هەواڵەكانی كوردستان، ئێران و جیهان 25ی پووشپەری 1394  

بە کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد ئاماری قوربانیان لەسەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتە ٢٣ کەس

 کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی یەکیک لەناوچەکانی شاری پیرانشار دوای دوو رۆژ مانەوەی بە برینداریی لەنەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمرۆ چوارشەممە کۆڵبەرێکی خەڵکی ناوچەی پیرانی پیرانشار بە ناوی سیامەند ئەحمەدی لە نەخۆشخانەی ورمێ گیانی لەدەست دا.سەرچاویەکی ئاگادار باسی لەوە کرد، ئەو کۆڵبەرە کوردە ماوەی دوو رۆژ لەمەوبەر بە تەقەی راستەخۆی هێزە حکوومەتیەکانی ئیسلامی ئێران لەناوچەی سنووری پیرانشار بریندار و بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانە نەخۆشخانەی ورمێ کرابوو. سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، سیامەند ئەحمەدی سەرەتا رەوانەی نەخۆشخانەی شاری پیرانشار کرابوو و دواتر بە هۆی قوورسی برینەکەیەوە بۆ ورمێ راگوێزرابوو.بە وتەی جەند کەسی ئاگادار، سیامەند تەنیا کەلوپەلی بەرقی پێ بووە و پاش بریندار کرانی هێزە نیزامییەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلەکەشیدا گرتووە. بە پێی ئەم راپۆرتە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٢٣ کۆڵبەری کورد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە کۆی گشتی ئەو رێژەیە ١٢ کۆڵبەر کوژراون و ١١کەسی دیکەش بریندار کراون.

 

 

 

 

 

 

 

 

مردنی گوماناوی كچێكی خوێندكاری زانكۆی ئازادی مەهاباد

كچە كوردێكی خوێندكاری زانكۆی ئازادی مەهاباد سەر لە بەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە 25ی پووشپەر بە مردوویی لە ماڵە خوێندكارییەكەیدا دۆزرایەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، كچە خوێندكارێكی خەڵكی میاندوئاو بە ناوی، ئا، ع ، تەمەن 25 ساڵ، خوێندكاری بەشی حقوقی زانكۆی ئازادی مەهاباد بە شێوەێكی گۆماناوی گیانی لە دەست داوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، ناوبراوو هاورێ لەگەڵ سێ كچە خوێندكاریتردا لە ماڵێكی كرێ لە شارەكی بەهارستانی مەهاباد نیشتە جێ بووە و سەر لە بەیانی ئەمرۆ لە ماڵەكەی بە مردوویی دۆزراوەتەوە. جێگەی باسە كە تاكوو ئێستا چەندین كچە خوێندكاری كورد بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەست داوە و هەتا ئێستاش هۆكاری ئەو مردنانە روون نەبووەتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

لەبانە کۆبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لەژینگە و ئاژەڵەکانی کوردستان بەڕێوە چوو

 ئەندامانی کەمپەینی " پشتیوانی لەکیسەڵەکان" و ژمارەیەک ژینگەپارێز کۆبوونەوەیەکیان لە پیرمرای شاری بانە بۆ پشتیوانی لەئەو جۆرە ئاژەڵانەی کە لەئاگرکەوتنەوەی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان لەناو دەچن بەڕێوە برد. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، کۆبوونەوەکە ٢٣ی پووشپەڕ، لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی پاژین لەپیرمرای شاری بانە بەرێوەچوو و تێیدا داوا لەخەڵک کراوە کە پشتیوانی لەکەمپەینی "هاوخەمی لەگەڵ کیسەڵەکان" بکەن. دەوترێت کە کۆبونەوەکە بە مەبەستی مەحکووم کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی کە بە ئەنقەست روو دەدەن وەرێ خرابوو. ناساندنی ئەنجامدەرانی‌ئاگرکەوتنەوەکەن، هەوڵی زیاتری ستادی ئاگرکوژێنەوە، دابین کردنی ئیمکاناتی زیاتر و دانای بنکەی ئاگرکوژێنەوە، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، پێکهێنانی کۆمیتەیەکی زانستی ــ توژینەوەیی بۆ رووبەڕووبونەوەی ئاگرکەوتنەوەکان و هۆکارەکانی لەداوکارییەکانی ئەندامانی کەمپینەکە بووە.نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ کونتڕۆڵی ئاگرکەوتنەوە لەزۆربەی ناوچەکانی کوردستان خەسارێکی قەرەبوونەکراوی بە ژینگەی کوردستان گەیاندووە.

 

 

 

 

 

 

 

 

برینداربوونی هاووڵاتیێكی سەقزی بە هۆی تەقینەوەی مین

حەیات رەشیدیان شارۆمەندی تەمەن 50 ساڵ بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 24ی پووشپەری 1394، حەیات رەشیدیان خەڵكی گوندی جافرخانی سەقز بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو. بە پێی ئەم راپۆرتە، ناوبراوو لە ئێستادا لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری وردی پزیشكانە و باری تەندروستی ناوبراوو ناجێگیر راگەێندراوە. جێگەی باسە كە بریندار بوونی ئەم شارۆمەندە سەقزیە لە كاتێكدایە كە ساڵانە بە هۆی رووداوی تەقینەوەی مینی بە جێ ماو لە دەورانی شەری هەشت ساڵی نێوان عێراق و ئێران بە دەیان هاووڵاتی لە ناوچە سنووریەكان دەبنە قۆربانی. ئەمە لە كاتێكدایە كە هیچ هەوڵێك لە لایەن رژێمەوە بۆ پاككردنەوەی ئەو ناوچانەی كە مین رێژ كراون نادرێت و هەر وەها رۆژانە خەڵكی مەدەنهی بە تایبەت لە ناوچە كوردنشینەكان دەبنە قۆربانی.

 

 

 

 

 

 

 

 

نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی كەنداو لە رێكەوتننامەی ناوكەیی 

رێكەوتننامەی ناوكەیی نێوان رژێمی ئاخوندی و شەش وڵاتی زلهێزی جیهان نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی ناوچەكەی لێ كەوتەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، دوای ئەوەیكە شەش وڵاتی زلهێزی جیهان لەگەڵ رژێمی ئاخوندی لەمەر بەرنامە ناوكەییەكەی ئەو رژێمە گەیشتنە رێكەوتن،/ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی كەنداو و ئیسرائیل نیگەرانی خۆیان لەمەر ئەو رێكەوتننامەیە دەر بری. بە پێی ئەم راپۆرتە، وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت عەرەبستان نیگەرانی ئەوەن كە ئەم رێكەوتننامەیە و ئازاد بوونی پووڵە راگیراوەكەی رژێمی ئاخوندی ببێتە پاڵپشتێكی بە هێز بۆ نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەكە و پشتیوانیكردنی ئەو رژێمە لە گرووپە تیرۆریستییەكان. جێگەی باسە كە عەرەبستان دوا بە دوای رێكەوتنەكە هۆشداری توندی دا بە رژێمی ئاخوندی.

 

 

 

 

 

 

 

 

هێرشی گاردی تایبەت بۆ سەر زیندانیانی بەندی 18ی زیندانی ئەوین

سەعات 10ی سەر لە بەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە 15ی پووشپەر جارێكیتر هێزە تایبەتەكانی زیندانی ئەوین هێرشیان كردە سەر زیندانیان. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، سەر لە بەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە 25ی پووشپەری 1394، هێزەكانی گاردی تایبەتی ناو زیندانی ئەوین بۆ جارێكیتر هێرشیان كردە سەر زیندانیان.جێگەی باسە كە دوێنی چوارشەممە 24ی پووشپەر، هێزە ئەمنییەتییەكان هێرشیان كردبووە سەر زیندانیان و لە سەعاتی 12ی نیوەرۆی مانگی رەمەزاندا تاكوو 1ی شەو زیندانیانیان لە داڵانەكە راگرتبوو و دەستیان دابوە پشكنین كەل و پەلە شەخسییەكانی ئەو زیندانیانە.

 

 

 

 

 

 

 

 

لە یەمەن حوسییەكان گەورەترین شكستیان خوارد

هێزە چەکدارەکانی یەمەن بەندەری عەدەن و ناوچەی مەعلای نزیک بەندەرکە كۆنترۆڵ دەکەنەوە و حوسییەکان لەو ناوچانە وەدەردەنێن.بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، هێزە چەکدارەکانی سەر بە عەبد رەبە مەنسور هادی سەرۆکی یەمەن، رۆژی چوارشەممە 24ی پووشپەری 1394، رایانگەیاند، كە  توانیویانە بەندەری عەدەن و ناوچەی مەعلا كۆنترۆڵبكەنەوە.ئەو پێشڕەوییانەی هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن داوی ئەوە دێت، کە رۆژی سێشەممە23ی پووشپەر  فڕۆکەخانەی نێودوەڵەتی عەدەنیان كۆنترۆڵكردەوە. کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە بە گەورەترین شکستی حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران دادەنرێت. لە دوو رۆژی رابردوودا هێزەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن بە پاڵپشتی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە رابەرایەتی سعودیە، هێرشەكانیان بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حوسییەکان چڕکردوونەتەوە.

 
ڕێکه‌و 2015-07-16 14:25:41
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )







سیاسی