میدالی وشەم بۆ بەرۆکت ئەی پێشمەرگە!  

رۆژ و مانگ ، ساڵ و سه‌ده‌ هاتن و چوون، تۆ هه‌ر به‌ڕێوه‌ی! دا‌ر و به‌رد و ده‌شت و چیاکان نه‌مان و نه‌وی بوون،  تۆ هه‌ر به‌پێوه‌ی! زریان شه‌که‌ت بوو، رووبار بێ ته‌وژم ما، هه‌ور ناڵه‌ وگرمه‌ی کز بوو، پشتی هه‌وراز چه‌مییه‌وه‌، وه‌رزه‌کان له‌م هات و چوون ماندوو بوون، باڵنده‌ خێڵه‌کیه‌کان وازیان له‌ کۆچ  هێنا، سه‌وزه‌ و گیا بێزار له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی سه‌ر له‌نوێی هه‌موو ساڵێک، رێگا و رچه‌ کوێر بوونه‌ وه‌، ئه‌ستێره‌کان شۆڕ بوونه‌وه‌، سپێده‌ و زه‌رده‌ لێک گۆڕان،ناراسته‌کان هه‌موو دۆڕان. هێز و ده‌سه‌لات تێک رمان، مل هوڕ و پشت ئه‌ستوور چه‌مان، دنیا له‌ خۆی که‌وته‌ گومان. تۆ نه‌گۆڕای، تۆ نه دۆڕای. ماندو نه‌بووی، باسک و ئاژنۆت بێ هێز نه‌بوون. هه‌ست و سۆزت هه‌ر زیادی کرد. به‌راستی که‌ تۆی رۆڵه‌ی کورد. ئه‌ی هاوڕازی سریوه‌ و سرته‌ی ئه‌ستێره‌کان، له‌ شه‌وه‌زه‌نگی بێ به‌شی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان ! تۆ تریفه‌ی مانگه‌ شه‌وی  کوردستانی له‌ شه‌وانی ئه‌نگوسته‌چاوی زه‌مه‌نی کپ و بێده‌نگی دا که‌ یاساوڵی بێ چاوو‌ڕوی دژمنانی نه‌ته‌وه‌که‌ت، فریشته‌ی ئارامی ده‌تارێنن. تۆی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک بای واده‌ی به‌هاری ته‌می خه‌می که‌ساسی  و بێنازی له‌ سه‌ر رووخساری  گوند و باژێری وڵات راده‌ماڵی . له‌ سپێده‌ی هه‌ر رۆژێک دا وه‌ک  خۆری  به‌یان  به‌ په‌نجه‌ی تیرێژی پڕ له‌ گه‌رمی و خۆشه‌ویستی،گه‌ردی   سه‌ر رووی گوڵانی  ژاکاو و لاره‌ملی ده‌ستی شه‌خته‌ی نه‌یاران، ده‌ته‌کێنێ و، بۆن و ره‌نگ ورواڵه‌تیان پێده‌به‌خشی. تۆی پێشمه‌رگه‌ شنه‌ی شه‌ماڵی هاوینانی و مایه‌ی کۆی سووری خه‌مانی وه‌رزێرانی . له‌ بێستانان شه‌مه‌می به‌ بۆنی سه‌رده‌ستانی . له‌ناو باخ و گوڵزاران بولبولی هه‌زار ده‌ستانی. له‌ ره‌زبه‌ران  تۆ به‌ر هه‌می ره‌زه‌وانی، بانه‌مه‌ڕان له‌سه‌ر زۆزان و  لوتکه‌کان شوان و بێری بناران وبن ره‌شماڵی هه‌وارانی. تۆ سۆزی بالۆره‌ و حه‌یرانی، به‌سته‌و نۆته‌ی گۆرانی و وشه‌ و ئیلهامی هۆزانی. داسی ده‌ستی و چه‌کی شانی. فه‌رنجی کاتی باران و نه‌وای شمشاڵی شوانی. سۆزی دایکی، هیوای باوکی. پشت و په‌نای خۆشک و کاکی. هه‌ستی ئه و‌ین و جێژه‌انی، عه‌ترو ئاوێنه‌ و شانه‌ و، دیاری ده‌ستی دڵدارانی. تۆ بارانی، کلوی به‌فری، هه‌وری به‌گرمه‌ی به‌هار و، تینی خۆری هاوینانی. تۆ خه‌نجه‌ری به‌ر پشتێندی، سه‌نگه‌ری شه‌ڕگه‌ی کوردانی. له‌سه‌ر لوتکه‌ی به‌رزی وڵات، وه‌ک هه‌ڵۆی جاوتیژ و به‌ گوڕ،  پارێزه‌ر و چاوه‌دێری نیشتمانی. تۆ له‌ گه‌ڵ هه‌ر تاکی کوردی. له‌ مه‌زرا جوتیاری، له‌چیا شوانی، له‌ فێرگه‌  مامۆستا و قوتابی و له‌ بازاران تۆ کڕیار و فرۆشیاری. ئه‌تۆ نۆژداری جه‌سته‌ی به‌ ئازار و بیماری. هه‌توانی زامی به‌ناسۆر و ته‌بیبی حاڵزانی. گوڵاله‌ی ده‌شت و کۆساری. کانی پڕ  ئاوی زنار و رووباری پڕ خرۆش و هه‌رمانی. هه‌رچی ره‌نج و ماندووبوونه‌ به‌شی تۆیه‌، دڵنیابه‌ نه‌یاری تۆ ره‌نجه‌ڕۆیه‌. له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی وڵاتم، هێزی گه‌لی. بروسکه‌ی ئاسمانی خه‌بات و خۆری به‌یانی ده‌م که‌لی. له‌ده‌رسیم نه‌وی شێخ ره‌زا، له‌ پیران کوڕی شێخ سه‌عید، له‌ مهاباد و چوار چرا، رۆڵه‌ی قازیەکانی و له‌ باشووریش هی بارزانی. له‌ قامیشلی و حه‌سه‌که‌ ، هاو کۆری شێعره‌کانی جگه‌ر خوێن وکیژە گەریلای کۆبانی. لەدەر و دەشتی نەینەوا پارێزەر وسینگ قەڵغانی نیشتمانی. لە قەندیل، بە بەرزی سەربەرزی بەرزی. له‌ سلێمانی نه‌وه‌ی شێخی به‌رده‌قاره‌مانی . له‌ ده‌وری  زرێباریش هاو رکیفی دوازده‌ سواره‌ی مه‌ریوانی. لە سەرلوتکەی ئاربەبا قوتابی مەکتەبی مامۆستا شێخ جەلال وپێشمەرگەی سازمانی خەبات دڵسۆزەکەی نیشتمانی.  له‌ تاق بۆستانی کرماشان به‌ شه‌وی مانگه‌ شه‌و له‌ هه‌ڵدێری تاق بوستانه‌وه‌ به‌سواری ئه‌سپه‌که‌ی خوسره‌و به‌ره‌و ماهی ده‌شتی وه‌ک  به‌هه‌شت بۆ خاتوو شیرینی نیشتمان ده‌چیه‌ ژوان و، له‌وێوه‌ ده‌سته‌ نیرگزی به‌هاری چیای بێستون بۆ مه‌ستوره‌که‌ی ئه‌رده‌لان، ده‌که‌ی دیاری دڵان. هه‌موو نه‌ورۆزان له‌ سه‌ر لوتکه‌ی ناله‌شکێنه‌‌ روه‌و  کوردستانی گه‌وره‌، له‌گه‌ڵ زیره‌ک سروودی ئه‌مرۆژی ساڵی تازیه‌ نه‌ورۆزه‌ ده‌ڵێیه‌وه‌. له‌ موکریان  هێمن شیعری ناڵه‌ی جودایت بۆ ده‌لیت و، هه‌ژاریش شێعری رێبه‌ندان. له‌ گه‌ڵ ماملێ تێهه‌ڵده‌ی له‌ به‌سته‌و مقام و به‌ندان. زۆر جا ده‌بیه‌ سرودی ئه‌ی شه‌هیدانی ره‌زازی وگوڵی سه‌ربه‌ستی خاڵه‌ تاهیر و، سه‌حه‌ره‌ی سێوه‌ و، ده‌نگی ئای ئایه‌که‌ئ مه‌ردان. ئه‌تۆ مه‌می و نیشتمانیش خاتوو زینته‌، تۆ خه‌زاڵی و کوردستانیش کاکه‌ لاسته‌. تۆ هه‌م شه‌می و هه‌م دێوانه‌، مه‌جنوونه‌که‌ی ئه‌وکێوانه‌. تۆ هه‌م سیامه‌ندی و هه‌م خه‌جی، تۆ شاسواری به‌ وه‌جی. ئه‌ی باسکی به‌هیزی گه‌ل ! تۆڵه‌ ئه‌ستێنی رۆژی هه‌ل!. تۆ شووره‌ی سه‌ختی به‌رخودان و قه‌لای قایمی تێکۆشانی. تۆ سه‌روه‌ری ، تاجی سه‌ری، تۆ پێشڕه‌وی، تۆ رابه‌ری. ئه‌تۆ ره‌مزی بون و مانی. تۆ رۆله‌ی کوردی نه‌به‌ردی، تۆ پێشمه‌رگه‌ی کوردستانی،تۆپێشمه‌رگه‌ی کوردستانی!.                                                                             

                       

 
ڕێکه‌و 2016-10-29 16:50:39
به‌شی ( بابه‌تی ئه‌ده‌بی )







سیاسی