هەواڵەكانی كوردستان، ئێران و جیهان 18ی گەلاوێژی 1394  

گواستنەوەی دوو گیراوی سیاسی كورد بۆ ژوری تاكەكەسی

سیروان نژاوی و عەلی ئەحمەد سلێمان دوو زیندانی سیاسی كوردی مەحكوم بە ئێعدام بۆ ژوری تاكەكەسی زیندانی تەورێز گوازرانەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، عەلی ئەحمەد سلێمان لە چوار پێشەوە و سیروان نژاوی لە دوێنی شەممە 17ی گەلاوێژی 1394 بۆ ژوری تاكەكەسی زیندانی تەورێز گوازراونەتەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەگەرەكان باس لە بەرێوەچوونی حوكمی ئێعدامی ئەو دوو زیندانیە سیاسیە كوردە دەكەن بەڵام تاكوو ئێستا هیچ سەرچاوەێك ئەم هەواڵەی پشتراست نەكردووەتەوە. جێگەی باسە كە سیروان نژاوی رۆژی 15ی پووشپەری 1390 لە شاری كەرەج بە تۆمەتی مۆحاربە لە رێگای ئەندامیەتی لە یەكێك لە حیزبە كوردییەكان دەستبەسەر و دواتر بە ئێعدام مەحكوم كرا. عەلی ئەحمەد سلێمانیش كە خەڵكی كوردستانی عێراقە، بە تۆمەتی كوشتنی دوو ئەندامی سوپای پاسداران بە ئێعدام مەحكوم كراوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

لە سنووەکانی کوردستان دوو کۆڵبەری دیکە بوونە قوربانی

 لەدرێژەی کوژرانی کۆڵبەرانی کورد، دوو کۆڵبەری دیکەی کورد بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە ناوچەی سنووری شاری سەردەشت بوونە قوربانی. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە ١٧ی گەلاوێژ، دوو کۆڵبەری کورد لە ناوچەی سنووری شاری سەردەشت دەکرێنە ئامانجی تەقەی راستەوخۆ هێزە نیزامییەکان کە لە ئاکامدا یەکێک لەو کۆڵبەرانە گیانی لە دەست دەدا و کۆڵبەرێکی دیکە بە سەختی بریندار دەبێت.  ئەو کۆڵبەرە کە گیانی لە دەستداوە خێزاندار و خاوەنی چورا منداڵە و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان رووی لە پیشەی کۆڵبەری لە ناوچە سنووری سەردەشت کردووە.بقە پێی ئەم راپۆرتە، هێزەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو ئەو دوو کۆڵبەرەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوڵلە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە. یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکانی پەرسەندنی دیاردەی کۆڵبەری، نەبوونی دەرفەتی کار، ئاوڕنەدانەوە لە دانانی سەرمایەی حکوومەتی لە ناوچە کوردنشینەکان و پێناسەی نادروست لە ئابووری سنووری،کە دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئەو کەسانە بە دوای کاردا دەگەرێن روو لە پیشەی کۆڵبەری بکەن.

 

 

 

 

 

 

 

 

رێورەسمی رۆژی هەواڵنێر لە سنە لەگەڵ رەخنەی رۆژنامەنووسان بەرەوڕووبووە

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی رۆژی هەواڵنێر لە شاری سنە لەگەڵ رەخنە و پێشوازی‌نەکردنی رۆژنامەنووسان بەرەوڕوو بووە. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە ١٤ی گەلاوێژ، رێوڕەسمێک بە بۆنەی رۆژی هەواڵنێر لە شاری سنە بە بەشداری ئوستانداری سنە و هێندێک لە بەرپرسانی حکوومەتی لە هوڵی سینەما بەهمەنی ئەو شارە بەڕێوەچوو. دەوترێ، بریاربووە بەڕێوەچوونی رۆژی هەواڵنێر لە شاری سنە بەبێ بەشداری بەرپرسانی حکوومەتی و جیاواز لە ساڵانی پێشوو بەڕێوە بچێت. ئیجلال قەوامی رێورەسمی رۆژی هەواڵنێر لە شاری سنە وەک رێورەسمی "کەیک ساندیس" ناو برد ناوبراو لە درێژەدا وتی: بەداخەوە لەو رێوڕەسمە بەجێگەی ئەوە باس لە مافی پیشەیی رۆژنامەنووسان و خەسارناسی لەو بواردا بکرێت، ئەمسالیش بوو بە تریبووونی بەرپرسانی حکوومەتی. بەشێک لە رۆژنامەنووسان و هەوااڵنێران لە شاری سنە وەکوو ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێچەوانەی بەڵێنی "خانەی مەتبوعات کوردستان"، لە بەشداریکردن لەو رێوڕەسمەدا خۆیان بوارد.

 

 

 

 

 

 

 

 

زیندانیێكی كورد بە 10 ساڵ زیندان حوكم درا

نامێق دڵدڵ شارۆمەندی خەڵكی بۆكان، كە لە زیندانی ئەوین راگیراوە بە 10 ساڵ زیندان حوكم درا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لقی 28ی دادگای شۆرش بە سەرۆكایەتی قازی مۆقەیسە نامێق دڵدڵی بە 10 ساڵ! زیندان مەحوكم كرد. بە پێی ئەم راپۆرتە، دادگایی ئەم زیندانییە كوردە بە بێ پارێزەر بەرێوە چوو و سەرەرای تێپەربوونی 15 مانگ زیندان و سپاندنی سزای 10 ساڵ زیندان هەروەها لە بەندی 209ی زیندانی ئەوین راگیراوە. جێگەی باسە كە، نامێق پێشتر بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زیندانی رەجایی شار زیندانی بوو كە دوای ئازاد بوونی بۆ جارێكیتر لە شاری بۆكان بە هۆكاری ناروون دەستبەسەر كراوەتەوە. دەوترێت كە هۆكاری دەستبەسەری ناوبراوو چالاكی دینی و چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێبی ئەهلی سوننەتە.

 

 

 

 

 

 

 

ئه‌مه‌ریکا خه‌یانه‌ت به‌ کورده‌کانی سووریای ڕه‌تکرده‌وه‌ 

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت: ڕێککه‌وتنی ئه‌مه‌ریکا و تورکیا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش، ئیزن به‌ تورکیا نادات هه‌ڕه‌شه‌ بکاته‌ سه‌ر کورده‌کانی سووریا یان بنکه‌ و باره‌گای ئه‌وان بۆردومان بکات. به‌پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، تورکیا پاش چه‌ندین مانگ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ که‌ڵک وه‌رگرتنی ئه‌مه‌ریکا و هێزی هاوپه‌یمانان له‌ بنکه‌ ئاسمانییه‌کانی خۆی بۆ بۆردومان کردنی مۆڵگه‌کانی داعش له‌ سووریا، له‌مدواییانه‌دا پاش ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا، ئیزنی به‌و وڵاته‌ داوه‌ بنکه‌ ئاسمانییه‌کانی تورکیا بۆ بۆردومان کردنی مۆڵگه‌کانی داعش به‌کار بێنێت. ژماره‌یه‌ک له‌ شرۆڤه‌کاران و میدیاکان له‌و ڕێککه‌وتنه‌ وه‌کوو خه‌یانه‌تی ئه‌مه‌ریکا به‌ کورده‌کانی سووریا و گڵۆپی سه‌وز نیشاندانی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌ تورکیا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ کورده‌کانی سووریا ناویان بردووه‌. به‌ پێی ڕاپۆرتی ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، مارک تونر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا ڕۆژی هه‌ینی له‌ لێدوانی ڕۆژنامه‌وانی و له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تبارکردنی ئه‌مه‌ریکا به‌ خه‌یانه‌ت به‌ کورده‌کانی سووریا وتی: ئێمه‌ به‌ ئاشکرایی له‌باره‌ی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (YPG) له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیا قسه‌مان کردووه‌. زیادیشی کرد: نابێت هه‌ڕه‌شه‌ بکرێته‌ سه‌ر ئه‌‌و هێزانه‌ و یان بنکه‌ و باره‌گاکانیان بۆردومان بکه‌ن.

 

 

 

 

 

 

 

 

رەدكردنەوەی روونكردنەوەكانی رژێمی ئاخوندی لەمەر سایتی پارچین

رژێمی ئاخوندی لەمەر چالاكی و هاتوچۆی تانكەر و بارهەڵگر لە دەورووبەری سایتی نیزامی پارچین رایگەیاندبوو كە سەر قاڵی كاری رێگا سازین، كە ئەم روونكحردنەوەی رژێمی ئاخوندی لە لایەن ناوەندێكی ئەمریكاییەوە رەد كراوەتەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، رۆژی شەممە 17ی گەلاوێژی 1394، بانكی فكری ئەمریكایی روونكردنەوەكانی رژێمی ئاخوندی لەمەر چالاكی لە سایتی نیزامی پارچین رەد كردەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەنستیتۆی علووم و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی لە چاودێریێكی ورددا رایگەیاند، ئەو عەكسە ماهوارەییانەی كە لە پارچین گیراون روونكردنەوەكانی رژێمی ئاخوندی ناسەلمێنێت و بە كارهێنانی ماشین پەیوەندی بە جادە سازییەوە نییە. جێگەی باسە كە ئەو ئەنستیتۆیە چەند رۆژ پێش رایگەیاندبوو كە رژێم سەرقاڵی پاككردنەوەی سایتی نیزامی پارچینە پێش لە سەردانی لێكۆلەوەران.

 

 

 

 

 

 

 

 

له‌باره‌ی‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتییه‌وه‌، ئه‌ڵمانیا بڕیارێكی‌ نوێی ده‌ركرد

ئه‌ڵمانیا بڕیارێكی‌ نوێ له‌باره‌ی‌ مانه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران له‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌رده‌كات، كه‌ به‌پێی بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌، بارودۆخی‌ وڵاتی‌ دایك هه‌رچۆنێك بێت، په‌نابه‌ر له‌ دوای‌ سێ ساڵ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌، مافی‌ مانه‌وه‌ی‌ هه‌تاهه‌تایی وه‌رده‌گرێت. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، سایتی‌ فه‌رمی‌ وه‌زاره‌تی‌ كۆچ و په‌نابه‌رێتی‌ ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر سایتی‌ فه‌رمی‌ خۆی‌ بڵاویكرده‌وه‌، مافی‌ مانه‌وه‌ی‌ هه‌تاهه‌تایی ده‌درێت به‌ په‌نابه‌ر له‌ دوای‌ ته‌واوبوونی‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی كه‌ بۆ سێ ساڵه‌، به‌ بێ ره‌چاوكردنی‌ بارودۆخی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆی‌ كه‌ به‌ وڵاتی‌ دایك داده‌نرێت. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، ته‌نها له‌و حاڵه‌ته‌ مافه‌كه‌ نادرێـت، كه‌ په‌نابه‌ر خۆی‌ داوای‌ نه‌كا ئه‌و مافه‌ی‌ پێبدرێت, وه‌زاره‌تی‌ كۆچ و په‌نابه‌رێتی‌ ئه‌ڵمانیا، وایده‌بینێت كه‌ 95% په‌نابه‌ران، له‌ كۆتاییدا و دوای‌ ته‌واوبوونی‌ ماوه‌ی‌ سێ ساڵی‌ وه‌رگرتنی‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌، مافی‌ مانه‌وه‌ی‌ هه‌تاهه‌تایی وه‌رده‌گرن. وه‌زیری‌ كۆچی‌ ئه‌ڵمانی‌، ئه‌وه‌ی‌ ئاشكراكرد، كه‌ له‌ 1ی‌ 8ی 2015ـه‌وه‌، ئه‌م بڕیاره‌ چووه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌
ڕێکه‌و 2015-08-09 15:37:27
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )







سیاسی