هەواڵەكانی كوردستان، ئێران و جیهان 29ی گەلاوێژی 1394  

لەمەریوان مانۆڕی نیزامی ئاگرکەوتنی داربەڕووەکانی لێکەوتەوە

 مانۆڕی نیزامی ئەرتەش لەمەریوان، ئاگرکەوتنەوەی لە داربەڕووەکانی زەنجیرە چیای زاگرۆسی لەکوردستان بەدوای خوێدا هێنا. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژ، لەئەنجامی بەرێوەچوونی مانۆڕی نیزامیی تیپی ٣٢٨ هێزە چەکدارەکانی رژێمی ئاخوندی ئێران لەشاری مەریوان دارستانەکانی "کانی‌قوڵجان" هەڵکەوتوو لە ١٥کیلومێتری باکووری رۆژئاوای ئەو شارە لە ئاگردا سووتان. دەوترێ، بەهۆی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە چەندین هێکتار لە داربەڕووەکانی ئەو ناوچەیە لەناو چوون. لەماوەی چەندساڵی رابردوودا ئەو ناوچەیە بە بەردەوامیی تووشی ئاگرکەوتنەوە بووە. لەدرێژەی تەشەنەسەندنی ئاگرکەوتنەوەکان و خەمڵاندنی رێژە و خەساری بەرکەوتوو لە دارستانەکانی زاگرۆس، ئەندامانی ژینگەپارێزی شارەکانی، مەریوان، پاوە، سنە، ئیلام، سلاسی‌باوەجانی و جوانڕۆ و بەشێک لەچالاکانی ژینگە بۆ ئاڵوگۆڕی بیر و ڕاگۆڕێنەوە و چۆنیەتی پێشگیری لەو ئاگرکەوتنەوانە لەشاری مەریوان کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە بردووە.

 

 

 

 

 

 

 

 

کۆڵبەرێکی خەڵکی ورمێ بەتەقەی هێزە نیزامییەکان گیانی لەدەست دا

کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لەناوچەسنوورییەکانی مڕگەوەری سەبەر ورمێ بەدەستی هێزە نیزامییەکانی رژێمی ئاخوندی ئیران گیانی لەدەست دا. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژ کۆڵبەرێک بەناوی "باباخان ئەحمەدوەش" تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "کەچەڵە"ی سەر بە ورمێ بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لەناوچە سنوورییەکانی مڕگەوەر گیانی لەدەست دا. ئەو کۆڵبەرە کوردە خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بووە و بەمەبەستی دابینکردنی بژیوی ژیانی رووی لەناوچەسنوورییەکانی ئێران ــ تورکیە کردبوو. سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کرد، تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە رەوانەی پزیشکی دادوەریی ورمێ کراوە و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

گواستنەوەی زیندانیێكی سیاسی كورد بۆ زیندانی ئەراك

سمكۆ خەلقەتی زیندانی سیاسی كورد لە زیندانی ئەوینەوە بۆ زیندانی ئەراك گوازرایەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، سمكۆ خەلقەتی زیندانی سیاسی كورد، كەماوەی 15 ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپاوە و لە ئێستادا پێنج ساڵ و نیو لەو ماوەیەی تێپەراندووە لە بەندی 7ی زیندانی ئەوینی تارانەوە بۆ زیندانی ئەراك گوازراوەتەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، سمكۆ خەلقەتی خەڵكی مەهاباد، خاوەنی مەدەرەكی مۆهەندسی متالۆژی لە زانكۆی سەنعەتی شەریف لە 28ی سەرماوەزی 1388 لە شاری ئەراك بە تۆمەتی كردەوە دژبە بەرژەوەندی نیزام لە رێگای ئەندامبوون لە یەكێك لە حیزبە كوردییەكان دەستبەسەر و بۆ ماوەی 15 ساڵ زیندانی یەسەردا سەپاوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

مەرگی كرێكارێكی كورد بە هۆی رووداوی كار لە شاری سنە

بە هۆی نەبوونی پێداویستی ئیمەنی لە كاتی كاركردندا كرێكارێكی كورد لە شیركەتی پترۆشیمی سنە گیانی لە دەست دا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، كرێكارێكی كورد بە ناوی كاوە مەلەكی لە كاتی كاركردنیدا لە شیركەتی پترۆشیمی سنە، بە هۆی نەبوونی كەل و پەلی ئیمەنی گیانی لە دەست دا. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەم كرێكارە بە ئەمری وەستا كارەكەی دەرواتە ناوو لوولەێك كە پانتاییەكەی 1 مەتر و 20 سانت بووە و پێنج مەتریش درێژ بووە بۆ برینەوەی كە لە كاتی كاركردنیدا بە هۆی نەبوونی هەواوە بانگ دەكات كە خنكام بەڵام خاوەن كارەكە دەلێت دەبێت چاوەروانی گرووپی ئیمداد بین، كاتێكە ئەو گرووپە دین دەبینن دوو كەپسوولی ئۆكسیژن خالییە و ئەم لاوە كرێكارە گیانی لە دەست دەدات.

 

 

 

 

 

 

 

 

كوژرانی زیاتر لە 215 هەزار كەس لە سووریا

 له‌و کاته‌وە که‌ شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ سووریا ده‌ستیپێکردووه‌ تاکووئێستا 215 هه‌زار و 834 که‌س کوژراون که‌ 180 هه‌زار و 455 که‌س له‌وان خه‌ڵکی مەدەنی سووریان. به‌پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا له‌ ڕاپۆرتێکی خۆیدا باسی له‌ ئامار و ڕێژه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی سووریا له‌ ماوه‌ی ده‌ستپێکردنی ئه‌م شه‌ڕه‌ تاکوو ئێستا کرد و ڕایگه‌یاند: له‌ مانگی مارسی 2011وە که‌ شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ سووریا ده‌ستیپێکردووه‌ تاکوو ئێستا 215 هه‌زار و 834 که‌س کوژراون. هه‌روه‌ها له‌م ڕاپۆرته‌دا هاتووه‌: له‌ نێوان کوژراوه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆیی سووریا 18 هه‌زار و 437 منداڵ و 18 هه‌زار و 627 ژن ده‌بینرێت. هەروەها 2 میلیۆن و 900 هه‌زار بینا له‌وانه‌ ماڵ، نه‌خۆشخانه‌، قوتابخانه‌، مزگه‌وت و دیکه‌ی بیناکان خه‌ساریان به‌رکه‌وتووه‌ که‌ له‌ نێوانیاندا 920 هه‌زار بینا جێگای نیشته‌جێ بوون نه‌بووه‌ و به‌کار نه‌هێنراوه‌. له‌ نێوان ئه‌م بینا ڕووخاوانه‌دا 2 هه‌زار و 91 مزگه‌وت، 41 کڵێسه‌ و 327 نه‌خۆشخانه‌ هه‌یه‌. له‌م ڕاپۆرته‌دا به‌ شێوه‌ی تایبه‌تی ئاماژه‌ دراوه‌ به‌ پێکادانه‌کانی کوردستانی سووریا. به‌ گوێره‌ی ئامار و ڕێژه‌ی ئاراسته‌کراو به‌هۆی پێکادانی نێوان چه‌کدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق و شام (داعش) له‌گه‌ڵ یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (YPG) باڵی سه‌ربازی پارتی یه‌کێتی دیموکراتیکی سووریا (PYD) تا ئێستا 8 هه‌زار و 450 که‌س کوژراون که‌ 237 که‌سیان خه‌ڵکی مەدەنی ناوچه‌که‌ بوونه‌. هه‌روه‌ها له‌م ڕاپۆرته‌دا ئاماژه‌ دراوه‌: به‌هۆی بۆردومانی فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی هێزی هاوپه‌یمانان به‌ سه‌رکردایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا 233 هاووڵاتی سووریا گیانی خۆیانیان له‌ ده‌ست داوه‌.

 

 

 

 

 

 

 

 

نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی جەنگی یەمەن نزیکەی 400 منداڵ کوژراون

لە ئەنجامی شەڕو پێکدادانەکانی یەمەن نزیکەی 400 منداڵ کوژراون و 400 منداڵی دیکەش لەم شەڕەدا بەکارهێندراون.  بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان،نەتەوە یەگرتووەکان لە بارەی شەری یەمەن راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە تاکو ئێستا 398 منداڵ کوژراون و 377 منداڵی دیکەش لەم شەڕەدا بەکارهاتوون، هاوکات راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەلایەن ئاژانسی بەشی منداڵانی نەتەوەیەکگرتووەکان یونسێف  بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، تەنیا لەم ماوەیەدا 1.3 ملیۆن منداڵ ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە و بەهۆی ئەم شەڕەوە .هەروەها یونسێف داوای هاوکاریی مرۆیی وەک  خواردن، دەرمان پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ ئەو وڵاتە دەکات و دەڵێت نزیکەی 10 ملیۆن منداڵ، یاخود نیوەی منداڵانی ئەو وڵاتە پێوستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە هەیە"  

 

 

 

 

 

 

 

 

 واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت له‌ توركیا دیاریكرا

كاندیدی‌ راسپێردراوی پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان له‌ توركیا بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت شكستیهێنا و سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ ئه‌و وڵاته‌ رۆژی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت دیاریده‌كه‌ن. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ئه‌حمه‌د داود ئۆغَڵو سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كاربه‌ڕێكه‌ری‌ توركیا و كاندیدی‌ ئاكپارتی‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت له‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ هاوبه‌ش شكستیهێنا و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ راگه‌یاند. ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا له‌ وته‌یه‌كدا له‌ كۆشكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار رایگه‌یاند به‌داخه‌وه‌ نه‌توانرا حكومه‌تی‌ هاوبه‌ش پێكبهێنرێت، بۆیه‌ وه‌كو سه‌رۆك كۆمار پێویسته‌ رێكاره‌ یاسایی و ده‌ستووورییه‌كان بگرمه‌به‌ر و به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت هه‌نگاو بنێین. بە پێی زانیارییه‌كان كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ توركیا ئاماده‌یی راگه‌یاندووه‌ له‌ماوه‌ی‌ 45 رۆژدا ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت ته‌واو بكات.  به‌و هۆیشه‌وه‌ رۆژی‌ 1ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵی‌ وه‌كو واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ توركیا ده‌ستنیشانكردووه‌.
ڕێکه‌و 2015-08-20 14:58:22
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )







سیاسی