوونەوەی دەستەڵاتە، ئەوەی كە دەیبینین ئەو یەكگووتاری و هاوئاهەنگیە بوونی نیە لە نێو هێزە كوردییەكان و لە هەر ئەگەرێكیش زیانەكانی ئەو دۆخە روبەروومان دەبێتەوە، پێویستە هێزە كوردستانیەكان بە بەرپرسیارەتیەكی زیاترەوە لەو دۆخە ناسك و هەستیارە بڕوانن و لە پێناو یەكخستنی هێز و تواناكانیان هەنگاو هەڵگرن."
شیلان محەممەدی لە دوا پەیڤەكانیدا ئاماژە بەوەدەدات" زیاتر لەوەی كە باس لە ئەگەرەكانی سەركەوتن و بە ئەنجام گەیشتنی جوڵە ناڕەزایەتیەكانی خەڵك بكەین، پێویستە ئەو لایەنە بخەینە بەر سەرنج كە ئێران كەوتۆتە ناو قۆناغێك كە لە پڕۆسەیەكی زەمەنی دا حەتمەن شكانی گەورە بۆ دەستەڵات دێنێتە بەرهەم، لەوانەشە جوڵەی ناڕەزایەتی ئەمجارەش كپ بكرێتەوە، بەڵام هەرگیز ئەو دۆخە پڕ لە بێزاری و ناڕەزایەتی و كێشەیەی ئێستا ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی و پێش ناڕەزایەتیەكان و ئیتر خەڵك ناتوانن چیتر بێ دەربەستی و نەزانكارییەكانی رژێم قبووڵ بكەن، لەگەڵ ئەوەش دا پێوەندیدار بوونی زۆربەی هۆكارەكانی ناڕەزایەتی بە بەشی ئابووری و هۆكارەكانی گرانی و نەبوونی كار و بژێوی شتێك نییە كە خەڵك بتوانن بە ئاسانی لەبەرچاوی نەگرن و رۆژانە لەگەڵ ئازار و ناخۆشیەكانی دەست و پەنجە نەرم دەكەن، ئەوەی كە شیمانە دەكرێ‌ سیاسەتە زێدەخوازییەكانی رژێمە كە بوونە هۆی سەپاندنی تەحریم و گەماڕۆكان لەلایەن ئامریكا و رۆژئاوا، هەروا بەردەوام دەبێ و بەو پێیەش فشارە ئابوورییەكان بۆ سەر ئێران زیاتر و پەرەسەندووتر دەبن، بێگومان ئەو جوڵە ناڕەزایەتیانە بەوەندە كۆتاییان نایە و بەردەوامی بەخۆیەوە دەبینێت‌.
ڕێکه‌وت: 2019-11-28 08:18:17
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی