له‌سه‌رهێل 76
شه‌ممه‌ 21 پووشپه‌ڕ 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
كوژرانی جۆرج فلۆیدی ئەمریكایی و فریوكاری دەسەڵاتداران لە ئێران!

عەلی بەهرامی 
رۆژی 25ی مانگی مەی 2020 لە شاری مینیاپولیس لە ویلایەتی مینەسوتای ئەمریكا، پیاوێكی رەش پێست بەناوی جۆرج فلۆید لە ژێرچۆكی پۆلیسێكی سپی پێستدا كوژرا.
ئەو رووداوە هەر زوو لە میدیا و تۆرە كۆمەڵایەتیەكانی ئەمریكادا بڵاوبویەوەو بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی خەڵك دژی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیەی پۆلیسە سپی پێستەكە. ئەو نارەزایەتیانە نە تەنیا لە ئەمریكا بەڵكو لە زۆربەی پێتەخت و شارە جیاجیاكانی وەڵاتانی جیهان دژ بە رەگەزپەرەستی و جیاكاری رەگەزی بەرێوەچوو.
نارەزایەتیە جەماوەریەكانی ئەمریكا و جیهان دژ بە گیان لەدەستدانی جۆرج فلۆید، بە رێژەیەك كاریگەر بوو كە دادگای ئەمریكا بریاری بۆ گرتنی ئەو پۆلیسە و حەوت كەسی دیكە لە هاوڕێكانی دەركرد و لە دوای دادگایی كردنیان حوكمی قورسیان بە سەردا سەپێندرا.
لە كاردانەوەكان بە كوژرانی جۆرج فلۆید، ژمارەیەك لە سەران و بەرپرسی حكومەتەكانی رەقیبی ئەمریكا هەڵوێستیان گرت و داشداریان لە جۆرج فلۆیدی رەش پێست كرد و سیستەمی ئەمریكا و بەتایبەت دەسەڵاتی ئێستای كۆشكی سپیان خستە ژێر پرسیارەوە. یەكێك لەوانە خامنەیی ڕێبەر و ئاخوند رۆحانی سەرۆك كۆماری رژیمی ئاخوندی بوون كە هەڵوێستیان گرت و فرمێسكی تیمساحیان بۆ جۆرج فلۆید ڕشت. ئاخوند روحانی كە لە پەیامێكی ویدۆییدا قسەی لە سەر چەند بابەتێك و بەتایبەت رووداوی جۆرج فلۆید كرد و بە كارەساتێكی جیهانی ناوبرد، ناوبراو وتی ئەوە دەرخەری ئەو راستیەیە كە هێشتا بۆ گەیشتن بە تەمەدونی جیهانی و مرۆڤ سەروەری كە بۆ پێشرەوان، پیاوچاكان و بەتایبەت پێغەمبەری ئیسلام گرینگ بووە، مەودای زۆری ماوە.
ناوبرا هەروەها وتی ئێمە لەگەڵ هەموو خەڵكی ئەمریكاین كە بەهۆی كوشتنی جینایەتكارانەی رەش پێستێكی ئەمریكایی بە دەست پۆلیسی ئەو وەڵاتە، لە شەقامەكاندان هاودەردی و هاوخەمی دەكەین، وە هەروەها وتی: ئینجیل كتێبێك نیە كە فەرمانی كوشتنی بێ تاوانێك بدات، جێی شەرم و ئابروو چوونە كە سەرۆك كۆمارێك دەیەوێ دژ بە نەتەوەكەی هەنگاو هەڵبگرێ، دەست دەداتە ئەو كتێبە ئاسمانیە و ئەو كردەوەیەی ترامپ دەبێتە هۆی توورەیی هەموو دینە ئیبراهیمیەكان. كتێبی پیرۆز بە لای ئێمەیشەوە پیرۆزە و ئێمەیش رێز لە ئینجیل و عیسا دەگرین.
ئاشكرایە ئەوەی لە ئەمریكا روی دا ویژدانی هەموو مرۆڤێكی هەژاند و كردەوەی ئەو پۆلیسە ئەمریكاییە ئازاری مرۆڤایەتی دا. بەڵام وەكوو بینیمان بكەرانی ئەو كردەوە گیران و دادگای وەڵاتی ئەمریكا حوكمیان دەداو سزا دەدرێن. 
ئەوەی روونە هەموو ئەو فرمێسكانەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێران كە بەناوی داشداری لە مرۆڤایەتی و پیرۆزیەكانەوە لە سەر ئەو رووداوە، رژان، ریا و فریو و روو هەڵماڵدراوی ئەو كەسانە بەتایبەت ئاخوند رۆحانی بوو.
ئاخوند رۆحانی لە كاتێكدا باس لە جۆرج فلۆید و پۆلیسی ئەمریكا دەكات كە رژیمی ئاخوندی و خودی رۆحانی دەستێكی باڵای لە خوڵقاندنی جینایەت و رشتنی خوێنی هەزاران كەسی كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێران هەبووەو هەیە. رۆحانی كاتێك باس لە كتێبی پیرۆز دەكات و لۆمەی دۆناڵد ترامپ دەكات بۆ بەدەستەوە گرتنی كتێبی پیرۆز، كە خومەینی رێبەر و دامەزرێنەی رژیمەكەی بەناوی قورئانی پیرۆز و دینی ئیسلامەوە فتوای جیهادی نارەوای دژ بە نەتەوەی كورد ڕاگەیاندو هەموو ئەو ئاخوندانەی سەریان لە ئاخوڕی رژیمەكەی رۆحانی دا بوو لە حاست ئەو كردەوە دژە دینی و دژی مرۆڤایەتیە كە لە كوردستان ئەنجام دەدران و پێچەوانەی كتێبی پیرۆزی قورئان بوون، بێ دەنگ بوون یان پشتیوانیان لێ دەكرد.
ئاخوندانی دەسەلاتدار كاتێكدا بەناوی رژیمەوە لەگەڵ خەڵكی ئەمریكا هاودەردی دەكەن، كە چل ساڵە هەرچی سەركوت و جینایەتە دژ بە خەڵكی وەزاڵەهاتووی ئێران بە ناوی دینی خوا و هەموو پیرۆزیەكانەوە ئەنجام داوەو دەرد و ئازاری بێ ئەژماریان تووشی خەڵكی ئێران كرد و بۆ هەر جینایەتێكیان لە راست خەڵك، ئایەت و بەڵگەیەكی كتێبە پیرۆزە ئاسمانیەكانیان هێنایەوە.
ئەگەر ئینجیل كتێبێك نیە بریاری كوشتنی بێ تاوانان بدات، بێگومان قورئان و كتێبە ئاسمانیەكانی دیكەش نەهیان لە كوشتنی مرۆڤی بێ تاوان كردووە، بەڵام ئەو ئاخوندە دژە مرۆیانە كە تەنیا شێوەیان لە مرۆفی ئاسای دەچێ و كردەوەكانیان هاوشێوەی دڕندەكانە، لەسەر چ ئەساسێك بریاری كوشتن و برینی دەست و پێ و هەڵكۆڵینی چاوی ئەو سەدان مرۆڤە بێ تاوانە كورد و ئێرانیانەیان داو هەر درێژەی پێدەدەن؟!
ئەگەر بەدەستەوە گرتنی كتێبی پیرۆز لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە شەرم و شوورەیی هەموو دینە ئیبراهیمیەكان بێ، ئەوە پەناگرتن لە پشت كتێبە پیرۆزەكان و دەسەڵات كردن بە پێی دین و گەندەڵی و كوشتوبڕی خەڵكی ئێران و ئەو هەموو ئاژاوەگێڕیەی ئاخوندان لە ناوچەكەدا، سنوور و مەرزی هەموو شەرم و شوورەییەكانی تێپەراندووە. ئەوەی ئاخوند رۆحانی باسی لێدەكات تەنیا روو هەڵماڵدراویەو ئەو ئاخوندانە نەك هەر بۆ ئینجیل و مەسیح بەڵكوو گەورەترین بێ رێزیان بە دینی ئیسلام و مەزهەبە جۆراوجۆرەكان لە ئێران كردووە. 
40 ساڵەی ئاخوندان بە ناوی دینی ئیسلامەوە ئەو راستیەی بۆ هەموو لایەك نیشان داوە، ئەوەی دەیكەن و دەیڵێن بێ رێزیە بە تێكڕای دین، قانوون، یاسا و رێسا ئاسمانی و زەمینیەكان. 
كۆتا قسە ئەوەیە لە دوای كوژرانی جۆرج فلۆید دادگای ئەمریكا رێچكەی دادپەروەرانەی خۆی گرت و سزای بەسەر تاوانبارانی رووداوەی 25ی مەی دا، بەڵام لە ئێرانی ئاخوند لێدراودا كە 40 ساڵە بە ناوی دین و مەزهەبەوە جینایەت و تاوان بەرێوەدەچێ و هەموو ئاخوندان و پاسدارو كاسەلێسەكانیان كە هەتا ئەنیشكیان بە خوێنی خەڵكی بێ تاوانی ئێران سوورە، تەنیا كاتێك بە سزای خۆیان دەگەن كە یاسا و رێسا و دادگایەكی دادپەوەر و دەسەڵاتێكی خەڵك پەسەند و دیموكراتیك بێتە ئاراوەو ئەو كات هەموو تاوانباران ببرێنە بەردەم دادگا و سزای شیاو بدرێن، ئەوە ئەوكاتەیە خەڵكی ئێران دەرد و ئازارەكانیان نامێنێ و برینەكانیان سارێژ دەبێ.
ڕێکه‌وت: 2020-06-07 20:48:51
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی