له‌سه‌رهێل 80
شه‌ممه‌ 21 پووشپه‌ڕ 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
‌ئاخوندان، بكوژانی داربەڕووە بە جێماوەكانی چاخی بەستەڵەكن

شۆڕش حاجی
هاتنە سەركاری دەسەڵاتی رەشی ئاخوندی لاپەرەیێكی نوێی دیار و بەرچاوی لە مێژووی وەڵاتی ئێران هەڵدایەوە. هەڵبەت بەرچاو نە لە بواری پێش كەوتن و خێر و بەرەكەت، بەڵكو بەرچاو لە مێژووی رۆژە ڕەشی و نەهامەتی و جینایەت و لەناوبردن و خاپوور كردن بە واتای ووشە لە هەموو رەهەند و بەستێنەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و كلتووری خەڵكی ئێران. 
جیاواز لە رەهەندەكانی تر بەشیك كە لە ماوەی ئەو 4 دەیەی دەسەڵاتداریەتی ئاخوندان شاهێدی لەناو چوونی بووینە بەشی ژینگە و ژینگەپارێزییە. 
كە باسی ژینگە لە چوارچێوەی حوكمی ئاخوندان دەكرێ‌، یەكەمین شتەكان كە بەرچاو و بە زەینمان دەگات ووشكبوونی زەریا و رووبارەكان، سووتانی دارستان و لەناوچوونیان، كارەساتی لافاو و هورووژمی تۆز و خۆڵ، لەناوچوونی مەزرا و خاكە پڕ پیتەكان و دەیان بەڵای ترە.
لە رۆژانی رابردوو دیسان شاهێدی كارەساتی سووتانی دارستانەكان و لەناوچوونی ژینگە و ئاژەل و رووەك و زیندەوەرە دەگمەنەكانی زاگرۆزبووین. 
زیاتر لە 10 رۆژە دارستانەكانی داڵاهۆ لە ئاگر دا دەسوتێن و سروشتی زاگرۆس لە حاڵی بوون بە خۆلەمێشە، داربەڕووەكانی بە جێماوی چاخی بەستەڵەك لە چركە ساتێكدا بوون بە خەڵووز و لەناو چوون.
دیاردەی سووتان و لەناوچوونی دارستانەكانی كوردستان و ئێران بابەتێكی تازە نین و هەتا ئێستا بە سەدان جار ئاگر لە دارستان و مەزراكان بەردراوە و تا ئێستاش ئەو رەوتە خەریكە زیان بە ژینگە دەگەینێ‌ و ڕێگە چارە و رێگەكارێكی دروست بۆ بەرگرتن لە ڕودانی ئەو كارەساتانە نەكراوەتەوە. بێگومان ئەوەی كە رێگەكارێك بوونی نییە ناگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە هەل و مەرج و دۆخەكە رێگە نادا، بەڵكو ئەوە زیاتر دەستی دەسەڵاتدارانی ئاخوندی و كەمتەرخەمیەكانی ئەو دەسەڵاتە لە ڕاست چارەنووسی وەڵات و خەڵكەكەی و بە تایبەتی سیاسەتی سوپای پاسدارانی لە پشتە. 
هەوڵ نەدان بۆ كپ كردنەوەی ئاگر لە وادەی خوی و نەناردنی هێزی مرۆیی و ئیمكاناتی پێویست و هەلیكۆپتەری تایبەت بە كوژاندنەوەی ئاگر رێگە بۆ تەشەنەسەندنی خێرایی ئاگر خۆش دەكەن و ئەوە لەكاتێكدایە ئەگەر بۆ سەركووت كردنی خەڵكی نارازیی بێ بە خێرایی هەموو هێزەكانی ئاسمانی و زەوی بە هەموو ئیمكاناتەوە دێنە ناو بابەتەكە و بە خێرایی بە زەبر و زەنگ ڕوبەرووی خەڵك دەبنەوە. 
بەداخەوە لەوەڵاتی ئێران حكوومەت ئەوپەری كەمتەرخەمە و ل ەڕوداوی لەمچەشنە تا چالاكانی سەربەخۆی ژینگە و كۆمەڵانی خەڵك وەخۆ دەكەون بۆ پاراستنی ژینگە، خەسارەتێكی گەورە دروست بووە و وەك ئامارەكان نیشانی ئەدەن لەماوەی ساڵانی پێشوو دوو لەسەر شەش بەشی ژینگەی زاگرۆس لەناو چووە. هەڵبەت ئەوە بەشێك لەهۆكارەكان دەگەرێتەوە بۆ كەمتەرخەمیەكانی دەسەڵات، بەشێكی تری سیاسەتی خودی دەزگاكانی رژیم و دەستی سپای پاسدارانی لە پشتە و بە ئامانجی كەمكردنەوەی داپۆشراوی ئەو ناوچانە لە رووەك و دار، ساڵانە ئاگر لە دارستانەكانی كوردستان بەردەدرێ‌ و بە باوەڕی خاوی خۆیان حەشارگەی دژە شۆڕشەكان بەمجۆرە لە ناو دەچن. سیاسەتی رژیم لە ڕاست ژینگە سیاسەتێكی جینایەتكارانە و خائینانەیە و ئەو ڕەوتە وادەكات ئەو سەروەت و داهاتە سروشتیانەی لەماوەی سالیانێكی دورودریژەوە پێكهاتوون لە چركە ساتێكدا لەناو بچن و بەمجۆرە خەیانەت لە نەوەكانی داهاتوو بكرێت و موڵكی گشتی بە فیرۆ بچێ‌.
نابێ فەرامۆش بكرێ‌ چاوەڕوانی لە دەسەڵاتێكی لە چەشنی ئاخوندانی ئێران بۆ پاراستنی ژینگە و رێگری كردن لە سووتانی دارستانەكان چاوەڕوانیەكی دوور لە راستیە و وەك چۆن بایەخێك بۆ گیانی مرۆڤەكان لەناو ئەو سیستەمە بوونی نییە، بێگومان بوونەوەر و زیندەوەرەكانی تری ئەو وەڵاتە پارێزراو نابن، بۆیە تاكە چارەسەر بۆ كەمبوونەوەی خەسارەتە ژینگەیی و مرۆییەكان نەمان و لەناوچوونی ئەو سیستەم و دەسەڵاتە دیكتاتۆرەیە بە هەوڵ و تێكۆشانی تێكرای نەتەوەكانی ئێرانە.
ڕێکه‌وت: 2020-06-08 16:59:12
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی