نەورۆز هێمای ژیانەوەو پێكەوە بوون، پیرۆز بێ


















جەماوەری خۆراگر و قارەمانی كوردستان!


ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی سازمانی خەبات!


كەس و كاری شەهیدانی سەربەرزی ریگەی ئازادی!


نەورۆز جێژنی نەتەوەیی و سەرەتای ساڵ و وەرزی نوێ بوونەوە و هێمای ژیانەوە و پێكەوەبوون، وەك میوانێكی ئازیز سەری لە نیشتمانی كوردان،، كوردستانی داگیركراو،، دایەوە. بەهاتنەوەی نەورۆز  ڕۆژگار  خولێكی دیكەی دا، مانگ و وەرز هاتن و چوون و كاروانی شۆڕش و خەباتی ڕەوای گەلەكەمان لە پێناو  وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجی كۆمەڵانی تێكۆشەر و ئازادیخواز و ئاشتی ویستی كوردەواری دا، بەگۆڕ و تین و باوەڕ و یەقین بەسەركەوتن  بە بێ نسكۆ و ماندووبوون بەڕێوەیە. 


كاروانێك كە تاگەیشتن بە قۆناغی سەرفرازی و رزگاری یەكجاری نەتەوەو نیشتمان لە ڕەوت ناكەوێ و بە گژە باو  و لەمپەری نەویستان و ناحەزانی دەرەكی و ژوورەكی لە رێگای راستی بەرەو پێش چوون و پێگەیشتنی خۆی  هەتڵە نابێ. نەورۆز هێمای بەرخۆدان و شۆرش و خۆراگری لە بەرانبەر رژیمی ستەمگەرو ملهوری ویلایەتی فەقیه هاتەوە. كەوایە پیرۆزبێ نەورۆز جێژنی كەونارای  نەتەوەی كوردی خاوەن مێژووی پڕ لە فیداكاری و مرۆڤ دۆستی و خەباتی ڕەوای دژ بە ستەم و بێ دادی لە پێناو ئاشتی و ئازادی و ئاوەدانی و هێمنایەتی و  برایەتی و یەكسانی و پێكەوە ژیاندا. بەخێر بێتەوە نەورۆز جێژنی تێكرایی خەڵكی ئیران كە زیاتر لە 38 ساڵە بە دەست حوكمی رەشی ئاخوندانی دیكتاتۆرو درندەخوو دەناڵێنن.


هاونیشتمانیانی تیكۆشەر!


ئەندامانی فیداكاری سازمانی خەبات لە ناوخۆی كوردستان!


 سەرەڕای ئەوەی كە نەورۆز، هەمیشە  هێمای ناڕەزایەتی و دژایەتی دەسەڵاتە داگیركەرەكان  و ملهوڕان بووە، بەلام نەورۆزی ئەمسال دەبێ بیكەینە دەرفەت و دەلیوەێكی دیكە  بۆ  هاو دەنگی و یەك ڕەنگی و برایەتی و پێكەوەبوونی  تێكڕای چین و توێژەكانی كۆمەڵگاكەمان لە كوردستانی بن دەستی دەسەڵاتی ڕەشی ئاخوندیدا.


 لەم بۆنە پیرۆزەدا  ئێمە لە سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران  داوا لە تێكڕای جەماوەر دەكەین كە بە بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی  بیرو باوەڕی سیاسی، ئایینی، كۆمەڵایەتی و ...هتد، هەموو پێكەوە ببنە یەك دەنگ و یەك هێز و وێكڕا و تێكڕا بە هەرشێوەێك كە شیاوە و كەمترین زەرەر بە گیان و سەر و ماڵ و ژێنگەی  كورد و كوردستان دەگەێنێ  یادی نەورۆز پیرۆز بكەن و  ئەم جێژنە بكەنە وێستگەێك بۆ دەربڕینی داوا رەواكان و بۆ دەرخستن و نیشاندانی  كەلتور و داب و نەریتی جوانی كوردەواری.  داوا لە كۆمەڵانی خەڵك دەكەین  لەم جێژنە نەتەوەییەماندا، پڕ بەدڵ شادی بگێڕن،  هەڵپەڕن  ، هەستی خۆشەویستی بۆ یەكتر دەربڕن، سەردانی بنەماڵە و گڵكۆی شەهیدان بكەن ، بەندییە سیاسیەكان  بە پێی توانا و بۆكران بەسەر وەكەن. با لەم جێژنەماندا گڕی ئاگری نەورۆز هێند بە تین و بەرز و بە بڵێسە بێ  لە هەموو شوێنێكی نیشتماندا  ببیندرێ و بە شەوق و بڵێسەی ئەو ئاگرە هەموو كون و قوژبنە تاریكەكانی دەوروبەرمان رووناك وەكات. لەم ڕۆژە مێژوویی و پیرۆزەدا  دەستخۆشی لە كۆمەڵانی كوردەوای دەكەین كە لە ساڵانی رابردوودا  سەرەڕای حەستەمی بارودۆخ و لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ڕەشی دژمندا  بەوپەڕی هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی لە هەمبەر نەتەوەو نیشتماندا، یادی نەورۆزیان بەرز و پیرۆز راگرتوە. هەر بۆیە  داوا لە گەلەكەمان بە تایبەت كچان و كوران دەكەین كە ئەو هەستە بەرز و پیروزە بەرزتر و بە تینتر بكەن .با بە برایەتی و هاودەنگی لەم نەورۆزەدا نیشانی بدینەوە كە كورد  لە هیچ هەل و مەرجێك دا یەكیەتی و برایەتی و هاو خەباتی و یەكریزی خۆی لە بیرناكا و كورد كوردەو كوردستان نیشتمان و نەورۆزیش مەزنترین و پیرۆزترین جێژنی نەتەوەییەتی . 


سڵاو لە كوردو كوردستان، پیرۆز بێ نەورۆز   هێمای ژیانەوە و پێكەوە بوون.


مەرگ و نەمان بۆ رژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی.


دابمه‌زری حكومه‌تی پارلمانی و دیموكراتی له‌ ئیران.


 


سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران


كومیته‌ی ناوه‌ندی


  25 ی رەشەممەی 1395
























 

 
ڕێکه‌و 2017-03-16 12:02:30
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی