له‌سه‌رهێل 87
شه‌ممه‌ 21 پووشپه‌ڕ 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
خوێندەوەیەكی كورت بۆ دیاردەی كۆڵبەری!

كەریم بابەكری
‎كوردستانی ئێران خاوەن پرسێكی سیاسی، نەتەوەیی و جوغرافیایە و خاكەكەی بەزۆر داگیركراوە. دەسەڵاتە داگیركەرەكان هەمیشە بە چاوی گومان سەیری كوردیان كردووە، هەر ئەوەش وای لێكردوون بە بەرنامە كوردستان تووشی قەیران و دیاردەی جۆراوجۆر بكەن. كوردستان لە كۆنەوە لەلایەن ئەو رژیمانەوە وەك ناوچەیەكی پەراوێزخراو هەڵسوكەوتی لەگەڵ كراوەو بە ئەنقەست هەژارنشین كراوە. ناوچەیەكی هەژارنشین، بەڵام دەوڵەمەند بە چەندین جۆر كانی كانزای ژێرزەوی، نەوت، ئاو، دەوڵەمەند بە بەرووبوومی كشتوکاڵی و حەیوانداری و خاوەن خەڵكێكی زەحمەتكێش و بە ئیرادەیە.
بەڵام بە هاتنی رژیمی ویلایەتی فەقیە، بەرنامەی پەراوێزخستنی كوردستان و پرۆسەی بەهەژار كردنی ناوچەکانی کوردستان لەلان ئەم ڕژیمەوە زۆر زیاتر بەرێوەچوو. ئەو بەرنامە و سیاسەتە دژمنكارانەی دەسەڵاتدارانی ئێران بە رادەیەك كاریگەری لە سەر كوردستان داناوە كە رۆژانە شاهێدی ئەو راستیەین قەیران و دیاردەی جیاجیا داوێنی خەڵكی هەژار و زۆر لێكراوی كوردستان دەگرێ. 
‎یەكێك لەو دیاردانەی هەموو مرۆڤێكی خاوەن ویژدان دەهەژێنێ، دیاردەی كۆڵبەریە كە لە چەند ساڵی رابردوودا بە هۆی هەژاری تاقەت پروكێنەوە پەرەی سەندووەو خەڵكی شارەكانی كوردستان بەتایبەت شارە سنووریەكان بۆ بژێوی ژیان ناچار بە ئەنجامدانی ئەو كارە قورس و حەستەمەن.
کۆڵبەری كارێكی حەستەم و قورسە كە كەسی كۆڵبەر بارێكی قورس لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە بە رێگەگەلێكی هەوراز و چڕدا دەگوازێتەوە. بە هەموو پێوانەیەك ئەم كارە كاری مرۆڤ نیە و ئەوانەی ئەو كارە بە ناچاری دەكەن لە دوای چەند مانگێك یان چەند ساڵی كەم ئەگەر لەلایەن هێزە داگیركەرەكانی رژیمی ئاخوندیەوە نەكوژرێن، یان ئەوەی لە بەرزاییەكانەوە نەكەونە خوارەوە یانیش ژێربەفرنەكەون و سەرمانەیانبا، ئەوە حەتمەن بە هۆی قورسایی بارەكەیانەوە نوقستان دەبن و توانای هیچ كارێكیان نامێنێ. 
‎زۆر كەس لە پرسی كۆڵبەراندا تەنیا تراژیدیای كوشتن یان كەوتنە خوارەوەیان دەوروژێنێ بۆ رای گشتی، بەڵام كەم وابووە ئەسڵی بابەتەكە پەنجەی بۆ ببرێ كە ئەویش ئەوەیە كۆڵبەری كاری مرۆڤ نیە و مرۆڤەكان نابێ مەجبور بكرێن بە كارێكی وا حەستەم و تاقەت پڕوكێن و ئەوەیشی لە كوردستانی ئێران روودەدا جۆرێكی دیكەیە لە مرۆڤ كوژی، پاكتاوی نەتەوەیەك. 
‎لە راستیدا پێویستە پێش ئەوەی باس لەسەر كوشتنی یان كەوتنە خوارەوە و سەقەت بوونی كۆڵبەران بكەین، پێویستە قسە لەسەر ئەوە بكەین كە بۆچی دەبێ كۆڵبەری بكرێ، پێویستە كاری كۆڵبەری مەحكوم بكرێ و لۆمەی رژیم بكرێ لەسەر سیاسەتە دژمنكارانەكانی لە راست خەڵكی كوردستان. 
بەرپرسانی دز و فاسدی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیە، كوردستانیان بەرێژەیەك تووشی برسیەتی و هەژاری كردووە، كە لە 200 ساڵی رابردوو و لە قات و قڕیەكان و وشكە ساڵیەكانیشدا وێنەی نەبیندراوە. ئەو دەسەڵاتە دژە كوردە لە كاتێكدا كوردستانی تووشی قەیرانی هەژاری و دیاردەی كۆڵبەری كردووە كە سەرمایە و مافی خەڵكی كوردستان تەرخان دەكات بۆ پەرەپێدانی بیر و فكری دواكەوتووانەیان لە وەڵاتانی هەژاری ناوچەكە و ئافریقا، پەرەپێدانی هێزی سەركوت و بەرنامەی چەكوچۆڵ و بۆ پشتیوانی لە تاقم و گروپە تیرۆریستیەكانی لە فەلستین، لوبنان، سوریە، عێراق، یەمەن و وەڵاتانی دیكە. ئاستی ژیانی خەڵكی باشووری لوبنان بە پووڵی رژیمی ئاخوندی سەدان جار لە خەڵكی كوردستان باشتر و لە بارترە.
ئەو دەسەڵاتە دژە كوردە تەنیا بە هەژار و برسی هێشتنەوەی كوردستانەوە نەوەستاوە بەڵكوو رۆژانە كۆڵبەران و كاسبكارانی كورد دەداتە بەردەسترێژ، كە بەو كارەی ئەو راستیە دەسەلمێنێ ئەو دەسەڵاتە مافی ژیانیش بە تاكەكانی كورد بە رەوا نابینێ و بۆ كوشتنیان لە هەموو دەرفەت و بیانوویەك كەڵك وەردەگرێ.
كۆڵبەری و دەرد و دیاردەكانی دیكەی داوێنی خەڵكی كوردستانی گرتووە تەنیا كاتێك كۆتاییان پێدێ كە دەسەڵاتی ئاخوندانی فاسد و دژە كورد كۆتایی پێ هاتبێ و دەسەڵاتێكی گەل پەسەند و دادپەروەر لە ئێران و كوردستاندا بێتە ئاراوە.
ڕێکه‌وت: 2020-06-03 10:36:35
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی