له‌سه‌رهێل 95
سێ‌شه‌مه 17 پووشپه‌ڕ 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ده‌سبه‌کاربوونی کازمی هه‌نگاوێک به‌روه‌و لاوازی هه‌ژموونی ڕژیمی ئاخوندی له‌ عێراق

شرۆڤه‌ هه‌واڵ:  ئارێز خه‌بات

خه‌باتیمیدیا: کازمی خواستی زۆرینه‌ی پێکهاته‌‌کانی عێراقی بۆخۆی مسۆگه‌ر کرد. کورد زوو پشتیوانی له‌ کازمی کرد و کازمیش به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵبژێردراوه‌کانی تر، هه‌وڵی دا له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزو لایه‌نه‌‌کان بکه‌وێته‌ دیالۆگ و ڕێکه‌وتن. ئیداره‌ی ترامپ هه‌رزوو داوای له‌ لایه‌نه‌کان کرد که‌ هاوکاری کازمی بکه‌ن و ده‌نگی پێ بده‌ن و پاشانانیش هه‌موو ئاماده‌یه‌کی نیشان دا بۆ سه‌رکه‌وتنی ده‌وڵه‌تی عێراق  به‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی که‌ ماوه‌یه‌کی زۆره‌ له‌ عێراق دا له‌ ئارادایه‌. دوابه‌دوای کاندید کردنی کازمی  ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕژیمی ئاخوندی ئێرانیش به‌ناچارای داوایان له‌ گروپه‌کانی سه‌ر به‌خۆیان کرد که‌ دژایه‌تی  کازمی نه‌که‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ زۆرینه‌ی شه‌قامی عێراقی ڕازیبوون له‌سه‌ر کاندید کردنی کازمی بۆ سه‌رۆکی حکومه‌ت. ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له‌ ئێستادا نایانهه‌وێ به‌ ئاشکرا دژایه‌تی خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا له‌ عێراق دا بکه‌ن. چونکه‌ هه‌وڵه‌کانیان شکستی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناو ئه‌مریکاش له‌جاران زیاتر هوشداری دایه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕژیم به‌وه‌ی که‌ وه‌ڵامه‌‌کانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا بێ سنوور ده‌بن. کوشتنی پاسدار قاسم سلێمانی له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ ئه‌‌وه‌ی بۆ ئێران سه‌لماند که‌ ناتوانێ دژایه‌تی ڕاسته‌وخۆ یان به‌رپه‌رچدانه‌و‌ی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا هه‌بێ. ئه‌مریکا به‌و هه‌نگاوانه‌ی پێگه‌ی ئێرانی به‌ره‌و لاوازی بردو نه‌ی هێشت که‌ هه‌ژموون و ده‌سه‌لاتی  ڕژیمی ئێران له‌ عێراق زیاتر و ئاشکراتر بێت.   

ماڵپەڕێکی ئەمریکی  به‌ناوی"بلومبێرگ" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، به‌ کوشتی قاسم سلێمانی، هەژموونی سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئاخوندی ئێران لە عێراقدا لاوازبووە، ئەوەش وایکردووە کە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق تاڕادەیەک دەستکراوەبێت لە ئیدارەدانی وڵاتەکەی. بەگوێرەی ڕاپۆته‌که‌ی ماڵپەری "بلومبێرگ"ئەمریکی، دەستگیرکردنی پێنج ئەندامی  بزوتنەوەی (ثأرالله) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری بەسرەوە بە فەرمانێکی ڕاستەوخۆی کازمی بە تۆمەتی دەستڕێژی گولـلە بۆ سەر خۆپیشاندەران و کوشتی خۆپیشاندەرێک لە ئاکامی خوپێشدانەکانی ئێوارەی دوێنی یەکشەممە هەنگاوێکی بوێرانە بوو. بزووتنەوەی "ثأر الله" لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە سەرپەرشتی ئێران دروستکراوە و کاری سەرەکی ئەو بزووتنەوەیە تیرۆرکردنی ئەندامانی ڕژێمی پێشووی عێراق و ئه‌ندامانی هێزو لایه‌نه‌ ئۆبزیسێۆنه‌کانی دژبه‌ری ڕژیم و سیخوڕی کردن بۆده‌وڵه‌تی ئێران بوه‌.   

دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە ساڵی 2003  ئه‌و بزووتنەوە لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت. بزووتنەوەی "ثأر الله" ده‌سه‌لاتی خۆی به‌سه‌ر کێڵگه‌ نه‌وتیه‌کانی به‌سره‌دا سه‌پاندوه‌ و خه‌ریکی به‌تاڵانبردن و بەقاچاخبردنی نەوتی بەسرەیه‌ و جومگه‌کانی ئابووری به‌سرای خستۆته‌ ژێر کۆنترۆڵی خۆیه‌وه‌. له‌هه‌مان کات دا ده‌سه‌ڵاتی خۆی سه‌پاندوه‌ به‌سه‌ر دائیره‌ حکومیه‌کان و چه‌ندان تاوان و کاری نایاسایی ئه‌نجام داوه‌.  ‌

ڕاپۆرتەکەی بلۆمبێرگ دەربارەی دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیە ئەوەی خستووەتە ڕوو، "کوشتنی خوپیشاندەران بە گولـلەی میلیشاکانی سەر بە ڕژیمی ئێران ئەمە جاری یەکەم نیە، بەڵام دەستگیرکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران ئەمە یەکەم جارە ڕووبدات و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی کازمی". پاش دەستگیرکردنی ئەو پێنج ئەندامەی میلیشیاییەی بزوتنەوەی (ثأر الله) بە تۆمەتی کوشتی خۆپیشاندەرێک، کازمی لە تویتێکدا وتی، "بڕیارمان داوە ئەو کەسانەی دەستیان سوورە بە خوێنی عێراقییەکان شەویان بەسەردا نەچێت و ئێمە پەیمانی خۆمان دەبەینە سەر". لەو بارەیەوە ئەحمەد سەلیم، شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی بە ماڵپەری "حورەی" ئەمریکی وتووە، هەرچەندە میلیشیای "ثأر الله" میلیشاییەکی زۆر دیار نییە لە عێراقدا، بەڵام لەلایەن  ڕژیمی ئێرانەوە  پاڵپشتی لێدەکرێت، گرتنی ئەندامەکانی و داخستنی بارەگاکەیان لە شاری بەسرە بە کارێکی بوێرانەی کازمی دادەنرێت دژ بە دەسەڵاتی میلیشاکان لە عێراقدا". سەلیم ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو کارەی کازمی کردوویەتی بەکارێکی بوێرانە دادەنرێت لە یەکەم هەفتەی دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق و هێمایەکیشە بۆ لاوازی هەژموونی  ده‌سه‌لاتدارانی ئێران لە عێراقدا". هاوکات مایکل نایتس، توێژەر لە پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەت لە خۆرهەڵاتی نزیک لە ڕاپۆرتێکیدا لە ماڵپەڕی بلومبێرگ دەڵێت، "کوشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق وایکرد ده‌سه‌لاتی ڕژیمی ئێران لە عێراقدا لاواز بێت، ئەوەی ئێستا  ڕژیمی ئێران لە عێراقدا ماویەتی تەنها کاریگەرییە، بەڵام توانای کۆنتڕۆڵکردنی لە عێراقدا وەک جاران نەماوە و لە ئێستادا لە دەستیداوە".

مستەفا ناسر، ڕۆژنامەنووسی عێراقی و شارەزا لە دۆخی  ڕژیمی ئێران پێی وایە "لاوازی  ڕژیمی ئێران لە عێراق پەیوەندی بەو لایەنەوە هەیە کە لە ئێستادا سەرپەرشتی دۆسێی کۆنتڕۆڵکردنی  ڕژیمی ئێران دەکات لە عێراق". ناسر دەڵێت، "ناوەڕۆکی سیاسەتی  ڕژیمی ئێران لە عێراقدا سەپاندنی هەژموونی بووە بۆسەر هەموو جومگە و کایەکانی عێراق لەگەڵ دوورخستنەوەی عێراق لە بازنەی هەژموونی ئەمریکا". بە بڕوای ئەو ڕۆژنامەنووسە عێراقییە، "سەرپەرشتیکردنی دۆسییەی عێراق لە لایەن دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی سه‌ر به‌ ڕژیمی ئاخوندی ئێرانەوە لە بری سوپای پاسدارانی ڕژیم هۆکاری ئەو گۆڕانەیە لە سیاسەتی ئێراندا لە عێراق". ئه‌وه‌ش ناکۆکی ئاشکرایی باڵه‌کانی ڕژیم ده‌رده‌خات له‌ نێوان ده‌سڵه‌تی سوپای پاسدارانی ڕژیم و  ده‌زگایی ئاسایشی ڕژیم.  لای خۆشییەوە باسم حەمزە، ڕۆژنامەنووسی عێراقی بە بلومبێرگی وتووە، "کوشتی قاسم سلێمانی، خۆپیشاندانەکانی عێراق، ڕۆڵی گەنجانی ئێستای عێراق و سزاکانی ئەمریکا هەموو ئەمانە هۆکاربوون بۆ لاوازبوونی هەژموونی  ده‌‌سه‌ڵادارانی ئێران لە عێراقدا".
ڕێکه‌وت: 2020-05-13 13:10:52
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی