پەیامی ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی زمانی دایک


دیاری کردنی ڕۆژی 21 ی فێوریە لەلایەن یونسکۆوە وەکو ڕۆژی زمانی دایکی پەیام و دژکردەوەیە، لەسەر مەترسیەکانی لەناوچونی زمانی زگماکی کە بەردەوام شارستانیەت و مرۆڤایەتی ڕوبەڕوی ئەم دیاردانە کردۆتەوە.
لە ڕووی زانستی مرۆڤایەتی، زمانی دایکی یەکەمین و گرنگترین هۆکار و فاکتەرە لە شکڵ گرتنی کەسایەتی مرۆڤ کە هەر لە سەرەتاوە باوەڕ بەخۆبوونی تێدا پێک دەهێنێت.
پرسی زمانی دایکی بۆ نەتەوەیی کورد، لەلایەن دەسەڵاتە خۆ سەپێنەکانەوە بەردەوام لە پەراوێزدا بووە و ویستوویانە زمانی نەتەوەیەکی مەزن وەک کورد لەنێو بەرن. ئاخاوتنیان بە زمانی دایکی بۆ کورد قەدەغە کردووە و هاووکات لەڕێگەی هەڵخەڵەتاوان هەوڵی بەلاڕێدا بردن و شێواندنی دراوە. ڕژیمەکانی دەسەڵاتدار، کە بەشێوەێکی پلان ڕێژ وسیستماتیک کاریان بۆ پاکتاوی زمانی دایکیمان کردووە، ئەم هەنگاوەیان هەر لە ڕۆژی لەدایک بوونی مناڵی کورد لەسەرمان پەیڕەو کردووە. هەر لەناونان و چوونە دایەنگەو دواتر چوونەبەر خوێندن، زمان و ناوی جیاوازتر لەئی خۆمان بەسەردا سەپاندوین و هەر لەم چرکەساتانەوە بێهیوای و لاوازیان لەناوماندا دروست کردووە. بەم پێیە مناڵی کورد کە دەبینێ زمانەکەی کاری پێناکرێ و لەنێو مەدرەسەو باقی شوێنەکانی حکومەت ڕەسمی نیەو تەنانەت بڤەیە، دەچێتە بیرێکی قوڵەوە و لەجیاتی بەدواداچوون بۆ خوێندن و خۆ پێگەیاندن، هەموو بیرو هۆشی لەسەر ئەوە دەبێت، ئەرێ بۆ دەبێ بەزمانێکی جیاواز لە زمانی خۆی قسە بکات وبخوێنێت. نەخوێندن بەزمانی دایک کاریگەری زۆر خراپی هەیەو لەگەڵ داڕمانی ڕۆح ودەروونی کەسی خوێندکار لە نەتەوەی ژێر دەست و زمان قەدەغەکراو، گەشەی فەرهەنگی دەوەستێندرێت.
بەپێی لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسیەکان فێربونی زمان و فرە زمانی کاریگەری ئەرێنیان هەیە بۆ گەشەکردنی فەرهەنگ و پێشکەوتنی کۆمەڵگا، ئێمە بۆ گەیشتن بەم مەبەستەو پەرەدان بە پێشکەوتن لەم بوارەوە، چووینەتە قۆناغی خەباتێکی سەخت ودژوار، بەئامانجی ڕزگار بوون لەم دۆخە نا لەبارەی کە چەندین ساڵە بەسەرماندا سەپیوە.
لە سەردەمی پەهلەوی و دواتر ڕژیمی ئاخوندی، هەوڵی لەناوبردنی زمانە جیاوازەکانیان هەر هەبووە و ئەم هێرشە تا ئێستاش بەشێوەێکی چڕ بەردەوامە. ڕژیمی ئێستای ئێران کە ڕژیمێکی تاسەر ئێسقان دژ بە کورد وجیاوازیەکانی ئەم نەتەوەیە لەچەندین کاناڵەوە خەریکە
زمان وەک کۆڵەکەو پایەیی سەرهەڵدانی نەتەوەو ژێرخانی پێکهاتەی کۆمەڵگا بەسەر یەکدا دەڕوخێنێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم هێرشە دڕندانەیەی ڕژیم، نەتەوەکەمان زیندووتر لەڕابردوو لەمەیداندایە ودایکان، دیوارن لە بەرانبەر ئەم هێرشە دا. چینەکان بەهەستکردن بە
ڕۆڵ و کاریگەری کۆمەڵگە لەسەر زمان کە گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە، لەنێویاندا یەکەم ڕۆڵ دایکان بەرجەستەی دەکەن و هەر لەسەرەتای لەدایک بونی کۆرپەلە، باوەش و سۆزی دایک و لەسەروی ئەوەشەوە ئاخاوتنی دایکە، دێتە بەرگوێی منداڵ، کەوایە پێشەنگیەکە لێرەدایە.
ئەو ڕۆڵ و نەخشەی دایک لە فێربون و پەروەردە دەیگێڕێ کەمتر نیە لە ڕۆڵی مامۆستایەکی زانستگە بۆ خوێندکارەکانی.
ئەرکی دایکان و هەموو چین و توێژەکان، بۆ هێشتنەوەو پەرەپێدانی زمانی دایکی، ئەرکێکی بەردەوامەو تا ژیان هەبێ ئەو ئەرکەش بەردەوامە و زمانەکەمان نەک لەناوناچێ بەڵکو دەوڵەمەندتر دەبێ وپەرەی پێدەدرێ.
ئەرکی دایکی کورد قورسەو پێویستە دایکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی، لەخەمی زمان و زارەوەی کوردی بن و بە فێربون و شانازی کردن بەزمانی شیرینی کوردی ڕۆڵەکانیان گۆش بکەن و بانگی ئازادی و ڕزگاری و هیوایان بەگوێدا بدەن و فێریان بکەن و پێیان بڵێن کە چەندە خۆشە ئازادی و ژین بەسەربەستی و خویندن و قسەکردن بە زمانی زگماکی خۆت..

ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
۱ی ڕەشەممە ۱۳۹۸







 





 






ڕێکه‌وت: 2020-02-20 21:29:53
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی