سـیاسەتــێكی دیـــكەی رژێــم لـــەدژی لاوانـــی كـــوردســـتان لەچەند دەیەی دەسەڵاتی رژێمی ئێران زووڵم و زۆرییەكانی لەسەر گەلانی ئێران بۆ هەموو كەس ئاشكرایە و لە پێناو درێژە پێدان بە سیاسەتی ترس و تۆقاندنی خەڵك و زیاتر جێگیركردنی دەسەڵاتی نارەوای خۆی، دەستی لەهیچ زەبرو زەنگ و ترس و دڵەڕاوكێ و شكەنجەی جەستەیی و دەروونی لەسەر خەڵكی ئێران و بەتایبەتی خەڵكی كوردستان نەپاراستووە و هەموو هەوڵێكی داوە بۆ توواندنەوەی بیری شۆڕشگێڕی و هەوڵی ئازادیخوازی گەلانی ئێران. لەسەرووی هەمووشیانەوە سیاسەتە دژی گەلیەكانی رژیمی ئاخوندی زیاتر لە كوردستان رەنگی داوەتەوە و لە رەهەندەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی هەوڵی لەخشتە بردنی شیرازەی كۆمەڵگای كوردستانی داوە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە رژیمی ئاخوندی ئێران ساڵیانێكە بەو قەناعەتە گەیشتووە كە كوردستان و خەڵكەكەی بەتێكڕا، باوەریان بەو رژێمە لە ئێران نەماوە و بە تێكرا بێزاری لەو دەسەلات و سیاسەتە لە كوردستان رەنگی داوەتەوە. لە پێوەند بە سیاسەتە چەپەڵەكانی رژیم لە كوردستان دواترین زانیارییەكان باس لە پیلانێكی كۆن بەلام لە ئاستێكی بەرفراوانتر دەكەن، ئەویش بە ئامانجی بە لارێدابردنی لاوانی خوێن گەرم و شۆڕشگێڕ كە هەموو كات پشتیوانی راستەقینەی خەباتی نەتەوایەتی كوردستان بوونە. بەم پێیە، سیاسەتەكانی ئەمجارەی رژیم لە شارەكانی كوردستان، خۆی لە قەبارەیەكی نوێ و بەرفراوانتر دەبینێتەوە و بەشێوەیەكی زیرەكانە دەیهەێت بیری خەڵك لە رێبازی ئازادیخوازانە دووربكاتەوە و لە رێگای ماددەهۆشبەرەكان و هەروەها هێنانی ژنانی ((بازاری)) لەش فرۆش لە پاڕێزگاكانی دیكەی ئێران خەڵك تووشی گەندەڵی و نەخۆشی و هەزاران نەهامەتی گرێدراوی ئەو خەسارە كۆمەڵایەتیانە بكات. بە پێی زانیارییەكانی ناوخۆی كوردستان ، رژیم بە كردنەوەی ماڵ و بینای سەربە ئیتڵاعات لە ناو شەقامە قەڕەباڵەغەكان و هەروەها لەلای زانكۆكان، لەهەوڵدایە لاوان بەشێوەی جۆراوجۆری سیاسی و سۆزداری و رێگەی ترەوە لەلایەن ئەو لەشفرۆشانەوە رابكێشێ بۆ ناو ئەو ماڵانە و دواتریش باقی كێشە و نەهامەتیەكانی ئەو رەوشە بەرۆكی كۆمەڵگای كوردستان و بە تایبەتیشی چینی لاوان بگرێتەوە. ئەوسیاسەتانەی رژیمی ئێران تەنیا بەوە راوەناستێت و كاتێكیش لاوان بەرەو ئەو داوە دەبات، دەیەوێت لەناو ئەو ماڵە ترسناكانەەوە لاوان پەلكێشی ماددەی هۆشبەر بكات. دەسەڵاتدارانی رژیم زۆر بێشەرمانە و بە ئاشكرا ئەو پیلانگیرییە دەبەنە پێش و ئاسانكاریی تەواو بۆ راكێشانی سەرەنجی زۆرترین تاك لە لایەن دەسەڵاتەوە بەرێوە دەچێ. بۆ نمونە لەشاری مەهاباد یەكێك لەو كەسانەی كە بەرپرسی هێنانی لەشفرۆش لە پاڕێزگاكانی دیكەی ئێران بۆ كوردستانە، ژنێكە كە بەرەچەڵەكی خەڵكی سەنتەری ئێران و پەروەردەیەكی تایبەتی لەو رووەوە لەلایەن رژیمی ئێرانەوە بینیوە، ئەو ژنە بە بەكرێگرتنی خەڵكی خۆفرۆش ، بە چاپ و بڵاوكردنەوەی ژمارە رەقم و وێنەی ورووژێنەر لەسەر كارتی تایبەت بەو ژنانەی لەشفرۆشن لەسەر شەقامەكان و هەروەها لە كۆڵانەكان و زانكۆكانی كوردستان لەهەوڵدایە بیری زۆرترین خەڵك ڕابكشێت. ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەگەر دەسەڵات بخوازێ زۆر بە سانایی دەتوانێ ئەو ماڵانە كۆ بكاتەوە و شارەكان لەو جۆرە ژنانە پاك بكاتەوە. لێرەدایە كە پێویستە ووشیاری كۆمەڵایەتی خێزانەكان پەرەی پێ بدرێ و هەروەها لاوانی نیشتمانپەروەری كوردستان لەو داو و پیلانە شەرئەنگێزانەیەی دەسەڵاتدارانی جینایەتكاری رژیم ئاگادار بكرێنەوە و بە خێرایی جڵەوی ئەو هێرشە درندانەیە بگرین ئەگینا بۆ چەند ساڵی داهاتوو تەوژمێك نەخۆشی جۆراوجۆری كوشندە روو لە كوردستان دەكات كە مایەی سەرسوورمان دەبێ. هەروەها زیان و خەسارەتی بەردەوامی و پێشنەگرتنی ئەو رەوشە دووركەوتنەوەی بیری شۆڕشگێڕانە لە لاوانی كورد و رووكردنە كۆمەڵیك بابەتی زیانباری ترسناك دەبێ و دواجار دەستی بەكرێگیراوانی رژیم بۆ بردنە پێشەوە سیاسەتە دژی گەلیەكانیان لە كوردستان ئاوەڵەتر دەبێ و پانتایی زیانەكانیش بەرفراوانتر و قەربووكردنەوەی دژوار دەبێ. یەكێك لەو هۆكارە گرینگانەی كە رژێم دەستی بەو سیاسەتە لە شكل و چوارچێوەی نوێ لەهەمبەر خەڵكی كوردستان و بە تایبەتیش لاوان كردووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەدرێژایی هاتنە سەركاری رژیمی ئاخوندی زیاتری هەوڵەكانی بۆ دابراندنی خەڵكی كوردستان لە شۆڕش و دووركردنەوەی لاوان لە پەیوەست بوون بە ریزەكانی شۆڕش و بیری نەتەوەخوازی شكستی هێناوە و تەنانەت سێدارە و شكەنجە و بێبەش كردنی خەڵكی كوردستان لە مافە سەرەتاییەكانی ژیان، نەیتوانیوە ئەو خەڵكە لەو بیرە پیرۆزە دوور بكاتەوە بۆیە هەموو هەوڵەكانی خۆی خستووەتە گەڕ بەڵكو بەوشێوەیە و شێوەكانی دیكە بتوانێت خەڵكی كوردستان تووشی سەرلێشێوان و هەروەها لە پێشمەرگەو پارتەسیاسیەكان دابرێ‌، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو جۆرە سیاسەتانە ناتوانێ وورە و ئیرادەی قایمی گەلی كورد و لاوانی كورد لەرزۆك بكات و ئیتر فریوخواردنی دەست وپەیوەندییەكانی رژیم لە لایەن گەلەوە مەحاڵە و رێبازی شەهیدان و پێشمەرگەی كوردستان تا گەیشتن بە ئامانجە بەرزەكانی نەتەوەكەمان و رووخانی یەكجارەكی رژیمی ئێران بیری ئازادیخوازی بیری زاڵ بەسەر تاكەكانی كۆمەڵگای كوردستان دەبێت.

 
ڕێکه‌و 2015-08-02 18:01:32
به‌شی ( وتاری سیاسی )







سیاسی