له‌سه‌رهێل 88
شه‌ممه‌ 21 پووشپه‌ڕ 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
روخان تاكە چارەسەری دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیە!

هوومەون ساعێدپەناه
ئەم ئێوارەیە هەواڵێكم لە ماڵپەری رووداو بەرچاو كەوت كە گوایە رژیمی ئێران داوای ئەو چوار لایەنەی رەت كردووەتەوە كە زیاتر لە ساڵێكە لە هەوڵی ئەوەدان لەگەڵی بسازێن و بۆ ئەو مەبەستە لە كۆمەڵێك رێكەوتنی خۆیان پەشیمان بوونەوەو وازیان لە زۆر كاری گەورەی هاوبەش هێنا.
گەلی كورد زیاتر لە 40 ساڵە بەرنامە و سیاسەتەكانی رژیمی ئاخوندی دەبینێ و باوەڕی نەگۆڕی بەوە هەیە كە بەبێ رووخان و لەناوچوونی ئەو دەسەڵاتە بە هیچكام لە ماف و ئازادیەكانی ناگا. بەڵام ئەو چوار لایەنە بەپێچەوانەی ویستی كۆمەڵانی خەڵك و بە دوور لە بنەما شۆرشگێڕیەكان كەوتنە وتووێژ لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە و بۆ ماوەیەكیش ئەو وتووێژانە درێژەیان كێشا.
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لە ئەساس و بنەرەتدا وتووێژ لەگەڵ دەسەڵاتی ئاخوندان بە زیان بۆ بزوتنەوەی مافخوازانەی گەلی كورد دەزانێ‌ و ئەوەش هاوتەریبە لەگەڵ دید و بۆچوونی نەتەوەكەمان، لەو راستایەدا زۆری هەوڵدا كە ئەو بەرێزانە دووركەونەوە لە وتووێژ و لە چوارچێوەی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران درێژە بە كار و هاوكاری بدەن و ئەو ناوەندە بۆ پێشەوە بەرن و بیكەنە بنەما و سەرەتایەك بۆ پێكهێنانی بەرەی كوردستانی، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو چوار لایەنە سازمانی خەباتیان تۆمەتبار دەكرد بە شتی دوور لە واقع و زۆر ناراست و بۆ راگرتنی دڵی رژیم ئەو هەنگاوانەشی لەراستای یەكریزی نرابوو كرایەوە بە بڵقی سەر ئاو و ریسەكەیان كردەوە بە خوری.
نەك هەر ئەوەش ئەو چوار لایەنە بۆ ئەوەی رژیم نەسڵەمێتەوە و وتووێژەكەیان درێژە بكێشێ، ئامادە نەبوون بە دوو دێڕیش كوشتنی قاسمی سلێمانی و لەكۆڵكردنەوەی لە خەڵكی ئێران و كوردستان و ناوچەكە پیرۆز بكەن و پێشوازی لە كوشتنەكەی بكەن. لەدوای ئەوانەش ئێستا كە رژیم كاری پێیان نەما و لە باری سیاسیەوە ئەوندەی دیكە بردنیە ژێر پرسیار، داواكانیانی رەت كردوەتەوە.
ئێمە دەزانین كە رژیمی ئاخوندی هیچكات بڕوای بە ماف و ئازادیەكانی كورد و نەتەوە ژێردەستەكانی دیكەی ئێران نیە و هەر جۆرە داوایەكی ئەو نەتەوە زۆر لێكراوانە بە توندترین شێوە وەڵام دەداتەوە. هەر بۆیە چوونە پێش لە وتووێژ لەگەڵ وەها دەسەڵاتێك بە زیان و خەسارەت و عەیبەیەكی گەورە بۆ ئەو لایەنانە دەزانین و لەو سۆنگەوە رەت كردنەوەی وتووێژ لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆر و گەندەڵ و دژە كوردە و بریاری جیددی بۆ خەبات هەتا رووخانی یەكجاری ئەو رژیمە بە هەنگاوێكی زەرووری و پێویستی ئەو لایەنانە دەزانین. 
ئەو چەند حیزبە بەو هەموو ناتەباییە لە ستراتیژ و پارادۆكسە لە سیاسەتدا بە هیچ ئەنجامێك ناگەن و وەك دەبینین بەردەوام سەریان بێ كڵاو دەمێنێتەوە.
لازمە لەسەر هەموو لایەكمان تا رووخانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیە، ستراتیژی دیار و هێڵی سوورمان لە بەرامبەر ئەو رژیمەدا هەبێ و بەبێ لەرە كردن لەسەری درێژە بە خەبات تا سەركەوتن بدەین.
ڕێکه‌وت: 2020-04-22 08:07:48
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی