كۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات وپێداچوونەوە بە پێناسە باوەكان  

لە یەك دوو مانگەكانی داهاتوو سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران شەشەمین كۆنگرەی خۆی بە ناوی كۆنگرەی شەهیدان ، دەبەستێ‌. كۆنگرە بالاترین ئورگانی هەموو رێكخراو و حیزبێكە كە هەموو چەند ساڵ جارێك بە ئامانجی سەرلەنوێ‌ پێداچوونەوە و رێكخستنەوەی پەیرەو و كاركرد و قەوارەی تەشكیلات گرێ دەدرێ‌ و تێیدا دەتوانرێ‌ گەورەترین بریار و یاسا و رێسا و گۆرانكاری وەدی بێ‌. 

بە چاوخشاندنێك بەسەر مێژووی كۆنگرەكانی سازمانی خەبات ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ‌ كە زۆر بە باشی تواندراوە لەو دەرفەتە بە قازانجی بەرەوپێش بردنی رەوتی كارەكانی تەشكیلات كەڵك وەربگیردرێ‌ و گۆرانكاریی یەكجار گەورە و پڕ دەسكەوت لە ناو كۆنگرەكانی سازمان دروست بووە. جێگەی خۆشحالیە كە سازمانی خەبات لەسەر رێچكەیێكی ئەمرۆیی و مودیرن هەنگاوی ناوە و نەسڵەمیوەتەوە لەهیچ گۆرانكارییەك و بە پێی رۆژ و سەردەم خۆی  نوێكردۆتەوە و خۆی هاوتەریب كردووە لەگەڵ بەها و نۆرمە ئەمرۆییەكان و رەوتی گەشەی جوڵانەوە و بە گشتی كۆمەڵگای كوردستان. ئەوە میراتێكی پر بایەخە كە پێویستە بە هەند وەربگیردرێ‌ و ئەركە لەسەر تێكۆشەرانی ئێستا و داهاتووی ئەو تەشكیلاتە كە لەسەر ئەو فورم و مێتۆدە بەردەوام بن. لەگەڵ ئەو راستیەش كە چەندە گۆرانكاریی بۆ حیزب و تەشكیلات گرینگ و پڕ بایەخە پاراستن و مانەوە لەسەر هێندێك ئوسوڵ و بنەمای ستراتیژی و ریشەیی ئەوەندە گرینگ و زەرورە. 

بۆیە سەركەوتووترین كۆنگرە بو هەر تەشكیلات و سازمانێك هێنانە ئارای كۆمەڵیك گۆرانكاری و پرۆژەی ئەرێنی و هێلی سیاسی بو كاركرد و شێوەی بەرێوەبەری هەتا وادەی كۆنگرەی داهاتوو و هاوكات پاراستن و بە هێز كردنی كۆمەڵیك بنەما و پرەنسیپی ستراتیژییە كە سازمان و تەشكیلاتی پێ دەناسرێتەوە و شوناسی گشتی تەشكیلات پێك دێنێ‌. 

بە زانینی ئەو بەرچاو روونیە دەكرێ‌ تێكۆشەران و دڵسۆزانی ئەو تەشكیلاتە ئامادەكاری بو قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە (كۆنگرە) بكەن تا زۆرترین قازانج لە پێناو بەرەوپێش بردنی رەوتی پێشكەوتنی تەشكیلات و لابردنی كەم و كوریی و گوڕوتین بەخشین بە ئەرك و كارەكانی داهاتووی سازمان وەربگرن.  

لەجیهانی ئەمرۆ تاریف و پێناسەكان ئاڵوگۆریان بەسەر دادێ‌ و بە هەمان شێوەش بۆ بەردەوامی چەرخی گەشەسەندن ،  سەرلەنوێ‌ خوێندنەوە بۆ چەمكەكان حەتمیە و ناكرێ‌ لەسەر كۆمەڵیك پێناسی دیاری كراوی نەگۆر بەردەوامی بە هەڵسووران بدرێ‌ و بێگومان ئەگەر بەردەوامیش هەبێ ناكرێ‌ ئەو دەسكەوت و پێش كەوتنە شایانەی لێوە بەرهەم بێ. بەباوەری من لەدوای كۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات ئێمە پێویستیمان بە خوێندنەوەێكی نوێ بۆ زۆرێك لە چەمك و دەستەواژە سیاسی و تەشكیلاتیەكان هەیە و پێویستە شێوەی پێناس و روانین و كارپێكردنمان بە نیسبەت كۆمەڵیك  پێناسی دیاری كراو بگۆڕین و لە چوارچێوەی دەقی نوێ رێكیان بخەینەوە. نمونەیێك لەو چوارچێوەیە دا خوێندنەوەمان بۆ جولانەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی بە گشتی و هەروەها چوارچێوە و قەوارە و پێكهاتەی سازمانی خەباتە. جوڵانەوەی رزگاریخوازانە تەنیا بریتی نییە لە هێز و لایەنە سیاسیەكانی ناو ساحەی سیاسی كوردستان ، بەڵكو سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان دەگرێتەوە و ئەرك و زەرورە تەشكیلاتێكی سیاسی لەو پێكهاتە بەربڵاوە غافڵ نەبێ و لە پێوەندییەكی چر وپڕ دابێ لەگەڵ نوێنەران و پێكهێنەرانی ئەو پێكهاتانە و وەك یەكەی سەربەخۆ و كاریگەر لێیان بڕوانێ‌ و كاریگەری هەبێ بەسەریانەوە و كاریگەرییان لێوەربگرێ‌. تێكۆشەرانی كۆمەڵگای مەدەنی و رەوندی كورد لە دەرەوەی وەڵات ئەو هێز و پوتانسیلە بەرفراوانەن كە پێویستە گوێیان پێ بدرێ‌ و لە پێوەندیی دابن. هاوكات بە نیسبەت پێكهاتە و سترۆكتۆری تەشكیلاتیش ئەو خوێندنەوەمان پێویستە ناكرێ‌ هێزی خومان تەنیا لەو بەشەی هێزەكانمان كورت بكەینەوە كە بە ئاشكرا سەمپاتی خویان بە نیسبەت سازمانەوە راگەیاندووە و تەنانەت بچوكتری بكەینەوە بۆ ئاستی هێزی مەوجوودمان لەناو بارەگا و مەقەرەكانمان. لەوپێوەندییەدا بۆشایی گەورە هەستی پێدەكرێ‌ و دەتوانم بەمەزندە دیاری بكەم كە زۆربەی كاتەكان تەنیا 30 لەسەدی هێزی تەشكیلات هەڵسوورێنەر و راپەرێنەری ئەرك و كارە رێكخراوەییەكان بووە و ئەو حاڵەتە هەم قورسایێكی زۆر لەسەر بەشێكی كەم لە تەشكیلات دروست دەكات و هەمیش بازدە و بەرهەمی كارەكان بەوجۆرەی كە پێویستە نابیندرێ‌. یان خود شێوەی پێوەندییەكان بە هەستەی ناوخۆی تەشكیلات و یا وەڵاتانی ئورووپایی تەنیا بەرهەمەكەی ناوە ناوە هاوكاریی و هەڵسوورانێك بووە و نەك ئەوەی بە شێوەی ئۆرگانیزەكراو هەموو تاكێكی سەر بە تەشكیلات رۆژانە ئەرك و كارەكانی بۆ دیاری بكرێ‌ و رایانپەرێنێ‌. پێویستە ئەو پرسیارە رووبەرووی خۆمان بكەینەوە ئایا ئەو كارو هەڵسوورانەی لەدەرەوە یان خود لەناوەوە بوونی هەیە لە ئاستی  هیزی مەوجوود دایە؟ بیگومان وەڵامەكەی لە لای هەموو ئەندامێكی سازمان روون و ئاشكرایە.  یەكێك لە گرینگترین خاڵەكانی جێگەی باس و مشت و مڕ بە باوەری من دەبێ پێداچوونەوە بەو موعادلەیە بێ و لەرێگەی دوزینەوەی میكانیزمی دروست  و رێگە تێچوو خوێندنەوەی نوێ بۆ ئەرك و كاری تاكەكانی سەر بە تەشكیلات لەهەموو بەشەكاندا بكرێ‌ و فوكوس تەنیا لە سەر بارەگای ناوەندی نەبێ. 

میكانیزمی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە زۆرن و لە سەرووشیانەوە گەڕانەوەی رۆحی خاوەنداریەتی لە جوڵانەوە و تەشكیلاتە. كاتێك جەماوەر هەست نەكەن بەوەی كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر جولانەوە بە گشتی هەیە و ئەو پەیامانەی لە ناوخۆ و لە لایەن چین و توێژە جۆراوجۆرەكانەوە دەنیرَدرێن لە لایەن نوێنەرانی لایەنە سیاسیەكانەوە بە هەند وەرناگیردرێن، بێگومان روحی خاوەندارەتی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازانە ناتوانێ لە ناخی تاكەكانی كۆمەڵگا چەكەرە بكات. یان بە هەمان شێوە كاتێك سەرجەم لایەنەكانی سەر بە تەشكیلات لە هەر بەشێك و شوێنیكی تەشكیلات بن هەست نەكەن كە قورساییان هەیە و هەوڵ و بۆچوونەكانیان بە هەند وەردەگیردرێ‌، ناتوانن هەستی خاوەنداریەتی لەناوخۆیان گەشە پێ بدەن.  ئەركی سازمانی خەبات كار كردن لەسەر ئەو پرسەیە كە روحی خاوەندارەتی هەم لەسەر ئاستی گشتی و هەم لەسەر ئاستی تەشكیلات بگەرێنیتەوە و بەم شێوەیە بازنەی  هەڵسورێنەران و بەخەمەوە بووان بەرفراوانتر بكات. 

كەكاتێك ئەو پرسە بە لایەنی ئەرێنی یەكلایی بوویەوە زۆربەی پرسەكانی تریش سیستماتیك دەكەونە سەر رەوتی پێشەوە چوونی خێرا و كێشەی چەندین ساڵەی دیپلۆماسی لە ئاستی نێونەتەوەیی و بەدەمەوە هاتنی بانگەوازی هێز و لایەنە سیاسیەكان لەكاتی پێویست بۆ بەشداری كۆمەلانی خەڵك لە بۆنە نارەزایەتی و مەدەنیەكان یەكجار زۆر بەرەو داكشان دەچێ. هاوكات لە ئاستی تەشكیلاتیش شاهیدی وەرچەرخانی گەورە لە رێژەی بەرهەمی هەڵسووران و كارەكان دەبین. 

ئەوانەی كە باسمان كردن تەنیا نمونەیێكین لەو پێداچوونەوانەی كە پێویستە تێكۆشەرانی سازمانی خەبات لە كۆنگرەی شەشەم بیكەنە پرسێكی جێگەی باس و وەك پرۆژەیێك بۆ كاری داهاتوو كاری لەسەر بكەن. 

لایەنێكی تری كارەكانی كۆنگرە وەك پێشتریش ئاماژەمان پێدا، پێداگری كردنەوە لەسەر كۆمەڵیك خاڵی ستراتژی و ریشەیین كە دەكرێ‌ سیاسەتی رووخانی دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئێران و رەد كردنەوەی هەر جۆرە دانووستان و گفتگۆیێك لەگەل ئەو نیزامە یەكێك لەو ئوسولانە بێ كە شایان و زەرورە پێداگری لەسەر بكرێتەوە. خالێكی تری جێگەی بایەخ هێڵی میانەرەویی و پراگماتیسم و واقعگەرابوونی تەشكیلاتە كە زۆر گرینگە بە وریایی مامەلەیان لەگەڵ بكرێ‌ و راگرتنی تەوازون لە نێوان خاڵە پەسەند كراوەكان و ئیمكانی بەكردەوە دەرهینانیان ئەركی تێكۆشەران و بەشدارانی كۆنگرەی شەشەم دەبێ. 

ئومێد دەكەم كۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات بە هەوڵی دڵسۆزان و خەمخۆرانی سازمانی خەبات قەڵمبازێك بێ بۆ بەرەوپێشەوە چوونی زیاتر و هەنگاوی جیددی لەپێناو سرینەوەی كەم و كورییەكان و خاڵ و رێسای ئەرێنی و موسبەتی تێدا وەدی بێ.

 
ڕێکه‌و 2017-02-09 16:26:33
به‌شی ( وتاری سیاسی )







سیاسی