لە ئەمریكا بریارنامەیەكی دوو حیزبی سەبارەت بە مەحكوم كردنی كوشتاری زیندانیانی سیاسی
لە درێژەی رەوتی دادخوازی شەهیدانی كوشتاری ساڵی 67 و لە دوای بانگەوازی خانمی مریەمی رەجەوی بۆ دادگایی بەرپرسانی ئەو كوشتارە، نوێنەرانی پلەبەرزی كونگرەی ئەمریكا پێكهاتوو لە هەر دوو حیزبی كۆماریخواز و دیموكرات، كە سەرۆكی كۆمیتەكانی دەرەوە، ئاسایشی نەتەوەیی، 

بەرێوەبردن و سەرۆكی نوێنەرانی دیموكرات لە كۆمیتەی كار و باری دەرەوە، بە تۆمار كردنی بریارنامەی ژمارە 188 لەبارەی كوشتاری 30 هەزار بەندكراوى سیاسی لە ساڵی 67 لەلایەن رژێمی ئێرانەوە، وێرای مەحكوم كردنی ئەو تاوانە، خوازیاری لێپێچینەوە لە بكەرانی بوون.

ئەو كەسانەی بریارنامەكەیان ئامادە و پێشكەش كردوە بریتین لە: 

مایكل مەك كال، سەرۆكی كۆمیتەی ئاسایشی نەتەوەیی

ئەد رویس سەرۆكی كۆمیتەی كاروباری دەرەوە

ئەلیوت ئەنگل سەرۆكی نوێنەرانی دیموكرات لە كۆمیتەی دەرەوە

پیت سەشن سەرۆكی كۆمیتەی بەرێوەبردن، ئەندامی هەیئەتی سەركردایەتی كۆماریخوازان

ویلیام كی تینگ، سەرۆكی نوێنەرانی دیموكرات لە ژێركۆمیتەی تیرۆریسم و قەدەغە كردنی چەك و چۆڵی ناوكەیی

برد شێرمەن، ئەندامی كۆمیتەی دەرەوە

تام مەك كلینتاك لە حیزبی كۆماریخواز

جودی چۆ لە حیزبی دیموكرات 

دان یانگ لە حیزبی كۆماریخواز

باربارا كامستاك لە حیزبی كۆماریخواز

لەو بریارنامەدا لە ژێر ناوی " مەحكومیەتی حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەبەر كوشتاری بەندكراوانی سیاسی لە ساڵی 1988 و بانگەوازی جێبەجێ كردنی عەداڵەت بۆ قوربانیان" لەسەر ئەو خاڵانە پێداگری كراوەتەوە:

مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریكا حكومەتی كۆماری ئیسلامی لەبەر كوشتاری ساڵی 1988 و رێگە نەدان بە دەستراگەیشتن بە بەڵگەنامە و سەرەداو لە بارەی ئەو تاوانە كە دژ بە مرۆڤایەتی كراوە مەحكوم دەكا.

مەجلیسی نوێنەران داوا لە دەوڵەتی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەكا، بەشێوەی فەرمی و ئاشكرا، ئەو تاوانە مەحكوم بكەن و فشار بخەنە سەر رژێم  بۆ ئەوەی زانیاری تایبەت بەو كوژراوانە و شوێنی ناشتنیان بە وردەكاریەوە بداتە خانەوادەكانیان.

مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریكا داوا لە راپۆرتدەری تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكا، كۆمیتەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی تەواو لەو كوشتارە پێك بێنێ بۆ ئەوەی بەڵگە پێویست لەو بارەو ژمارەی ئەنجامدەران و دەوریان لە تاوانەكەدا بە مەبەستی جێبەجێ كردنی عەداڵەت لەگەڵیان كۆبكەنەوە.
ڕێکه‌و 2017-03-16 09:49:57
به‌شی ( هه‌والی جیهان )







سیاسی