ئـــەگەرەكانی رێبەرایەتی رژیــــمی ئــــاخوندی لــــەدوای مــردن و لاچوونی خامنەیی بەشی سێهەم

رەفسەنجانی بێگومان بە یارمەتی دەوڵەتی رۆحانی لە بیری گەڕانەوە بۆ سەرۆكایەتی خوبرەگانی رێبەری و داگیركردنی كورسیەكانی مەجلیسی رژیم لە هەڵبژاردنەكانی 7ی رەشەممەی 94 دایە. دەوڵەت و هاشمی رەفسەنجانی بۆ داگیركردنی كورسیەكانی مەجلیس خۆیان ئامادە كردووە تا لەو رێگەوە دامەزراوەكانی مەجلیس و دەوڵەت و كۆگای لێكدانەوەی قازانجەكانی نیزام و خوبرەگانی رێبەری وەكوو چەكێك بۆ پاشەكشە پێكردنی خامنەیی و دارودەستەكەی بەكار بێنن. 

هاشمی زیاتر ریبەری دەخاتە بەر تیغی تانەكانی. ناوبراو لە چاوپێكەوتن لەگەڵ خوێندكارانی بەهەشتی لە 9ی رەشەممەی 1393 دا ووتی: ئەو رۆژەی كە خەڵك بێ هیوا ببن تەنانەت ئەگەر پێغەمبەریش بێ ئەوكاتە جۆرێكی تر دەبێ.... یانی ئەگەر كۆمەڵگایێك بێ هیوا و نیگەران ببێ ئەوە جێگەی مەترسی دەبێ.. هەر بۆیە نابێ ئەو كەسانەی ئێستا لە دەسەڵاتن و هەموو شتێكیشیان پێیە  وا بیربكەنەوە كە سەركەوتوون، ئەوە سەركەوتن نییە. ئەو جۆرە سەركەوتننانە زۆر كاتی و بەربەست كراون بە كات و هەل و مەرجی تایبەت و وریابوونەوەی خەڵك... من وابیر دەكەمەوە كە هەل و مەرجی دونیا بەمجۆرەیە. دونیا خەریكە بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێ‌ و ئیستبداد بەرەو نەمانە و وردە وردە ستەمگەرانیش لە مەیدانەكە وەدەر دەنرێن." 

هەڵبەت كارتەكانی فشار لەسەر ناوبراو  وەك زیندانی بوونی كچ و كورەكەی مەهدی،  بوونی هەیە. ناوبراویش وریایی دانی سەبارەت بە ئاشكرا كردن یان بلاوكردنەوەی بیرەوەرییە بڵاونەكراوەكانی رەنگە جێبەجێ بكات.   

لە شكستی رابردووی رەفسەنجانی لە مەجلیسی خوبرەگان ئەو خاڵە سەرەنجراكێشە  كە هێشتا 30 لەسەدی  ئەو مەجلیسە پشتیوانی لەناوبراو دەكەن، ئەو خاڵە كاتێك گرینگە كە بزانین  هاشمی لە ساڵی رابردوو هێرشەكانی بۆ سەر خامنەیی زیاتر كردووە. 

لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 94 ئەگەری رەدكردنەوەی شیاوبوونی كاندیداتۆری هاشمی رەفسەنجانی بۆ مەجلیسی خوبرەگان بوونی هەیە  تەنانەت لە هەلبژاردنەكانی مەجلیس  ئەگەری رەدكردنەوەی كەسانی نزیك  لەو و ئیسلاحخوازەكان و تەنانەت ئوسولگەراكانی وەك عەلی موتەهەریش زۆر لەسەرەیە. 

وەبەڵام دواتر:

رۆژی 19ی رەشەممە لەهەڵبژاردنەكانی ناوخۆی مەجلیسی خوبرەگان بۆ دیاری كردنی شاندی سەرۆكایەتی، محەممەدی یەزدی بە وەدەست هێنانی 47 دەنگ لە كۆی 73 دەنگی دراو، توانی ببێتە چوارەمین سەرۆكی مەجلیسی خوبرەگانی چوارەم لە دواهەمین ساڵی ئەو دەورەیە. سەركەوتنی ناوبراو بە دەنگی نزیك بە دوو بەرانبەری هاشمی رەفسەنجانی ، رووداوێكی چاوەرواننەكراو بوو. ناوبراو شەش ساڵ پێش لە ساڵی 1387 لە ركابەرییەكی هاوشێوەدا بە 21 دەنگ لەبەرانبەر بە 51 دەنگ بە هاشمی رەفسەنجانی دۆڕا.  بەڵام رووداوی 19ی رەشەممە دەریخست كە موعادلات لە بلۆكی دەسەڵات لەچاو شەش ساڵی پێشوو جیاوازیی زۆری هەیە و رەفسەنجانیش دۆخەكەی لە ئاستی ناوخۆیی لاوازتر بووە. 

محەممەدی یەزدی:

لەگەڵ  بوونی تەمەنێكی زۆر و نەخۆشیش بەڵام لە ناوبراو وەك رێبەری داهاتووی ئێران نێو دەبرێ‌. هەر چەند بۆ گەیشتنی یەزدی بە پۆستی رێبەری بەربەستێكی گەورەتر كە نەگەیشتنی رێكەوتنی باڵەكانی نێوخۆییە بوونی هەیە. 

وەلی فەقیه (عەلی خامنەیی) لە چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەندامانی مەجلیسی خوبرەگانی رێبەری لە رۆژی پێنج شەممە 21ی رەشەممە هەڵبژاردنی محەممەدی یەزدی بە سەرۆكایەتی ئەو مەجلیسە پەسەند كرد و ووتی:  كەسایەتی و پێشوونەی ئاخوند یەزدی دەریدەخات كە هەڵبژاردنی ناوبراو بۆ سەرۆكایەتی خوبرەگان شیاو و بە جێیە. ئەو دانیشتنە لە كۆتایی دانیشتنی دەورەیی مەجلیسی خوبرەگان بوو. 

محەممەدی یەزدی ( ئەندامی دیاری كۆمەڵگای مودەرسینی حەوزەی عیلمیەی قۆم) كە لە لایەن خامنەیی بوو بە سەرۆكی دەزگای دادوەری لە ساڵەكانی 1368 و 1378، سەرژمێرییەكانی ئیعدام و پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ و شكەنجەی لە سیستەمی دادوەری بە شێوەیێكی بەربلاو پەرە پێدا. هاشمی شاهرودی كاتێك دوای یەزدی بوو بە سەرۆكی دەزگای دادوەری ووتی وێرانەیێكی لە یەزدی تەحویل وەرگرتووە. خامنەیی لەدوای شاهرودی كە ناوبراویش وەك یەزدی و بە پێی رەواڵی هەموو بەرپرسانی تری نیزام كاریی كرد، سادقی لاریجانی كردە سەرۆكی دەزگای دادوەری كە دەستێكی باڵاتری لە جینایەت و نەزانی لەچاو یەزدی هەیە. 

 هەڵبژاردنی محەممەدی یەزدی وەكوو سەرۆكی مەجلیسی خوبرەگان وەكوو باقی هەڵبژاردنەكان و دانانەكانی ناوخۆیی رژیمی ئاخوندی بە پلاندارێژی پێشوو و لابردن و هەڕەشە لە ركابەرەكان و هەرەشە لە دەنگدەران بەرێوە چووە.  هەر چەند هەموو ئەندامانی خوبرەگان كە لەفیلتێری شۆرای نیگەبان و ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتی و سپا تێپەریوون، كەسانی ئاڵقە لە گوێی خامنەیی و دەفتەرەكەی ناوبراو بوونە، بەلام وەلی فەقیه لە هەر جۆرە ریسكێك كە ببێتە هۆی سەرئێشەی داهاتوو لە ئاستی ناوخۆیی خۆی دەپارێزێ‌. راستیەكەی ئەوەیە  كە تا ئێستا هیچ كەسێكی نەرم رەو ( بەمانای راستی) لە لایەن رێبەری رژیم بۆ ئەو بەرپرسیارەتیە هەڵنەبژێردراوە. 

سەرەنج بدەنە داندراوەكانی خامنەیی: یەزدی، لاریجانی، جەننەتی، ئەحمەدی موقەدەم، قاسم سلێمانی، رادان، موحسنی ئێژەیی و ... لە هەموو دامەزراوە گرینگ و هەستیارە ئەمنیەتی و نیزامی و دادوەرییەكان كە مەترسیدارترین كەس بۆ مرۆڤایەتین هەمووی داندراو و بژاردەی خامنەیی و لە ژێر فەرمانی ناوبراو دەستیان داوەتە جینایەت دژی خەڵكی ئێران و ناوچەكە و جیهانیش.  

 
ڕێکه‌و 2015-08-03 20:42:59
به‌شی ( وتاری سیاسی )







سیاسی