كۆچی لاوان بەرەو هەندەران خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارەتی كۆچی لاوان و جێهێشتنی وڵات نە شتێكی نوێبە و نە تەنیا تایبەت بە كوردستانە، مێژووی كۆچكردن لە سەرەتای چاخی بەردینەوە ئەو كاتەی كە مرۆڤ لە پێناو خۆحەشاردان لە سەرما و گەرما و بۆ دۆزینەوەی خواردن و شوێنێكی شیاو بۆ ژیانێكی باشتر لە ناوچەێكەوە بۆ ناوچەێكیتر رۆیشتووە دەستی پێ كردووە و لە قۆناغە جیاوازەكانی ژیان روویان داوە و تەنیا كوردستانی نەگرتووەتەوە بەڵكوو كۆچ لە پێناو ژیان و بە مەبەستی بە دەست هێنانی شوێنێكی شیاو لە هەموو دەورانی مێژوودا بوونی هەبووە.

بەڵام بابەتی ئەم نووسراوەیە لەسەر ئاوردانەوە لە رابردوو و هەڵدانەوەی لاپەرەكانی مێژوو نییە، بەڵكوو باس كردنە لە دیاردەێك كە لەم ساڵانەی رابردوو و بە تایبەت لە ماوەی ئەم رۆژانەی دواییدا بووە بە مانشێتی راگەیاندن و هەواڵدەرییەكان و هەر كەسە و بە پێی بەرژەوەندی و قازانجی خۆی لێكدانەوە و شیكاری بۆ دەكات. ئەویش كۆچی لاوانی كوردستانە بەرەو هەندەران. جێی خۆیەتی كە ئەوە بڵێم كە كۆچی لاوان تەنیا مۆختەس بە دەوران و ناوچەێك نییە و ئەگەر بروانیینە ئەو وڵاتانەی كە پەنابەران روویان لێ دەكەن دەبینین كە لە هەموو وڵاتان و بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە كەسانێك وڵات و زێدی خۆیان جێ دەهێڵن و بەرو وڵاتانی رۆژئاوایی سەفەر دەكەن. لەوانەیە خەڵكانێك خاوەن وڵات و دەسەڵات و خاكی خۆیان بن و بۆ بژێوی باشتر و دۆزینەوەی هەڵی كاری گونجاوتر رێگای كۆچكردن بگرنە بەر. لێرەدا مەبەستی من تەنیا و تەنیا كۆچی لاوانی وڵاتەكەم كوردستانە ورۆیشتنی لاوان و بە جێهێشتنی وڵاتەكەی خۆیانە كە وەك لە زۆربەی بابەت و بە تایبەت تۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا دەیبینین و دەیخوێنینەوە دەیان پاساو و بیانوو دێننەوە بۆ رۆیشتنیان و بە جێهێشتنی خاك و نیشتمان. بەڵام كاتێك قسە لە سەر لاوان دەبێت سەرەتا بزانین كە بوونی لاو لە كۆمەڵگادا دەبێ چ گرینگی و تایبەتیێكی هەبێ و ئەگەر نەبن چی روو دەدات؟

ئەوە راستیێكی حاشا هەڵنەگرە كە لاوان داینامۆی كۆمەڵگا و بزوێنەری پێشكەوتن و گۆرانكاری لە هەر وڵاتێكن و بە بێ لاوان هیچ ئاڵوگۆر و پێشكەوتنێك لە ولات بە دی ناێت و دەبێت لاوان هێز و پتانسیێلی خۆیان بخەنە گەر بە مەبەستی ئالوگۆری بۆنیادی لە كۆمەڵگاكانیان. بە ورد بوونەوە لە وڵاتانی پێشكەوتوو و سەنعەتی جیهان بۆمان دەر دەكەوێت كە ئەو وڵاتانەی كە خاوەنی گەنجی سەركەوتوو و بە هەڵوێست بوونە ئەمرۆكە ناوی لە ریزی ولاتانی گەشە سەندووی جیهانن و بە پاڵپشتی لاوان ولاتەكەی هەم لە باری ئابووری و هەم لە باری سەنعەتییەوە پێشكەوتنێكی بەرچاوی بە خۆیەوە دیوە و شوێن پەنجەی لاوان لە گەشەسەندنی وڵاتانی پێشكەوتوو راستیەكی حاشا هەڵنەگرە. بە دیوێكیتردا ئەو ولاتانەی كە بەرپرسان و بەرێوەبەرانی گرنگییان بە لاوانیان داوە و لە بەرێوەبردنی وڵات و دانانی بەرنامەو پلانی گشتیدا پشت گوێ نەخراون ئێستاكە ئەو وڵاتانە ناویان لە ریزی سەرەوەی وڵاتانی خاوەن هێز و تەكنۆلۆژیایە و لە بواری ژیانی كۆمەڵایەتی و رەخساندنی هەلی كار و دانانی سیستەمێكی شیاوی ئابووری و سیاسی و سەنعەتی وڵاتانی پێشكەوتوو دێنە ئەژمار. گەر بمانەوێت لایەنی نێگەتیفی كەڵك وەرنەگرتن لە هێز و توانای لاوان لە وڵاتەكەیان بخوێنینەوە و ببینین كە نەبوونی لاو لە كۆمەڵگا و یان گرینگی نەدان بە لاو چ خەسارێكی لەو كۆمەڵگایانەدا بە بار هێناوە تەنیا ئەوە بەسە كە وڵاتی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی ئاخوندییدا وەك نموونە بێنینەوە و بارودۆخ و چۆنیەتی ژیان و كاری لاوان لە كۆمەڵگای ئێران و بە تایبەتی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران سەیر بكەین، ئەو كات دەزانین كە كەڵك وەرنەگرتن لە توانایی و پۆتانسێلی لاوان و پشت گوێ خستنیان چ قەیرانێكی لەو كۆمەڵگایەدا دروست كردووە و چۆن دوای زیاتر لە 36 ساڵ لە دەسەڵاتی ئەو رژێمە بە سەر ئێراندا نە تەنیا پێشكەوتنی بە خۆیەوە نەدیوە بەڵكوو بەرەو دواوە رۆیشتووە.

لە لاێكیترەوە كۆچ كردن و دیاریكردنی شوێنی نیشتەجێ بوون مافی سەرەتایی هەر تاكێكە و كەس ناتوانێت بە هیچ بیانووێك پێش بەو مافە سەرەتاییەی مرۆڤ بگرێت و ئینسانەكان ئازادن لە هەر شوێن و جێگاێك كە بیانەوێت بژین. بەڵام كۆچكردنی لاوانی كوردستان جیاوازە لە هەر كۆچكردنێك و بە باوەری من ئەم دیاردەی كۆچكردنەی لاوان لەم بارودۆخەی ئێستادا و بە جێ هێشتنی وڵات لە پێناو ژیانێكی باشتر و ئازادتر خۆدزینەوەیە لەو بەرپرسیارەتییەی كە لە ئەستۆیانە و شان خاڵیكردنە لە ژێر باری مەسئولیەت. ئەبێت ئەوەش بڵێم كە كۆچكردنی لاوان تەنیا خۆی لە پارچەێكی كوردستان نابینێتەوە و هەر چوار پارچەی كوردستان بە رێژەی كەم یان زۆر دەگرێتەوە و هەر كەسە و پاساوێك دێنێتەوە بۆ ئەو بە جێهێشتنەی وڵات و رۆیشتن بەرەو هەندەران. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە كۆرتی باسێك لە رۆیشتنی ئەم دوواییانەی لاوان لە كوردستان بكەین، ئەبێت ئەوە وەبیر لاوان و ئەو كەسانەی كە لەم بارودۆخەدا وڵاتەكەیان بە جێ دەهێڵن بێنینەوە كە لە ئێستادا كوردستان بە گشتی و باشوری كوردستان بە تایبەتی بەرەو رووی مەترسیدارترین و وەحشیترین دوژمنی مێژوو بووەتەوە كە لە تیرۆر و جینایەتدا رووی ئەوانەی پێش خۆیانیان سپی كردووە. لە وەها بارودۆخێكدا كە زۆربەی لاوانی كوردستان لە بەرەكانی شەری دژ بە تیرۆرن و بۆ پارێزگاری لە خاك و نیشتمان گیانی خۆیان دەبەخشن، جێهێشتنی وڵات هیچ ماناێكی نییە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. بەڵكوو ئەو كەسانە بە هەست كردن بە بەرپرسیارەتی و بە گیانی لە خۆبۆردوویی دەبێت شان بە شانی برا و خۆشكە پێشمەرگەكانیان بوەستن و پارێزگاری لە خاكی كوردستان بكەن هەتا ئەو كاتەی دەبینە خاوەن وڵاتێكی ئازاد و دیموكرات. راستە كە لە وەها بارودۆخێكدا لاوان چاوەروانیان زۆرە و دەبێت حكومەت و دەسەڵات ئاورێكی جیدی لە لاوان بداتەوە و ژیانێكی شیاویان بۆ برەخسێنێت، راستە كە لاوان رەخنە و گلەییان هەیە و وەك پێویست گرنگییان پێ نەدراوە، بەڵام ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەوەمان پێ دەڵێت كە دەبێت خۆراگر بین و لە كێشەكاندا كۆڵ نەدین و مەیدان خاڵی نەكەین.

دیاردەی كۆچكردنی لاوان وەك لە پێشتردا وتم تەنیا پارچەێك لە كوردستان ناگرێتەوە و ئەو دیاردەیە رۆژهەڵاتی كوردستانیشی گرتووەتەوە و لاوانێكی زۆر وڵاتیان یان بە جێ هێشتووە و یان لە فكری بە جێهێشتنی ولاتن. بەڵام ئەگەر واقعبینانە بروانینە مەسئەلەكە دەبینین كە ئەو كەسانەی كە وڵاتیان بە جێ هێشتووە و ئاوارەی وڵاتانی دیكە بوون بەرو رووی دیان كێشەو گرفت بوونەتەوە و یان لەو رێگایەدا گیانیان لە دەست داوە، وەك ئەوەی كە قسە لەگەڵ ئەو كەسانەی كە وڵاتیان بە جێ هێشتووە دەكەی دەبیبیت كە حۆزگە و ئارەزوویانە كە بگەرێنەوە نیشتمانەكەی خۆیان و خزمەتی گەل و خاكەكەی خۆیان بكەن. لە لاێكیترەوە بارودۆخی كوردستانی داگیركراوی ئێمە، یانی ئەو پارچەیەی كە بە كوردستانی ئێران ناسراوە زۆر جیاوازترە لە بەشەكانیتر و دەبینین كێشە و گرفتەكانی ئێمە زۆر زیاترن لە چاو باقی بەشەكانیتری كوردستان. لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەوە بۆ زیاتر لە 26 ساڵە رژێمێك لە سەر دەسەڵاتە كە بە هیچ شێوەێك تۆ وەك نەتەوەێك ناناسێت و بە درێژایی مێژوو هەوڵی داوە ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەی كورد بسرێتەوە. بە هیچ شێوەێك مەجالی ژیان و پێشكەوتنی بە خەڵكی ئێمە و لاوانمان نەداوە و زۆرن ئەو لاوانەی كە لە باشترین حاڵەتدا خوێندنیان تەواو كردووە و ئێستا سەرقاڵی كرێكاری یان كۆڵبەرین. بەڵام نامەوێت ئەمانە بڵێم وەك ئەوەیكە رۆیشتنی لاوان بۆ هەندەران بە كارێكی شیاو ناو لێ ببەم بەڵكوو ئەمەوێت ئەمانە بڵێم بۆ ئەوەی كە لاوان لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەركیان لە هەر كاتێكیتر قۆرستر و گرنگترە و دەبێت لاوان لە هەوڵی گۆرانكاری ریشەیی لە ئێران بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی بن. نابێت لاوانی ئێمە هەستی نەتەوەییان لاواز ببێتەوە و لە بەرانبەر ئەو هەموو قەیران و ونبوونی شۆناسی نەتەوەیی كورد لە ئێران خۆیان بە بەرپرسیار نەزانن و یان شان لە ژێر مەسئولیەتەكان خاڵی بكەن. بەڵكوو لاوان شان بە شانی باقی چین و توێژەكانیتری كۆمەڵگا دەبێت دەنگی نارەزایەتی خۆیان بەرز بكەنەوە و لە هەر رێگاێكەوە كە بە باشی دەزانن نیشانی بدەن كە لە پیناو ئازادی ولاتدا دەمرن نەك لە پیناو ژیانێكی باشتردا وڵات بە جێ بهێڵن. ئەبێت لاوان ئەو راستییە بزانن كە هەر كەسانی گەنج و لاوانی دوێنی بوون كە لە ناخۆشترین ساتەكاندا نەیانهێشتووە شۆرشی كوردستان دابمەركێتەوە و درێژەیان بە كاری سیاسی و نەتەوەیی خۆیان داوە و تاكوو ئەمرۆ كێشەو گرفتەكانی نەتەوەی كوردیان بەرجەستە و زەق كردووەتەوە لەمەش بە دوا ئەركی لاوانی ئەمرۆی ئێمەیە كە درێژە بەو رێگایە بدەن و تا بە دێهێنانی ئاوات و ئارەزووەكانی خەڵكی كورد بە گشتی و شەهیدانی رێگای ئازادی نیشتمان بە تایبەتی كۆڵ نەدەن و ئەم بارەی لە سەر شانیانە بیگەێننە شوێنی خۆی. بەو هیوایەی كە لاوانی وڵاتەكەمان دەست لە ناو دەستی یەكتر بەرەو رووخانی رژێمی ئاخوندی و بۆنیادنانی ولاتێكی ئازاد و ئاوەدان هەنگاو هەڵبگرن و هێز و توانای خۆیان لە خزمەت خەڵك و نیشتمانەكەیان بخەنە گەر.

 
ڕێکه‌و 2015-08-03 20:38:56
به‌شی ( لاوان )







سیاسی