دیمانەی بەرێز بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستان لەگەڵ گۆڤاری لـڤـین لەسەر پرسی خەبات ی چەكداری و كاریگەری و دەرفەت و بەستێنەكانی ئەو شێوەی خەباتە،  رۆژنامەوان بەرێز سالار مەحموود دیمانەیێكی لەگەڵ رێزدار كاك بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران پێكهێناوە و لە ژمارەی 336ی  گۆڤارى لـڤـین  بە رێكەوی 15ی ئاگۆستی 2016 بلاو كراوەتەوە. ئەوەی خوارەوە دەقی وەڵامەكانی بەرێز كاك بابەشێخ بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێرانە:

 

لڤین: سەبارەت بە خەباتی چەكداری دژی كۆماری ئیسلامی ئێران، پارتە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دابەشی دوو بەرە بوون، هەڵبەت ئێوە لەو بەرەیەدان كە دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری بەگرنگ دەزانن، دەكرێت پێمان بڵێت خەباتی چەكداری لەم كاتەدا چ كاریگەریی‌و دەستكەوتێكی دەبێت بۆ كوردانی ڕۆژهەڵات؟

وەك ئاشكرایە رژیمی دەسەلاتدار لە ئێران هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وەلامی داوا ڕەواكانی خەڵكی كوردستانی بە هەرەشەو كوشتن و وێران كردنی كوردستان دایەوە. هەر لەو چوارچێوەدا خومەینی فەرمانی جیهادی دژ بە خەڵكی كوردستان ڕاگەیاندو هێزێكی زۆری سەربازیی لە گەڵ ژمارەیەك ئاخوند بە سەرۆكایەتی  خەڵخاڵی  ڕەوانەی كوردستان كردو دەیان كەسی بێتاوانیان ئیعدام كرد.  لەو رۆژەوە تا ئێستا، سەركووت و هەڕەشە لە خەڵكی كوردستان نەك رانەگیراوە، بەَڵكوو ستەم و بێدادی زیاتر  پەرەی سەندوە و كەم رۆژ هەیە كوردستان شاهیدی جینایەتی ئاخوندەكان نەبێ. بەو پێ یە خەباتی چەكداری لە لایەن خەڵكی كوردستان هەڵنەبژێردراوەو دەسەلاتداران لە ئێران بە زۆر بە سەر خەڵكی كورد بە تایبەت وجولانەوەی ئازادیخوازانەی سەرانسەریی لە ئێراندا سەپاندوە. دیارە  پێش وەلامدانەوەی ئه‌و پرسیاره‌ لەسەر گرینگی خەباتی چەكداریی، پیویست بوو ئەو راستیە بزاندرێ كە هۆی دەست پێكردنی خەباتی چەكداری چی بووە.

ئاشكرایە خەباتی چەكداری لە  بەرانبەر دەسەلاتێك كە رێگەی هیچ چالاكیەكی سیاسی نادات و لە وەلامی بچوكترین رەخنەدا، سەركوت و كوشتن و ئیعدام پەیرەو دەكات، سه‌ره‌رای ئەوەی خەباتی چەكداری بژاردەییكی زیانبارە، لە هەمانكاتدا بۆ بە چۆك داهێنانی دەسەڵات وكردنەوەی رێرەوێك كە  تێكۆشەرانی رێگەی ئازادی لە بەرانبەر بێدادی و ستەمگەریدا دەنگی رەوای خۆیان بە گوێ دەسەڵاتداران بگەێنن هەم گرینگ و هەم پێویستە و‌ یارمەتیدەرێكی گرینگی خەباتی سیاسی شۆرشگێڕانەیە.

   

لڤین: هەتا ساڵێك لەمەوبەریش ئێوە بڕواتان وابوو كە زەمینە لەبار نییە بۆ خەباتی چەكداری، دەكرێت پێمان بڵێیت چی گۆڕانكارییەك روویداوەو دۆخەكە چی بەسەردا هاتووە تا زەمینە سازابێت بۆ حیزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات بۆ  دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری دژی ئێران؟

سازمانی خەبات هەمووكات باوەڕی وابووە، كە خەباتی چەكداری یەكێكە لە شێوەكانی خەباتی ڕەوای ماف خوازانە كە دەسەلات بە سەر خەڵكی دا سەپاندوە، هەر لەو چوارچێوەدا پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات، چ ئەم ساڵ و چ سالانی رابردوو لە كاته‌ گونجاوه‌كاندا، لە ناوچەكانی كوردستاندا بوونیان هەبوە و بە پێی توانا روبەروی هێزە سەركوتگەرەكانی دەسەڵات بوونەوە.

 ئاشكرایە لەم ساڵدا، فشارەكان و سەركوتی خەڵك بە تێكراو لاوان بە تایبەت وای كردوە كە زەرورەتی حزووری پێشمەرگە لە ناو خۆی كوردستانی ئێران پێویست تر بێ و چالاكی پێشمەرگە زیاتر پەرە بستێنێ.

لڤین: زۆرن ئەوانەی كە پێیانوایە خەباتی چەكداری وەكو میتۆدێكی گرینگ بایەخی نەماوە بۆ وەدەستهێنانی مافی ڕەواو هیچ دەستەبەر ناكات، لەم ڕووەوە راتان چییە؟

بە باوەری من هەر كام لە جۆرەكان و شێوەكانی خەبات، بە جولانەوەی چەكداریشەوە،پێوەندی هەیە بەو قۆناغ و هەلومەرجەی  شۆرشی تێدایەو هەروەها ئه‌و شێوەی كرداره‌كانی دەسەلات لە خۆی نیشان دەدا پێوەندی هەیە. ئەوە هەلومەرجی شۆڕش و هەلسوكەوت و رادەی ستەمگەرییەكان و كاردانەوەكانی دەسەلاتە ئەو حوكمە دەدات كە ئایا خەباتی چەكداری پێویستە یان نا؟ كاتێك لە چوارچێوه‌ی دەسەلاتی ئێران رێگە بە هیچ جۆرە خەباتێكی مەدەنیانە نادرێ‌ و لە بەرانبەر هەر رەخنەییكی رەوای هاونیشتمانیاندا، هەڕەشەو زیندانی كردن و ئیعدام پەیرەو دەكرێ‌ و بە زەبری هێز  رێگە لە هەر نارەزایەتی و رێپێوانێكی مەدەنیانە دەگیردرێ‌. لە هەلومەرجێكی لەو شێوەداخەباتی چەكداری یەكێكە لە رەواترین شێوەكانی نارەزایەتی دەربڕین و بە یەكێك لە هۆكانی بەردەوام بوون بە شۆڕشی مافخوازانەو ئازادیخوازنە ئەژمار دەكرێ. لە وەها هەلومەرجێكدا قسەی ئەوانەی كە زۆر كەمن و دژایەتی خەباتی چەكداریی مەشروع و رەوا دەكەن،ئه‌و كه‌سانه‌ یا بە باشی پێداویستیەكان و زەرورەتەكانیان نەناسیوە و یا راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەو كانیانە ئاودەخۆنەوە كە سەرچاوەكەی لە لای دەسەلاتداری ئاخوندیەوەیە.

لڤین: تەرازووی هێز لەنێوان حیزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات‌و كۆماری ئیسلامی ئێراندا زۆر نا هاوتایە، ئەمە نابێتە پاساوی ئەوەی كە خەباتی چەكداری دژ بە ئێران بەرهەمی نابێت‌، یان نابێتە بەڵگەی ئەوەی كە زەمینەی خەباتی چەكداری لەبارو سازاو نییە؟

وەك ئاشكرایە خەباتی چەكداری پالپشتی خەباتی سیاسی و تەشكیلاتیە لە بەرانبەر دەسەلاتداری دیكتاتۆری ئاخوندی لە ئێران. بێگومان یەكێك لە دەستكەوتە دیارو بەرچاوەكانی خەباتی چەكداریی، راگرتنی خەباتی شۆرشگێرانەیە و لە هەمانكاتدا ترسی دەسەلات لە شۆڕش و ئاكامەكانی جوڵانەوەی حەقخوازانەیە.

سەبارەت بە ناهاوتایی هێزی شۆرش لە بەرانبەر  رژیم، لە گەڵ ئەوەی ئه‌وه‌ حەقیقەتێكەو هەر لە سەرەتای هێرشی پاسداران بۆ كوردستان ئەو ناهاوسەنگیەی لە هێزداو هەروەها له‌ بوونی چەك و تەقەمەنی پێشمەرگەدا هەبوو، سەرەرای ئەو ناهاوسەنگی و نابەرابەریەش لەپێوەند بە توانای سەربازی دەسەلات و توانای پێشمەرگە، بەلام خەباتی چەكداری وەك زەرورەتێكی حاشاهەڵنەگر، بووە فاكتەرێكی گرینگی جولانەوەی ماف خوازانەی خەڵكی كوردستان و بە شێوەییكی بەرینتریش بووە زەرورەتێكی جولانەوەی ئازادیخوازیی سەرانسەریی لە بەرانبەر رژیمی ئاخوندیی ئێران.

بەو روون كردنەوەیە لە سەر زەرورەتی خەباتی چەكداریی و جێگەو پێگەی شیاوی لە جولانەوەی حەقخوازانە، دەگەینە ئەو ئاكامە كە خەباتی چەكداری لە گەل سەختی و كۆسپەكانی هەم پێویستەو هەمیش بەرهەمی زۆر ئاشكراو درێژماوەی هەبوە و لە داهاتووشدا بەرهەمەكانی زیاتر دەردەكەون.

لڤین: گشت حیزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن‌و بارەگاكانتان لەهەرێمە، ئایا ئەمە یەكێك لە لەمپەرەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداریتان نییە؟

بێگومان بوونی بنكەو بارەگاكانی سازمانی خەبات و لایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستانی ئێران لە هەرێمی كوردستان یەكێك لە هۆكارەكان بووە بۆ لاوازی و كەم بوونەوەی خەباتی چەكداری بە تایبەت كە زۆر جار لە بەر پاراستنی دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كەم كردنەوەی فشارەكانی رژیمی لە سەر دەسەلاتی كوردیی بە پێویست زاندراوە چالاكیە چەكداریەكانمان كەم بكەینەوە.لە لایەكی دیكەوە رژیمی ئێرانیش زۆر جار زۆری بۆ حیزبەكانی كوردستانی عێراق هێناوە تا بەربەست بخەنە سەر كارو چالاكیەكانمان، ئەو رێگری و بەربەستانە كاریگەری بەرچاویان هەبوە لە كەم كردنەوەی چالاكی چەكداریی.

لڤین: جیا لەناكۆكی‌و ململانێی نێوانتان، حیزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات بەرانبەر كۆماری ئیسلامی ئێران سیاسەت‌و ستراتیژی هاوبەشتان نییە، ئایا بەم حاڵەوە دەتوانن دۆزو بزافی رزگاریخوازی كورد لە ئێران بە كوێ بگەیەنن؟

بیگومان نەبوونی هاوكاریی و ستراتیژی هاوبەش یەكێك لە كێشە بنەرەتیەكانی جولانەوەی ئازادیخوازی كوردستانە.بە باوەری من هەرچەند رژیمی ئێران لاوازیش بێ، بەلام كاری هاوبەش وبەرنامەییكی سیاسی هاوبەش بۆ بردنە پیشی جولانەوەی ماف خوازانە لە نێوان لایەنە سیاسیەكانی گۆرەپانی جولانەوەی كورد نەبێ، ناتواندرێ كارێكی بەرچاو و كاریگەر ئەنجام بدرێ.

هەر بۆیە ووتارەكان و پێشنهادەكانی تێكرای حیزب و لایەنەكان ئەوەیە تا هەوڵی جیددی بدرێ بۆ وەدی هاتنی كارو سیاسەتی هاوبەش بۆ ئەم قۆناغەی جولانەوەی شۆرشگیرانەی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران.

لڤین: سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری حیزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات لەژێر كاریگەری "یەكێتی‌و پارتی"دان، ئەوانەتان لەپارتییەوە نزیكن داوای دەسپێكردنەوەی خەباتی چەكداری دەكەن‌و ئەوانەشی لە یەكێتییەوە نزیكن دژی شەڕو خەباتی چەكدارین، چۆن لەم دابەشبوونە دەڕوانن؟

دابەش بوونی سازمانە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران وەك لایەنەكانی ژێر كاریگەری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكیتی نیشتمانی كوردستان، لە بنەرەتدابوونی نیە. سەبارەت بە خەباتی چەكداری، زۆربەی لایەنەكانی كوردستانی ئێران چ ئەوانەی بنكەو بارەگایان لە ناوچەكانی سلێمانی یەو چ ئەولایەنانەی بنكەو بارەگایان لە ناوچەكانی دەوروبەری هەولێرە بە تێكرا باوەرەریان بە خەباتی چەكداریی هەیەو خەباتی چەكداری بە داسپاو لە لایەن رژیمی ئێرانەوە دەزانن و بە یەكێك لە رێگەو هۆكانی خەباتی ماف خوازانەی دەزانن.

لڤین: "حزبی دیموكرات‌و كۆمەڵە" بە هەردوو باڵەكەیانەوە وەكو نمایندەو ڕێبەری خەباتی كوردانی ڕۆژهەڵات دەردەكەن، دیارە ئێوە لەم بارەیەوە نیگەرانن‌و خۆتان بەكەمتر لەوان نازانن، دەكرێت پێمان بڵێیت قەبارەو كاریگەری‌و  ڕۆڵتان بە بەراوردی ئەوان لەچ ئاستێكدایە؟

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران لە سەرەتای دەست پێ كردنی جولانەوەی ئازادیخوازی كوردستان وەك هێزییكی كاریگەریی سیاسی، چالاكانە لە مەیدانەكانی كاری سیاسی و تەشكیلاتی و روبەروبونەوەی نیزامی و پێشمەرگانەدا بە شداری هەبوە، تەنانەت نەیارانی سازمانی خه‌بات شاهیدی ئه‌و راستیه‌ ده‌ده‌ن كه‌ دەوری سازمانی خەبات لە  مەیدانەكانی چالاكی سیاسی و نیزامی به‌رچاو حاشاش هه‌ڵنه‌گر بووه‌. ئەوە راستیه‌ ده‌ری ده‌خات كە سازمانی خەبات یەكێكە لە  هێزە دیارو سەرەكیەكانی كوردستانی ئێران و هەروەها  ئەو هەولانەی دەسەلاتدارانی رژیمی ئێران بۆ زەربەت لێدان لە سازمانی خەبات و ئەندامانی و ترسی لە بوونی سازمانی خەبات و دەیان بەڵگەی دیكە، سەلمێنەریی ئەو راستیەیە كە سازمانی خەبات نوینەرایەتی بەشێكی بەرچاو لە دانیشتوانی كوردستان دەكات لە جولانەوەی شۆرشگێرانەدا.

لە پێوەند بە رێبەری كردنی جولانەوەی شۆرشی ئازادیخوازی بە باوەری من  حەق نیە  هیچ لایەنێك خۆی بە رێبەری جولانەوەی ماف خوازانەی كوردستان بزانی و هەلومەرجی ئیستای كوردستانیش  ریگە بەو جۆرە بیر كردنەوە نادات و هەروەها لایەنە سیاسیەكانیش بیرو بۆچوونیان وەك رابردوو نەماوەو هیچكامیان چ بە تەنیا و چ بە  دوو قۆڵی، ناواقعیە خۆیان بە رێبەری خەباتی كوردانی رۆژهەلات بناسێنین و نەحەقیقەتی مەیدانی جولانەوە رێگە بە ئیدەعای لەوچوارچێوەیە دەدا.

لڤین: جیا لەگشت حیزبە كوردییەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئێوە پەیوەندی‌و نزیكایەتییەكی تایبەتتان لەگەڵ "  شورای میللی مقاوەمەتی ئێران" بەڕێبەری مەریەم رەجەوی هەیە، دەكرێت پێمان بڵێیت ئەم پەیوەندی‌و نزیكایەتییە لەسەر چ بنەمایەكە؟

پێشەكی دەبێ بڵێم كە هاوكاری هێزە سەرانسەریی و كوردستانیەكان كارێكی پێویستە، چ بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای شۆرش و چ بۆ دوای روخانی رژیمی ئاخوندی. هەر لە سەر بنەمای ئەو پێویستیە پێوەندی و هاوپەیمانی سازمانی خەبات لە گەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شورای میللی مقاومه‌تی ئێران لە سەر هەوڵ و تێكۆشان بۆ رووخانی رژیمی ئاخوندی و هاتنە دی حكومەتێكی ئازاد و دیموكرات لە ئێرانداو دابین كردنی مافی رەوای گەلی كورد و بەرابەریی و یەكسانی لە نیوان هەموو چینەكان و كۆتایی هێنان بە سەركوتی ژنان و چەوسانەوەی مەزهەبی ....هتد لە چوارچێوەی رێكەوتنێكی دوو قۆڵی رێكخراوەو رێكەوتنی رەسمی لە سەر كراوە.

 
ڕێکه‌و 2016-09-08 16:21:06
به‌شی ( دیمانه‌ )







سیاسی