بەیاننامەی سازمانی خەبات ی كوردستان سەبارەت بە هێرشەكانی حكومەتی توركیە بۆسەر گەلی كورد لە تركیا دوابەدوای تەقینەوەی پرسووس و شەهید بوونی ژمارەیێك هاوەڵاتی كوردستانی تركیە كە بە مەبەستی یارمەتی دانی كوردستانی سوریا كۆببونەوەو لە ئامادەكارییدابوون بۆ كۆكردنەوەی یارمەتیی، نارەزایەتی و توڕەیی گەلی كورد لە كوردستانی تركیای بەرز كردەوە. دەوڵەتی تركیا بە جێگەی سارێژ كردنەوەی زامی خەڵك و هێوەر كردنەوەی تووڕەیی جەماوەر دەستی داوەتە سەركووت و كوشتن و گرتنی ئەوانەی نارازییان لە ناوخوی شارەكانی كوردستانی تركیا دەربڕیوەو و لە هەمانكاتیشدا فرۆكە جەنگیەكانی بوردوومانی شوێنی نیشتەجێ بوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات كە بە داخەوە تا ئێستا ژمارەیێك گریلا شەهید و بریندار بوونە. 

هاتنی ئەو رەوشە پێش هەموو بابەتێك زیانێكی گەورە بە داهاتووی وەڵات و حكوومەتی تركیا دەگەێنێ‌ بە تایبەت، كە چاوەروان دەكرا بە كۆتایی هەڵبژاردنەكانی ئەو وەلاتە هەنگاوێكی جیدیتر بۆ پێش خستنی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان حكوومەتی تركیا و گەلی كورد بهاوێژرێ،بەلام بە داخەوە دەوڵەت دەستی داوەتە لەباربردنی پرۆسەی ئاشتی بە یەكجاریی و دەسپێكردنەوەی شەرێكی خوێناویی لە نێوان خوێ‌ و گەلی كورد لە كوردستانی تركیا. لەگەڵ ئەوەی كە ئەو سناریۆ تازەیە لە ئاكامی لێكدانەوە و بردنە پێشەوەی هێندێك بەرژوەندیی سیاسی ناوخۆیی و ناوچەیی و یان خود بۆ قەرەبووكردنەوەی شكستەكانی لە ئاستی سیاسەتی ناوخۆیی و ناوچەیی بەرێوە دەچێ، بەڵام حكوومەتی ئێستای تركیا باشترە بزانێ كە هەنگاوی لەم چەشنە لەدرێژماوەدا دەبێتە هەڵەیێكی ستراتژی و قەرەبووكردنەوەی دژوار دەبێ و بێگومان باجی ئەو هەڵەیەش دەبێ هەموو هاوەڵاتیانی تركیا بەهەموو نەتەوە و ئیتنیكەكانی بیدەنەوە. 

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران وێرای مەحكووم كردنی شاڵاوی سەركووتی هاوەڵاتیانی كورد لە تركیا و بۆمب بارانی هێزەكانی pkk، داوا لە لایەنە مرۆڤدۆستەكان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات بە مەبەستی راگرتنی سەركوت و سەرهەڵدانەوەی جەنگێكی خۆێناوی هەنگاو بنێن و كۆتایی بە كوشتار و سیاسەتی شەرخوازانەی دەوڵەتی تركیا بهێندرێ‌ و ئەو دەوڵەتە هان بدەن تا لەگەڵ گەلی كورد رێگەی ئاشتی و دیالۆگ بگرێتە بەر .

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران 

كومیتەی ناوەندی 

3ی گەلاوێژی 1394
ڕێکه‌و 2015-07-26 15:09:34
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی