هەڵبژاردن لەسیستمی ڕژیمی ئاخوندی دا

شیلان محەممەدی
ڕۆژی دوی ڕەشەمە دیاری کراوە بۆ شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی رژیمی ئاخوندی ئێران و مەجلیسی خیبرەگان، بێگومان هەڵبژاردن و دەنگدان و پرۆسەی هەڵبژاردن بەگشتی یەکێک لە بنەما و پایەکانی دیموکراسیە لە وڵاتانی خاوەن پێوەرەکانی دیموكراسیدا، هاووڵاتیان دەتوانن سیستەمی سیاسی وڵات یان هەر پرسێکی گرینگ و چارەنووسساز دەنگدانی لەسەر بکرێ و ئازادانە بەشداری بكەن و بە ئازادانە دەنگ بدەن و بە دەنگی خۆیان ئاڵوگۆر دروست بکەن یان پرسەکان یەکلایی بکەنەوە. بەڵام لە وڵاتی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیە، بە بوونی سیستەمێکی دیکتاتۆری و بە دوور لە پێوەرەکانی دیموکراسی، کە هەموو ئازادییە تاک و گشتیەکانی تێدا پێشێل دەكرێ‌، بێگۆمان پرسی هەڵبژاردن، تەنیا گاڵتە کردن بە شعووری هاوڵاتیانە و نە دەنگەكە كاری پێدەكرێت و نە خاوەنی دەنگ، واتە تاك و كۆی كۆمەڵگە ناتوانێ ماف و ویستەكانی بەدەست بێنێ‌.
وە خۆ پاڵاوتنیش تەنیا گەمەیەکە لەلایەن ئاخوندەکانەوە ڕێک دەخرێ بۆ ڕەواییدان بە شانۆ و ئەو کایە سیاسیەی کە هەر چوار ساڵ جارێک وەڕێی دەخەن بۆ خۆڵکردنە چاوی ڕای گشتی جیهانی و نێونەتەوەیی، چونکە هیچ خۆ بەربژێرکردنێک لەو سیستمەدا بەپێی پێوەرەکانی دیموکراسی نیە و ئەوانەشی کە بەناو بەربژێرن مۆرە و دەست و پێوەندەکانی خۆیانن و کەسانی غەیرە خۆیشیان ئەگەر هەڵیش بژێردرێن ئەوا هیچ دەسەڵات و مافێکی یاساییان نیە و دەبێ لەسافی بدرێن. بەو پێناسە کورتە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی بەناو شۆرای ئیسلامی و خیبرەگان تەنیا شانۆ و سیناریۆیەکی قێزەونی دەسەڵاتە کە هەموو چوار ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە. لەگەڵ ئەو راستیەش بە پێی سیستەمی ویلایەتی فەقیه كە بێگومان بنەماکانی هەلبژاردنێکی ئازاد نیە لە هەمانكاتدا ئەو بەناو مەجلیسە ناتوانێ هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی بە قازانجی خەڵک هەبێ و هەموو دەسەڵاتەکان لە چوارچێوەی وەلی فەقیه کورت دەبێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە دەکرێ بڵێین کە بە بوونی نیزامی ئاخوندی ئێران و یاسای بنەڕەتی ئێستا، ناکرێ چاوەروانی هیچ ئاڵوگۆرێک بین بەلایەنی باش و بەقازانجی خەڵک. لەنیزامی ئاخوندی هەموو دەزگا سەرەکیەکانی حکوومەت هاوتەریبی بەرژەوەندیی و فەرمانەکانی وەلی فەقیه، دەرۆنە پێش . كەوایە دەنگ دان، بەڵێ وتنەوەیە بە سیستم و دەسەڵاتێك كە تا سەر ئێسقان خوێنڕێژ و دیكتاتۆرە، دەسەڵاتێك كە دژی هەر جۆرە ئازادی و ئازاد ژیانێكە، بەشداری كردن لە شانۆی هەڵبژاردن بەڵێ وتنەوەیە بە دەسەڵاتێكی دژە گەلی و ماوە بەسەر چوو، بەڵێ وتنە بە دەسەڵاتێك كە رۆژانە رۆڵەكانی ووڵات لەگەڵ ئێعدام و مەرگ و شكەنجە .... روبەروو دەكاتەوە.
بەشداری لە دەنگدان لەوەھا سیستم و دەسەڵاتێک دا نەک هیچ گۆڕانکاریەک ناخوڵقێنێ و بەرەو باشتری نابا، بەڵکو بە پێی وتەی خودی وەلی فەقیە، بوژاندنەوە و ھەناسە و رۆحدانەوەیە بەو دەسەڵاتە خوێناویە.
بۆیە بایکۆت کردن و دەنگ نەدان باشترین بژاردەیە بۆ هەر تاکێکی ئازادی ویستی خەڵکی ئێران و تەواوی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە، لەنیزامێکی لەوچەشنە دەنگنەدان بەکارهێنانی درووستی ئەو مافەیەو پاراستنی کەرامەت و شعووری مرۆڤە لە بێرێزی و بەکەم گرتن و بە كەم زانین.
ڕێکه‌وت: 2020-01-01 09:58:41
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی