یــــــادی ســــەروەری گـــــەل شـــەهـــێد عـــــــومــــــــــەر بــــــەهـــــــرامــــــــــــی باسكردن و یادكردنەوەی پێشمەرگە كە گیانی خۆیان كردە قوربانی لە پێناوی گەل و نیشتیمان و  پاراستنی كەرامەتی نەتەوەكەیان ، پێویستە ناو و یادیان دایم بە زیندوویی ڕابگرین وباسیان بكەین و یادیان بكەینەوە . دیارە شەهێد نەمرە ، بەڵام بۆ ئەوەی داییم لە بەر چاومان بن و زیندووتر ڕایان بگرین و پشتاوپشت نەوەكانیشمان شانازییان پێوە بكەن و هەتا هەتایە یاد و ناویان لە دڵماندا بمێنێ ، پێویستە بە هەر شێوەیەك كە بۆمان دەگونجێ رێز لە خۆیان و بنەماڵەی بەرێزیان بگرین ، چون ئەوان بوون كە بە خوێنی خۆیان توانییان ئەم ڕۆژەمان بۆ بێننەدی ، كە ئێستا هەمووی جیهان شانازی بە قارەمانەتی پێشمەرگەوە دەكەن .

 ئەمڕۆ بۆ یاد كردنەوە لە شۆرەلاوی كورد كاكە عومەری بەهرامی دەچینە ناوچەی بانە بۆ بۆیەنی خواروو بۆ بناری گردە كەروێشكان بۆ سەر گۆڕی ئەم شەهێدە نەمرە ، لێرە لە سەر گڵكۆی كاكە عومەر چەپكە گوڵێكی سوور دادەنێین و سەری رێز و لە بەرانبەریدا دادەنەوێنین . شەهێد عومەر كوڕی مام رە‌حمان لە بنەماڵەیەكی دەست كورت و هەژاری گوندێ بارەوەران  سەر بە شاری بانەی قارەمانپەروەر چاوی بە دنیا هەڵهێنا ، دوای لە دایك بوونی كاك عومەر زۆری نەخایاند كە دایكی كۆچی دووایی كرد و بە رەحمەتی خودا چوو ، عومەری كۆرپەلە زۆر زوو لە نازی دایك بێبەش بوو ، مام رەحمان كە خێزانەكەی لە دەست چوو، لە بارەوەران ماڵی باركرد و چونە شاری بانە ، لە بانە بۆ ئەوەی منداڵەكەشی لە دەست نەچێ مەجبوور دووبارە ژن بێنێ ، دیارە هەمو لایەكمان دەزانین باوەژن یا بە گوتەیەكیكە زردایك لە سەدا ئەگەر یەكیان باش بێت ، ئەویش  عومەری بێ شانس بەر ئەو یەكە نەكەوت . بە داخەوە كاك عومەر پشت گوێ خرا و هیچ  پێی رانەدەگەییشتن ، بە هەر داماوییەك بوو ژیانی بردە سەر و وردە وردە خۆی پێگەیاند ، شەهیدی نەمر كاك عومەر لە زۆر بارەوە وەك هاوتەمەنەكانی خۆی نەبوو، لە زۆر بارەوە هەستی بە كەم و كووری دەكرد ، لە عاتیفە و خۆشەویستی بێ بەش بو ، بە كەیفی خۆی نەیتوانی بخوێنێ ، بە هۆی نەداری بنەماڵەكەیەوە لە هەموو پێداویستییەكی ژیان بێ بەش بو ، ئەم كەم و كووریانە بووە ئەزموونی ژیان بۆی ، هەر ئەوە بو كە كۆڵی نەدا و بە تەمەنێكی كەمەوە خۆی خستە ژێر باری  زەحمەت بۆ ئەوەی بتوانی بژێوی خۆی پەیدا بكا و لە هەمانكاتدا یارمەتییەكی بنەماڵەكەشی بدا ، كاك عومەر تا پۆلی پێنجی سەرەتایی توانی بخوێنێ ، بە هۆی ئەو بی ئیمكانیەتییەی باسمان كرد نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات . ماوەی چەند سالێك بە شاگردی دوكان ، نۆك فرۆشی و كاری كاسەكێشیەوە خەریك بووە تا شۆرشی گەلانی ئیران دژی رژێمی ئیستیبدادی پەهلەوی دەستی پێ كرد و شای ئیرانیان دەربەدەر كرد . جمهووری ئیسلامی بە رێبەرایەتی خومەینی خوێنرێژ  و مێشك وشك ودار و دەستەكەی لە ئیراندا دەسەڵاتیان گرتە دەست و دوای ماوەیەكی كەم كە جێ قوونیان بە باشی گەرم نەببوو ، خومەینی دەستووری جیهادی بۆ سەر گەلی كورد دا ، ئەو گەلەی كە لە سەردەمی دەسەڵاتی شوومی رژێمی پێشووشدا قەتی خێر و خۆشی نەدیبو ، تازە خەریكبو تامی ئازادی بچێژێ كە كەوتە بەر هێرشی داگیركەران ، هەر ئەوەش بو كە كاك عومەر و هەزارانی وەك ئەو هاتنە مەیدان و چەكیان هەڵگرت دژی رژێمی خومەینی .

سەرەتا شەهید عومەر كە چەك هەڵدەگرێ دەبێتە پێشمەرگە لای سەرهەنگ سمكۆ عەلی یار ، زۆر باش لە بیرم نییە كە چۆن و بە چ شیوەیەك پیوەندی بەوەوە كردبو ، سەرهەنگ سمكۆ ، سەرهەنگێكی  رژێمی پێشو بوو كە هێندێك چەك و چۆڵەی پەیداكردبو و چەند پێشمەرگەیەكی هەبو كە یەك لەوانە كاك عومەر بو ، ئەو كاتە ئیمە وەك دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حسینی كارمان دەكرد كە بنكەی سەرەكیمان لە كانی مامر لە بناری سووركێو ناوچەی بانە بوو ، لەوێ لە نزیك خۆمان شوێنێكمان دابو بە سەرهەنگ سمكۆ كە لێی بمێننەوە ، دوای ماوەیەك كە شەهید عومەر زانی هەموو رفیقەكانی لە گەڵ دەفتەری مامۆستان ، ئەویش خۆی پێ رانەگیرا و  لە ئەوەڵ مانگی هاوینی  ساڵی ١٣٥٨ دا سەرهەنگی بە جێ هێشت و هاتە ناو ریزی قارەمانانی ئەو دەمی دەفتەری مامۆستاوە ، سەرهەنگ عەلی یار شەهێد عومەری زۆر خۆش دەویست و كاك عومەر خۆشی زۆر جەوانێكی دەست پاك ، رووخۆش و لە سەر خۆ بوو ، ئەو كەڵەشینكۆفە پێنج بزمارەی كە سەرهەنگ دابوویە  ، سەرەڕای ئەوەش كە بە جێشی دەهێشتن پێشكەش بە كاك عومەری كرد ، تا ئەو كاتەش كە شەهید بو ، هەر ئەو چەكەی پێ بو . كاك عومەر كە پەیوەندی كرد بە دەفتەری مامۆستاوە سەرەتا دایان بە  هێزی مەریوان كە ئەو كاتە سیرووس مەریوانی (سیرووسی رەوشەنی ) سەرپەرەستی ئەو هێزەی دەكرد ، هەر لەو سەروبەندەدا بوو كە هێزی مەریوانی حیزبی دیموكرات كۆمەڵێك چەك و تەقەمەنی كە دەفتەری مامۆستا  لەناوچەی مەریوان داینابو  لە لایەن ئەو جەماعەتەوە دەستی بە سەردا دەگیرێ ، ئەوە بوو هێزی دەفتەری مامۆستا لە ناوچەكانی ترەوە رویانكردە مەریوان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو چەكانە ، شەهێد عومەر یەكێك بوو لەو پێشمەرگانەی كە ئەو ئەركەیان پێ سپێردرابو ، زۆر چالاكانە ئاخرین فیشەكیان لێ ساندنەوە. 

 لە ساڵی ١٣٥٨ دا كە دەفتەری مامۆستا چەند هێزی بۆ شەر لەبەرانبەرهیزەكانی رژیم بۆ ناوچەی سنە و كامیاران نارد ، كاك عومەر وەك پێشمەرگەیەك لە گەڵ یەكێك لەو هێزەانە چووە ناوچەی كامیاران و ماوەیەك لەوێ لە جەولەی سیاسی و نیزامیان دەكرد، لە گوندەكانی خامسان، دێگولان، نەجەفاوا و گوندەكانی دەوروبەری كامیاران و بەشداری لە چەند چالاكی نیزامیدا دژ بە داگیركەرانی كوردستان كرد لە سەر رێگای سەرەكی كامیاران بۆ سنە  . دوای ئەوەی لە ناوچەی كامیاران هاتەوە بۆ بانە ، ناردرایە پەلی خاڵە عەلی (عەلی حاجی عەتتار)  و زۆری پێ نەچوو كە شەری سێ مانگە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستی پێ كرد و لە بەهاری ساڵی ١٣٥٩ دا لە سەرەتای مانگی بانەمەر ئاگری ئەو شەرە داسەپاو و مالوێرانكەرە  ناوچەی بانە و بە تاییبەت ناو شاری بانەی خۆراگریشی گرتەوە ، شەری ناو شاری بانە ٣٧ رۆژ درێژەی كێشا كە ماڵوێرانییەكی زۆری لی كەوتەوە  و خەسارەتێكی زۆر بەر شارەكە كەوت و خەڵكێكی زۆری بێتاوان شەهید و بریندار بوون . بە هۆی ئەو داپلۆسینە كووێرانەی داگیركەران كە زۆر بێرەحمانە هیچ شوێنیكیان نەدەپاراست نە مزگەوت و نە بیمارستان ، خەڵكەكە ناچار پەنایان بردە بەر گوندەكانی دەورووبەری شارەكە و تێكرا ئەوەی كە توانی بروا چوونە ئاوایییەكان تا شەرەكە هێواش بووەوە .

 تازە چەند رۆژێك لەو  شەرە داسەپاوە گوزەرابو كە هێزی پێشمەرگە بریاری گرتنی پادگانی بانەیان دا ، لەو بەرنامە و پلانەدا ئێمە لكی خاڵە عەلی وەك هێزێكی پشتیوانی لە دەوروبەری سەوغانان لە بن تەلدرووی پادگاندا كە كرابوینە گرووپی سێ كەسی ، گرووپەكەی ئیمە لە كەریم كاك ئەبووبەكر سەحرایی و شەهێد عومەر  پێكهاتبو كە دەبو ئێمە جارجار تەقە لە سەنگەرەكانی پادگان بكەین بۆ ئەوەی بە خۆمانەوە سەرگەرمیان بكەیێن تا گرووپی هێرشبەر لە شوێنی دیاریكراوی خۆیانەوە بچنە ناو پادگان . جار جار تەقەیەكمان دەكرد تا لە كاتژمێر هەشتی شەودا شەر بە گەرمی لە هەموولایەكەوە دەستی پێ كرد ، لە پادگانەوە كوێرانە بە تۆپ و خومپارە و هەموو جۆرە چەكێك ناوشاری بوردوومان دەكرد سەرەرای ئەوە بە فرۆكەی فانتۆم بۆمبابارانی دەكردین ، بە داخێكی گرانەوە لە كاتژمێر هەشت و سی دەقیقەدا خومپارەیەكی دوژمن كەوتە ناومان و پارچەیەكی خومپارەكە بەر پشتەسەری كاك عومەر كەوتبو ، كاك عومەر برینەكەی سەخت بوو بە پەلە گەیاندمانە بیمارستان ، هەر زوو كە بەرێز مامۆستا شێخ جەڵال خەبەری بریندار بوونی كاك عومەر دەبیستێ خۆی گەیاندە بیمارستان ، بەرێز مامۆستا زۆر بە پەرۆش و نگەران بو كە عومەری جوانی دی كە زامەكەی سەختە ، دوای ماوەیەكی كەم كاك عومەر بە هۆی سەختی برینەكەییەوە لە نەخۆشخانە شەهید بوو، بەرێز مامۆستا كەمێك رێنمایی و دڵنەوایی كردین و هەر ئەو شەوە جەنازەی پیرۆزی كاك عومەرمان گواستەوە بۆ بۆیەنی خووارو ،بە زۆری شەهیدانی ئەو ماوەی شەری شاری بانەمان دەهێنایەوە بۆیەنی خووارو .

لە گۆرستانی بۆیەن لە بناری گردەكەروێشكان بە بەشداری جەماوەری گەلەكەمان شەهید عومەری جوانەمەرگمان بە خاكی پیرۆزی نیشتیمان ئەسپارد . هەزاران هەزار دروود و رەحمەتی خودا بۆ رۆحی پاك و بێگەردی كاك عومەری جوانەمەرگ و هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلەكەمان ، سڵاو بۆ رێبوارانی رێگا پیرۆزەكەی شەهیدی نەمر كاك عومەر و سەركەوتن بۆ گەلی قارەمانی كورد لە هەمووی كوردستان . 

  

 
ڕێکه‌و 2015-08-04 18:37:59
به‌شی ( شه‌هیدان )







سیاسی