هەواڵەكانی كوردستان، ئێران و جیهان 3ی خەرمانانی 1394  

 

ئەندامانی شۆرای ئاوایی شیناوێ دەستیان لەکار کێشایەوە

 پێنج کەس لەئەندامانی شۆرای ئاوایی شیناوێ لەپیرانشار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کەمتەر خەمییە حکوومەتییەکان دەستیان لەکار کێشایەوە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢ی خەرمانان نامەیەکی دەست لەکارکێشانەوە بە واژۆی سەرجەم ئەندامانی شۆرای ئیسلامی ئاوایی شیناوی گەیشتووە و نامەکەش پێشکەش بە ناوەندە پێوەندیدارەکان کراوە. فەرمانداریی پیرانشار، نوێنەری خەڵکی پیرانشار لەمەجلیس، ناوەندی کاروباری گوندەکان لەپارێزگاری ورمێ ئەو شوێنانەن کە نوسخەیەک لەنامەکەی بۆ نێردراوە. لەنامەکەدا باس لەوە کراوە ئاوایی شیناوێ مافی ئەوەی هەیە کە بکرێتە شارە دێ و هەموو ئیمکاناتێکی بۆ دابین بکرێت، بەڵام کەوتووەتە پەراوێزەوە و پشت گوێ خراوە. خالید ئەحمەد دووست، حامید حەسەنزادە، ناسر یووسفی، واحید موختار و عەلی شیرینی پێنج ئەندامی شۆرای ئاوایی شیناوێن کە نامەکەیان واژۆ کردووە. ماڵپەڕە ناوچەییەکان تەنانەت باسیان لەوەش کردووە کە لە نامەکەدا باس لە رووداوەکەی قوتابخانەی ئەو ئاواییە کراوە و رەخنە لە بەڵێنییە بێ بنەماکانی بەڕێوەبەرییەکان گیراوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

بە هەزاران کۆڵبەری کورد لەئوستانی کرماشان بێکار کران

 کۆڵبەرانی کورد لەدوو خاڵی سنووریی پاوە و قەسرینی شیرین لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەرەڕای پێدانی کارتی پیلەوەری، رێگریی لەکارکردنیان دەکرێت. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، بازارچە سنوورییەکانی ئوستانی کرماشان لەشوشمێ هەڵکەوتوو لەشاری نەوسوود لەسەرەتای مانگی میلادییەوە (مانگی ٩) چالاکییەکانیان رادەگرن. قەدەغەکردنی هاتوچۆی کۆڵبەران لەسنووری شوشمێ و قەسری شیرین لەسەر بڕیاری راستەوخۆی وەزارەتی ناوخۆوە ئەنجام دراوە.بە دەرکردنی ئەو بڕیارە بژیوی ژیانی بە هەزاران کۆڵبەر لەگەڵ کێشە و ئاریشە بەرەوڕوو دەبێتەوە، لەحاڵی حازردا ٥٠ هەزار کەس ئەندامی تەعاونی سنوورنشینانی شاری پاوەن. دەوترێت کە ئەو کۆڵبەرانەی کارتی مۆڵەتی سنووریان لەو چەند مانگەی دواییدا لەرێگەی ئێلێکترۆنییەوە دەرکراوە، لەمانگدا تەنیا دوو جار دەتوانن کەڵکی لێ وەربگرن. ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی نەبوونی سەرمایەگوزاری دەوڵەتی و کەرتی تایبەت، هەروەها نەبوونی پڵانڕێژی ئابووری کەوتووەتە بازنەی ناوچە بێبەری کراوەکان.

 

 

 

 

 

 

 

 

دۆخی نائاسایی له‌ 100 ناوچه‌ی کوردنشینی تورکیا 

حکوومه‌تی تورکیا له‌ 100 ناوچه‌ له‌ 14 پارێزگای کوردنشینی تورکیا بارودۆخی نائاسایی ڕاگه‌یاندووه‌. به‌پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، بارودۆخی نائاسایی یان (OHAL) به‌ بارودۆخی تایبه‌تی ئه‌منییه‌تی له‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی تورکیا ده‌وترێ، ئه‌م بارودۆخه‌ که‌ له‌ ساڵی 1987ه‌وه‌ له‌ 4 پارێزگا و 11 ناوچه‌ی کوردنشینی تورکیا ده‌ستیپێکردووه‌ و به‌رده‌وام یه‌کێک له‌ سیاسه‌ته‌کانی حکوومه‌تی تورکیا له‌ به‌رانبه‌ر کورده‌کانی ئه‌م وڵاته‌ به‌تایبه‌ت له‌ ده‌یه‌ی 90ی زایینی بووه‌ تا له‌م ڕێگایه‌وه‌‌ و به‌ کۆنتڕۆڵی چڕوپڕی سه‌ربازی له‌م ناوچانه،‌ ڕێگری بکرێت له‌ پێکهێنانی ئۆپراسیۆن، خۆپیشاندان و شۆڕشه‌ دژه‌ حکوومه‌تییه‌کان. پاش ده‌ستپێکردنی شه‌ڕ و پێکادانی سوپای تورکیا له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی په‌که‌که‌ له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی تورکیا و به‌ زۆربوونه‌وه‌ی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی په‌که‌که‌ له‌ ناوخۆی تورکیا، حکوومه‌تی ئه‌م وڵاته‌ پاش تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ساڵ، جارێکی دیکه‌ له‌ 100 ناوچه‌ له‌ 14 پارێزگای کوردنشینی تورکیا دۆخی تایبه‌تی ئه‌منی راگیێندراوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ئەگەری بەرێوەچوونی حوكمی ئێعدامی زیندانیێكی سیاسی كورد

بێهروز ئاڵخانی زیندانی سیاسی كوردی مةحكوم بە ئێعدام بۆ ژوری تاكەكەسی زیندانی ورمێ راگوازرا. بقە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ئەم زیندانییە سیاسیە كوردە لە بەندی 12ی زیندانی ورمێوە، كاتژمێر 9ی بەیانی ئەمرۆ سێشەممە 3ی خەرمانانی 1394، لە پەیوەندیێكی تەلەفوونیدا لەگەڵ بنەماڵەكەی رایگەیاندووە كە بۆ جاری دوایی برۆنە چاوپێكەوتنی. بە پێی ئەم راپۆرتە، برای بێهروز ئاڵخانی رایگەیاندووە كە، كاتێكە بنەماڵەكەم لە شاری سەڵماسەوە بۆ چاوپێكەوتنی رۆیشتوونەتە زیندانی ورمێ، یەكێك لە نیگابانەكان پێیانی راگەیاندووە كە قەرار بووە كە بۆ دوایین جار بێنە چاوپێكەوتنی كۆرەكەتان بەڵام ئەمرۆ حوكمەكەی بەرێوە چووە. جێگەی باسە كە بنەماڵەكەی ئەم هەواڵەیان پشتراست نەكردووەتەوە وتوویانە كە سەر لە بەیانی ئەمرۆ سێشەممە لەگەڵ بێهروز قسەیان كردووە.

 

 

 

 

 

 

 

 

رێککەوتنی ئەتۆمی دوبەرەکی لەنێوان بەرپرسانی ئێران دروستکردووە

هەندێک لە کاربەدەستانی رژێمی ئاخوندی ئێران دەڵێن:" پێویستە دەقی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی5+1، سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی بچێتە پەرلەمانی ئەو وڵاتە و پەسەند بکرێت". هەندێکیش دەڵێن:" پێویست بەو کارە ناکات" و بەوەش ناکۆکی و مشتومڕ لەنێوان دوو رەوتی بناژوخواز و چاکسازخواز دروستبووە،بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لەدووایین کاردانەوەشدا سەرۆکی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری رژێم داوایکردووە" دەقی رێککەوتنەکە بچێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێ". گەڵاڵەی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و گرووپی وڵاتانی 5+1، مقۆمقۆی خستوەتە نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران و بە دوو تێڕوانینی سەرەکیی نێوان میانەڕەوان و بناژۆخوازان، واتە دەبێ و نابێ دابەشبووە. ئەحمەد جەننەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران واتە( شورای نگهبان قانون اساسی) ئیران رایگەیاند، کە" گەڵاڵەی رێککەوتنەکە دەبێت لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پەسەند و واژۆ بکرێت

لە لایەکی دیکەوە بناژۆخوازانی ناڕازی بەو رێککەوتنە دەڵێن" دانوستاندەکان لە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێشتمانی و رێبەری ئێرانەوە کراوە و بە پێ مادەی 176ی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە، ئەگەر گەڵاڵەی رێککەوتنەکە لە لایەن ئەو ئەنجوومەنە و عەلی خامنەییەوە پەسەند بکرێت، پێویستیی بە پەسەندی دەزگایەکی دیکە ناکات و دەکرێت بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

 

 

 

 

 

 

 

 

ئه‌ردۆغان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌ داوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌ختی‌ كرد

سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا (به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌) داوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌ختی‌ كرد دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت شكستیان خوارد. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا بڕیاری‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌ختی‌ ده‌ركرد هه‌روه‌كو هه‌موو لایه‌نه‌كان چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد.به‌پێی‌ به‌یننامه‌یه‌ك كه‌ دوای‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆمار و عیسمه‌ت یه‌ڵماز سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ توركیا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ "سه‌ره‌ڕای‌ گفتوگۆكان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌ ده‌ستیانپێكرد، به‌ڵام نه‌توانرا حكومه‌ت پێكبهێنرێت، بۆیه‌ به‌پێی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ رێپێدراو سه‌رۆك كۆمار بڕیاری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌ختی‌ ده‌ركرد". به‌یننامه‌كه‌ كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ دیاری نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌ردۆغان پێشتر رایگه‌یاندبوو كه‌ 1ی مانگی 11 هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت ئه‌نجام ده‌درێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

دووەم حاڵەتی توشبوون بە تاعوون تۆمار كرا

لە ماوەی چوار هەفتەدا دووەم حاڵەتی  توشبوون بە نەخۆشی تاعوون تۆمار دەكرێت ، بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان،كەناڵی ( CNN ) ی ئەمریكا بڵاویكردەوە كە حاڵەتەكان لەپاركێكی گشتی  نیشتمانی لە ویلایەتی كالیفۆرنیا تۆمار كراون ، راشیگەیاند ئەو نەخۆشیە گیروگرفتێكی چالاكە كە رووبەرووی ئەو ویلایەتە بۆتەوە . هاوكات بەڕێوبەرایەتی تەندروستی ویلایەتی كالیفۆرنیا ، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە كرد كە نەخۆشی تاعوون لە یەكێك لە گەشتیارەكاندا دۆزراوەتەوە كە گەشتی بۆ ئەو شوێنە لە باشوری زنجیرە چیاكانی سیرانیفادا كردووە لە سەرەتای مانگی گەلاوێژدا. پێشتریش لە ناوەراستی مانگی پووشپەری رابردوو منداڵێك كە سەردانی ئەو ناوچەیەی كردبوو تووشی نەخۆشی تاعوون بووە ، دواتر لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو ویلایەتەوە بەشێكی ئەو باخچەیە داخرا ئەویش لەپاش دۆزینەوەی دوو سمۆرە كەبە هۆی  ئەو نەخۆشیەوە مردبوون. نەخۆشی تاعوون كە بە (مردنی ڕەش) ناسراوە نەخۆشیەكی كوشندەیە بە هۆی بەكتریای (یرسینیا)وە دەبێت ، توشی گیانداران دەبێت و راستەوخۆ لە رێگەی هەوا یاخود خۆراك بە تایبەتیش ئەو خۆراكانەی كە بە شێوەیەكی باش ئامادە ناكرێت دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ .
ڕێکه‌و 2015-08-25 17:43:33
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )







سیاسی