شۆڕشی ئێران بۆچی كرا و دەرئەنجامەكانی چی بوون ؟  

هەر شۆڕش و راپەرینێك كە لە وڵاتێك  دەكرێت كۆمەلێك هۆكار و تایبەتمەندی خۆیی هەیە كە وای لێ‌  دەكات جیا بێ‌ لە شۆڕش و راپەرینەكانی پێش خۆی  و هەروەها جیاواز بێ لەو شۆڕش و راپەرینانەی كە لە ولاتێكی دیكە ئەنجام دەدرێت.  ئەو جیاوازییانەش  بەشێوەیەكی سروشتی دەگەرێتەوە بۆ ئەوبارودۆخە سیاسی و ئابووری و جوگرافیایانەی كە لە نێوان وڵاتانی  جیهان دا هەیە . هەروەها ئەو  شۆرش و راپەرینە  بۆ رزگاریی و دەرباز بوونە لەو بارودۆخە ناهەموارەی لەسەرجەم بوارەكانی ژیان  لە وڵات دا هەیە و بە ئامانجی گۆرین و پێكهێنانی سیستەم و حكومەتێك كە لە پێناو بەرژەوەندییە بالاكانی نەتەوەیی كاربكات و پێكهێنانی ئاستێكی بەرز لە خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی وڵاتەكەی بە ئەركی سەرەكی خۆیی بزانێت  و خەلكی بە ئازادی و كامەرانی بژین . هەربۆیە جەماوەر لە پێناو ئەو ئامانجە تێدەكۆشن و قوربانیەكی زۆر لە باری مادی و مەعنەویەوە دەدەن و  بەتایبەت لەو وەلاتانەی كە دەسەڵاتدارانی پەیرەوی سیستەمێكی دیكتاتۆری دەكەن و دەرفەتی ئاڵوگۆری تێدا ئەگەر ئەستەم نەبێت زۆركەمە ،  هەر بۆیە بەزەبری هێزی سەربازی یاخود جەماوەری نەبێت ناگۆردرێن و ئاڵوگۆر لە دەسەڵات پێك نایەت و ئەنجامەكەشی بەرزبوونەوەی ئاستی قوربانیەكان دەبێ . 

بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا سەركەوتنی شۆڕش و راپەرین و  هەروەها ئاڵوگۆر لە سیستەم و دەسەڵات و حكومەتدا ، مەرج نیە ببێتە هۆیی بەدیهاتنی  ئەو بیر و باوەر و ئامانجانەی كە لە دەستپێكی شۆڕش دا خەلك ئاواتی پێ دەخواست و قوربانی لە پێناویدا ،  لەوانەیە لە درێژ ماوەدا دەرئەنجامەكانی پێچەوانە بێتەوە و بریتی بێ لە خراپتربوونی ژیان و گوزەرانی  خەلك و بە فیرۆچوونی زەحمەت و خوێنی قوربانیان و هیوا وئامانجەكانی  میللەت كە ئەگەر زۆر دوور نەرۆین و نمونەی بەرچاومان دەست بكەوێت، بریتیە لە  راپەرینی ولاتانی عەرەبی كە بە  بەهاری عەرەبی ناوبانگی دەركرد كەلە سەرەتاوە خەلك بۆ چ ئامانجێك شۆڕشی كرد و چ ئەنجامێكی لێدەرچوو ؟  بووە هۆی دروست بوونی پشێوی و تێكدانی وڵات و بەردەوامی جەنگ و كاولكاری و دەربەدەربوون و ئاوارە و كوژرانی هەزاران كەس  و  بە لارێدا چوونی ئامانج و مەبەستەكانی شۆرش و راپەرین و تا ئێستاش چارەنووسی بەشێك لەو ولاتانەی كە شۆرش و راپەرینی  تێدا هەڵگیرساوە نادیارە و چاوەروان ناكرێ‌ وا بەئاسانی كۆتایی بەو نەهامەتیانە بێت كە بەسەر خەلكی دا هاتووە . 

 یەكێك لەو وەلاتانەی كە شۆرشی تێدا هەڵگیر سا لە سەدەی بیستەم دا ئێران بوو لە راستیدا  شۆرشی گەلانی ئێران بەیەكێك لەو رووداوە گرینگ و مێژوویانەی جیهان دادەنرێت كە بووە هۆیی كۆمەلێك ئاڵ و گۆری بنەرەتی لەو وەڵاتەدا كە لە درێژ ماوەدا رەنگدانەوەی بوو لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی ئێران بەگشتی و كوردستان بەتایبەت چونكە لە دوای رووخانی رژیمی شاو و حكومەتەكەی سیستەم و دەسەڵاتێك هاتە سەر كار كە دوور بوو لە ویست و داوا و چاوەروانیەكانی  نەتەوەكانی ئێران .

سی و هەشت ساڵ پێش ئێستا لە ساڵی 1979 لە ئەنجامی ئەو ستەم و زۆرداریانەی   لە باری  سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی   كە بەهۆی رژێمی پاشایەتی ئێران بە سەرۆكایەتی رەزا شای پەهلەوی لە گەلانی ئێران دەكران بووە هۆكاری بێزاری و تورەیی خەڵكی ئێران . هەر بۆیە دانیشتووانی ئێران بەسەرجەم چین و توێژەكانیەوە بە هاوكاری و رێكخستنی لایەنە سیاسیە  نەتەوەیی و ئاینیەكانی ئێران بەگشتی و كورد بە تایبەتی بۆ رزگاربوون لەو ستەم و زۆرداریانە  بریاری شۆرش و راپەرین درا لە دژی شا و حكومەتەكەی .

ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی  باس لە هۆكارەكانی هەڵگیرسانی شۆرشی گەلانی ئێران بكەین ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە نەبوونی ئازادی و سەركووتی خەلكی لەلایەن دام و دەزگا ئەمنیەكانی رژێمی شا لە دژی خەلك و چالاكانی مەدەنی و سیاسی و هەروەها خراپی بارودۆخی ئابووری خەلك بە شێوەیەكی بەرچاو لە كاتێكدا بنەمالەی شاو و خاو وخێزان و دارو دەستەكەی لەو پەری خۆشگوزەرانی دەژیان و بەفیرۆدانی سەروەت و سامانی ئێران و ستەمی نەتەوایەتی و هەروەها سەربەدەرەوەبوونی لە رادەبەردەر  بە هۆكاری سەرەكی هەڵگیرسانی شۆرشی گەلانی ئێران دادەنرێت 

جەماوەری نارازی لە بەر ئەم هۆكارانەی سەرەوە وە بە هومێدی بەدی هاتنی خەون و ئامانجەكانیان كە رزگاری و دەربازبوون بوو لە دیكتاتۆران و هەروەها بەدەست هێنانی  ئازادی و خۆشگوزەرانی و باشتر بوونی بارودۆخیان  بەشێوەیەكی بەرچاو بەشداریان لە شۆرشدا كرد و تورەیی و نارەزایەتی خەلكی بە سەرجەم پێكهاتە و نەتەوە و توێژەكانیەوە گەیشتە لووتكە و لەسەرجەم شار و شارۆچكە و دێهاتەكان بە گروتینێكی زۆرەوە و بە وتنەوەی شیعار و دروشمی جۆرا و جۆر و هەروەها هێرش كردنە سەر پایەگاو بنكەكانی حكومەتی رژیمی شا لە شارەكانی ئێران و كوردستان  بەشداریان كرد و لە دوای ماوەیەكی كورت توانرا رژێمی شا بروخێنن و دار و دەستەكەی یان رایان كرد چوونە دەرەوەی ئێران  یان كەوتنە دەست شۆرشگێران و بەسزای خۆیان گەیشتن و دوای هەول و قوربانی دانێكی زۆر  لە ئەنجامدا شۆرش سەركەوت .

دوای روخانی رژێمی پاشایەتی ،شادی و دڵخۆشیەكی بێ وێنە لە روخسار و ناخی خەلك  بەدی دەكرا چونكە بە دەستی خۆیان حكومەتێكیان روخان كە سالانێك ببوە هۆی  ئازار و ناخۆشیان ،بەلام ئەم خۆشیانە زۆری نەخایەند چونكە هەر دوای ماوەیەك لە روخانی شاو و سەركەوتنی شۆرش و گەرانەوەی خومەینی لە فەرەنساوە بۆ ئێران و هاتنە سەركاری ئاخوندان دەست كەوت و ئامانجەكانی شۆرش ژێر پێ‌ خران و هیچ شتێكی لێ شین نەبوو بۆ خەلكی نیشتیمان پەروەر و بێگومان خومەینی بە فێڵاویترین و تاوانبارترین و جینایەتكارترین  كەس دادەنری لە گۆرینی رێرەوی شۆرشی گەلانی ئێران بۆ رێرەوی  ویست و بەرژەوەندیە  تایبەتیەكانی خۆی ،  بە پەیرەو كردنی سیستەمێكی تاك رەوی لە بریار و هەڵوێستەكانی و بە قۆستنەوەی شلەژاوی خەلكی و راوەستانی جومگە سەرەكیەكانی ژیان و لە هەمانكاتدا بەبیانووی جەنگی نێوان عێراق و ئێران و كوشتن و دورخستنەوەی سەرجەم نەیارانیان لە دەرەوە و ناوەوەی  ئێراندا و رێكخستنەوەی دەزگا ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەكان بەمەبەستی سەركوت و كپ كردنی دەنگی نارەزایەتی خەلك لە دژی هاتنە سەركاری حكومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئێران بە ناوی كۆماری ئیسلامی ئێران و  كۆمەلێك هۆكاری دیكە  بووە هۆی  پێ‌ قایم كردنی ئەو رژێمە و بەدی هاتنی ویستە شەخسیەكانی خومەینی و دارودەستەكەی .

سەبارەت بە خەلكی كوردستانیش  بە هەمان ئەو هۆكارانەی باسكران بەشێوەیەكی دیار و بەرچاو بەشداری شۆرشیان كرد و وە رۆلی سەرەكیان هەبوو لە روخانی شادا بەڵام دوای روخانی رژیمی پاشایەتی جیاوازتر لە نەتەوەكانی دیكەی ئێران مامەلەی لەگەلدا كرا چونكە نوێنەرانی كورد و شەخسی مامۆستا شێخ عێزەدین هەر زوو رووی راستی رژێمیان بۆ دەركەوت و بەشداریان نەكرد لە ریفراندۆم و دیاری كردنی چارەنووسی ئێران و هەروەها بەردەوام پێداگریان لە سەر ماف و داوا رەواكانی خۆیان دەكردەوە كە ئەمانە بۆ خودی خومەینی و رژێمی ئاخوندی ئێران  جێی قەبوول نەبوو هەربۆیە كەوتە سەركوت و چەوسانەوەی خەلك و هەروەها سەپاندنی شەر بەسەر كوردستاندا بەبیانووی بێ بنەما و دور لە راستی و حەقیقەت. هەرچەند ویست و داواكانی كورد نەهاتەدی لە دوای شۆرش و هاتنە سەر كاری دەسەڵاتدارانی رژێمی ئاخوندی بەڵام ئەمانە نەبوونە هۆی  سارد كردنەوە و وازهێنان لەو ئامانجە پیرۆزەیان بەڵكو زیاتر لە جاران كەوتنە خۆ و تا ئێستاش زیندووترین نەتەوەیە لە ئێراندا كە هەول و تەقەلاكانی بۆ بەدەست هێنانی مافەرەواكانی خۆی  و روخانی رژێمی ئاخوندی درێژەی هەیە .

ئەزموونی شۆڕشی گەلانی ئیران وانەیێكی گرینگە بو سەرجەم پێكهاتەكانی ئێران و بە تایبەتیش كوردستان و جارێكی دیكە نابێ رێگە بە فیرۆ چوونی هەوڵ و ماندووبونی جەماوەر و بەرەی ئازادیخوازان بدرێ‌ و بەو پەری چاوكراەیی و ووشیاری مامەڵە لەگەڵ دۆخی پێكهاتوو دەبێ بكرێت و هاوكات ەڵمینەری ئەو راستیەشە كە گەلی كورد لەسەر جەق بوو و تەواوی ئەو پێش بینییانەی لەسەر دەسەڵاتی تازە هاتووە سەركار كردی هەمووی واقعی بوون و دەكرێ‌ بلیێن وریاترین پێكهاتەی بەشدار لە راپەرینی گەللانی ئێران گەلی كورد بوو. 

 
ڕێکه‌و 2017-02-11 16:56:47
به‌شی ( وتاری سیاسی )







سیاسی