هه‌ڵه‌بجه‌ ناسنامه‌ی گه‌لێكی چه‌وساوه‌

 










مێژوو شاهیدی گه‌لێك كاره‌ساتی دڵته‌زێن و هه‌ژێنه‌ری ده‌ستی مرۆڤ بووه‌ كه‌ ئه‌وپه‌ری بێ به‌زییی و جینایه‌تی مرۆڤه‌كانی ده‌رخستووه‌. كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یێكی زوڵملێكراو و بێ ماف هه‌میشه‌ بۆته‌ قوربانی ده‌ستی زۆرداران و جینایه‌تی زۆر بێ به‌زییانه‌ی له‌سه‌ر به‌رێوه‌چووه‌. یه‌ك له‌و كاره‌سات و جینایه‌تانه‌ی له‌پانتایێكی به‌رفراوان دا به‌رێوه‌ چوو و  برینه‌كه‌ی بۆ هه‌تایه‌ سارێژ نابێته‌وه‌ ، كاره‌ساتی شیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ بوو. 


رێكه‌وتی ١٦/٣/١٩٨٨ رژیمی  سه‌دام حوسێن له‌ كرده‌وه‌ێكی نامرۆڤانه‌ و دڕندانه‌دا بارانی چه‌كی شیمیایی به‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ڵبجه‌ دا باراند و له‌ماوه‌یێكی كورتدا ٥٠٠٠ مرۆڤ له‌ ژن و منداڵ و پیر و په‌كه‌وته‌ی شه‌هید كرد. وێنه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ فریای ده‌ربازكردنی خۆیان نه‌كه‌وتبوون و له‌ناو كۆلان و شه‌قامه‌كاندا پشت به‌دیوارێكه‌وه‌ درێژ بوون و یان ئه‌و كۆرپه‌ ساوایه‌ی له‌ ئامێزی دایك و باوكی دا گیانی سپاردبوو، زیاتر له‌ شانۆێكی تراژدیی ده‌چوو تا راستی و زۆر دژوار بوو باوه‌ر به‌وه‌ بكرێ كه‌ به‌شیك له‌ حه‌شیمه‌تی یه‌ك شار له‌ماوه‌ی چه‌ند چركه‌ساتێكدا كۆمه‌ڵكوژ كرابن. به‌لام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ راستیێكی تاڵ و جه‌رگبر بوو كه‌ به‌ده‌ستی سه‌دامی جینایه‌تكار  و خوێنمژ و به‌ هۆی بوونی پاسدارانی رژیمی خومه‌ینی له‌ ناو شاری هه‌لبجه‌داو ریگه‌ نه‌دان به‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی خه‌لك له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌ خولقا. 


  ئه‌گه‌ر چی ئه‌و رۆژه‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌، شه‌هید كرا، به‌لام  له‌حه‌قیقه‌ت دا هه‌له‌بجه‌ بوو به‌ ناسنامه‌ و به‌ڵگه‌ و ره‌مزی هه‌رمانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و بوو به‌ هێما و سه‌نبووڵی مه‌ینه‌تی خه‌ڵكی كوردستان و ره‌وایی خه‌باتی ئه‌و گه‌له‌ بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌ پێشێل كراوه‌كانی و بوو به‌ داینه‌مۆی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ێكی نێوده‌وڵه‌تی رژیمی به‌عسی رووخاو .


 


 
ڕێکه‌و 2017-03-16 10:35:32
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی