ئاکامی کۆچ بۆ هەندەران و بەجێهێشتنی وڵات ئایا کۆچی بنەماڵەی کورد بۆ هەندەران بە تایبەت ئورووپا خێر و خۆشی پێوە بوو؟ یان بووە هۆی لێکدابران ولێکترازانی خێزان و بناخەی بنەمالەی هەڵتەکاند و بووە هۆی نەگبەتی وچارە رەشی بۆ کۆمەڵێکی بەرچاو لەو خێزانانە ؟ دیارە من لێرەدا کە باس لەم دوو تەوەرەیە دەکەم وئیشارەم بە خێزانی کورد کردووە با نەبێتە جێگای تانە لە من ، کە بۆ باسی کوردی کردووە . لە راستیدا هەموو کۆچبەران بە بێ جیاوازی لەم کارەساتە کە دەکرێ پێی بڵێین نەخۆشی بێ بەش نەبوون ، جا کەم یا زۆر کەوتووە ! بە داخەوە دەبی بڵێم کورد پشکی شێری وەبەر کەوتووە بە تاییبەت کوردی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان.  وەک هەموو لا دەزانین ئەوەی کە بۆ هەمووان ئاشکرایە ئەوەیە کە لە دێرزەمانەوە دیاردەی کۆچبەری هەیە لە هەمو جیهاندا ، جا یان بە هۆی شەرەوە بووە یا باری ئابووری ناوچەکە جێگیر نەبووە و خەڵکەکەی مەجبوور بە کۆچ بوون بۆ ناوچەیەکی ئارام یا دەوڵەمەند بۆ ئەوەی خۆیان و ماڵ ومنداڵیان پارێزراو بێت. 

دیاردەی کۆچی بە کۆمەڵ لە کوردستانەوە بۆ هەندەران لە ساڵی نەوەدەکانەوە سەری هەڵدا، بە تاییبەت کە شەری ناوخۆ لە باشوور هەبوو و خەڵک لە پارت و ئەحزابی سیاسی بێ هیوا ببوون و لە هەمانکاتدا رژێمی دیکتاتۆری سەددام حسین فشار و ناعەداڵەتێکی زۆری هینابو بۆ سەر خەڵکی فەقیر و هەژار، هەم لە باری سەربازی و هەم لە باری ئابوورییەوە، ئەو زەخت و زۆرە بووە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر بە تاک و کۆ رێگای هەندەران بگرنە بەر و نیشتیمانی خۆیان جێ بهێڵن تا لەو جەهەننەمەی تێیدا بوون . هەر لەو سەروبەندەدا کە شەری ناوخۆیی لە باشووری کوردستان هەبو، رژێمی  دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئیران بە هۆی هێندێک بەکرێگیراوی نەفس نزم و خۆفرۆشەوە ، لەو بشێوییەدا فورسەتی هێنا و هەلەکەی بە قازانجی خۆی قۆستەوەو بە سەدان کادری دڵسۆز و پێشمەرگەی قارەمانی لە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بوون شەهید و بریندارکرد و چەندین ئازادیخواز و پەنابەری یوئێن کە لە باشوور دەژیان رفێندران و بردییاننەوە بۆ ئیران ، یا بە وەحشیانەترین شێوە شەهیدییان کردوون و تێزابیان بە جەستەیاندا کردبوون و جەستەیان شێواندبوون . ئەو درندەییەی کۆماری ئیسلامی ئیران لەو ساڵانەشدا بووە هۆی ئەوەی کە کوردانی رۆژهەڵاتیش بیر لە کۆچ بکەنەوە . هەر ئەوەش بو کە هێندێکیان لە رێگای یوئینەوە و خەڵکێکی زۆریشی لە ڕێگای قاچاخەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتی سێهەم . هەرچەند ئەوانەی بە هەزار زەحمەت گەیبوونە تورکییە لەوێش لە ئەماندا نەبوون هەر رۆژەو بە بەهانەیەک دەیانگرتن ئازاریان دەدان و زۆر جار بە دزی مێدیاکانەوە ژێر بەژێر تەسلیمی ئیرانیان دەکردنەوە . بە سەدان کەس لەو رێگایەدا گیانی لە دەست دا ، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکییان. 

بە هەر حال  لە شەر وشۆر ، بێ عەداڵەتی ، نەبوونی ، لە ترسی تیرۆر بە ڕێگای قاچاخ بە مەیدانی مین  بە دەریادا بە هەر جۆر بوو برێکمان خۆمان دەرباز کرد و ئێستا لە وڵاتانی ئورووپا نیشتەجێ بوین . باسەکەم ئەو کۆچبەرانە ناگرێتەوە کە ئەم دوو ساڵەی دوایی بە لێشاو روویان لە ئورووپا کرد بە هۆی هێرشی وەحشییانەی داعەشەوە بۆ سەر شار و گوندەکانیان . ئەگەر ئەمانیش بمێننەوە ، فارس گوتەنی هەمان ئاش و هەمان کاسە. 

 با بێینەوە سەر بابەتەکەی خۆمان ، ئایا ئەم کۆچەی کردمان خێر و خۆشی پێوە بوو دوای ئەو هەموو دەرد و مەینەتییە یان بووە هۆی نەدامەتی بۆمان ؟ هەر وەک هەموو لایەک باش دەزانین ، بە تاییبەت ئەو چینەی کە تەمەنێکمان لە کوردستان بردۆتە سەر و لە گەڵ ماڵ و منداڵداڵ کۆچمان کردووە بۆ ئورووپا ،ئاداب و رسووم و نەریتی ناوچەکەی خۆمان لێرە پەیرەو دەکەین کە ناگونجێ لە گەڵ یاساکانی ئییرە . گۆرینی ئەو سیستیمەی وڵاتانی خۆمان زۆر بە ئاسان تێ ناپەرێ .

 کەم کەس هەیە بۆی هەزم بکرێ  پیاو سالاری و هەرەشەو گوورەشە ، لێدان لە ژن و منداڵ لێرە لە ئورووپا ناکرێ و ناگونجێ . ناڵێم لای خۆمان هیچ یاسا و رێسایەک نییە، بەڵێ هەیە !بەڵام نەک وەک ئیرە  یاساکان لە ئورووپا زۆر جیاوازن ، ئەگەر بەرانبەری بکەی لە گەڵ یاسا و رێسای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست 

. بەڵێ لەم وڵاتانەی رۆژئاواش رەنگبی نابەرابەری هەبێ بەڵام ئەگەر بەرانبەریکەی بەو نابەرانبەریەی لای خۆمان ،هەر بۆ باسکردن نابێ 

. ئەم یاسایانە و هێندێک شتی لاوەکی کە دەبنە هۆ بۆ دروست بوونی شەر و کێشەی ناوخۆی خێزان کە خۆمان بە دەستی خۆمان دروستی دەکەین و دواتر گەورە دەبێتەوە و دەبێتە هۆی لێکترازانی بنەماڵە .

 ئەو شتانە چین کە خۆمان بە بێ بیرکردنەوە و لێکدانەوە دەیانکەین ولە کۆتاییدا بە خراپ بە سەرماندا دەشکێتەوە ؟ زۆرن ئەو فاکتەرانە بەڵام من چەند نموونەیەکیان باس دەکەم

 . ئەلف ـ پوڵ . سەرەتا کە کۆچبەران ئەگەنە ئورووپا بە تا ییبەت ئەوانەی لە رێگای یوئینەوە دێن باشتر لەو کۆچبەرانەی کە بە رێگای نایاسایی دێن پێیان ڕادەگەن ، مندالەکان بە زوویی دەنێردرێنە قوتابخانە و باوک و دایکەکەش بۆ فێربوونی زمانی ئەو وڵاتە دەنێردرێنە بەر خوێندنی سەرەتایی و یارمەتی مانگانەیان بۆ دەبرنەوە . ئەم کۆمەڵە خەڵکە کە هەموان لە ژینگەیەکی ترس و بی ئیمکاناتییەوە گەیشتونەتە ئورووپا. زۆر رفیق ، دۆست و کەس وکاری خۆشەویستییان لە وڵات جێ هێشتووە کە ئەوانیش لە هەمان تەنگەژە و ژینگەدا گیریان خوواردووە . بەو هۆیەوە  ئەم کۆمەڵە خەڵکەی رزگاریان بووە بێ تەفاوەت نابن بەرانبەر کەس و کاریان . لێرەوە یارمەتی بۆ ئەو خزم و دۆستانە دەنێرنەوە

 . دیارە ئەمە باشە و کارێکی مرۆڤ دۆستانەیە ، بەڵام کە درێژەی کێشا وردە وردە دەبێتە هۆی کێشەی نیوان ژن و مێرد ، کەم وەخت هەیە هەردوولا لە سەر ناردنی یارمەتی بۆ کەسێک یا خزمێک هاوڕا بن ، ناخۆشی لێرەوە دەست پیدەکا ، ئەگەر یەکیان نارازی بوو ئەویکە بە رێگای نامەشرووع یارمەتی بۆ کەسێکی خۆی یا رفیقێک دەنێرێتەوە دوایە کە نەفەری دووهەم بەمەی زانی کار لە کار دەترازێ و ئیتمینان و باوەر بە یەکتر بوون نامێنێ ، دواتر هەر کە شتێکی بەسیت لە نێوانیاندا رویدا بۆ نموونە منداڵێکیان پێویستی بە شتێکە بیکڕێ یا شوێنێکە کە بچێ ، داواکەی جێبەجێ ناکەن . لەم کاتەدا نەفەری دووە بە تانەوە دەڵێ پووڵەکەمان هەر بەشی ئەوە دەکات باوکت یا دایکت بۆ کەس و کاری بنێرێ ، دەم بە دەمە درووست دەبێ بۆ ماوەیەک دەنگدابرین لە نێوان ژن و مێردەکەدا روو دەدا . وردە وردە گەورەو گەورەتر دەبێتەوە تا دەگاتە ڕادەی پێکدادان، ئەو کاتەیە کە بە زەحمەت دەکرێ ئەو باوەر و ئیتمینان بە یەکبوونە بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی . وردە وردە دوای ئەو دڕدۆنگییە ، دەمەقاڵەیتر دێتە گۆڕێ ئاخرەکەی بە جیابونەوە کۆتایی دێ . ئەوەی زەرەرمەندی گەورەیە منداڵەکانن دواتر دایک و باوکەکە ، منداڵەکان لە نێوان دایک و باوکەکەدا سەریانلێدەشێوی ئەوەش دەبێتە هۆی دواکەوتنیان لە خوێندن و لە کۆمەڵگا

 . ب ـ جیاوازی تەمەن . زۆر جار بووە لە وڵات کە ژن و پیاوێک جیاوازی تەمەنیان زۆریش بووە و هاوسەرگیرییان کردووە و هێچ کێشە نەبووە ، بەڵام هەرلەو هاوسەرانە کە رەنگبێ بە خۆشەویستیش هاوسەرگیرییان کردبێ ، ئیستا کە هاتوونەتە ئورووپا لێرە بیریان هاتۆتەوە کە ئەو شێوە هاوسەرگیرییە خەڵەتە و دەبێتە جێگای وتوووێژ و دەمەقاڵێیان ئەم ئەو تاوانبار دەکات و ئەو ئەم تاوانبار دەکات ، ئەم جۆرە دیاردەیەی تەمەن لە کۆنەوە لە نێو خەڵکی لای خۆماندا هەیە ، هەر چەند جیاوازی تەمەن ئەگەر لە سێ بۆ چووار ساڵ زیاترە تێپەرێ باش نییە ، چون شێوەی بیرکردنەوە و بۆچوونی ئینسانەکان و هەڵس و کەوتیان لە گەڵ تەمەندا دەگونجێ . هەر چەند ئەو جیاوازی تەمەنە لە ناو خەڵکی ئورووپاشدا زۆرە . زۆرن ئەوانەی لە ئورووپاوە بە بی ئەوەی ئافرەتەکە پیاوەکە بناسێ و یا پیاوەکە ئافرەتەکە بناسێ یا هەڵس وکەوتێکیان لە گەڵیەک بووبێ هاوسەرگیری دەکەن و بە زەحمەتێکی زۆر و خەرجییەکی لە ئەنداز بەدەر لە وڵاتەوە دەیهێنن ، ئەم شێوە ژن هێنان یا شوکردنە زۆر کەم بووە ناجیح بووبێ . بە هۆی ئەوەوە کە بە باشی یەکتریان نەناسیوە و زۆر جار جیاوازی تەمەنیان لە دە بۆ بیست ساڵ بووە بەم هۆیەوە کێشە کەوتۆتە بەینیان و جیا بوونەتەوە یا هێندێکجار بە هۆی ئەوەوە کە ئافرەتەکە یا پیاوەکە ئیجازەی مانەوەی نییە مەجبوور بەوە دەبێت کە هەموشتێک قەبووڵ بکات تا ئەو کاتەی ئیجازەی مانەوەی لە وڵاتەکە پێ ئەدری ، ئەو کاتە درەنگ بووە و لەوانەیە یەک یا دوو منداڵ کەوتبێتە بەینیان و لێرەدا منداڵەکانن کە دەبنە قوربانی ئەگەر دایک و باوکەکە ڕێنەکەون . چون هاوسەرەکان بە بۆنەی ئەو کێشەی لە نێوانیاندا هەیە زۆر جار پێک نایەن زۆربەیان جیا بوونەتەوە. 

پ ـ جیاوازی بیر و بۆچوون .

 زۆر بنەماڵە هەن کە یا ئافرەتەکە یا پیاوەکە لە سەفی شۆرشدا بووە و هەلگری ئیدئۆلۆژییەکە و بە پێچەوانەوە ئەوی تریان کەسێکی مەدەنی و بێلایەن و هێچ لە شۆرش و حیزبایەتی نازانێ یا نەیویستووە تێکەڵ بێت . لێرە کۆبوونەوە میتینگ ، مەراسم کاری حیزبی هەیە و ئەو یەکەیان کە سەر بە شۆرشە دایم پێی خۆشە و بە ئەرکێکی سەر شانی خۆی دەزانێت ئەگەر بۆی بلوێت بۆ ئەو کۆبوونەوە و مەراسمانە بچێت و ئەگەر یارمەتییەکی لە دەست بێ بۆ شۆرشی بیکات . لێرەدا تەزاد و ناکۆکی درووست دەبی ، ئەوەی سەر بە شۆرشە داوا لە هاوسەرەکی دەکات کە کۆبوونەوەیەکی حیزبی هەیە و پێی خۆشە بە یەکەوە بچن ، هاوسەر!! هەرچەند ناشچێ چەند تانە و تەشەرێکیشی بە روودا دەدات . برۆ ئەوە بەشت بێ ،تا کەی بە دووای ئەمانەوەی ؟ ئەو کەسە مەئیوس دەبێ کە لە کۆبوونەوەکە زۆر لە برادەرانی بە ماڵ و منداڵیانەوە هاتوون ئەویش بە تەنیا یە، من پێم باشە رێز لە بۆچوونی ئەویکەش بگیرێ بەڵام بۆ ئەوەی رێزو خۆشەویستی لە بەینیاندا بمێنی لە باتی قسەی ناخۆش با کارئاسانی بۆ بکات باشترە ، ئەو کات هیچ کە شیرازەی بنەماڵەکەیان تێک ناچی بەڵکو خۆشەویستی زیاتر لە بەینیاندا درووست دەبێ . یا دوو هاوسەر کە هەردووکیان لە سەفی شۆرشدا بوون یا بنەماڵەکانیان سەر بە شۆرشە ، بەڵام ئەم دووانە هەرکەسەو سەر بە لایەنێک یا حیزبێکن ، دەبێ رێزی موتەقابیلیان هەبێ بەرانبەر بە بیر وباوەری یەکتر ئەگەر بییانەوێ پێکەوە بژین . هەرچەند زۆر جار لە سەر کێشەی ناوخۆی حیزبەکان ئەمانیش لێرە ناکۆکی دەکەوێتە بەینییان ودەبێتە هۆی ئەوەی کار لە منداڵەکانیشیان بکات . بنەماڵەش هەیە هاوسەرەکان لە یەک حیزبدا بوون و ناکۆکیشیان هەیە . بەڵام ئەگەر هاوسەرەکان بیر و بۆچوونیان لێک نزیک بێ تێگەیشتن باشتر دەبێ و یەکتر باشتر دەرک دەکەن . زۆر هاوسەر هەن جا چ پیاو یا ژن کە لە شۆرشدا نەبووە و دەرک بەو زەحمت و دەردەسەریەی هاوژینەکەی ناکات کە کاتی خۆی لە سەفی رێکخراوێکدا بە سەری هاتووە کە بۆی باس دەکات وەک گوێزی بۆ بژمێرێت وایە چوون ئەو بەردی سارد و گورمی نەهاتووەتە ڕێ لە تەرخواردوویەتی و لە وشک نوستووە ، یا کاتێک کە لە بۆنەیەکن یا لە ماڵەوە میوانێکیان دەبێت و باس لە رابردوو دەکرێ و باسی بیرەوەری رۆژانی سەختی خۆیان دەگێرنەوە ، ئەمیکە کە هیچ بە دەردی ئەوان نازانێ پێی گەمەیە و زۆر جار بێرێزی کردووە بە جەلەسەکە و تانە و تەشەری لێ داون کە ئەو بێ رێزییە بوتە کێشەی نێوانیان زۆر جار بۆتە هۆی لێکدابرانیان ـ

 کار . لە ئورووپا خەڵکی لاوەکی بە زەحمەت کاری رەسمی دەست دەکەوێ بە تاییبەت بۆ کەسی گەورەسال وەک باوک و دایکەکان ، چون هەر کارێک کە تۆ ئەتەوێ بیکەی دەبێ شەهادە و بەڵگەی خوێندەواری و کارت هەبێ بۆ ئەوەی داتمەزرێنن . یا دەبێ چەند ساڵ بۆی بخوێنی ، دیارە ئەوانەی ساڵانێکی دوور و درێژ پێشمەرگە بوون زۆر شتیان لەم بابەتە لە دەست چووە، چون نەیتووانیوە پێشمەرگەش بێ ولە هەمانکاتدا بشخوێنی ، ئەوەی ئەوان بۆیانماوەتەوە شانازی ئەو ماوەیەیە کە پێشمەرگە بوون . بۆیە زۆربەیان ئەبێ لە ئورووپا لە سەرەتاوە دەست پێ بکەنەوە . ئەوانەش کە پێشمەرگەش نەبوون بە هەمانشێوە . دوای ئەوەی بە هەزار زەحمەت کاریان دەست کەوت ، ئەمجار وردە وردە کێشەی پێڕانەگیشتنی منداڵیان بۆ درووست دەبی . منداڵ لە ئورووپا ئەرکی زۆرە ئەگەر پێی ڕانەگەی لە دەستت دچێ ، خراپ بار دێ ، زۆر داوای هەیە دەبێ بۆی جێ بە جێ بکەی . زۆر جار لە بەینی ژن و مێردەکەدا کێشە درووست دەبێ لە سەر ئەوەی کارەکانیان لە کاتی نەگونجاودایە و یەکیان کەمتر لەویکە بە منداڵەکە ڕادەگا، لێرەدا نارەزایەتی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی شەر و کێشەی نێوانیان ، زۆر جار بووە بە هۆی کاری قورسەوە دایکەکە یا باوکەکە زۆر هیلاک بووە لەو کاتەشدا منداڵەکە یا بێگوێییەکی کردووە یا داوایەکی هەبووە کە بچێتە شوێنێک و هیچیان نەیانتووانیوە یارمەتی منداڵەکە بدەن، لە سەر ئەوە یەکیان لە منداڵەکە توورە بووە یا لێی داوە کە لە کۆتاییدا بۆتە هۆی ئەوەی دەوڵەت منداڵەکەیان لێ بستێنی و بیدا بە کەسێکیکە ، ئەم دییاردەیە زۆرە لە ناو کۆچبەراندا کە بە هۆی تووند و تیژی بنەمالە وە بەرانبەر بە منداڵەکانیان سوسیال ناچاربووە منداڵەکە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکیکە.. 

ساڵ هەر ناشزانی لە کوێیە ، وەختێک دەیبینییەوە کە زمانی خۆی هەر لە بیر نەماوە و ناشیزانێ دوای ١٨ دوای لێساندنی منداڵەکە ژن و پیاوەکە ئەکەونە تاوانبارکردنی یەکتر کە لە راستیدا تاوانی هیچیان نییە ، هۆکاری ئەسلی کارەکەیە کە هەم قورسە و هەم نەگونجاوە لە گەڵ کات و وەختی منداڵەکە. بۆیە زۆر جار ئەم شێوە ناکۆکییانە هەیە و لە کۆتاییدا دەبێتە دابرانی هەموو خێزانەکە لە یەک

 . بۆ ئەوەی خراپ تێنەگەن لە مەبەستم ، ناڵێم کار خراپە بەڵام بە هۆی ئەوەوە کە کارێکی ئاسان و گونجاو بۆ ئەم بنەماڵانە بە زەحمەت دەست دەکەوێ مەجبوور بەوە دەبن کە کام کار قورسە بیکەن بۆ ئەوەی ژیانێکی نۆرمالیان هەبێ ، زۆربەیان بە شەو و رۆژانی پشووش کە بۆ حەسانەوە و پێراگەیشتنی ماڵ و خێزانە  کار دەکەن . بەم هۆیەوە ئەوەی منداڵی هەبێ زۆر زەحمەتە بتوانن بە باشی بە منداڵەکانیان ڕابگەن . کە بنەماڵەیەک ئەم روداوەی لێ روودەدا ئەوجار بە خۆیدا دێتەوە کە ئەوکات تازە درەنگە ، جا بۆیە باشە تا سەرە چەرمەکە ئاو نەیبردووە فرییای کەون . هەر پارە و پول و ماڵیدنیا هەمووشتێک نییە ،ساتێک بە خۆشی لە باوەشی بنەمالەکەتدا بی هەموو ماڵی دنیا دەهێنێ . با لێرەدا باس لە گرینگییەکی کاریش بکەین بۆ هاوسەرەکان ، زۆر باشە و زۆر گرینگە کە هاوسەرەکان ژیانێکی دوور و درێژ پێکەوە دەژین و کە منداڵیان هەیە منداڵەکان بە نازی دایک و باوکەکە گەورەدەبێ و پەروەردەیەکی درووست و کاملیان دەبێ ، لەم جۆرە وەختەدا ئەگەر یەک لە هاوسەرەکانیش کاری نەبێ قەناعەت دەکەن و ژیانیان لێ تێکناچێ . هەرچەند زۆر باشە کە هەردووکیان هەوڵ بدەن کە کارێکی خۆیان هەبێ ئەگەرخوای نەخوواستە کەسێکیان تووشی موسیبەتێک بو ئەویکە سەری لێ ناشێوی

 یا کە کێشەی جیابوونەوە هاتە گۆرێ هەردووکیان بێ منەت بێ یارمەتی یەکتربە باشی دەتوانن درێژە بە ژیانیان بدەن . هەرچەند کۆمەڵیک خەڵک هەن لە پیاو و ژن کە جیا بۆتەوە و کاری نییە لە باری ئیمکاناتەوە زۆر لاوازە . هەرچەند لە ئورووپا پێراگەییشتن هەیە و بەخێوت دەکەن بەڵام ئەو ژیانە نا کە بەکەیفیخۆت دیاریبکەی

 ج ـ هێنانی کەس وکار یا دەعوەت کردنیان بۆ ئورووپا . زۆر بنەماڵە هەن سکی خۆیان و ماڵ ومنداڵیان هەڵگوشیوە بە کەم قەناعەتیان کردووە تا توانیویانە یارمەتی برایەک یا خوشکێک یا رفیقێکیان بدەن کە بگاتە وڵاتێکی ئورووپایی . کەسێک ئەمەی بە سەر نەهاتبێ نازانێ خەرجەکەی چەندە وزەحمەتی چۆنە ، بە تاییبەت کەسێک کە هاتبێتە تورکییە و لەوێ چاوەرێی دەربازبوون بێ 

 ئەمە کارێکی مرۆڤانەیە و زۆر پیرۆزە کە بتوانی یارمەتیدەر بی وکەسێک لەو دۆخە نالەبارە نەجات بەدی . لە کاتێکدا کە کەسەکە دەگاتە شوێنی مەبەستی و رزگار دەبێ لەو ناخۆشی و چاوەرووانییە ، شەرت ئەوەیە ئەو یارمەتییەی پێی کراوە لە بەر چاوی بێ و پێزانینی هەبێ و لە درێژماوەدا قەرەبوویان بۆ بکاتەوە .

 لە گەڵ رێزم بۆ ئەو کەسانەی بەم شێوەیە هاتوون زۆر جار هیچ کە قەرەبوویان نەکردوەتەوە بگرە بوونەتە هۆکارێک بۆ کێشەی نێو خێزانەکەش کە تا حەدی جییابونەوە ولێکدابرانی ژن و مێردەکە گەیوە . بەڵام لێرە زۆر جار قەرزییان کردووە بۆ ئەوەی کەسەکەیان کە لە وڵاتی دووهەم گیری خواردووە و بیکارە بتوانێ خۆی بەرێوە بەرێ یا کە بە رێگای قاچاخ دێت ، دەبێ پارەی بۆ بخەوێندرێت یا کەفیل بێت بۆی، کە زۆر جار ئەمانە بە کێشە و ناخۆشی کۆتایی هاتووە

 . دەعوەت کردنی کەس وکاریش زۆر جار کێشەی لێ درووست دەبێ . ئەگەر هاوسەرەکان زۆر بە ڕێز و خۆشەویست نەبن لای یەک و یەکتر دەرک نەکەن ، خراپ دەکەن کە کەسەکەیان دەعوەت دەکەن ، چون هەم لە باری خەرجییەوە و هەم لە باری پێراگەییشتنەوە ئەرکی هەیە . دیارە ئینسانەکان دە جار ناژین ژیان کورتە دێت و دەچێت ، وا باشە هاتووچۆ و چاوپێکەوتن هەبێ بە تاییبەت بۆ ئەوانەی ناتوانن بە ئازادی بچنەوە وڵات و بە کەیفی خویان لە گەڵ کەس و کاریان ڕابوێرن یا لە بەر ئیمکاناتی ماڵی و ئەمنی ناتوانن سەفەر بکەن بۆ ئەو شوێنەی پییانخۆشە . زۆر جاربە هۆی ژن یا پیاوەکەوە کە بە بانگهێشتکردنەکە نارازی بووە کێشە دروست بووە . یا لالووتن لە یەک یا قسەی ناخۆش بە یەکتر دەڵێن بۆ ئەوەی کەسایەتی یەکتر بشکێنن . لەو کاتەدا کەسی دەعوەتکراو جا چ برا بێ یا خوشک یا دایک و باوکی یەکیان، زۆر هەست بە پەشیمانی دەکات لە هاتنەکەی ،هەر خۆی بە خۆی دەڵێ نەهاتنەکەم چاکتر بو . برێک وەخت دەعوەتکراوەکە ئیزعاجە داواکاری زۆرە بە وەزعی ئەمان نازانێ ، پێی وایە کە کارتێکی بانکی پێیە وادەزانی هەر کوێ بچی دەتوانی گووژمەیەک پارە دەر بێنی خەرجی بکات ، داوای شتیوا دەکات کە ساحەب ماڵەکەش نەیتووانیوە بۆ ماڵەکەی خۆی بکرێ . لێرە ئەگەر ژن و پیاو کاریان نەبێ ناتوانن ژێانێکی خۆش و لوکس رابووێرن ، وەختی وایە یەکیان کاری هەیە . بنەماڵەی وا هەیە چەند ساڵە لە ئورووپایە هەر دەوڵەت یارمەتییان ئەدا ، بۆ ئەم بنەماڵانە زەحمەتە کە بتوانن بەڕەی خۆیان لەو کاتانەدا لە ئاو دەربێنن . ئەم جۆرە کاسانەش کە داوایان زۆرە زۆر جار دەبنە هۆی کێشە بۆ خێزانەکان ، هەر ئەو سەردانە دەبێتە هۆیەک بۆ مناقشەو گفتووی ناخٶش دوای گەرانەوەی کەسەکە . بۆ ئەوە ناڵێم کەسی خۆمان بانگهێشت نەکەین بانگهێشتیان بکەیین، بەڵام ئەوانیش دەبێ وەزعی ئێمە دەرک بکەن ، ئیمەش نابێ لێرە لە بەڕەی خۆمان زییاتر پێ ڕاکێشین ، وا خۆمان نیشان بدەین کە هەین نەک چەواشەکاری بۆ کەس و کارمان بکەین ئەوانیش داوای وایان بێ کە بە ئیمە هەڵنەسوورێ، دوایە خەجاڵەتی ئەوانیش بین و گرفتێکیش بۆ خێزانەکەی خۆمان دروست کەین.

 

 

 

درێژەی هەیە ....
ڕێکه‌و 2017-02-07 16:23:05
به‌شی ( وتاری کۆمه‌ڵایه‌تی )







سیاسی