بەشداری سازمانی خەبات لە پرسەی شەهید فەریدوون جوانرۆیی  رۆژی سێشەممە رێكەوتی 3ی خەرمانانی 1394 هەیئەتێكی سەركردایەتی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران لە پرسەی شەهید فەر یدوون جوانرۆیی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی میحوەری خازری هێزی پێشمەرگە بەشدارییان كرد. رێورەسمی پرسە لە مزگەوتی جەلیل خەیات بە ئامادەبوونی بەرێز كاك نیچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت و بەرپرسانی حكوومی و حیزبی هەرێمی كوردستان بەرێوە چوو. شاندێكی سەركردایەتی سازمانی خەبات بە سەرپەرشتی بەرێز كاك بیهروز ئەردەلان كارگێری كومیتەی ناوەندی و بەرێزان كاك رێبوار حسێنی بەرپرسی پێوەندییە كوردستانیەكان و كاك جەلالی خۆشكەلام ئەندامی كومیتەی ناوەندی و بەرپرسی كومیتەی ئورووپای سازمانی خەبات ی كوردستان لە رۆژی یەكەمی پرسەی شەهید فەریدوون جوانرۆیی بەشدارییان كرد. هەیئەتی سازمان هەر بەو بۆنەوە لە نزیكەوە پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بۆ بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ماڵباتی شەهید دەربڕی و لە رێگەی نامەی ماتەمینی و هاودەردی بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەباتیان بە پرسە گێران گەیاند.

 

فەرەیدون جوانڕۆیی پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلول و گوڵان بووە، جگە لە پێشمەرگایەتی، لە رووی سیاسییشەوە چەندین پلەی بڕیوە و لە كۆنگرەی سێزدەی پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا. فرەیدۆن جوانڕۆیی لە ساڵی 1950 لە شاری جوانڕۆ لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە و لە ساڵی 1967 پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە كردووە. 

 

لە كۆنگرەی 12ی پارتیدا بووە بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی و لە كۆنگرەی سێزدەش دا بووە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و هاوكات سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی

پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لە سلێمانی. 

 

هەروەها لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ سنوورەكانی هەرێمی كوردستان؛ جوانڕۆیی لە هەشتی ئابی 2014 بوو بە بەرپرسی میحوەری خازر و رۆڵی بەرچاوی لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش گێراوە.

 

صورة
ڕێکه‌و 2015-08-27 09:18:34
به‌شی ( چالاکیه‌کان )







سیاسی