کۆنگره‌ی ٦ له‌ ژێر سایه‌ و سێبه‌ری شه‌هیدان دا کۆنگره‌ کۆڵه‌که‌ی هه‌ره‌گرنگی هه‌ر ڕێکخرا و هێزێکی سیاسی و مه‌ده‌نیه‌، که‌ له‌سه‌ر بناغه و بنچینه‌ی دیموکراسی دامه‌زرابێ و کار بکا. به‌تایبه‌تیش که‌ ئه‌و هێز و لایه‌نه‌ به‌رپرسیاری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر شانبێ و ئه‌رکه‌که‌ی خزمه‌تکردن به‌ به‌شه‌ریه‌ت و پارێزه‌ری مافی کۆ و تاکی ناو کۆمه‌ڵگای بێت و بۆ مافی ئازادی و یه‌کسانی میلله‌ته‌که‌ی تێبکۆشێ. هه‌تا مێژووی ئه‌حزاب تێپه‌ڕێ گرنگی و زه‌روریه‌ت و ئه‌همیه‌تدان به‌ کۆنگره‌ سه‌نگینتر وپڕ بایه‌ختر ده‌بێ. کۆنگره‌ ه‌رزترین وێستگه‌ی ده‌سه‌ڵات و بڕیاردانه‌ و مافی گۆڕانکاری و ده‌سکاری خاڵ و به‌ندو بڕگه‌و مادده‌کانی نێو په‌یره‌وی ناوخۆی هه‌یه. کۆنگره‌ و به‌ستنی کۆنگره‌ بۆ خۆده‌رخستن و پانۆڕاماو نمایشکردن نیه‌، به‌ڵکو خاڵی جه‌وهه‌ری کۆنگره‌ بۆ نوێبوونه‌وه‌و گۆڕانکارییه‌ له‌ په‌یکه‌ری ڕێکخراوه‌ییدا، به‌ شێوازێکی سه‌رده‌میانه‌ نوێکاری و تازه‌گه‌ری له‌سه‌رجه‌م کایه‌و ئۆرگانه‌کانی حزب بکرێت، که‌ له‌ ئاست به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و سات و کات و سه‌رده‌مه‌دا بێت.

یه‌کێکی تر له‌ ئامانجه‌ گرنگه‌کانی کۆنگره‌، به‌تایبه‌تیش کۆنگره‌ی هێزێکی سیاسی بریتیه‌ له‌ دیاری کردن و داڕشتنی به‌رنامه‌ و میتۆد و پلانی سیاسی بۆ چه‌ند ساڵی ئاینده‌ی خۆی. 

گرنگه‌ که‌ به‌ستنی کۆنگره‌، به‌تایبه‌تیش کۆنگره‌ی ئه‌حزابی سیاسی له‌ که‌ش و هه‌وایه‌کی سالم دا بگیردرێ و ئامانجی هه‌موو ئه‌ندامان و به‌ژداربوانی کۆنگره‌ چاره‌سه‌ری گرفت و سه‌رخستنی پرۆسه‌ و به‌رنامه‌ی سیاسی بێت. کۆنگره‌ نابێ به‌ئامانجی سه‌رخستنی ویست و خواستی شه‌خس به‌سه‌ر گشتی دا و گشتی به‌سه‌ر شه‌خسی دابێ، به‌ڵکو کۆنگره‌ ده‌بێ له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی دابێ و ببێته‌ هه‌وێن و هێمای یه‌کڕیزی و ته‌بایی و گه‌شه‌کردن و یه‌کخستنی هه‌ڵوێسته‌کان تا له‌و ڕێگه‌وه‌ به‌ره‌و خواست و پێداویستی و ئاوات و ئامانجی گه‌ل هه‌نگاو بنێین و بۆ به‌دیهێنانیان تێبکۆشین. 

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران (سازمانی خه‌بات) یه‌کێکه‌ له‌و هێزه‌ تێکۆشه‌رانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تایی هاتنه‌ ئارایی شۆڕشی نوێی گه‌لانی ئێران و بۆ ئامانجی پارێزگاری و دیفاع له‌ ماف و ئازادیه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان له‌ ڕۆژهه‌ڵات دامه‌زرا و بوه‌ چرای شه‌وه‌زه‌نگی تاریکی و جێگه‌و ئومێدی ڕێبوارانی ڕێگه‌ی ئازادی. ئه‌گه‌رچی ڕێگه‌ی خه‌بات و ده‌مه‌زرانی سه‌خت ودژوار بوو، خۆیی و نه‌خۆیی دوژمن و نه‌یاربوون به‌ دامه‌زرانی سازمانی خه‌بات، به‌ڵام چونکه‌ باوه‌ڕ و ڕێبازی سازمانی خه‌بات ڕه‌سه‌ن و کوردانه‌ بوو، ڕووی سه‌نگه‌ر و ئامانجی له‌ دوژمنی ئاخوندی بوو توانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تێپه‌ڕێنێ و به‌سه‌ر که‌ندو کۆسپه‌کانی سه‌ر ڕێگه‌ی، له‌ ژێر سایه‌ و سێبه‌ری سیاسه‌تێکی ژیرانه‌ سه‌رکه‌وێ و تا ئێستا به‌ مانه‌وه‌ی له‌ مه‌یدانی به‌کرده‌ دا سووربوونی هه‌تاسه‌ر له‌سه‌رداوا ڕه‌واکانی گه‌له‌ بنده‌ست وزۆرلێکراوه‌که‌ی بمێنێته‌وه‌.

سازمانی خه‌بات و خه‌باتی سازمانی خه‌بات، خاوه‌نی خه‌رمانێکی پڕ له‌ سه‌روه‌ری و مێژووێکی پڕشنگداره‌ له‌ ناو گه‌لی ئێمه‌دا. چه‌نده‌ها شه‌هیدی قاره‌مان و به‌باوه‌ڕ له‌و پێناوه‌ دا گیانیان به‌خشی، هه‌ر بۆیه‌ سازمانی خه‌بات پێگه‌یه‌کی گرنگی له‌ گۆڕانکاری و ده‌رفه‌ت و خه‌باتی ناوچه‌که هه‌یه‌ و به‌ته‌ماشه‌ وه‌ک هه‌میشه‌ پێشه‌نگ و ڕێچکه‌ شکێن بێ له‌ داهێنان و ڕێڕه‌وی خه‌بات، بۆیه‌ ناکرێ کۆنگره‌یه‌ک ببه‌ستێت، که‌ له‌ ئاستی پێویستدا نه‌بێت. کۆنگره‌یه‌ک که‌ له‌ ئاست هیواوهومێدی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا نه‌بێ.

 
ڕێکه‌و 2017-02-05 19:06:26
به‌شی ( وتاری سیاسی )







سیاسی