بەرێوەچوونی چوارەمین پلینۆمی كومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی پێنجەمی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران رۆژانی سێ شەممە و چوارشەممە و پێنج شەممە رێكەوتی 20 و 21 و 22ی گەلاوێژی 1394 بە ئامادەبوونی  ئەندامانی سەركردایەتی لە بنكەی ناوەندی سازمانی خەبات چوارەمین پلینۆمی كومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی پێنجەمی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بەرێوە چوو. 

سەرەتای كاری پلینۆم بە دەقیقەیێك وێستان و فاتیحایێك بۆ رێزگرتن لە روحی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد و پاشان بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستان راپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی خۆی بۆ پلینۆمی چوارەم پێش كەش كرد. 

 راپۆرتی بەرێوەبەری گشتی  شیكردنەوە و باسێكی تێر و تەسل لەسەر دوایین ئاڵوگۆر و پێشهات و رووداوەكانی جیهانی و ناوچەیی و كوردستان و ئێران و بزووتنەوەی رزگاریخوازانە و سازمانی خەبات ی كوردستانی لە خۆ گرتبوو كە لەسەر هەر كام لەو تەوەرانە دید و بۆچوون و خوێندنەوەی خۆی پێش كەش بە پلینۆمی چوارەم كرد. 

صورة

بەرێز حسێنی لە سەرەتای قسەكانی بە ئاوردانەوەیێك لە سەر بارودۆخ و نەخشەی سیاسی جیهان تیشكی خستە سەر سیاسەتی هەنووكەیی جیهانی و بابەتی وەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی و بەربەرەكانێی ترۆریزم و دابین كردنی ئەمنیەتی جیهانی و لەو پێوەندییەش دا وێرای بەرز نرخاندنی كۆمەڵیك لەهەوڵە جیهانیەكان، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی زاڵ بوونی سیاسەتی پەیرەوی كردن لە بەرژوەندییەكان و دارشتنی سیاستی گشتی لەسەر ئەو بناغەیە كۆمەڵیك لە خوێندنەوە و هەوڵەكانی بە زیانبار بۆسەر چارەنووسی گەلانی بن دەستی جیهان و دواجار ناتەبا لەگەڵ بایەخە جیهانی و ئەمنیەت و ئاشتی جیهانی لێكدایەوە. بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی لەو تەوەرەی باسەكانی دا تیشكی خستە سەر بلۆكبەندییە جیهانیەكان و سەرەرای ئەوەی كە پێی وابوو بە كۆتایی هاتنی سەردەمی دوو زلهێزی ، كاراكتێری نوێ لە پانتایی سیاسی جیهان بوونیان هەیە بەڵام مەیلێك بۆ سەرلەنوێ زیندووكردنەوەی ئەو قۆناغە لە لایەن زلهێزەكانەوە دەبیندرێ‌ و بەشێك لە رەوتی رووداوە جیهانیەكان كاریگەری و باندۆر لەو راستیە وەردەگرن و هەر بۆیەشە بوونی ئەو پێكدادانە شاراوانە بەربەستێكی گەورە بووە بۆ دروست بوونی هاودەنگی جیهانی لەبەرانبەر چەندین روداوی گرینگ و چارەنووس سازدا و یەك لەوان سیاسیەتی هاڕینی بەرژوەندیی گەلانی ژێر ستەم لە نێو بەرداشی بەرژەوەندیی زلهێزەكان هەر وا بوونی هەیە و دەبیندرێ‌.  بەرێز حسێنی لەو بەشە دا ئاماژەی بە سیاسەتی دروستی سازمانی خەبات ی كوردستان و پێداگری لەسەر بەرەوام بوون لەسەر ئەو سیاسەتە كرد و جارێكی تر پێداگریی لەسەر ئەوە كرایەوە كە سەرمایەدانان لەسەر سیاسەتی بەرژوەندیی خوازانەی نێونەتەوەیی هەڵەیە و لەچاوەروانی مانەوە بۆ هاوتەریب بوونی بەرژوەندییەكانیش بەفیرۆ دانی كات و شوێن كەوتنی خەیاڵ و ناراستیە، جیاواز لەوەی كە لەهاتنە ئارای هەر دەرفەتێكی نێونەتەوەیی پێویستە زۆرترین سوود بە قازانجی نەتەوەكەمان وەدست بێنین و رەدكردنەوەی هەر جۆرە دەرفەتێكی لەم شێوەیە لەژێر هەیمەنەی فكری دژی ئیمپریالیستی بەهەمان رێژەی سیاسەتی چاوەروانی هەڵە و ناتەبا لەگەڵ سیاسەتی ژیرانەیە.  

بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی لەبەشێكی تری قسەكانی دا بە ئاماژە دان بە بەهاری عەرەبی و ئاكامە باش و خراپەكانی و كاریگەرییەكانی و سەرهەڵدانی داعش وەكوو دوایین دەركەوتەی ئەو قۆناغە، سەرەڕای نەپێكانی ئامانجی دامەزراندنی ئاشتی و دیموكراسی و لەناوچوونی فكری دیكتاتۆریەت لە ناوچەكەدا،بەڵام لە حاستی نەتەوەیی بە دەرفەتێكی نوێ بۆ بردنەپێشەوەی دۆزی رەوای كورد لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەیی لێك دایەوە و ووتی: ئەگەر ناوچەكە هەروا لە قەیران دایە و ئاڵۆزی و بشێوییەكان كۆتایی پێنەهاتووە و بە جۆرێك بە هاتنی داعش ئاستی تێچووی ئیرادەی گۆرانی گەلانی ناوچەكە بەرزتر بۆتەوە، بەڵام لەهەمانكاتیشدا ئەو قۆناغە بوو بە دەرفەتێكی نوێ تا كورد بتوانێ‌ كێشەی خۆی بباتە پێشەوە و بە قازانجی خۆی كەڵكی لێوەربگرێ‌ و هەم وەك قوربانیەكی گەورە لێی برواندرێ‌ و هەم وەك لایەنێكی بەرگریكاری شوێندانەر لەبەرانبەر شەپۆلی ترۆریزم حیسابی لەسەر بكرێ‌ و ترافیكی دیپلۆماسی نێونەتەوەیی كورد بباتە سەر. هەر لەو پێوەندییەدا گرینگی رووبەرووبوونەوەی هێزی ترۆریزمی داعش وەبیرهێندرایەوە و تێكەڵ بوونی سازمانی خەبات بەو جەنگە بە سیاسەتێكی دروست و ژیرانە سەرەرای لایەنە نەتەوەیی و مرۆڤایەتیەكانی لێكدرایەوە. هەر لەو پێوەندییەدا زەورەتی یەكریزی نەتەوەیی بیر هێندرایەوە بۆ باشتر بە پیرەوە چوونی ئەو قۆناغە نوێیە.

هەر لە بەشی ناوچەكە بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی وریایی لەسەر هەوڵە شەرئەنگێزەكانی رژیمی ئاخوندیی دووپات كردەوە و ووتی: دەوری رژیمی ئێران لە ناوچەكە دا دەورێكی تێكدەرانە و بە پێچەوانەی قازانجی گەلانی ناوچەكەیە و هەموو هەولێكی دەسەڵاتدارانی ئێران ئەوەیە كە جیهان سەرقاڵ بكاو بە دەست تێوەردانەكانی بشێوی ناوچەكە پەرە پێبدەن و ترۆریزم و ئاژاوە بەربلاوتر بكەنەوە.  هەر چەند جێگەی خۆشحالیە كە بە وریابوونەوەی گەلانی ناوچەكە ئەو سیاسەتە شاراوانەی دەسەلاتی ئێران رۆژ لەدوای رۆژ ئاشكراتر دەبێ و هەر بۆیە شاهیدی بڕینەوەی دەستی تێكدەرانەی ئاخوندان لە ئاستی ناوچەكەین و دووركەوتنەوەی لایەنە هاوپەیمانەكانی وەك حەماس و دروست بوونی هاوپەیمانەتی لە بابەتی یەمەن و حوسیەكان لەدژی ئێران و راپەرینی خەڵكی عێراق و ناچار كردنی حكوومەتی عیبادی بۆ چاكسازیی دەكرێ‌ وەك دەركەوتەكانی ئەو بابەتە تەماشا بكرێن. ئەوەی جێگەی تێرامانە غافڵ نەبوونی جیهان لەراست سیاسەتی پشتیوانی لە ترۆریزمی رژیمی ئاخوندانە و لەدوای رێكەوتنە ئەتۆمیەكەی وەڵاتانی 1+5 لەگەڵ ئێران و ئازاد كردنی پووڵە بلۆككراوەكانی رژیم  ئەو مەترسیە زیاتر خۆ دەنوێنی و پێویستە رێگری لە بەرەوپێش بردنی  سیاسەتە نگریسەكانی ئاخوندان بكرێ‌.  

لەدرێژەی راپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات باسی كورد بە گشتی و بارودۆخی سیاسی هەر كام لە پارچەكانی كوردستان كرا و لە بەشی كوردستانی عێراق درێژە خایاندنی پرۆسەی سازان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بە زیانبار زاندرا و لەو پێوەندییەدا راگەێندرا كە سازمانی خەبات وێرای ئەوەی هیوا دەخوازێ‌ بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان بە زووترین كات لەهەمان كاتیشدا بێ لایەنی خۆی دەپارێزێ‌ و پشتگیری پرۆژەیێك دەكات كە ئەنجامەكەی پاراستنی قازانجی خەڵكی كوردستان و پتەوتر كردنی رێزی هێزە سیاسیەكانی كوردستانی عێراق بێ. لە باسی كوردستانی تركیا وێرای ئەوەی كە دەركەوتنی ئەمجارەی كورد لە هەڵبژاردنەكانی تركیا بە سەركەوتنێكی گەورە لێكدرایەوە سیاسەتی هێرشبەرانەی دەوڵەتی تركیا بە زیانبار زاندرا و مەحكووم كرا و هەروەها تێكچوونی پرۆسەی ئاشتی بە مەترسیەك بۆ سەر ناوچەكە و وەلاتی تركیا لێكدرایەوە و داوا كرا كە گەلی كورد لەو بەشەی كوردستان زۆر بە وریایی مامەلە لەگەڵ ئەو دۆخ و قۆناغە نوێیە دا بكات. 

بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات لە بەشێكی تری راپۆرتەكەی ئاماژەی بە دوایین گۆرانكارییەكانی وەڵاتی ئێران كرد و تێیدا رێكەوتننامەی وەڵاتانی 1+5 لەگەڵ دەسەڵاتدرانی ئێران كرا بە تەوەری ئەو باسە. لەو پێوەندییەدا بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ووتی: خودی ئەنجامی ووتووێژەكان سەرەرای ئەوەی كە زۆری خایاند بەڵام شكست و جامێكی ژەهری تر بوو بۆ دەسەڵاتدرانی ئێران چوونكە هەموو شاراوەكاریی و تێچووە گەورەكانی رژیم لە پێوەند بە بەرنامەی ناوكەیی بۆ ئەوە بوو كە ئێران دەستی بە چەكی ناوكەیی بگات و وەدی نەهاتنی ئەو خەونە بە واتای شكستی ئاخوندان دێ‌. لەگەڵ ئەوەش ئاماژە بەوە كرا كە هێشتا دوورە دیمەنی ئەو رێكەوتنە یەكجار ناروون و لێڵە و هیچ زەمانەتێك لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێران بوونی نییە بۆ پێبەند بوونی ئەو رێكەوتننامەیە و هێشتا لەمپەری زۆر جیددی لە هەر دوو لایەنی رێكەوتنەكە بوونی هەیە. سەرەرای ئەوەش ئەوە پێداگری لەسەر كرا كە گریمانەی كرانەوەی ئێران لە راست خەڵكی ئێران و لاچوونی فشارەكان لەسەر خەڵك وەك چۆن هیندێك لە خەڵك بە رژانە سەر شەقام ویستیان ئەو خوێندنەوەیە بچەسپێنن لێكدانەوە و گریمانەیێكی هەڵەیە و رژیم لە یەكەم كاردانەوە و هەڵوێستەكانی بە راگەیاندنی پووڵە بلۆككراوەكانی بە 29 میلیارد دۆلار لەكاتێكدا كە ئەو رێژەیە بڕی 150 میلیارد دۆلارە، ئەو راستیەی دووپات كردەوە و رژیم لەسەردەمی پێش ووتووێژەكانیش ئەو راستیەی نیشان دابوو كە  پووڵە نەتەوەیی و گشتیەكان هەرگیز ناچنە ناو گیرفانی گەلانی ئێران و زیاتر بۆ بردنەپێشەوەی سیاسەتە شەرئەنگێزییەكانی خۆی داهاتی گشتی بە كار هێناوە. باسی خەراپ بوونی رەوشی مافی مرۆڤ و بە تایبەتی پەرەسەندنی رێژەی ئیعدامەكان یەكێكی تر لە تەوەرەكانی راپۆرتی  بەرێوەبەری گشتی بوو و لەو بارەوە سیاسەتی رۆژئاوا درایە بەر رەخنە و فەرامۆش كردنی ئەو باسە گرینگە لە ووتووێژّەكانی رۆژئاوا لەگەڵ ئێران بە درێژەی سیاسەتی بەرژوەندیی خوازانەی رۆژئاوا لێكدرایەوە و درایە بەر لۆمە. هەر لەو باسە دا بەرێوەبەری گشتی رایگەیاند كە ئەو رێكەوتنە دەستی دەسەلاتدرارانی ئێران بۆ سەركووت و چەوسانەوەی زیاتری خەڵكی ئێران واڵاتر دەكاتەوە و بێگومان دەبێ چاوەروانی بەرەوسەر چوونی رێژەی پێشیڵكردنی مافەكانی مرۆڤ بین.  سیاسەتی نەرم و نیانی لەگەڵ ئێران بە سیاسەتێكی شكست خواردوو لێكدرایەوە و تەنیا رێگەچارە رووخانی ئەو دەسەڵاتە لە لایەن خەڵكی ئێران زاندرا و هەر لەو پێوەندییەش دا یەكگرتوویی و یەكریزی هێزە دژبەرەكانی ئاخوندان بە خاڵیكی گرینگ وەسف كرا و هاوپەیمانەتی سازمانی خەبات و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران بە گرینگ و بەردەوامی و پەرەدان بەو جۆرە هاوكارییانە بە زامنی زاڵ بوون بە سەر دیكتاتۆری ئاخوندان لێكدرایەوە. 

بەرێز بەرێوەبەری گشتی لە باسی كوردستانی ئێران و دۆخی سیاسی و ئالوگۆر و پێشهاتەكانی دا ئاماژەی بەوە دا كە سیاسەتی رژیمی ئاخوندی لەبەرامبەر گەلی كورد هیچ گۆرانكاریێكی بە لایەنی باشی دا بەسەر نەهاتووە و ستەمی نەتەوایەتی لە سەرجەم رەهەندەكانیەوە نەك تەنیا وەك خۆی ماوەتەوە بەڵكو زیاتر پەرەی پێدراوە و روانگەی ئەمنیەتی بەسەر كوردستاندا زاڵە. لەبواری سیاسی رێگە بە بچووكترین نارەزایەتی نادرێ‌ و هەر جووڵەێكیش سەپاندنی تاوانی زۆر قورس و لە ئەنجام دا ئیعدام و كوشتنی لێدەكەوێتەوە و هەر لەو پێوەندییەشدا ئیعدامە سیاسیەكان لە كوردستانی ئێران بەرزترین رێژەی تەرخان كردووە بۆ خۆی. دوایین ئیعدامە سیاسیەكانیش لە سێدارەدانی سیروان نژاوی بە تاوانی پێوەندیی بە حیزبە كوردستانیەكانەوە بوو و لەگەڵ ئەوەشدا نزیك بە 30 كەسی تر لە رۆڵەكانی كورد چاوەرێی بەرێوەچوونی حوكمی ئیعدامن. لەگەڵ ئەوەش بەبەردەوامی چالاكانی مەدەنی و كرێكاریی و خوێندكاریی و ژینگە پارێز و هتد.... بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات دەكرێن و دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و خەسارە كۆمەلایەتیەكانی وەك مادەی هۆشبەر و فەحشا بێداد دەكات و  بە نیسبەت بواری ئابووریش  سیاسەتی جیاوازیی دەسەڵات لەراست خەڵكی كوردستان ئەوەندەی تر ژیانی خەڵكی تووشی قەیران كردووە و ئەگەر خەڵكانێكیش بە ناچاری روو لە كۆڵبەری لە سنوورەكان بكەن ئەوە لەگەڵ گووللە و دەست بەسەرداگرتنی كەل و پەلەكانیان رووبەروو دەبنەوە. كوردستان لە بواری بێكاری خاوەنی زۆرترین رێژەیە و دەرئەنجامی ئەو بێكاریەش پەرەسەندنی خەسارە كۆمەڵایەتیەكان لە كوردستانە. لەگەڵ هەموو ئەو بێ بەشی و سەركووت و ستەمانە تەنانەت بچووكترین مافیش بە گەلی كورد رەوا نابیندرێ‌ و رووخاندنی مزگەوتی سووننیەكان لە شاری تاران بە نمونەیێكی بەرچاوی سیاسەتی هەڵاواردن و دژی گەلی بوونی دەسەڵاتدارانی ئێران لێكدرایەوە و مەحكووم كرا.لەئاوا هەل و مەرجێكدا روحانی سەرۆك كۆماری رژیمی ئاخوندی سەردانی پارێزگای سنە دەكات و  وا دەنوێنێ‌ كە كوردستان لە لای دەوڵەت بایەخی هەیە و گرینگی پێدەدرێ‌ كە خوشبەختانە وریایی خەڵكی كوردستان جارێكی تر پیلانە شوومەكانی دەسەڵاتداران  پووچەڵكردەوە و بە نەچوونە شوێنی قسەكردنی روحانی و بەتاڵ بوونی گۆرەپانی قسەكردنەكەی دەوڵەتیش ئەو راستیەی بۆ سەڵما.  هەر لەو پێوەندییەدا بەرێوەبەری گشتی ئاماژەی بە ئاستی بێزاری خەڵكی كوردستان كرد و ووتی كە كوردستان هەروا نمونەی خۆراگری لەبەرانبەر دیكتاتۆری ئاخوندییە و  بێگومان بە هاتنی هەر دەرفەتێك كوردستانیان لە ریزی یەكەمی خرۆشان و راپەرینەكان دا دەبن. 

بەرێوەبەری گشتی لە پێوەند بە باسی جولانەوەی رزگاریخوازانەش زەرورەتی یەكریزیی و ئامادەبوون بۆ قۆناغی نوێی دوای رێكەوتننامە ئەتۆمیەكەی وەبیر هێنایەوە و بە باس كردن لە پیلانگیرییەكانی دەسەڵات لەراست هێزە تێكۆشەر و بە گشتی جولانەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی پێكهێنانی بەرە یان پلاتفۆرمێكی سیاسی بە گرینگترین ئەركی هێزە سیاسیەكان هێنایە ئەژمار. لەو پێوندییە دا دەسپێكی خولێكی نوێ بۆ وەدی هێنانی بابەتی یەكریزیی و تەبایی و هاوكاریی هێزە سیاسیەكانی  بە ئەركێكی زەروری زاندرا و هەر لەو پێوەندییەش دا ئامادەبوونی سازمانی خەباتی بۆ هەر جۆرە هەولێكی لەم چەشنە دووپات كردەوە. 

دوا هەمین برگەی راپۆرتی بەرێز بەرێوەبەری گشتی باسی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بوو كە لەم بەشەدا بە تێرتەسلی راپۆرتی كار و چالاكی و هەڵسوورانی سازمانی خەبات لە ماوەی نێوان دووپلێنۆم دا  پێش كەش كرا و بە پشت بەستن بەو راپۆرتە گۆرانكاریی و پڕ كردنەوەی كەم كوورییەكان خرایە دەستووری كاری پلینۆمی چوارەمی كومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێرانەوە. .  

لەدوای كۆتایی هاتن بە راپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی بەرێوەبەری گشتی قسە و باسێكی گەرم لەسەر ناوەرۆكی راپۆرتەكە كرا و راپۆرتی بەرێوەبەری گشتی بە كۆی دەنگ پەسەند كرا. 

لە پاش پەسەند كردنی راپۆرتی بەرێوەبەری گشتی بەرپرسی هەر كام لە كومیسیۆنەكانی سازمان راپۆرتی كاری خۆیان لەماوەی نێوان دوو پلینۆم پێش كەش كرد و سەبارەت بە هەركام لە بەشەكان قسە و باسێكی گەرم و تێر و تەسل كرا و خاڵە ئەرێنی و بێ هێزییەكانی بەشەكان و كەند و كۆسپ و رێگەچارەكان لەراست باشتر كردنی كاروباری ئورگانەكانی سازمان پێش كەش كرا و چەندین ئالوگۆر و رێوشوێنی پێویست بە نیسبەت هەر كام لە ئورگانەكان چەسپا.

لەژێر رۆشنایی راپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات بەرنامە و كاریی داهاتووی سازمانی خەبات بۆ بردنە پێشەوەی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەكەمان دیاری كرا و  بە بەلێنی بەردەوام بوون لەسەر ئەرك و كارە تەشكیلاتیەكان كاری پلینۆم لە دوای 2 رۆژ و نیو كۆتایی پێهات.    

صورة
ڕێکه‌و 2015-08-15 11:18:22
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی