له‌سه‌رهێل 90
شه‌ممه‌ 21 پووشپه‌ڕ 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
بزووتنەوە نارەزایەتیەكان گەورەترین قەیرانی رژیم دوای كۆرونا

كامیل نورانی فەرد
لەكاتێدا كە جیهان بە هۆی نەخۆشی كۆرۆنا و سەپاندنی سیاسەتی ناچاری قەرەنتینە و مەودا دانان و پەرەسەندنی بێكاری لە هەل و مەرجێكی نالەباری ئابووری دایە و پرسی دارمان و زیانە ئابوورییەكان دەولەتانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە، گەلۆ ئێران بە بوونی هاوكاتی كۆرۆنا و تەحریمە ئابوورییەكانی دوو ساڵ بەر لە ئێستا ئەبێ لە چ دۆخێكدا بێ؟ ئابووری ئێران لە پێش سەرهەڵدانی نەخۆشی كۆرۆناش لە دۆخێكی كارەساتبار دابوو. هەناردە كردنی 2 میلیۆن بۆشكە لە رۆژێكدا گەیشتبوویە چەند سەد هەزار بۆشكە لە رۆژ دا. بە پێی لێكدانەوەی سندووقی نێودەوڵەتی دراو بایەخی قران لەپاش هاتنە دەرەوەی ئەمریكا لە رێكەوتنی ناوكەیی هەموو سالێك زیاتر لە 50 لەسەد دابەزیوە. هەڵاوسان بە خێراییەكی زیاتر گەیشتۆتە 40 لەسەد و شیركەتە گەورەكانی دەرەوەی وەلاتی ئێرانیان جێ هێشت و بەو پێیە ئابووری ئێران لە ساڵی رابردوو گەشەی پێچەوانەی 10 لەسەدی بینی و بە وتەیێكی تر زۆربەی خەڵكی ئێران 10 لەسەد هەژارتر بوون. لەدوای هاتنی كۆرونا خەسارەتە ئابوورییەكان چەند بەرانبەر بوونەتەوە و بازرگانی دەرەكی ئێران ئەوەندەی تر بەربەستی خرایە بەردەم و سنوورەكان یەك لەدوای یەك بەرووی ئێران داخران، هەر بۆیە هەناردەكردنی نەوتیی و غەیرە نەوتی ئێران بەتەواوی زیانێكی گەورەی بەركەوتووە و لە 4 دەیەی رابردوو دا بێ وێنە بووە. بە پێی راپۆرتەكانی خودی دەسەڵات هەناردەكردنی ئێران لە سنوورە زەوییەكان، كەمبوونەوەی هاتن و چوونی توریست، دابەزینی نرخی نەوت و داوای جیهانی نەوت و دابەزینی بەرهەمە هەناردەییەكانی ئێران لە پەنا تێكچوونی بازرگانی لەگەڵ چین كە یەكێك لە گەورەترین لایەنە موعامەلییەكانی ئێرانە، لە گرینگترین دەركەوتەكانی نەخۆشی كۆرۆنا لەسەر تیجارەتی دەرەكی ئێران بوونە. لە ئاستی ناوخۆیشدا داخران و دابەزینی چالاكیە ئابوورییەكان شەپۆلێكی بەرفراوانی بێكاری دروست كردووە و ئەو رەوتە بە بەردەوامی هەر دێت و زیاتر دەبێ و بێگومان خەڵكانێكی زیاتر بە حەشیمەتی بێكاران زیاد دەبێ، بە پێی سەرچاوەكان تەنیا لە ماوەی رۆژانی 25ی رەشەممە تا نیوەی مانگی خاكەلێوە، زیاتر لە 600 هەزار كرێكاری رەسمی بێكار بوونە. زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار كارگەی ڕەسمی و ناڕەسمی داخراون و 4 ملیۆن كاسبی نارەسمی لە ژێر هەرەشەی كەمبوونەوەی حەق دەست و دەركردن دان و هەروەها باس لەوە دەكرێ‌ كە لە دوای كۆرونا ئەگەری بێكار بوونی زیاتر لە 25 ملیۆن كەس هەیە. بزووتنەوە نارەزایەتیە بەرفراوانەكەی مانگەكانی بەفرانباری 1396 و خەزەڵوەری 1398، كە هەر دووكیان بە هۆی قەیرانی ئابووری و نالەباری بژێویی ژیانی خەڵك سەریانهەڵدا و بە شۆرشی برسیەكان ناسێندرا، بێگومان كۆتاییان پێ نەهاتووە و وەك سكڵی بن خۆلەمێش چاوەریێ باێكی سووك و گەشانەوەی سەر لە نوێیە و زیاتر بوونی نالەباری دۆخی ئابووری لە داهاتوو دا بێگومان بزووتنەوەی نارەزایەتیەكان دەگەشێنێتەوە. هەموو ئەو دۆخە وای لە دەسەڵات كردووە ترسێكی زۆری لەلا دروست بێ و لە پێوەند بە سەرهەڵدانی نوێی جەماوەری نیگەرانیەكانی روو لە هەڵكشان بكات و هەر لەو چوارچێوەیەدا، شۆرای ئەمنیەت لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو بە بەشداری دامەزراوە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەكان كۆبوونەوەیان كردووە و بە وتەی خۆیان رێوشوێنیان بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانەكانی بەردەم دیاری كردووە. قەیرانەكە بە رادەیێك بەرفراوانە كە رۆحانی سەرۆك كۆماری رژیم لەكاتێكدا كە دەزانێ‌ هەڵوەشانەوەی قەرەنتینە ئەگەری دروست كردنی كارەساتێكی مرۆیی و ستاندنی گیانی هەزاران كەسی بەدوا دێ،‌ بەلام هەر پێداگر بێ لەسەر ئاسایی كردنەوەی بازاری كار و لە چەند وتەیێكدا رایگەیاند كە ئێمە ناچارین دۆخەكە ئاسایی بكەینەوە. لەگەڵ هەموو ئەو رێكار و هەوڵانە دەبێ چاوەرێ بین كە ئایا دەسەڵات توانای روبەرووبونەوەی ڕقی پەنگخواردووی جەماوەری دەبێ و ئەو رێوشوێنانە ئایا دەتوانێ‌ دۆخەكە بەرەو ئەهوەن بوونەوە ببات یان خود وەك هەموو جارێك لە ئاكامی سیاسەتی چارەسەركردنی قەیران بە قەیرانی نوێ دۆخەكە ئالۆزتر دەكات و كارەساتی زیاتر ئەخولفێنێ‌.
ڕێکه‌وت: 2020-04-16 10:25:06
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی