پەیامی نەورۆزیی بەرێز و تێكۆشەر كاك بابەشێخی حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات
هاونیشتمانیانی تێكۆشه‌ر!

كه‌س وكاری سەبەرزی شه‌هیدانی سازمانی خه‌بات و شه‌هیدانی رێگه‌ی ئازادی!

پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان!

زیندانیانی سیاسی خۆراگر!

 به‌ بۆنه‌ی هاتنی جەژنی نه‌ورۆز و ساڵی نوێی 1396 كۆچی خۆری و 2717 كوردی گه‌رمترین پیرۆزبایی پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكی سته‌م لێكراوی كوردستان و جه‌ماوه‌ری زوڵم لێكراوی سه‌رانسه‌ری ئێران، خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی رێگه‌ی ئازادی، زیندانیانی سیاسی خۆراگر، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان و هه‌موو خه‌باتكارانی رێگه‌ی ئازادی له‌ ئێران و كوردستان پێشكه‌ش ده‌كه‌م. 

نه‌ورۆز و ساڵی نوێ‌، وه‌رزی نوێبونه‌وه‌ی سروشت جارێكی دیكه‌ هاته‌وه‌، نه‌ورۆز و به‌هار، كه‌رنه‌ڤاڵی مه‌ل و باڵنده‌ی سه‌رمه‌ست، گه‌شانه‌وه‌ی  دڵانی سیس و كۆتایی هاتن به‌بێ‌ هه‌ستی و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌و رابوون، و جارێكی دیكه‌ بریاردان بۆ تێكۆشانی به‌رده‌وام و په‌یام نوێ كردنه‌وه‌ به‌ رۆحی شه‌هیدان، به‌ رێبه‌رانمان، به‌ مامۆستا سه‌ید جه‌لال حوسه‌ینی گه‌وره‌ و زانا، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی بۆ گه‌ل، بۆ نیشتمان، و بۆ ئازادی خه‌بات ده‌كه‌ن و له‌ به‌ربه‌ره‌كانێی رژیمی سته‌مگه‌ری ئاخوندی به‌رده‌وامن و  فیداكاری ده‌كه‌ن.

هاونیشتمانیانی به‌رێز!

ئه‌مساڵ له‌ هه‌لومه‌رجێكدا جێژنی نه‌ورۆز به‌رز راده‌گرین كه‌ جیهان و ناوچه‌كه‌ به‌ چه‌ندین قه‌یرانی سیاسی، كۆمه‌لایه‌تی و كارساتباری مرۆییدا تێ‌ ده‌په‌رێ‌. ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌ی كه‌ ده‌ست كردی مرۆڤه‌ تێ‌ نه‌گه‌یشتوو و ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مگه‌ره‌كان و بیروباوه‌ره‌ چه‌وت و ناپه‌سه‌نده‌كانه‌. له‌ لایه‌ك رژیمی ده‌سه‌ڵاتداری  ئێران ئێعدام و زیندانی كردن و شكه‌نجه‌ی ئینسانه‌كانی كردۆته‌ سه‌ره‌كی ترین شێوه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ داواكانی جه‌ماوه‌ری ئێران. جیاواز له‌ سته‌م و بێدادی، گرانی، بێكاری و به‌ فیرۆدانی سامانی خه‌ڵكی ئێرانی كردۆته‌ لایه‌نێكی دیكەی‌ حوكمرانیه‌كه‌ی. دارایی خه‌ڵكی ئێران بۆ حیزب الله‌ لوبنان بۆ حوسیه‌كانی یه‌مه‌ن و باقی ده‌سته‌و تاقمه‌ ترۆریستیه‌كانی دیكه‌ خه‌رج ده‌كات. فه‌سادی ئیداری و فه‌سادی كۆمه‌ڵایه‌تی تێكڕای دامودەزگاكانی ئێرانی ته‌نیوه‌ته‌وه‌. ئه‌و سته‌م و ئه‌و بارگرانیه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌ سه‌ر خه‌ڵكی ئێرانیان هێناوه‌، زۆر زیاتریان به‌ سه‌ر كوردستان و دانیشتوانی دا سه‌پاندوه‌. سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، سته‌می مه‌زهه‌بی، به‌ میلتاریزه‌كردنی كوردستان، سه‌ركوتی بێ به‌زییانه‌ی خه‌ڵك، ئێعدامی لاوان و خاوه‌ن باوه‌رانی بیروبۆچوون و مه‌زهه‌به‌ جیاجیاكان، بوونه‌ دیارده‌و ره‌فتاری هه‌میشه‌یی رژیم و ناوه‌نده‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی له‌ كوردستاندا.

به‌و پێناسه‌ كورته‌ سه‌باره‌ت به‌ رژیمی ئاخوندی و كرده‌وه‌كانی و‌ مێژووی پر له‌ جینایه‌تی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئیرتجاعی و دواكه‌وتوه‌و، سه‌ركوتی بێ‌ به‌زییانه‌ی‌ خه‌ڵكی ئێران و كوردستان، وهه‌روه‌هابوونی  ئه‌و راستیه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئاخوندی هیچ گۆرانێكی به‌ قازانجی جه‌ماوه‌ری ئێران لێ‌ به‌دیی ناكرێ‌،هه‌ربۆیه‌ ته‌نیا چاره‌سه‌ری خه‌ڵكی ئێران و كوردستان، رزگار بوونیان له‌ ده‌ست سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌، روخانی رژیمی ئاخوندی به‌ تێكڕایی و باندو باڵه‌كانیه‌تی.

 بێگومان بۆ هاتنه‌دیی ئه‌و ئامانجه‌ به‌رزه‌، یه‌كێتی و یه‌كگرتویی ریزه‌كانی خه‌ڵكی ئێران و رێكخستنی ریزی به‌ هێزی خه‌ڵكی وه‌زاڵه‌هاتوه‌، له‌ هه‌مانكاتدا یه‌كێتی و ته‌بایی و هاوكاریی له‌ نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستانی و هیزه‌ شۆرشگیره‌ ئێرانیه‌كان به‌ تایبه‌ت سازمانی موجاهیدینی خه‌لقی ئیران و شورای میللی مقاومه‌ت كارێكی  گرینگه كه‌ سازمانی خه‌بات ‌به‌ به‌رده‌وامی داوای یه‌كگرتوویی و هاوده‌نگی كردوه‌و به‌ كرده‌وه‌ش هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵێناوه‌.

هاوباوه‌رانی ریزه‌كانی سازمانی خه‌بات!

تیكۆشه‌رانی رێگه‌ی ئازادی!

سازمانی خه‌بات له‌ ماوه‌یێكی نزیكدا كۆنگره‌ی شه‌شه‌می ده‌به‌ستێ‌، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گرتنی كۆنگره‌ بۆ هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی مه‌سئول، ئه‌ركێكی گرینگی سیاسی وته‌شكیلاتیه‌، له‌ گه‌ل ئه‌وانه‌شدا بۆ سه‌رله‌ نوێ به‌ خۆدا چوونه‌وه‌و كاراتركردنی به‌ش و ناوه‌نده‌كانی سازمانی و ته‌شكیلاتی، پێویست و حه‌یاتیه‌. سازمانی خه‌بات وه‌ك ته‌شكیلاتێكی هه‌ڵقوڵاوی بیروبۆچوونی كۆمه‌ڵگای كورده‌واری، بۆ  به‌ره‌و پێش چوون و زیاتر گه‌شه‌سه‌ندن، پێویستی به‌ توانای هه‌موانه‌، هیچ كه‌س نامۆ نیه‌ به‌ سازمانی خه‌بات و رێبازی شۆرشگیرانه‌و نیشتمانیانه‌كه‌ی، سازمانی خه‌بات به‌رهه‌می خۆینی شه‌هیدانی سوورخه‌لاتی گه‌ل، به‌رهه‌می رێبه‌رو تاجی سه‌رمان مامۆستا سه‌ید جه‌لالدین حوسه‌ینی یه‌، به‌رهه‌می ره‌نج و فیداكاری دانه‌ دانه‌ی  كادرو پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندام و دۆستانی سازمانه‌ كه‌ هه‌ر كام به‌ پێی توانا و ئه‌وه‌نده‌ی بۆیان كراوه‌و بۆیان لواوه‌ ره‌نجیان داوه‌و دڵسۆزیان له‌ خۆ نیشانداوه‌ هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌  سازمانی خه‌بات ئی هه‌مووانه‌و بۆ هه‌موانه‌. 

سازمانی خه‌بات،  كوردایه‌تی و تێكۆشانی ئازادیخوازی به‌ خۆێنی پۆلێك له‌ باشترین رۆله‌كانی كوردستان درێژه‌ پێ‌ داوه‌، به‌ نه‌به‌زی و قاره‌مانی كه‌م وێنه‌ له‌ به‌رانبه‌ر رژیمی ئاخوندی و پیلانه‌كانی وێستاوه‌ته‌وه‌و هیچ هه‌ره‌شه‌یه‌ك و هیچ كه‌ندو كۆسپێك كاری نه‌كردۆته ‌سه‌ر وره‌ی خه‌باتكارانه‌و شۆرشگیرانه‌ی.  بێگومان رۆله‌كانی سازمانی خه‌بات له‌ خزمه‌ت ئامانجی كورد و شۆرشی حه‌قخوازانه‌ و له‌ به‌رانبه‌ر رژیمی سه‌ره‌رۆی ئاخوندیدان، به‌ڵام نابێ‌ ئه‌و راستیه‌مان له‌ بیربچێ‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌بێ‌ دڵسۆزانه‌ له‌ خزمه‌ت سازمان و رێبازی شه‌هیداندا بین. كوردایه‌تی و خزمه‌تی نیشتمان ئه‌ركێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی  هه‌ر تاكێكی دانیشتووی نیشتمانه‌و ناتواندرێ‌ ئه‌و مافه‌ له‌ كه‌س وه‌ستێندرێ‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ ریزی سازمانی خه‌باتدان ده‌بێ‌  باوه‌ری قووڵیان  به‌ رێبازی سازمانی خه‌بات و كاركردن تیایدابێ‌، خه‌باتیه‌كان پێ‌ به‌ند بوون به‌ به‌رنامه‌كانی سازمان له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ركی و نه‌گۆره‌كانیان بێ‌. سازمانی خه‌بات  سه‌رمایه‌ی مه‌عنه‌وی سیاسی و هومیدی دوارۆژی كورد به‌گشتی و هه‌موو خاوه‌ن باوه‌رانیه‌تی، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ‌ وه‌ك بیلبیله‌ی چاو وه‌ك هێمای شۆرش و ژیان و رێگه‌و ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ گه‌یشتن به‌ رزگاری و پیشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگاو نیشتمان، كاری بۆ بكه‌ین و بیپارێزین.

به‌ڵێ‌، ده‌بێ‌ به‌ ئیمان به‌ سه‌ركه‌وتن و به‌ بریاری لێبراوانه‌، ساڵی نوێ‌ بكه‌ینه‌ ساڵی چالاكی و تێكۆشانی چه‌ند به‌رابه‌ر له‌ ناوخۆی كوردستان و كۆنگره‌ی شه‌شه‌م بكه‌ینه‌ سه‌رتایه‌كی نۆی بۆ  هه‌رچی زیاتر خزمه‌ت كردن به‌ گه‌ل و نیشتمان و شۆرشی حه‌قخوزانه‌و له‌ به‌رانبه‌ر رژیمی ملهوری ئاخوندی، تا روخان و كۆتایی‌ هاتنی ئه‌و رژیمه‌ سه‌ره‌رۆیه‌، ئه‌وكات  كوردبه‌ مافه‌كانی ده‌گات و خه‌ڵكی ئێرانیش له‌ ده‌ست بێ‌ عه‌داله‌تی رزگاریان ده‌بێ‌. 

به‌ بۆنه‌ی نه‌ورۆز و ساڵی نوێ داوا له‌ حیزب و لایه‌نه‌كانی كوردستانی ئیران ده‌كه‌م كه‌ هه‌موو پێكه‌وه‌ هه‌وڵی جیددی بده‌ین بۆ كاری هاوبه‌ش، بۆ پێكهینانی رێبه‌ریی هاوبه‌ش، تا جوڵانه‌وی مافخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان چالاكتربكات. جوڵانه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی كوردستان له‌ ئێستادا پێویستی به‌ رێبه‌ریه‌كی  یه‌ك ده‌ست هه‌یه‌. ئه‌و رێبه‌ریه‌ به‌ رێكه‌وتن له‌ نێوان لایه‌نه‌سیاسیه‌كان پێكبهیندرێ. ئه‌و رێبه‌ریه‌ ده‌كرێ له‌‌ كومیته‌یێكی چه‌ند كه‌سی  له‌ نوێنه‌رانی لایه‌نه‌سیاسیه‌كان پێك بێ، و رێبه‌ری بۆ دیاری كرێ و هه‌موولایه‌نه‌ به‌شداره‌كان ئه‌ندامیان له‌ كومیته‌ی رێبه‌ریدا هه‌بێ. بوونی رێبه‌ری جوڵانه‌وی مافخوازانه‌ی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ بتوانێ وه‌ك نوێنه‌ری فه‌رمی بێ‌، روو له‌ ناوخۆ و به‌ رووی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا، زمانی شۆرش و بریارده‌ری پرسه‌ حه‌سته‌م و سه‌ره‌كیه‌كان بێ‌. گومان نیه‌ تا جوڵانه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی كوردستان یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك بریار نه‌بێ و هه‌ر وه‌ك ئێستا به‌ په‌رته‌وازه‌یی بمێنێته‌وه‌، به‌ره‌و پێش ناچێ‌ و ئامانج ناپێكی. 

به‌ هومێدی ئه‌وەی نه‌ورۆز و ساڵی نوێی 1396 كۆچی و ساڵی نوێی كوردی  هه‌رچی به‌ شكۆتر له‌ لایه‌ن هاونیشتمانیانی كوردستان به‌رێوه‌ بچێ، چونكه‌ نه‌ورۆز چه‌قلی چاوی داگیركه‌ران و دژمنانی مرۆڤایه‌تیه‌و ئاگره‌كه‌ی، سوتێنه‌ری دوژمنانی ئازادی به‌ تایبه‌ت رژیمی ملهوری ئاخوندییه‌و له‌ هه‌مانكاتدا وه‌ك هێمای به‌رخودان وشۆرشه‌ دژ به‌ سته‌مگه‌ران وحاكمه‌ خۆینڕێژو حه‌ق نه‌بیسته‌كان، هه‌ر بۆیه‌ داواكارم به‌ باشترین و به‌ شكۆترین شێوه‌ به‌رێوه‌ بچێ‌.

پیرۆز بێ‌ ساڵی نوێ و جێژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران

بەرێوەبەری گشتی

بابەشێخ حسێنی

 28 ی رەشەمەی 1396

 
ڕێکه‌و 2017-03-18 12:15:09
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی