ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئیراندا
شتێکی ئاساییە کە لە نێوان وڵاتاندا هەر لە دێرزەمانەوە ئاڵوگۆری بەندکراو هەبووە .   پێشهاتووە کە هاووڵاتییەکی وڵاتێک بە سەردان یا بۆکارێک روی لە وڵاتێکی کە کردووە و بە هۆی کارێکی نەشییاو و نەگونجاو کە لێی روودراوە ، خیلافی یاسا و رێسای وڵاتەکە بووە ، گیراوە و کراوەتە بەندیخانە ، یا سنووری بەزاندووە  و گیراوە . 

ئەمانە کاری رۆژانەن و دەکرێ رووبدا . زۆرجار کەسی تاوانبار دەدرێتەوە بە وڵاتەکەی خۆی و لەوێ سزای تاوانەکەی دەکێشێ . باشە ئەوە کارێکی مرۆڤدۆستانەیە ! بەندکراوەکە دەتوانی ئاسوودەتردەورانی بەندکراوییەکەی بەسەربەرێ وکەس وکارێشی بە ئاسانی بێنە سەردانی.  لێرەدا ئەوەی جێگای پرسییار و گومانە ئەوەیە ، کە بۆ ئەو ئیرانییانەی لە هەرێمی کوردستان دەگیرێن سەدی نەوەدو نۆیان بە مادەی هۆشبەرەوە گیراون . ئایا کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم هێچ لێکدانەوەیەکیان بۆ ئەم دیاردە گوماناوییە کردووە ؟ ئایا ئەمانە هەموویان خەڵکی ئاسایین ؟ جێگای پرسییارە . کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو شێوەیەک کار دەکات بۆ ئەوەی ئەم کیانەی کورد هەیەتی لە باشووری کوردستان لە ناوی بەرێ ، کۆماری ئیسلامی دارای تەجرووبەیەکی زۆرە دژ بە نەیارانی، زۆر رێگای فڕوفێلاوی ونامرۆڤانە بەکار دەهێنێ کە بە زەحمەت ئێمەی کورد هەستی پێ دەکەین . ئیمە دڵ ئاوەڵە و ئەوانیش بەوپەری دوژمنکاری و قین لە دڵانە لە ژێرەوە خەریکی فەوتاندنمانن . لە رێگای بەنداو دروستکردنەوە بۆ ئەوەی کێشەی کەم ئاوی هەبێ لە کوردستان ، کێشە بۆ خاڵە سنوورییەکان دەنێتەوە هەر رۆژە بە بیانوویەک دەروازەی سنوورەکان دادەخات . ئەشیا و کەلوپەلی ماوە بە سەرچوو ئاودیوی باشووری کوردستان دەکەن، لەم رێگایەوە کەلوپەلە ماوە بە سەرچووەکەی بە سەر ئیمەدا ساخ دەکاتە و خەڵکێکی زۆریش تووشی نەخۆشی دەکات و لە لایەکیکەوە  بەرهەمە ناوخۆییەکانی کوردستان نافرۆشرێ وخەڵک زەرەرمەند دەبن. بەم شێوە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ خەڵکەکەی درووست دەبێ و زەربە لە ئیقتیسادی کوردستان دەدات . زۆر وەخت بە بییانوی بوونی پێشمەرگە لە سەرسنوورەکان ، دەر و دەشت وگوندی ناوچەکە تۆپباران دەکات کە ئەوەش زییانێکی زۆر بە مەڕ و ماڵات ودەغڵ و دانی خەڵکی ئەو ناوچانە دەگەیەنێ و خەڵکی هەژار گوندەکانیان کە بە هەزار زەحمەت و کووێرەوەری ئاوەدانکردۆتەوە دەبێ  بەجێی بێڵن .  زۆر کێشەی کە ئەنێتەوە لە ڕێگای شیعەکانی عیراقەوە و هێندێک نۆکەری ئاڵقە لە گووێی دیكە. 

ئەوەی ئەمانەوێ باسی بکەین و زۆر گوماناوی و تەموومژاوییە، ئەوەیە کە ئەوتاوانبارە ئیرانیانەی لە هەرێمی کوردستان بە مادەی هۆشبەرەوە دەگیرێن ، خەڵکی ئاسایی نین . ئەوانە نێردراوی ئیتلاعاتی ئیرانن و زۆربەیان دەورە دیدە و کادری ئیتلاعەتن کە ئەو کارەیان پێ سپێردراوە . رژێمی ئیران لە رێگای ئەمانەوە زەربەی جەرگبڕ لە گەلی کوردستان دەدات ، بە تیرێک چەند نیشانە دەشکێنی .

 الف . گەنجەکانمان کە هیواو ئومێدی دوارۆژمانن وەک گەنجەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مادەی هۆشبەرەوە تێوە دەگلێنن بۆ ئەوەی شۆرش و کوردایەتییان لا بمرێنن .

  ب . بشێوی ودڵەراوکێ دەخەنە ناو جەماوەری کوردستانەوە .

پ . لەم رێگایەوە داهاتێک دەست رژێم و دەست و پەیوەندەکانی دەکەوێ .

ت . زۆر وەخت هەر بەو کەسانەدا دیناری عێراقی و دۆلاری ساختە (تەزویر) دەنێرێتە باشووری کوردستان و لەوێ دەیگۆرنەوە بۆ ئەوەی زەربە لە ئابووری هەرێم بدەن و بشێوی دروست بكەن.

لێرەدا دەقی هەواڵی گۆرینەوەی تاقمێک بەندکراو کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئیران و هەرێمی کوردستانەوە ئاڵوگۆریان پێ کردوون دادەنێم کە لە تۆری کۆمەڵایەتی رووداوم وەرگرتووە ، بزانن هەرلە شێوەی گۆرینەوەکەوە  فڕوفێڵی لایەنی ئیرانییەکەت بۆ دەردەکەوێ کە چەندە حۆقەبازن . هیوادارم کاربەدەستانی هەرێم بە چاوێکی کراوەتر لێکدانەوە بۆ ئەو تاوانبارانە بکەن با لەوە زیاتر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نەبنە قوربانی ئەو کارە دزێو و نامرۆڤانەی کۆماری ئیسڵامی ئیران .

 

هەرێمی کوردستان و ئێران 15 زیندانییان ئاڵوگۆڕ کرد

لەلایەن بەختیار قادر 7 کاژێر لەمەو بەر

 

زیندانیانی ئێرانی به‌هۆی مامه‌ڵەكردن و به‌كارهێنانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ گیراون

رووداو - سۆران

 

بۆ جاری سێیەم لە ماوە دوو ساڵدا، هەرێمی کوردستان و ئێران ئاڵوگۆڕی زیندانییان کرد و ئێران پێنج بەندکراوی رادەستی هەرێمی کوردستان کردەوە.

 

لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ جاری سێیەم لە ماوەی دوو ساڵدا ئاڵوگۆڕی زیندانییان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرا.

 

لەو ئاڵوگۆڕەدا هەرێمی کوردستان 10 بەندکراوی رادەستی ئێران کردەوە، بڕیاربوو ئێرانیش حەوت بەندکراو رادەستی هەرێمی کوردستان بکاتەوە، بەڵام بەبیانووی خراپی کەشوهەوا پێنج بەندکراوی رادەست کردەوە، دوو بەندکراوی لە مهابەدەوە رادەست نەکردەوە.

 

لە ساڵی 2013ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لێک تێگەیشتنێکیان لەبارەی ئاڵوگۆڕی زیندانییان واژۆ کرد و لە 9-8-2015 کەوتە بواری جێبەجێکردن.

 

به‌شی زۆری زیندانیانی ئێرانی كه‌ له‌ زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندان. به‌هۆی مامه‌ڵەكردن و به‌كارهێنانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ گیراون، به‌ڵام زیندانیان کوردستان لە ئێران زۆرینە بەهۆی به‌زاندنی سنووره‌ بەبێ پاسپۆرت و شه‌ڕ و مادده‌ كحولییه‌كانه‌وه‌یە.

 

به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان، زیاتر له‌ سێ هه‌زار و 300 ئێرانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ زینداندان، كه نزیكه‌ی دوو هه‌زار كه‌سیان له‌ وڵاتانی هاوسنووری ئێرانن

 

ئەمە وەک مشتێک وایە لە خەروارێک ، کەوتوونەتە داوەوە و گیراون ، مەگەر هەر خوا بزانێ بە سەدانیکە لەم پێڕە تاوانبارە بێدین و بێویژدانانە کە نەتواندراوە لە لایەن ئاسایشی هەرێمەوە بگیرێن وا ئێستا لە باشووری کوردستان خەریکی ماڵویرانکردنی خێزانی کوردن. هەر لەم ڕۆژانەدا لە هەڵەبجە ئاساییش دەستی بە سەر ١٢٧ کارتۆن حەبی ترامادۆڵدا گرتووە لە عەمبارێکدا .

بە بروای من دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان سنوورێک  دابنێت بۆ ئەم دەستێوەردان و مالوێرانکارییەی کە لەڵایەن بەکرێگیراوانی رژێمی ئێرانەوە بەرانبەر بە خەڵکی  باشووری کوردستان دەکرێ، تا درەنگ نەبووە بە ڕاستی ئەم کارە دزێوەی کە کۆماری ئیسلامی ئیران دژ بە خەڵکی کوردی دەکات چی لە تاوانەکای داعەش کەمتر نییە کە بەرانبەر بە گەلی کورستان کردیان، ئەم نارەواییە جێگای قەبووڵکردن نییە .

 
ڕێکه‌و 2017-02-22 23:40:42
به‌شی ( وتاری کۆمه‌ڵایه‌تی )







سیاسی