هەواڵەكانی كوردستان، ئێران و جیهان 29ی پووشپەری 1394 ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ باکووری كوردستان شه‌هید و برینداری لێكه‌وته‌وه‌

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له‌ ناوه‌ندی کلتوور و لاوانی ناوچه‌ی پرسوسی سه‌ربه‌ شاری رحا (ئورفه‌) روویدا و دەیان شه‌هید و برینداری لێکەوتەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ته‌قینه‌وه‌که‌ له ڕێگه‌ی که‌سێکی خۆکوژه‌وه‌ له‌ناو باخچه‌ی ناوه‌نده‌که‌دا ئه‌نجامدراوه‌. بە پێی ئەم راپۆرتە، نیوەرۆی ئەمرۆ دووشەممە 29ی پووشپەری 1394، ته‌قینه‌وه‌ێك‌ 300 ئه‌ندامی فیدراسیۆنی کۆمه‌ڵه‌ی لاوانی سۆسیالیستی کردوه‌ته‌ ئامانج که‌ بۆ هاوکاریکردنی سه‌رله‌نوێ ئاوەدانكردنەوەی کۆبانێ له‌ ئه‌سته‌مبوڵه‌وه‌ چووبوونه‌ ناوه‌نده‌که‌ و به‌نیازبوون بچنه‌ کۆبانێ، له‌ کاتی لێدوانی چاپه‌مه‌نیدا ته‌قینه‌وه‌که‌ روویداوه‌.ئیسماعیل کاپڵان، هاوسه‌رۆکی ڕێکخستنی پارتی هه‌رێمه‌ دیموکراتیه‌کان له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگەیاند، "ته‌قینه‌وه‌که‌ له‌ڕێی که‌سێکی خۆکوژه‌وه‌ ئه‌نجامده‌راوه‌، نزیکه‌ی 50 که‌س شه‌هیدبوون و ده‌یانی تریش برینداربوون".

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سێ هاووڵاتیی کورد لە شارەكانی كوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

ئاماری‌خۆکوژییەکان لە نێو هاووڵاتییانی کورد لە پەرەسەندن دایە و لەو پەیوەندییەدا سێ هاووڵاتییانی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، لەچەند رۆژی رابردوودا، کچێکی لاوی تەمەن ٢١ساڵە بەناوی" چاوەرێ.ق" خەڵکی ناوچەی سەردەشت لەرێگای خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆ هێناوە و هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوشتنەکەی روون نەبووتەوە. دەوترێ، هەر کەو پێوەندییەدا کچێکی تەمەن ٢٤ساڵەی خەڵکی پیرانشاریش بەناوی "س.و" بە هۆی کێشەی بنەماڵەیەوە خۆی کوشتووە. لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا، ١٠ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت هەوڵی خۆکوژیان داوە و لەو ١٠ کەسە چواریان لە هەولەکانیاندا سەرکەوتوو بوون. لەکۆی گشتی ئەو ١٠کەسەی کە هەوڵی خۆکووژیان داوە، ٦ کەسیان خەڵکی گوندی "قەلەرەشی"شاری سەردەشتن. لەلایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد خەڵکی گوندی "زمکان" سەر بە شاری سەڵاس و باوەجانی لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە. هەژاری و دەستکورتی و کێشەی بنەماڵەیی بە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژیی دێنە ئەژمار. لەوچەند مانگی رابردوودا ئاماری خۆکوژییەکان لە کوردستان بەرزبوونەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە بەڵام لەو پێوەندییەدا ناوەندە حکوومەتییەکان هیچ هەڵوێستێکیان لەمەڕ هۆکارەکانی خۆکوژی و زیادبوونی ئاماری خۆکوژییەکان بڵاو نەکردووەتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێل لەسنە و بێدەنگی ناوەندە پێوەندیدارەکان

 ماوەیەکە دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان لەشاری سنە قوناغێکی تازەی بە خۆیەوە بینیوە و رووی لەزیاد بوون کردووە، بەچەشنێک کە لەماوەی یەک حەفتەدا ٢٤ دەزگا ماشێن دزراوە.بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، دزینی ئۆتۆمبێل لەشاری سنە تەنگی بەخاوەن ماشێنەکان هەڵچنیوە و باس لەوە دەکرێت کە لەزۆربەی حاڵەتەکاندا بە رۆژی رووناک ماشێنەکان دەدزرێن و هیچ لایەنێکیش لەو بارەیەوە وڵامدەر نیە. بە پێی ئەم راپۆرتە یەكێك لە هاووڵاتیانی شاری سنە رایگەیاندووە كە، لەشاری سنە ئەو دیاردەیە بە رادەیەک رووی لەزیاد بوون کردووە کە ترسی ئەوەمان هەیە خۆشمان بڕفێنن". ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەماوەی یەک حەفتەی رابردوودا ٢٤ ئۆتۆمبێل لەناو شاری سنە دزراوە. ئۆتۆمبێلەکان پاش ئەوەی دەدزرێن، ئەو کەلوپەلەی کە بەکار دێن و بۆ فرۆش دەبێت هەڵیدەگرن و ماشێنەکان لەدووری شار و کۆڵانەکانی بەهارستان فرێ دەدەن. زەبت، تایە بە رینکەوە، باتری و ... چەندین شتی دیکە لەو کەلوپەلانەن کە لەماشێنە دزراوەکان لێدەکرێنەوە. خاوەن ماشێن و بەشێک لەهاووڵاتیانیش لەو دیاردەیە نیگەرانن، هەروەها رەخنەی زۆر توندیشیان لە ناوەندە ئینتزامییەکانی شاری سنە هەیە. ئەو هاووڵاتیانە وتوویانە، لەچەندین حاڵەتدا پێش هاتووە کە دزەکە شوناسی دیار بووە و بە ناوەندە ئینتزامی و پێوەندیدارەکانیش راگەیەندراوە کە چی ئەوان هیچ هەوڵێکیان بۆ دەستگیر کردنی نەداوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

بارودۆخی نالەباری رۆحی وجسمی زیندانیێكی سیاسی دوای مردنی كچەكەی

محمەد ئەمین ئاگووشی، مۆعەلمی خانەنشین كراو و زیندانی سیاسی كە چەند رۆژ پێش هاتبووە مۆرەخەسی لە بارودۆخێكی نالە باردا ژیان بەسەر دەبات و پزشكی یاسایی گەرانەوەی ئەم زیندانییەی بۆ زیندان نالەبار راگەیاندووە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، محمەد ئەمین ئاگووشی زیندانی سیاسی زیندانی زاهێدان، دوای بیستنی خوكوژی كچەكەی كانی ئاگووشی، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی كچەكەی و ناشتنی لە زیندانەوە هاتووەتە مۆرەخەسی و لە ئێستادا لە بارودۆخێكی نالەباردا ژیان بەسەر دەبات. جێگەی باسە كە ئەم زیندانییە سیاسیە دوای بیستنی مردنی كچەكەی لەم ماوەیەدا 13 كیلو لە وەزنی دابەزیوە. كانی ئاگووشی دوای لە دەستدانی دایكی و زیندانیكرانی باوكی لە رۆژی سێشەممە 9ی پووشپەر لە ماڵەكەی خۆی لە شاری پیرانشار كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

 

 

 

 

 

 

 

سەرای رێكەوتنی ناوكەیی ئەمریكا هەرەشەی نیزامی كرد

وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، رێكەوتنی ناوكەیی باشە چونكوو مافی بژاردەی نیزامی بۆ ئەمریكا هێشتووەتەوە و بەربەستێك لە بەردەمماندا درووست ناكات. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ئەشتۆن كارتر وەزیری بەرگری ئەمریكا، كە سەفەری بۆ ئیسرائیل كردووە لە وڵامی هەواڵنێنرانی ناو فرۆكەكەی رایگەیاند، رێكەوتنی ناوكەیی پێش بەوە ناگرێت كە واشەنگتۆن بژاردەی نیزامی بە مەبەستی پێشگرتن لە بەرهەمهێنانی چەكی ناوكەیی لە لایەن رژێمی ئاخوندییەوە بۆ خۆی نەپارێزێت. ناوبراوو وتی، یەكێك لەو هۆكارانەی كە دەڵێم رێكەوتنێكی باشە ئەوەیە كە، لە كاتی هەوڵدانی رژێمی ئاخوندی بۆ بەدەست هێنانی چەكی ناوكەیی بژاردەی نیزامی هەروەها بوونی هەیە.

 

 

 

 

 

 

 

 

بارانبارین و لافاو لە چەندین شوێنی ئێران كوژراو و بێ سەروشوێنی لێكەوتەوە

زریانێكی‌ به‌هێز و شه‌پۆلێك بارانبارینی‌ به‌خوڕ ناوچه‌كانی‌ باكووری‌ ئێرانی‌ گرته‌وه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ لانیكه‌م پێنج كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و 10 شاخه‌وانی‌ ئێرانی‌ و بیانی‌ بێ‌ سه‌روشوێن بوون و 50 ئوتۆمبیلیش به‌ سه‌رنشینه‌كانییه‌وه‌ ئاو بردوونی‌. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەری حكومەتی مێهر،  ئێواره‌ی‌ ڕۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ له‌كاتَێكدا ملیۆنان هاوڵاتی‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ڕۆژانی‌ پشووی‌ جه‌ژن ڕوویان له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی‌ باكووری‌ ئێران كردبوو، زریانێكی‌ به‌هێز و شه‌پۆلێك بارانبارینی‌ به‌خوڕی‌ هاوینه‌ ناوچه‌كانی‌ باشووری‌ ده‌ریای‌ خه‌زه‌ری‌ گرته‌وه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ زیانێكی‌ زۆری‌ مادی‌ و گیانی‌ به‌ دوای‌ خۆیدا هێنا.  له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ ناوه‌ندی‌ قه‌یرانی‌ پارێزگای‌ ئه‌لبورز ڕایگه‌یاند، به‌ هۆی‌ لافاوه‌وه‌ له‌ مێحوه‌ری‌ كه‌ره‌ج چالوس، پێنج هاوڵاتی‌ گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و 10 شاخه‌وان بێ‌ سه‌روشوێن بوون و زیاتر له‌ 50 ئوتۆمبیلیش ئاو بردوونی‌ و تا ئێستا چاره‌نووسی‌ سه‌رنشینه‌كانیان نادیاره‌.  جێگەی باسە كە لە چەند رۆژی رابردووش باران بارین لە چەند شاری كوردستانی ئێران وەك بانە، سەقز و بۆكان خەسارێكی زۆری لە شارۆمەندان دابوو.

 

 

 

 

 

 

 

 

بانگهێشتی كارداری رژێمی ئاخوندی لە بەحرەین

كارداری رژێمی ئاخوندی لە بەحرەین بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە كرا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین رۆژی یەكشەممە 28ی پووشپەری 1394، كارداری رژێمی ئاخوندی لە مەنامە بە هۆی نارەزایەتی دەربرین بە وتەكانی خامنەیی بانگهێشت كرد. بە پێی ئەم راپۆرتە، وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین نامەێكی نارەزایەتی بە شێوەی فەرمی داوە بە مۆرتەزا سنەوبەری كارداری رژێمی ئاخوندی لەو ولاتە. عەبدۆڵا عەبدۆللەتیف جێگری وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین، قسەكانی خامنەیی بە دەستێوەردانی ئاشكار و روون لە كاروباری ناوخۆیی ولاتەكەی ناو برد. جێگەی باسە كە رۆژی شەممە 27ی پووشپەر لە درێژەی رەوتی ئاژاوەنانەوەی رژێمی ئاخوندی لە ناوچەكە، خامنەیی رایگەیاند كە، رێكەوتنی ناوكەیی چ پەسەند بكرێت یان نه كرێت ئێمە پشتیوانی خەڵكی هەژاری بەحرەینین.

 

 

 

 

 

 

 

 

قۆناغی یەکەمی دانوستانی پێکهێنانی حکومەت لە تۆركیا کۆتاییهات

دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی تورکیا ،بەپێی زانیارییەکان هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆ لەو قۆناغە بەدەست نەهاتوون. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ئاکپارتی لە سێ رۆژدا سەردانی هەریەک لە پارتی گەلی کۆماری جەهەپە، پارتی نەتەوە پەرستی مەهەپە و پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە-ی کرد. سەردانەکەی دوێنێی ئەحمەد داودئۆغڵوی سەرۆکی ئاکپارتی بۆ لای هەدەپە جارێکی دیکە پرسی پرۆسەی ئاشتی وروژاندەوە. هەروەها نزیکترین سیناریۆ بە وتەی شارەزایان ، پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی نێوان ئاکپارتی و جەهەپەیە. بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتە، حکومەتی داهاتووی تورکیا دەبێ هاوبەش بێت و هیچ حیزبێک بەتەنیا ناتوانێ حکومەت پێکبهێنێت، بۆیە ئەحمەد داودئۆغڵو لە حیزبی ئاک پارتی کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە لەلایەن رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاوە راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ ئەو مەبەستە.
ڕێکه‌و 2015-07-20 16:27:54
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )







سیاسی