پەیامی رێزدار كاك بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی ، بە بۆنەی سی و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی سازمانی خەبات  
 
هاونیشتمانیانی خۆراگری كوردستان!
كەس و كاری شەهیدان! 

 هۆگرانی رێگەی ئازادی!

لە پێنجی خەرمانانی ئەمساڵ سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران سی و پێنج ساڵ تەمەنی پڕلە تێكۆشانی سەربەرزانەی تێ دەپەرێنی. بەو بۆنەوە پر بەدل پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان،كەس و كاری شەهیدە سەربەرزەكانی سازمانی خوبات بە تایبەت و تێكرای شەهیدانی رێگەی ئازادای،پێشمەرگە قارەمانەكانی سازمان و ئەندامان و لایەنگرە دڵسۆزەكانی سازمانی خەبات پێشكەش دەكەم. 35 ساڵ لەمەوبەر سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بە هەوڵ و ماندوبوونی چەندین تێكۆشەری كورد و لە سەروویانەوە مامۆستا سەید جەلال حوسەینی و لە هەلومەرجێكی یەكجار حەستەمدا و لەو كاتەی هێزەكانی رژیمی تازە بە دەسەلات گەیشتووی ئاخوندان هێرشیان كردبووە سەر كوردستان، لە چیا سەركەشەكانی نیشتمان دامەزرا. دامەزرانی سازمانی خەبات لەو هەلومەرجە سەختەدا نوقتە گۆرانێكی گرینگ بوو لە خەباتی ماف خوازانەو شۆرشگێرانەی گەلی كورد و رێبوارانی رێگەی ئازادی و سەرفرازی. هەر چەند خەباتی ماف خوازانەی گەلی كورد و تێكۆشانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران تا ئێستا نەهاتۆتە دی و بە داخەوە نە كورد بە مافەكانی گەیشتووە و نە دەسەلاتی ملهوری ئاخوندی كۆتایی بەدەسەلاتی دڕندانەی هاتووە، بەڵام جێگەی دڵخۆشیە كە سازمانە خۆشەویستەكەمان وەك هێزێكی پێشرەوی مەیدانی كوردایەتی و ئازادیخوازی توانیویە یەك لە دوای یەك هەوراز و نشێوەكانی رێگەی سەختی ئازادیخوازی ببڕێ و بە پاراستنی بنەماكانی تێكۆشان و كاری شۆَرشگێرانە و بەرپرسانە لە میداندا بمێنی. بێگومان ڕەمزی مانەوە و بەردەوامی سازمانی خەبات لە مەیدانی تێكۆشانی بێ وچانی پڕ لە قوربانی ئازادیخوازانە، خۆراگری تێكۆشەرانی پاك وخۆنەویستی رێگەی ئازادی كوردایەتی، لە سەرویانەوە مامۆستا سەید جەلال حوسەینی رێبەرو دامەزرێنەری سازمانی خەبات بوو. ئەو تێكۆشەرانەی كە هیچ كات ولە هیچ هەلومەرجێكی حەستەمدا رێبازەكەیان بە جێ نەهێشت و بە گیان بازی و فیداكاری و بەربەرەكانی لە بەرانبەر ترۆریستان و دژمن و پیلانەكانی رژیم، بە تەحمول كردنی برسیەتی و سەختی كەم وێنە لە بەرانبەر هەلومەرجە حەستەمەكاندا توانیان سازمانی خەبات وەك یەكێك لە هێزە سەرەكیەكانی مەیدانی شۆرشی ئازادیخوازی بهێڵنەوە. ئەو فیداكاری و نەبەزیانە،‌ وای كرد دۆستان بە سازمانی خەبات و خۆراگرییەكانی دڵخۆش بن و دژمنانیش نارەحەت و دڵگران بن. 

سازمانی خەبات لە ماوەی 35 ساڵی رابردوو گەلێك هەورازو نشێوی بریوە و چەند سەركەوتنی گەورە و گرینگی مێژوویی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی‌ كورد تۆمار كردوە  كە گرینگترینان سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی سازمان بە سەر هێزی داگیركەری رژیمی ئاخوندی لە 10ی خەزەڵوەری ساڵی 1358 و ناچار كردنی خومەینی بەكۆتایی هێنان بە جەنگ و پێ مل بوونی بە ووتوێژ لەگەڵ نوێنەرانی خەڵكی كوردستانە. هەروەها لە مەیدانی كارو چالاكی سیاسیدا سازمانی خەبات توانی وەك هێزێكی سیاسی كاریگەر كە سیاسەتی شەرئەنگێزانە و دژی ئاشتیانەی ئاخونداندا بناسێ و هەرجۆرە ووتوێژێك لە گەڵ ئاخوندەكان رەد بكاتەوە. لە مەیدانی كاری راگەیاندنی شۆرشگێرانە سازمانی خەبات جێگەی دیاری لە ئاشكرا كردنی پیلانەكانی رژیم و ئاگاداركردنی خەڵكی كورد لە سیاسەتی دژمنانەی بەرانبەر بە گەلی كورد بووە و هەیە. بێگومان ئەو مێژووە پڕ لە سەروەریە سازمانی خەبات بە بەخشینی گیانی دەیان رۆڵەی قارەمان و فیداكاری شۆرشگێرانی تێكۆشەری ریزەكانی سازمان هاتوونە دی. 

هاونیشتمانانی بەرێز!

 هاورێبازانم لە سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران!

سەرەڕای ئەو سەركەوتنانە شك لەوەدا نیە كە سازمانی خەبات نەیتوانیوە وەك پێویست هەنگاوەكانی بۆ بەرەو پێشكەوتنی زیاتر بهاوێژێ،‌ هەربۆیە لەم رۆژو بۆنە مێژووییەدا پێویستە هۆگرانی رێبازی سازمانی خەبات و تێكرای نیشتمان خۆشەویست و ئازادیخوازان بە گیانێكی دڵسۆزانە و لێبراوانەو بە لە بەر چاو گرتنی كەم و كورتیەكان هەوڵ بۆ بەرەو پێش بردنی زیاتری سازمانی خەبات و جولانەوەی ماف خوازانە و ئازادیخوازانە لە بەرانبەر رژیمی ئاخوندی بدەین. سازمانی خەبات پێویستی بێ ئەملاو ئەولای بە هاوكاری و یارمەتی و رێنوێنی و كاری لێبراوانەی هەموو نیشتمان پەروەرو دڵسۆزێكە. سازمانی خەبات پێویستی بە هەنگاو و كاركردی دلسۆزانە لە ئەندامان و هۆگرانی رێبازی سازمانە. لە گەڵ بەكەڵكی و گرینگی هەر پرۆژەو پێشنهادێك بۆ باشتر بەرێوە بردنی ئەرك و كارەكانی سازمان، لە راستیدا گرینگترین و بە جێ ترین كار قۆل هەڵمالین و دەست بە كاركردنی بەردەوام و بێ بێزو بۆیە. ئەم قۆناغە قۆناغی چالاكی بەردەوام و شێلگیرانەیە و گرینگە دڵسۆزان و غەمخۆرانی سازمانی خەبات شێلگیرانەو دوور لە دروشم، ئەركی نیشتمان پەروەری و شۆرشگێرانە بەرەو پێش بەرن. گومان نیە كە دڵسۆزان لە حاست بەرپرسایەتی نیشتمانی و سازمانی و مێژوویی ئەركە شۆرشگێرانەو تەشكیلاتیەكانیان بەرەو پێش دەبەن و سازمان لە مەیدانی خەباتی ئازادیخوازی و كوردایەتی سەركەوتنی زیاترو چارەنوس ساز وە دەست دێنێ. 

 لە35 ساڵەی دامەزرانی سازمانی خەبات كوردستانی ئێران جارێكی دیكە پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان‌و دۆستان ‌و دڵسۆزانی سازمانی خەبات دەكەم و سڵاو دەنێرم بۆ رۆحی پاكی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی دامەزرێنەری سازمان و رۆحی تێكرای شەهیدانی سەربەرز و بەڵین دەدەین تاسەر بەردەوام بین لە سەر‌ ڕێبازەكەیان.

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران

بەرێوەبەری گشتی 

بابەشێخ حوسەینی

4ی خەرمانانی 1394

 
ڕێکه‌و 2015-08-27 10:56:02
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی