گەورە نووسەر و ئەدیب محەمەدی مەلا كەریم كۆچیی دوایی كرد
 بەپێی هەواڵ شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی كۆچی خۆری، محه‌مه‌دی مەلا که‌ریم نووسه‌ر، ئەدیب و ڕوناكبیری ناسراوی کورد، و كوڕی مامۆستا "عەبدولكەریم مۆدەڕیس"، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد .

مەلا محەمەد كە بە كاكە حەمەش ناسراوە، ١٤ی ئاگۆستی ١٩٣١ی زایینی لە ناحیەی "بیارە" لەدایک بووە، مەلا محەمەد كوڕی مامۆستا عەبدولكەریم مودەڕیسە كە خاوەنی چەندین نووسین، ساغکردنەوە و لێکۆڵینەوەی دیوانی شاعیرانی کلاسیکی کورد و وەرگێڕانی زمانەوانیی جۆراوجۆر بووە.

بەهۆی رەنگدانەوەی هەستی شۆرشگێڕانەو كوردپەروەرانە لە كارو كرداردیدا، دەسەلاتدارانی بەعس رێگەی بڵاوكردنەوەیان بە كتێب و بڵاوكراوەكانی نەدە. كاكە حەمە، شارەزایی تەواوی لە زمانەكانی فارسی و عەرەبی‌دا هەبووە، هەروەها شارەزاییەكی تەواوی لە زاراوەی هەورامیدا هەبووە و هەر بۆیە توانیویەتی ئەو نووسین و شیعر و دەقە كۆنانەی كە بەو زاراوەیە نووسراون، بهێنێتە سەر زاراوەی سۆرانی، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام هەوڵی بەرەوپێشبردنی ئەدەب و نووسینی كوردی داوە.

ئەو ئەدیبە پلەبەرزەی نەتەوەكەمان هەروەها ڕۆڵێكی گرینگی لە ڕێكخستن و دووبارە داڕشتنەوەی شیعرەكانی مەولەویدا هەبووە و لە دووبارە پێداچوونەوەی دیوانی "شیرین و خوسرەو"ی خانای قوبادی كە بە هەورامی نووسراوە، ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە.

مەلا محەمەد بە هاوبەشی لەگەڵ مامۆستا مەلاكەریمی باوکی دیوانەکانی "نالی، مەحوی، سالم و بێخود"ی ساغ کردووەتەوە و کتێبێکی لێکۆڵینەوەی لەبارەی حاجی قادری کۆیی هەیە و سەبارەت بە زمانی کوردی چەندین کتێبی دیکەی نووسیوە.

کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی كۆچی دوایی مەلا محەمەدی مەلا كەریم خۆی بە خەمبار دەزانێ‌ و لە دەست دانی ئەو ئەدیب و نووسەرە بەرچاوەی گەلەكەمان بە خەسارێكی گەرورە بۆ ئەدەب و زمانی كوردی دەزانێ‌، هاوكات سەرەخۆشی خۆی بە خانەوادەی بەرێزی و تێكڕای نوسەران و ئەدیبانی نەتەوەكەمان رادەگەیەنێ.
ڕێکه‌و 2017-03-15 08:11:17
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )







سیاسی