عەلی بەهرامی : سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران باوەڕی تەواوی بە خەباتی پارتیزانی هەیە و ئەو شێوەی خەباتە بە پشتیوانی رەهەندەكانی دیكەی خەباتكردن دەزانێ‌  

ماوەیەكە لە رۆژهەڵاتی كوردستان خەباتی چەكداری سەری هەڵداوەتەوە و ئەو شێوازەی خەباتیش لەم دۆخەدا كە رۆژهەڵاتی ناوین بەرەو گۆڕانكاریی ژیوپۆلۆتیكی هەنگاو هەڵدەگرێ، خوێندنەوە جیاوازی بۆ دەكرێت. بەرێز كاك عەلی بەهرامی ئەندامی كومیسیۆنی راگەیاندنی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران  لەو بارەیەوە را و سەرنجی خۆی بۆ "رۆژهەڵاتی ئازاد" دەخانەڕوو، ئەمەش دەقی وتەكانیەتی:

عەلی بەهرامی: خەباتی چەكداری لە رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئەو بەشە لە نیشتمان شتێكی حەیاتی و پێویستە. هیچ بزووتنەوەیەك لە بەرامبەر رژێمە داپڵۆسێنەرەو دیكتاتۆرەكان بەبێ هێزی چەكدار و سەربازی ناتوانێ‌ بە ئامانجەكانی بگات. لەو چوارچێوەدا نمونەی زۆر هەن كە ئێمە دەتوانین خەباتی بەشەكانی كوردستان وەك بەڵگە باس بكەین، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەگەر خاوەنی هێزی پێشمەرگە نەبوایە، نە دەیتوانی ئەمنییەت و ئاسایشی هەبێ، نە دەیتوانی لە رووخانی رژێمی بەعسدا دەور بگێڕێ، هەروەها ئەگەر خاوەنی پێشمەرگە و هێزی سەربازی نەبوایە، لە شەڕی داعشدا ئەو دەور و نەقشەی ئێستای نەدەبوو كە ئێستا بەشێكە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە تیرۆر. لە رۆژئاوایش ئەو دەستكەوتانەی هەن، بە هۆی بوونی هێزی سەربازی تۆكمەی شەڕڤانە كە دەوری یەكلاكەرەوە دەگێڕێ لە شەڕی دژ بە تیرۆر و پاراستنی ناوچە كوردییەكان لە سووریە. بۆیە بوونی هێزی چەكدار و پارتیزان لە كوردستانی ئێران و خەباتی پێشمەرگانە زۆر گرینگە لە بەرامبەر رژێمی داگیركەر و سەركوتگەری ئێراندا. بزووتنەوەی كورد كاتێ‌ دەتوانێ‌ دەور و كاریگەری بەرچاوی هەبێ و هاوكات حیسابی بۆ بكرێ، كە لەگەڵ خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و جەماوەری، خەباتی چەكداری و پارتیزانی و پێشمەرگانەش پەرەپێبدا. خەباتی پارتیزانی جوێ لەوەی كاریگەری هەیە لەسەر ئومێدواربوونی زیاتری جەماوەری كوردستان بە سەركەوتن، هاوكات گڕ و تینێك دەداتەوە بە جۆرەكانی دیكەی خەباتی گەلەكەمان.

بە خەباتی پارتیزانی بزووتنەوە و هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران ئەو وەزعەی ئێستای كەمپنشینی و راكتبوون تێپەڕ دەكەن و چالاكییەكانیان بەرچاوتر و جێ ئومێدتر دەبێ. بەڵام ئەوەی روونە خەباتی پارتیزانی پێویستی بە پشتی جبهەیەكی قایم هەیە، هاوكات بوونی بنكە و مقەڕاتی ئەحزابی ئێمە لە قووڵایی خاكی باشووری كوردستان، دوو كێشەی ئەساسین لە بەردەم دەستپێكردنەوەی جموجووڵی پێشمەرگایەتی لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و پێویستە رەچاویان بكەین. پشتی جبهە لە گەیاندنی كۆمەك و پشتیوانی مادی و سەربازی بگرە هەتا چارەسەری بریندار و پێوەندی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی كاریگەری هەیە. بە بێ پشتی جبهە خەسارەت و قورسایی زۆر بۆ سەر بزووتنەوەكەمان دروست دەبێ. دووهەم: بوونی بارەگاكانی ئێمە لە هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان لەم وەزعەدا بكەوێتە ژێر فشارێكی زۆری سیاسی و ئابووری لەلایەن رژێمی ئێرانەوە. لەلایەكی دیكە ئەگەر بمانەوێ خەباتی چەكداری زیندوو بكەینەوە، بێگومان ئەوە پرسێكی گشتی ئەحزابە و پێویستە بە هەماهەنگی بكرێ و پرس و راوێژی لانیكەم ئەو لایەنانە بكرێ كە مێژووی خەباتی چەكدارییان هەیە و ئێستاش ئامادەیی و وزەی دەستپێكردنەوەیان تێدایە. سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران باوەڕی تەواوی بە خەباتی پارتیزانی هەیە و ئەو شێوەی خەباتە بە پشتیوانی رەهەندەكانی دیكەی خەباتكردن دەزانێ‌ و لە ماوەی دەسەڵاتداری رژێمی ئێستادا بە سەدان رۆڵەی قارەمانی پێشكەش بە بارەگای شەهیدان كردووە، هەروەها بە تۆماركردنی دەیان داستانی قارەمانانە مێژوویەكی زێڕینی لە مێژووی خۆیدا تۆمار كردووە، ئێستاش بە دەیان پارتیزان و فەرماندەی قارەمانی لە ناوخۆی كوردستان و لە باشوور و ئوروپا هەیە و وزەو ئامادەیی تەواویان تێدایە بۆ دەستپێكردنەوەی چالاكییە نیزامییەكان.

 
ڕێکه‌و 2016-07-25 16:44:50
به‌شی ( دیمانه‌ )







سیاسی