هەواڵەكانی كوردستان، ئێران و جیهان 31ی گەلاوێژی 1394  

لاوێکی سەردەشتی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

 لاوێکی خەڵکی شارەدێی نەلاسی سەردەشت بە هۆی کێشەی خێزانی دەستی داوەتە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کورپا، لە ئاوایی " هەڵوێ"ی شارەدێی نەلاس لاوێکی کورد بە ناوی محەممەد عەدڵی تەمەن ٢٧ ساڵ دەستی داوەتە خۆکوژی. سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە، ئەو لاوە کوردە باوکی منداڵێک بووە و بە هۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوە. باوکی ئەو لاوە کوردەش بە ناوی عەلی بە تاوانی کوشتنی کەسێک، لەبەندیخانەی ورمێ لەدەستبەسەری دایە. جێگەی باسە كە، ئامار و هەواڵی خۆکووژیی، بێکاریی و چەندین قەیرانی دیکە لەکوردستان و ئێران لەهەڵکشان دایە.

 

 

 

 

 

 

 

 

یادی هونەرمەند "ئەرسەلان قانع زادە" لەمەهاباد کرایەوە

رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ یاد و بیرئانینی کۆچی دوایی ئەرسەلان قانع زادە ئەو هونەرمەندە کوردەی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، لەشاری مەهاباد بە بەشداریی هونەرمەندان و چەندین گرووپی موزیک یادی ژەنیارێکی "تمبک" کرایەوە و رێز لەکار و بەرهەمەکانی گیرا. لەو رێوڕەسمەدا گرووپی وەفایی، موکریان، شەونەم، هەروەها چەندین کەسایەتی ئەدەبیی و فەرهەنگی کورد بەشدار بوون. ئەرسەلان قانع زادە ژەنیاری ناسراوی خەڵکی شاری مەهاباد رێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ لەرێگەی نێوان تاران ــ کەرەج بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەست دا.قانع زادە یەکێک لەهونەرمەندانی ناسراوی شاری مەهاباد بوو و لەساڵی ٨٩ وە بە ئەندامیەتی ئۆرکێسترای فیلارمونیکی موکریان وەرگیرابوو.

 

 

 

 

 

 

 

 

منداڵێكی كوردی خەڵكی سەردەشت لە رووباری زابدا خنكا

کچێکی حه‌وت ساڵانی خه‌ڵکی سه‌رده‌شت له‌ کاتی مه‌له‌کردن له‌ ڕووباری زاب گیانی خۆی له‌ده‌ست دا.  بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی هه‌ینی له‌ هاوێری گو‌ندی "کانی گوێز" هه‌ڵکه‌وتوو له‌ شاری سه‌رده‌شت کچێکی حه‌وت ساڵان له‌ په‌راوێزی ئه‌م ڕووباره‌ سه‌رقاڵی یاری کردن ده‌بێت که‌ به‌هۆی نه‌زانینی مه‌له‌، گیانی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. ڕه‌حمان ئەمینی بەرپرسی ئیدارەی ئاوركۆژێنەوەی سەردەشت رایگەیاند، هێزه‌کانی فریاکه‌وتن ته‌رمی کچه‌ خنکاوه‌که‌ پاش تێپه‌ڕبوونی کاتژمێرێک، ده‌دۆزنه‌وه‌ و ته‌رمه‌که‌ی ده‌ده‌نه‌وه‌‌ ده‌ستی بنه‌ماڵه‌که‌ی. جێگەی باسە كە، له‌ مانگی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵ گه‌نجێکی خه‌ڵکی شاری بانه‌ له‌ پارێزگای کوردستان و گه‌نجێکی 22 ساڵان خه‌ڵکی شاری سه‌رده‌شت له‌ ڕووباری زاب له‌ سه‌رده‌شت خنکان و گیانی خۆیان له‌ده‌ست دا. ڕووباری زاب یه‌کێک له‌ ڕووباره‌کانی‌ ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوایه‌ که‌ له‌ زاگرۆسه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات و له‌ شاری پیرانشار به‌ره‌و سه‌رده‌شت ده‌ڕوات و پاشان به‌ره‌و ڕۆژئاوا ده‌ڕوات و له‌ ناو خاکی عێراقدا ده‌چێته‌ ناو ڕووباری دیجله‌.

 

 

 

 

 

 

 

 

ڕووداوی هاوتوچوو لە جادەی سنە مەریوان 7 کوژراو و برینداری لێکه‌وته‌وه‌ 

پێکادانی ئۆتۆمبێلی جۆری پژۆ له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلێکی جۆری په‌یکان له‌ جاده‌ی سنه‌ - مه‌ریوان له‌ نێزیکی گوندی سۆفیانی سه‌ر به‌ شاری‌ سنه 2 کوژراو و 5 برینداری لێکه‌وته‌وه‌. به‌پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی ڕابردوو (هه‌ینی 30ی گه‌لاوێژ) پێکادانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پژۆ 405 له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلێکی جۆری په‌یکان له‌ جاده‌ی سنه‌ - مه‌ریوان نێزیک به‌ گوندی سۆفیان له‌ 10 کیلۆمه‌تری شاری سنه‌ رووی داوە كە لە ئاكامدا دوو که‌س (ژن و مێردیک) موسافیری په‌یکانه‌که‌ کورژان و شه‌ش که‌سی دیکه‌ش برینداربوونه‌ که‌ بریندارانی ئه‌م ڕووداوه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی فریاکه‌وتنی پزیشکییه‌وه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و کوژراوه‌کانیش ره‌وانه‌ی پزیشکی دادوه‌ری‌ کراون.

 

 

 

 

 

 

 

 

دادگای میسر سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ رێبەری ئیخوان موسلیمین دەرکرد

رۆژی شەممە 31ی گەلاویژی 1394، دادگایەكی میسر سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر رابەری ئیخوان موسلیمینی میسردا سەپاند. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، بەهۆی ئەو رووداوە تووندوتیژیانەی دوای بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە روویانداو لە ئاكامدا سەدان كەس كوژران و برینداربوون، دادگایەكی میسری سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر محەمەد بەدیع رابەری ئیخوان موسلیمینی میسریدا سەپاند. بەهۆی مانگرتنی ئەندامان و لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین لەبەردەم مزگەوتی رابیعە عەدەویە لە باكووری رۆژهەڵاتی قاهیرە لە نێو دەزگاكانی راگەیاندن ئەو كەیسە بە (كردەوەكانی رابیعە) ناسراوە، كە لە ئابی 2013 لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بڵاوەی پێكراو بەهۆیەوە كوژران و برینداربوونی سەدان خۆپیشاندەرو 8 پۆلیسی لێكەوتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

دراندنی عەكسی خامنەیی لە خۆپیشاندانەكانی بەغداد

خۆپیشاندەران لە پایتەختی عێراق عەكسی عەلی خامنەیی رێبەری رژێمی ئاخوندییان دران. بە پێی راپۆرتی هەواڵ!دەرییەكان، ماوەێكە خەڵكی نارازی عێراق بە تایبەت لە بەغداد لەمەر ناعەداڵەتی كۆمەڵایەتی و بوونی گەندەڵی لە دام و دەزگاكانی ئەو وڵاتە دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و خوازیاری چاكسازین لە  لایەن دەوڵەتی ئەو وڵاتەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، رۆژی هەینی 30ی گەلاوێژی 1394، خەڵكی نارازی لە شارەكانی بەغداد، بەسرە، ناسریە، عەمارە، دیوانیە، سەماوە و... هتد بە مەبەستی گۆرانكاری و چاكسازی رژانە شەقامەكان و داوایان لە دەوڵەت كرد كە بەرپرسە فاسد و گەندەڵەكان مۆحاكمە و سزا بدات. جێگەی باسە كە لە خۆپیشاندانەكانی بەغداد رەسمی خامنەیی لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە دراوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمریكا گەمارۆ نەوتییەكەی رژێمی درێژ كردەوە

سەرۆك كۆماری ئەمریكا گەمارۆ یەك لایەنەكانی ئەو وڵاتەی بۆ كرینی نەوتی رژێمی ئاخوندی درێژ كردەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، باراك ئۆباما گەمارۆ نەوتییەكانی ئەو وڵاتەی دژبە رژێمی ئاخوندی بە تایبەت بەربەست دانان لە بەردەم شیركەتە نەوتییەكان و كرینی نەوتی خاو لەو وڵاتەی درێژ كردەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، پرۆژەی دابین كردنی ئێنرژی پاكستان لە گازی سرووشتی رژێمی ئاخوندی دەچێنە ژێر كاریگەری ئەو گەمارۆیانەوە. جێگەی باسە كە ئۆباما رایگەیاند، راپۆرتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێنرژی ئەمریكا لە رێكەوتی 30 ئاوریلی رابردوو، بارودۆخی ئابووری جیهان، زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە لایەن هێندێك لە وڵاتانەوە ئەو ئیزنەی پێ دەدەن كە گەمارۆ نەوتییەكانی سەر رژێمی ئاخوندی درێژ بكاتەوە.
ڕێکه‌و 2015-08-22 20:40:36
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )







سیاسی