له‌سه‌رهێل 27
شه‌ممه‌ 25 گه‌لاوێژ 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ماڵ !!! مافی مرۆڤەکان یان هیواێیک

فرمێسک
لەسەرەتای ژیانی مرۆڤەکان لەسەر گۆی زەوی، مرۆڤەکان هەوڵیان داوە شوێنێیک بۆ مانەوە و پشوویان بدۆزنەوە و پاشان بەدوای ڕاو و خواردن بوون. ئەوان لە ئەشکەوتەکان دەژیان وخۆیان لە هێرشی هەموو جۆرە ئاژەڵ و ئازارێکی دەرەکی دەپاراست و ئەمە بەومانایە کە ماڵ چەندە گرینگە بۆ ژیانی مرۆڤایەتی. ئەگەر جارنامەی مافی مرۆڤ بکەینە پێوەر ،ماڵ یەکێک لە سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤە.
لە وڵاتانی پێشکەوتوو و تاڕادەێیک خاوەن سیستەمی دیمۆکراتیک ، دەوڵەتەکان ناچارن شوێنی مانەوە بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە دابین بکەن. 
هەر بۆ ئەم مەبەستەش بەشێک لە سیستەمی بە کرێ گرتنی ماڵ لەدەستی دەوڵەتەکانە و خاوەن ماڵ دەورێکی وای نیە .ئەم ماڵانە تاڕادەێیک هەرزانترە و نرخی کرێ ماڵ لەلایەن دەوڵەتەکان دیاری دەکرێ. و بۆ کەسانێکە کە لەباری ئابوری لاوازترن و خاوەن ماڵ بەهەربیانوێیک ناتوانێ ئەو بڕیارنامە پێشێل بکات و لێرەدا مافی کرێ نشین پارێزراوە.
بەڵام بە گشتی بە هۆی ئەوەی لە جیهانێک بە سیستەمێکی نادادپەروەرانە دەژین، کەسانێکی زۆر بێ بەشن لەم مافە .
ڕاستە ڕێکخراو و دامەزراوە خێرخوازییەکان بەش بە حاڵی خۆیان بۆ کەم کردنەوەی ئەم کەم و کۆڕیانە هەوڵ ئەدەن،بەڵام کێشەکە زۆر گەورەتر لەوەیە ئەوان بتوانن چارەسەری کەن .
ئەم دۆخە لە وڵاتانی جیهانی سێهەم و بەتایبەت وڵاتێک وەکوو ئێران زۆرخرابترە. 
لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ڕژیمی ئێران ،خومةینی بە دروشمی (ئێوە دەکەین بەخاوەن ماڵ )و سەدان دروشمی لەم چەشنە هاتە سەرکار و خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە ڕژیمی پەهلەوی بەو بەڵێنەی دڵخۆش کرد. لێرەدا کەڵک وەرگرتن لەم دروشمانە دیسان گرنگی ماڵ دیارە و دەرخەری ئەوەیە یەکێک لەخواستە کۆمەڵاییەتیەکانی خەڵکی ئاساییە.
ڕاستە ئەو دروشمانە لەسەر جەماوەری کوردستان کاریگەر نەبووە و گەلی کوردقەت دانیان بەو ڕژیمە نگریسە نەناوە، بەڵام خەڵکی ئێران چاوەڕوانی ئاسایش و ژیانێکی ئاسودە لەڕژیمی ئێران بوون . هەر وەک ئاشکرایە
بە پێچەوانەوە ژیانی خەڵک ڕۆژبەڕۆژ خراپتربوو. ئەگەر تاچەن ساڵی پێشوو کڕینی ماڵ هیوا و دەسکەوتێک ئەژمار دەهات ئێستە بەداخەوە بەکرێ گرتنی ماڵ تەنانەت بۆ چینی مام ناوەندی کۆمەڵگە پڕۆسەێیکی ئەستەمە.
ئەم دۆخەش هەموو دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی ڕژیم، هەم سیاسەتی ناوخۆیی وهەم دەرەکی. 
گەندەڵی بەرپرسانی ڕژیم ،سیستەمی سەقەتی ئیدارەکردنی وڵات وبەتایبەت ماڵیات،بەو واتا کە کەسانی سەرمایەدار سروەت وسامانیان زیاتردەبێ و هێڵی هەژاری تادێت دائەبەزێت. 
نەبوونی چاوەدێری و یاساێیکی دیاری کراو لەسەر نرخی کڕین و بە کرێ گرتنی ماڵ،و دوابەدوای ئەوە ئاڵۆزبوونی بازاری ماڵ و بوونی کەسانی دەڵاڵ وکۆنترۆڵ کردنی بازاری ماڵ لەلایەن ئەم کەسانە.
هەروەها سیاسەتی دەرەکی ڕژیم وەک زیادەخوازیەکانی بۆ دەسگرتن و دەستێوەردانی ناوچەکە و ناردنی ئینقلاب و دابین کردنی گروپە ترۆریستیەکان لەهەموو بوارێکدا و بەتاڵان بردنی سروەت و سامانی وڵات کە مافی ڕەوای خەڵکی بەشخۆراوی ئێرانە، باری قورسی گەمارۆوەکان کە کەوتوەتە سەر شانی خەڵکی هەژاری ئێران هەموو ئەمانە ودەیان هۆکاری دیکە، بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئێران ڕۆژبەڕۆژ هەژارتربن، هەڵاوسانی ٦۰لەسەدی کارەساتێکە کە خەڵکی ئێران ناچارن ڕۆژانە لەگەڵی دەست و پەنجە نەرم کەن.
نوسین لە هەژاری و بێکاری ئەو خەڵکە دوایی نایات،بەڵام ئەوەی لەم ماودا ڕوویداوە و باسی لێکراوە، چەمکی قەیرانی ماڵە!!!
ماڵ شوێنی حەسانەوە ،شوێنی پەنابردن لەهەموو کێشە و گرفتەکانی ڕۆژانەیە کە مرۆڤەکان، لەکۆمەڵگە توشی دەبن. جائەگەر ماڵ نەبێ یان دابین کردنی ماڵ بۆخۆی کێشەێیک بێ؟چارە چیە؟
بە سەرەنجێک لە پێشەکی،دەزانین ئاستی دەرد و ئازاری چەمکی قەیرانی ماڵ چەندە گرانە.
ڕەنگە لەم ماوە هەواڵی زۆرمان لەسەر ئاوارەیی و بێ ماڵ و حاڵی خەڵک بیستوە. قەراغی شارەکان لێوانلیوە لە ماڵگەلێک کە تەنیا بەناوماڵە و لەناچاری نەبێ کەس ناتوانێ تێدابژیت.بەڵام تەنانەت دابین کردنی ئەوەش لە توانای زۆرکەسدا نیە. ئەوەی ڕوویداوە لەئاستی کارەساتە، کرێ ماڵەکان ئەوەندە زۆرە کە چەندین بنەماڵە لەیەک ماڵە دەژین. وێڕای ژیان لەسەر شەقامەکان، ژیان لەنێو جۆگەلە و گۆڕستان، دەستەواژەگەلێکە کە لەنێوان چینی هەژار تادێت ئاسایی دەبێتەوە. 
کرێکاران بەهۆی نرخی بەرزی هۆتیل و کرێ ماڵ، ڕویان هێناوەتە بەکرێ گرتنی سەربانەکان. 
دەوڵەتەکان یەک لەدوای یەک لەسەرەتای هەڵبژاردنەکان باس لە چارەسەرکردنی کێشەی ماڵ لەئێران دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە بۆنیادی ئەو حکومەتە لەسەر درۆ و گەندەڵی دامەزراوە، دەوڵەتەکانیش بە دوای هاتنە سەرکاریان وەک چاوەڕوان دەکرێ، دروشمەکانیان، جێبەجێ ناکەن. لە دەوڵەتی مەحموودی ئەحمەدی نژاد ، پڕۆژەێیک بەناوی مەسکەنی مێهر"دسپێکرا، سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک بنەماڵە پاش هەوڵدان و زەحمەتی زۆر، بوون بەخاوەن ماڵ، بەڵام ئەنجامی ئەم پڕۆژەش بە هۆی ئەوەی کە کەسانی خاوەن سەرمایە چەندین ماڵیان کڕی و دواتر بە کرێیان ئەدا، بوە هۆی هەڵاوسانی زیاتر لە بازاڕی مەسکەن. 
جێگری وەزیری ڕێگەوبانی ڕژیم وتی : بە پێی دوایین ئامارەکان لەساڵی ۹٥ ژمارەی ۱٨ملیۆن و ۱۰۰هەزار بنەماڵە لە ئێران ،شەش ملیۆن ٦۰۰هەزار بنەماڵە کڕێچیین و ئەم ڕێژەی بە ۳۰لەسەد بەرئاورد دەکرێ .
ناوبراو هەروەها وتی لە ۷پارێزگا وەکو تاران ،کرماشان، قوم و لۆڕستان نرخی کرێ ماڵ زیاتر لە چل لە سەدە و زۆربەی پارێزگاکان زیاترە. بەدڵنیاییەوە ئەم ڕێژەیەکە لەساڵی ۹٥ بڵاوکراوە ، لەئێستادا زۆرتربوە و قەت لەگەڵ ئەوکاتە بەرئاورد ناکرێ.
بێگومان جەماوەری ئێران کە خاوەن وڵاتێکن کە لێوانلێوە لە سروەت و سامانی سروشتی ،شایانی ژیانێکی ئاسودەن و ئەم دۆخەی ئێستا کۆتایی پێی نایات مەگەر بە شۆڕشێک لەلایەن چینی هەژار و ڕووخانی دەسەڵاتی ملهۆڕی ڕژیمی ئاخوندی.
ڕێکه‌وت: 2020-07-08 09:55:09
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )





دیمانه

سیاسی