راگەێندراوی كومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٣٥ ساڵەی دامەزراندنی سازمانی خەباتی كوردستانی ئیرانەوە هاو نیشتمانیانی تێكۆشەر، خەلكی خەباتگێڕی كوردستان!                 

كەس و كار و بنەمالەی سەربەرزی شەهیدان!

ئەندام و لایەنگران و پێشمەرگە قارەمانەكانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران!.

ئەوا دیسان ئەستێرەی پڕ تیرێژی ٥ی خەرمانان،لە ئاسۆی بڵندی چیای تێكۆشان و خۆراگری خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران، خۆی دەرخستەوە. سەر لە نوێ شنەی شەماڵی دل لاوێنی خەرمانان، فێنكی خستەوە دڵ و هەناوان. تەتەری خۆش خەبەری شۆڕش و خەبات، كارنامەی ساڵێكی تری لە خۆڕاگری وهەوڵ و تێكۆشانی رۆلەكانی گەلی كوردی لە ریزەكانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران دا، كردە  دیاری و جێژنانەی جێژنی ٥ی خەرمانان و زۆر رۆح سووك و خوێن شیرین، گەیاندیە تێكڕای چین و توێژەكانی كوردستان.                                              

جەماوەری تێكۆشەری كوردستان!

 خەباتكارانی رێگای راستی خەباتی نەتەوایەتی و ئازادیخوازانی بە بڕیار و خاوەن وەرە و باوەڕ!     

       پێنجی خەرمانانی ئەمساڵ بیرەوەری ٣٥ساڵەی دامەزراندنی سازمانێكی خەباتگێڕ و فیداكاری كوردیە لە كوردستانی بن دەستی دەسەڵاتی رەشی رژیمی ئاخوندی دا  كە وەك پێویستێكی سەردەم و بۆ وڵامدانەوەی ویست و داخوازیەكانی چین و توێژێكی بەرین و بەرچاوی كۆمەڵگای كوردەواری و وەك بەرهەڵستكارێكی جێی متمانەی خاوەن باوەڕانی مافی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی كورستان ،لە دژی سەرەڕۆیی و بێ دەربەستی و خۆ پەرەستی و دیكتاتۆریی دەسەڵاتدارانی سەردەم لە ئێران دا هاتە ئاراوە. سازمانێك  كە دوای تاوتوێكردنێكی وردی زانستیانە و هەڵسەنگاندنێكی مەنتیقیانەی هەل و مەرج و قۆناغ، لە بیرو هزری مرۆڤی زانا و خەباتگێڕ و دەربەست بە مافەكانی مرۆڤ و لەسەروویانەوە جەنابی مامۆستا سەیید جەلال حوسێنی و  بۆ دابین كردنی ئازادی و سەربەستی نەتەوە و نیشتمان و نەهێشتنی دواكەوتوویی و ژێر دەستیەوە گەڵاڵەكرا و لە چوارچێوەی دامەزراوە و سازیێكی سەربەخۆی بڕیاردەر و خۆراگر و بە دەربەست و خاوەن هەڵوێست و پرینسیبی سیاسی دیموكراتخواز و فیداكاردا ،خۆی نواند . هەر دوابەدوای خۆناساندن و بڵاوكردنەوەی یەكەم راگەێندراوی ئەم سازمانە، جەماوەری كوردەواری بە هەموو چین و توێژەكانیەوە لە دەوری كۆبونەوە و لە ماوەێكی كورتدا بووە یەكێك لە لایەنە بەرچاوەكانی كوردستانی و لە سەنگەری پێشەوەی خەبات بۆ وەدی هێنانی مافە زەوتكراوەكانی كورد دا لە هیچ چەشنە فیداكاری و دڵسۆزێك بۆ نەتەوە و نیشتمان كۆتایی نەكرد.                                                                          سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لە رەوتی بەرەوپیش چوون و هەڵدان و پیگەیشتنی خویدا، گەلیك قۆناغ و هەل و مەرجی دژوار و زۆر هەوراز و نشێوی بڕیون و بە سەر زۆر كەند و كۆسپ دا زاڵ و سەركەوتوو بووە كە ئەگەر رەسەنایەتی  بیر و باوەڕ و هەڵبژاردنی گونجاوترین خەت و رێبازی سیاسی و خوێندنەوەێكی سەردەمیانەی رووداوەكان و راستگۆیی و خۆ گونجاندن لەگەڵ ویست و داخوازییەكانی گەل و شۆڕش و فیداكاریی پێویستی رۆڵە بە شەرەفەكانی ئەم رێبازە و ژیری و وردبینی سەركردایەتی و گۆڕانكاری بەردەوام لە شێوەی كار و چاڵاكی سیاسەت و رەوتی كاری ئەم سازمانەدا نەبووایە، سازمانی خەباتیش وەك زۆر لایەن و جەریانی تر،چ كوردی و چ غەیرە كوردی كە نەك هەر نەیان توانی خۆ راگرن و بوونی خۆیان بپارێزن، بەڵكو هەر ئاسەواریشیان نەما و لە بیر جەماوەر و تەنانەت دامەزرێنەر و پەیڕەوانیشیان چوونەوە، ئاسەواری نەدەما و خوێن و رەنجی شەهیدان و دڵسۆزانی بە فیڕۆ دەچوو، بەڵام كاتێك كە داوا و رێباز و بیر و باوەڕ رەسەن و بەڕێوەبەری دڵسۆز و ژیر و  كادر و بەدەنەی فیداكار و تێگەیشتوو بوون ، بەردەوامی و بەرەو پێشچوون و هەڵدان و پێشكەوتن و پێگەیشتن و هاو تەریب بوون لەگەڵ رەوتی بەرەو پێشچوونی رووداوەكان و هاوئاهەنگی و سەرئەنجام یەك دەنگی و هاوهەڵوێستی لەگەڵ لایەنی تری هاوبەش و هاو ئامانج دا، مسۆگەر دەبێ و كەس ناتوانێ بەر لە راستی و رەوایی و هەوڵ و تێكۆشانی وەها سازمان و لایەنێك بگرێ. 

بە خۆشیەوە سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران ، خاوەنی هەموو ئەو پرێنسیب و خاڵە ئەرێنیانەیە كە دەبێ لایەن و دامەزراوەێكی كوردی رەسەن و خەباتگێڕ بۆ رزگاری گەل و ئاوەدانی و پێشكەوتنی نیشتمان هەیبێ.  سازمانی خەبات لە هەل و مەرجێكی وادا هاتە ئاراوە كە لە لایەكەوە رژیمی رەگەزپەرســت و خورافاتی  ئاخوندی، بە رێبەرایەتی دڵڕەش و خوین مژترین دیكتاتۆر (خومەینی) لە ژیر درشــــــــــــــم   و ئاڵای ئێسلام دا ، وڵامی داخوازیە رەواكانی گەلی كوردی موسڵمانی بە لەشكر كێشی و فتـــــــــوای جیهاد و لە ناوبردنی گەلی كورد و سڕینەوەی ناوی نیشتمانمان ،، كوردستان ،، لە سەر نەخــــشــــــــــــەی جوغڕافیا دایەوە و لە لایەكی تریشەوە خاوەن باوەرانی رێبازی چەپ لە چوار چێوەی حــیــــــــــــزب    و رێكخراوی كوردی و غەیرە كوردی دا ، كوردستانیان كردبووە سەنگەری دژی رژیمی بەناو ئێسلامی ئاخونـــدی . لە وەها هەل ومەرجێك دا بۆ وڵامی بەهانەی لەشكركێشی رژیم و خەبات بۆ رزگاری و رێـــز گـــرتن لـــــــە هەست و بیر و باوەری كۆمەڵانی موسڵمانی كورد  ، لە سەنگەری خەباتی رەوای دژی داگیر كەرانی كوردستان دا، سازمانی خەبات ی كوردستان بوونی خۆی راگەیاند .

  بە لە بەر چاوگرتنی ئەو راستیانەی باسكراون ، دامەزراندنی سازمانی خەبات  لەو قۆناغەی خەباتی كورد لە كوردستانی بن دەستی ئێراندا ، پێویستێكــــــــــــــــی حاشا هەڵنەگر بوو. هەر بۆیە مامۆستا سەید جەلال حوسەینی و كۆمەڵێك مامۆستای ئایینی شۆڕشگێڕ و روناكـــــــبیر و كەسانــــــــــــــی خاوەن رابردووی پاكی كوردایەتی، گەڵالەی وەها سازمانێكیان داڕشت و پاش تاوتوێ كردن و هەڵ سەنگاندنـــــــی هەل و مەرجەكە ، لە ژێر ناوی رێكخراوی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی كوردستانی ئێران دا ، بوونـــــــی خۆی وەك رێكخراوێكی سیاسی شۆڕشگێڕ  راگەیانــد.  ئەمە لە لایەكەوە باشترین وڵام و چـــــــەك بــــــوو بۆ بەربەرەكانی رژیمی دژی گەلی بەناو ئیسلامی ئاخوندی و لە لایەكی تریشەوە سەنگەریكی تری قایمـی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی كورد بوو بۆ ئەو كەس و چین و توێژانەی كە باوەڕیان بە مافە رەواكانــــــی كورد و خەبات كردن بۆ وەدەست هێنانی ئەو مافانەیان هەبوو. بەڵام تا ئەو دەم رێكخراو و حیــزبێكــی لایەنێكی بـە باوەڕی خۆیان لەو گۆڕەپانەدا نەدەدی . 

   سازمانی خەبات لە رەوتی شۆڕشی رەوای گەلی كورد لە دژی دژمنی داگیر كەر لە كوردستانـــــی بن دەستی ئێران لە سەنگەری چەكداری دا، زۆر حەماسە و شانازی خوڵقاندوون كـە بۆ هەمیشە مــــــێـــــــژووی خەباتی رەوای گەلەكەمان شانازیان پێوەدەكا و بە سەرخەتی دیار و بەرچاو لە سەر لاپەڕەكانی خـــــۆی دەیان نووسێ و بە یادگار بۆ نەوە و قۆناغەكانی داهاتووی دوور و نزیكی گەلەكەمانیان هەڵدەگــــــــــــــرێ . ئەو خوێن و خەبات و رەنجەی كە سازمانی خەبات لەو پێناوە دا پێشكەشی كردوون، ئەگەر بەرچاوتر لە زحمەت و تێكۆشانێك كە لە مەودای شۆڕشی رەوای گەلی كورد بە درێژایی مێژوو پێشكەش كراون ، كەم رەنگتـــــر نەبوون و نین. هەر بۆیەشە لە داوی تێپەڕ بوونی ٣٥ ساڵ بە سەر تەمەنــــــــی ئەم سازمانە دا، خەباتیەكان و ریبـوارانی ئەم رێگا و رێبازە ، هەر وا دڵ پڕ لە هـــــیوا بە رزگاری وسەر كەوتــــــــن ، لــــــــە سەنگەری خەبات و بەرخودان دا ماون و شان بە شانی باقی حیزب و رێكخراوە ئازادیخـوازەكـــانـــی نـــــاو گۆڕەپانی خەباتی رەوای كوردستان و تێكۆشان و موبارەزەی سەرتاسەری لە ئێران دا، دیارن و خاوەن جێ پەنجــە و هەنگــاون و هەر ئێستا بە كردەوە لە سەنگەری دیفاع لە نەتەوە و نیشتمان لە دژی داعش و نەیارانی كوردو وكوردستان فیداكاری دەكەن .

ئەوەی لە مێژووی پڕسەروەری سازمانی خەبات دا جێگەی تێرامان و لێوردبوونەوەیە ئاستی كرانەوە و ئەمرۆیی بوونی ئەو تەشكیلاتەیە و ئەو ئاڵوگۆرە سیاسیانەی بەسەر خەت و رێباز و بەرنامەی سازمانی خەبات لە جەریانی كۆنگرەی سێهەمی سازمانی خەبات هاتە ئارا وەك گۆرینی ناو و ئامانجی سازمانی خەبات بۆ حیزبێكی نەتەوەیی و نیشتمانی كە لە پێناو دامەزراندنی حكوومەتێكی دیموكراتیك و پارلەمانی تێكۆشانی بەردەوام دەكات، دەرخەری ئاستی كراوەیی و ووشیاری و بە رۆژبوون و چەق نەبەستنی رێكخراوەكەمانە.

 ئەوەی كەدەبێ بە بێ لە خۆبایی بوون پەیڕەوان و هاوباوەڕانی رێبازی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران شانازی پێوە بكەن ، ئەو بیر و باوەڕە بێخەوشە كوردایەتیە خۆماڵیانە و خەباتی نەتەوایەتی و ئاشتیخوازانەیە كە داوی ٣٥ ساڵ بە بێ دوودڵی و ماندوو بوون، پەرەی پێ دەدرێ و قۆناغ لە دوای قۆناغ بە پێی پێداویستی سەردەم و هاوتەریب لەگەڵ ئاڵ و گۆڕە نێونەتەوەیی و ناوچەییەكان ، پەرەی پێدراوە و رەنگ و بۆی سڵ كردن و نامۆیی لێ كەم و كاڵ كراوەتەوە و لە چوارچێوەی تەسكی ئیدئۆلۆژی دا هێندراوەتە دەر و شان بە شانی لا‌یەنە جێ باوەڕ و متمانەكانی تری سەر گۆڕەپانی سیاسی و خەباتی رەوای كوردایەتی بۆ رزگاری نەتەوە و نیشتمان دەوری بەر چاوی هەیە. بە جۆرێك كە لە باس و خواس و رووداوەكان دا خاوەن دەنگ و ناوە و بە ئیقراری بەشیكی زۆر لە وانەی كە لە سەرەتای دروست بوونی دا نەیاریان دەكرد و رێگەیان لە پەرەگرتنی دەگرت ، یەكێك لە لایەنە خاوەن هەڵوێست و دەنگەكانە و ناكرێ لە پەراوێز خرێ و لە معادەلاتە سیاسیەكانی ئەم سەردەمەی شۆڕشی رەوای كورد لە  رۆژهەڵاتی كوردستان دا دەر هاوێژرێ.

ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران!

   لێرەدا وێڕای دەستخۆشی لە هەموو دڵسۆزانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران ، رۆژی پێنجی خەرمانان، ٣٥ هەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی سازمانی خەبات بە هەموو  ئەندام و لایەنگران و دۆستانی، پیرۆزبایی دەلێن و سڵاو دەنێرین بۆ گیانی بەرز و پیرۆزی مامۆستا سەیید جەلال حسێنی دامەزرێنەر و رێبەری هەرگیز نەمر و سەرجەم شەهیدانی سازمانی خەبات و رێگەی رزگاریی كوردستان و سەری رێز بۆ بنەماڵە و كەس و كاریان دادەنوێنین. سڵاو دەنێرین بۆ زیندانیانی سیاسی و قەڵافەتی مێرانەی چالاكانی سیاسی و شۆڕشگێڕانی رێگای رزگاری نێشتمان و خاوەن هەڵوێستانی بە باوەڕ لە ئامێزی خۆشەویستی دەگرین . وەك رێبوارانی رێگای شەهیدان ، روو دەكەینە‌ هەموو ئەوانەی كە خۆیان بە دڵسۆزی شۆڕش و هەڵگری بیرو باوەڕی خەباتی رەوای گەلی كورد دەزانن و لە روانگەی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانەوە دەڕواننە ئاسۆی رزگاری نەتەوەكەمان، دەڵێن: وەرن با بیرەووری 5ی خەرمانان بكەینە وزەو تین بۆ هەوڵ و تێكۆشانمان لە پێناو خەباتی رەوای گەلەكەماندا. وەرن با بە بێ دوودڵی، چاكی دڵسۆزی لێ بەلادا كەین و هەر كام لە بەر خۆمانەوە بە پێی گەڵاڵە و بەرنامەی دیاری كراو لە بەر رووناكی رێ و شوێن و بڕیارەكانی سازمان دا، دەست بدەینە دەستی یەك و چی لەم پێناوەدا لەدەستمان دێ كۆتایی نەكەین. دڵنیا بن هەموومان بە هاوكاری و هاو فكری یەكتری دەتوانین بە باشترین شێوە خزمەت بكەین و رووحی شەهیدەكانمان شاد و شانازی بۆ خــۆمان دەستەبەر بكەین! 

  بەرز و پیرۆز بێ یادی ٣٥ ساڵەی پێنجی خەرمانان،ئەستێرەی پێنج پەڕی ئاسمانی خەباتی نەتەوایەتی كورد لە كوردستانی ئێران.

 بژی كورد، ئازاد و ئاوەدان بێ كوردستان.! 

سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران

كومیتەی ناوەندی

27ی ئۆگۆستی ٢٠١٥ی زایینی بەرانبەر بە 5ی خەرمانانی ١٣٩٤ كۆجی خۆری.

 
ڕێکه‌و 2015-08-27 18:26:29
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی