هەواڵەكانی كوردستان، ئێران و جیهان 14ی گەلاوێژی 1394 ناروونی چارەنووسی لاوێكی كورد دوای حەفتەێك دەستبەسەری

لاوێکی کوردی خەڵکی ناوچەی سایین قەڵا لەپارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا ماوەی حەفتەیەکە لەلایەن هێزەئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لاوێكی كورد بە ناوی فەتاح رەسووڵپوور تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی سایین قەڵا حەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی ئاگاهی ئەو شارەوە بانگهێشت کراوە و تاكوو ئێستا هیچ زانیاریێك لەمەر چارەنووسی نییە.. بە پێی وتەی سەرچاوەێكی ئاگادار،  فەتاح رەسووڵپوور کەسێکی مەدەنی بووە و هەتا ئێستا تێکەڵ بە هیچ کارێکی سیاسی و رێکخراوەیی نەبووە. ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بنەماڵەی ئەو لاوە دەستبەسەرکراوە هەتا ئیستا چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئاگاهیان کردووە، بەڵام لەلایەن ئەو ناوەندەوە پێیان وتراوە کە رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە. جێگەی باسە كە، فەتاح رەسووڵپوور ماوەی ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ هێزە بەسیجییەکانی ناو شاری سایین قەڵا بە کێشە و دەمەقاڵە هاتبووە و ئەو کات بۆ ماوەی دوو رۆژ دەستگیر کرابوو.

 

 

 

 

 

 

 

 

کچە شاخەوانێکی کورد لووتکەی " مەستاق ئاقا"ی چینی بڕی

کچە شاخەوانێکی خەڵکی شاری مەهاباد توانیویەتی چیایەک لەوڵاتی چین بە ناوی " مەستاق ئاقا" بخاتە ژیر پێ. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، "بەیان فەزلی" تەمەن ٢٨ ساڵ و خوێندکاریی کۆلیژی وەزرشی توانیویەتی بە سەر چیای "مەستاق ئاقا"دا سەر بکەوێ. دەوترێت کە ئەو خانمە شاخەوانە ئەو کارەی لەسەر ئەرک و تێچووی ماڵی خۆی ئەنجام داوە.بەیان فەزلی تەمەن ٢٨ ساڵ توانیویەتی بە سەر چیای "مەستاق ئاقا"دا سەر بکەوێ بەیان فەزلی ماوەی ١١ ساڵە بە کاری شاخەوانییەوە سەرقاڵە و لەو ماوەیەدا چەندین میداڵی زێڕ و زیوی بەدەست هێناوە. ئەو کچە کوردە هەتا ئێستا چەندین شاخی وەکوو بەرزایی ٥ هەزار میتری دەماوەند، عەلەم کێو، سەبەلان، ئاراراتی تورکیە و کاچاری تورکیەی بڕیوە. چەند ڕۆژلەمەوبەریش هێرۆ ئەرجوومەند شاخه‌وانێكی كچی دیکەی‌خه‌ڵكی شاری مه‌هاباد لووتكه‌ی ٧ هه‌زار و ١١٠ مه‌تری چیای کۆرژێنفسکایای تاجیکستانی خستبوویە ژێر پێ.  هێرۆ هەتا ئێستا توانیویەتی بەسەر چەندین لووتکە و چیای بەرزی وەکوو ئاگری(٥١٣٤ میتر) و چیای هەڵگورد( ٣٦١١ میتر) و چیای لنین(٧١٣٤ میتر) سەر بکەوێ. 

 

 

 

 

 

 

 

 

تەقێنەوەی مین لە کوردستان سێ قۆربانی لێكەوتەوە 

تەقینەوەی مینی بە جێ ماو لە دەورانی شەری ئێران و عێراق جارێكیتر قۆربانی لێ كەوتەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، رۆژی رابردوو، بە هۆی تەقینەوەیی مین، لە نزیکی گوندی "لەنگرێز" لە ناوچەی سەوڵاوا منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵە بە ناوی "بێهزاد ئیبراهیمی" گیانی لە دەست دا و منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵە بە ناوی "فەرشاد یەعقووبی" بە توندی بریندار بووە.  دەوترێ، ئەو دوومنداڵە خەڵکی گوندی "بێساران" سەر بە شاری مەریوانن و بارودۆخی جەستەیی فەرشاد یەعقووبی نالەبارە و لە ژێر چاوەدێری پزشکی دایە.  بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەو دوو منداڵە لە دەوروبەری پایگایەکی رووخاو خەرێکی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات بوون، لەکاتی یاری کردن بە مێنێکی نەتەقێنراو تووشی ئەو رووداوە بوون. زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە ئوستانەکانی ئیلام، کوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، کرماشان و خووزستان بوونی هەیە و زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠٠ هێکتار زەویش لە ئوستانە کوردنشینەکان بە مین ئاڵوودە کراون. جێگەی باسە كە، ئێران هەتا ئێستا ئامادە نەبووە "پەیمانی ئۆتاوا" واژۆ بکات. پەیمانی ئۆتاوا دەوڵەتەکان ئەرکدار دەکات پاش تێپەڕینی ١٠ ساڵ لە شەڕ، زەوی و ناوچە شەڕلێدراوەکان لە مین و کەرەسە جەنگییەکان خاوێن بکەنەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

مەحكوم كردنی مامۆستاێكی كورد بە 5 ساڵ زیندان

مامۆستا ناسر پیری فەقێی علوومی دینی كورد بە پێنج ساڵ زیندان مەحكوم كرا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ئەم مامۆستا كوردە لە لایەن دادگای شۆرشی شاری سنەوە بە پێنج ساڵ زیندان مەحكوم كراوە و بۆ زیندانی ناوەندی سنە گوازراوەتەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەم مامۆستا ئایینیە لە 20ی گەلاوێژی 1393 لە بازگەی زاهێدان دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتعی سنە گوازرایەوە. بە پێی وتەی نزیكانی ئەم مامۆستا كوردە ناوبراوو بە مەبەستی خوێندنی علوومی دینی رووی لە زاهێدان كردبوو و تاكوو ئێستا هیچ زانیاریێك لەمەر ئەو تۆمەتانەی كە دراونەتە پاڵی لەبەر دەستدا نییە. جێگەی باسە كە مامۆستا ناسر پیری پێشتریش بۆ ماوەی 15 مانگ لە ئیتلاعاتی شنە دەستبەسەر بووە.

 

 

 

 

 

 

 

بەرێوەچوونی دوو كۆبوونەوەی نارەزایەتی لە كرماشان

دوو كۆبوونەوەی نارەزایەتی لە شاری كرماشان لە رۆژانی سێشەممە بەرێوە چوو. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، رۆژی سێشەممە 13ی گەلاوێژی 1394، كۆمەڵێك لە كارمەندانی قەراردادی شیركەتی برقی كرماشان لە نارەزایەتی بە روون نەبوونی شێوەی كارەكەیان و هەروەها نەدانی مافەكانیان و لەبەر چاو نەگرتنی رادەی خوێندەوارییان، نەدانی مافی زیدەكارییەكانیان لە بەردەم ئیدارەی بەرقی ناوچەیی كرماشان كۆبوونەوەێكی نارەزایەتییان وەرێخست. هەر بە پێی ئەم راپۆرتە، هەر لە رۆژی سێشەممە 13ی گەلاوێژ، كۆمەڵێك لە خەڵكی وەزاڵەهاتووی ناوچەی دووی كرماشان لە بەرانبەر شارەداری ئەو شارە لە نارەزایەتی بە قیر نەكردنی شەقامەكانیان دەستیان دایە كۆبوونەوەی نارەزایەتی.

 

 

 

 

 

 

 

 

ئاورگرتنی كێوی ئاوەڵانی كامیاران بە هۆكاری ناروون

كێوی ئاوەڵان سەر بە شاری كامیاران بە هۆكارێكی ناروون ئاوری گرت. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، زەوی و كوێستانی ئاوەڵان لە گوندی كۆڵە سارە، یەمینانی عۆلیا و تاینانی سەر بە شاری كامیاران بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە ئاگردا سووتان و زەرەر و زیانێكی فراوان بەو ناوچانە گەیشتووە. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئیسمائیل پیرۆندی لە كارمەندانی سەر بە رژێمی ئاخوندی لە ئیدارەی مەنابعی تەبێعی بە هەواڵدەری حكومەتی فارسی وتووە كە، 70 بۆ 80 هەكتار لە زەوی و لەوەرگاكانی ئەو ناوچەیە لە ئاوردا سووتاون. جێگەی باسە كە خەڵكی ناوچەكە باوەریان وایە كە ئەم ئاورگرتنەی كێوەكانی كوردستان لە لایەن دەست و پەیوەندەكانی رژێمی ئاخوندییەوەیە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بەیاننامەی وەزیری بەرگری عەرەبستان و پاشای ئۆردۆن دژ بە رژێمی ئاخوندی

لە كۆتایی چاوپێكەوتنیان، ئەمیر محمەد بن سلمان وەزیری بەرگری عەرەبستان و جێگری وەلیعەهدی عەرەبستان لەگەڵ پاشای ئۆردۆن دوو لایەن بەیاننامەێكی هاوبەشیان لە مەر مەحكوم كردنی دەستێوەردانەكانی رژێمی ئاخوندی لە ناوچەكە دەر كرد. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لەم بەیاننامەیەدا عەرەبستان و ئۆردۆن داوای رێگەچارەێكیان بۆ سووریە كردووە كە ئەمنییەتی خەڵكەكە بپارێزێت. ئەوان هەروەها رووداوەكانی یەمەن و یارمەتی هاوپەیمانی عەرەبییان بە دەوڵەتی قانوونی ئەو وڵاتە تاوتوێ كرد و پشتیوانی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ ئۆردۆن لەمەر وەرگرتنی پەنابەرانی سووری پشتراست كردەوە. جێگەی باسە كە لەم بەیاننامەیەدا، هەوڵەكانی رژێمی ئاخوندی بە مەبەستی دەستێوەردان لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەكە و هەروەها نانەوەی بشێوی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستیان بە توندی مەحكوم كرد.

 

 

 

 

 

 

 

 

ئه‌ردۆغان هۆكاری‌ سه‌ره‌كییه‌ له‌ به‌رده‌م پێكنه‌هێنانی‌ حكومه‌تی‌ توركیا

به‌ پێی راپرسییه‌ك، سه‌دا 60ی‌ گه‌لی‌ توركیا پێیوایه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆمار، كۆسپ ده‌خاته‌ به‌رده‌م پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێ له‌و وڵاته‌دا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لە راپرسیێكدا كە لەو وڵاتە بەرێوە چووە، سه‌دا 89.2ی‌ به‌شداربووانی‌ راپرسییه‌كی‌ كۆمپانیای "جیزیچی‌" بۆ توێژینه‌وه‌ كه‌ له‌ 36 پارێزگای‌ توركیا ئه‌نجامیداوه‌، كه‌ 189 ناوچه‌ی‌ گرتووه‌ته‌وه‌ و 4 هه‌زار و 800 كه‌س به‌شداربوون، وایده‌بینن، پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان له‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی ناوخۆییدا له‌گه‌ڵ كورد، شكستیخواردووه‌، پێیشیانوایه‌، هیچ گۆڕانێكی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ دروست نابێت گه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت كرا. به‌شداربووانی‌ راپرسییه‌كه‌، وایده‌بینن كه‌ ده‌نگی‌ ده‌نگده‌ران له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌ختدا ئه‌گه‌ر ئه‌نجام بدرێت، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت : 42.9% بۆ داد و گه‌شه‌پێدان ، 26.3% بۆ پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌، 15.3 بۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌په‌رست و 12.3 بۆ پارتی‌ گه‌لی‌ دیموكراتی‌"هه‌ده‌پ". هه‌روه‌ها 56.8% ی‌ به‌شداربووان وای ده‌بینن، كه‌ رێگری‌ یه‌كه‌م له‌به‌رده‌م حزبه‌كان بۆ پێكهێنانی‌ ئیئتیلاف، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری‌ توركیایه‌.
ڕێکه‌و 2015-08-05 17:26:24
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )







سیاسی