چوونی كوردانی ئێران بۆ ناو داعش لە ئاكامی سیاسەتی رژیمی ئێرانە  

بە پێی ئامارە نافەرمییەكان 700 هاوڵاتی سەلەفی رۆژهەڵاتی كوردستان لەنێو رێزی داعش دان و تا ئێستاش 90 كەس كوژراون.

سەید كامیل نورانی فەرد ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی سازمانی خەبات ، بە تۆری میدیایی خەڵك ی راگەیاند :"زۆر ئاماری نافەرمی لەبارەی چوونی خەڵكی رۆژهەڵات بۆ رێزەكانی داعش بڵاو بوونەتەوە، بەڵام خودی رێكخراوەكە دەڵێت 700كەسی رۆژهەڵاتیان لەنێو دایەو  90 كەسیان كوژراون ، ئەم ژمارانە تا ئێستا پشتڕاست نەكراونەتەوە".

وتیشی:" هەمو ئەو كەسانەی كە چوونەتە رێزی داعش سەلەفین ، بوونی رێژەیەكی زۆری سەلەفیش ، دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی دەستەڵاتدارانی ئێران ، ئەو سیاسەتەش بۆ روو بەروو بوونەوەی حزبەكانی  رۆژهەڵات  و نەهێشتنی هەستی نەتەوایەتی پەیڕەو كردووە".

روونیشیكردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەزگا ئەمنییەكانی ئێران ژمارەیەك مامۆستا و كەسی ئاساییان لە رۆژهەڵات بە تۆمەتی هاندانی خەڵك بۆ چوونە رێزی هێزە توندڕەوەكان بەتایبەت داعش دەستبەسەر كردووە.

بە پێی ئامارە نافەرمییەكان 1000 سەربازی سوپای پاسداران لە ناوخۆی سوریا كوژراون و لەناویاندا 100 فەرماندە هەن.

لە هەمان كاتدا كامیل نورانی فەرد دەڵێ: ئێران پەیوەندی ئابوری و ستراتیژی گەورەی لەگەڵ سوریا هەیە، هەربۆیە پشتگیری لە ڕژێمەكەی ئەسەد دەكات.

نور رانیفەرد وتیشی: "ڕوخانی سوریا بە واتای نەمانی شادەماری سیاسەتە تێكدەرەكانی ئێران دێت، بۆیە تا ئێستاش هەزار سەربازی ئێرانی سەر بە پاسدارانی ئێران كوژران، كە لەناویاندا 100 فەرماندە هەن".

باسی لەوەشكرد، كە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕاستەوخۆیی نە پشتیوانی هیچ وڵاتێك دەبێت نە پشتی تێدەكات، بەڵكو هەوڵی بەرەو پێشبردنی سیاسەتی خۆی دەدات، لەشوێنێك پێویستی بە گروپە توندرەوەكان بوو هاوكاریان دەكات، لەهەمان كاتدا ئەگەر پێویستی بە وڵاتێك بوو بۆ پێشگرتن بە گروپەكان بۆ بەرژەوەندی خۆی هاوكاریان دەكات.

 
ڕێکه‌و 2016-03-11 20:30:49
به‌شی ( دیمانه‌ )







سیاسی